• mallakams

کۆچی مێژوویی مەریوانە بە رێبەرایەتی کاک فوئاد

ساڵیادی کۆچی مێژوویی مەریوان و ئەرکەکانی ئەمڕۆمان

ئێستا یادی کۆچی مێژوویی مەریوانە کە بە رێبەرایەتی کاک فوئاد وەک ئەندازیاری بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان و رێبەریی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

ئەوکات کاک فوئاد بۆ نیشاندانی دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی مەریوان بەرانبەر هاتنی هێزی داگیرکەری رژیمی ئێران بۆ ناو شار بە دروستی و زۆر ژیرانە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی لە سەر بارودۆخەکە کردبوو. بەر لەوە کورد ئەزموونێکی وای لە خەباتی مەدەنی نەبوو و کاک فوئاد بەردی بناغەی خەباتی مەدەنی لە کوردستان دانا. ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەی کاک فوئاد و کۆمەڵە ئەودەم هەر لە چوارچێوەی مەریواندا بەرتەسک نەبووەوە، بەڵکوو هەست و سۆزی هاوزمان و هاوچارەنووسەکانی دیکەشی لە کرماشان و سنە و سەقز و موکوریانەوە بەرەو خۆی راکێشا و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە گەیاندنی یارمەتی و چوونیان بۆ "کانی میران" پشتیوانی راستەوخۆیان لە کۆچی خەڵک و هەڵوێستی کۆمەڵە دەربڕی.

رژیمی ئێران ٤١ ساڵە بە کەڵک وەرگرتن لە کوشتار و نیشاندانی زەبر و زەنگ، سەرکوتی خەڵک، ئێعدام و بێ سەروشوێن کردنی خەڵکی ناڕازی و چالاکانی سیاسی و مەدنی، دەسەڵاتی رەشی خۆی داسەپاندووە و پاراستوویە. کوردستان بە درێژایی دەسەڵاتی ئەم رژیمە گەورەترین پشکی بۆ ئێعدام و جینایەت بەرکەوتووە و لە چاو بەشەکانی دیکەی ئێران زۆرترین قوربانی داوە. بەڵام کۆمەڵگای کوردستان بە هۆی بوونی حیزبی سیاسی کە ڕەگ و ریشەیان لە ناخی کۆمەڵگادایە کۆڵی نەداوە.

هەق وایە ئێستا بە دەرس وەرگرتن لەم ئەزموونە گەورەی کۆچی مەریوان و گەلێک مانگرتن و خۆپیشاندانی گەورەی سەراسەری و ناوچەیی کە لە ساڵانی رابردوودا لە کوردستان بەڕێوەچوون، هەموو ئامرازەکان بەکار بەرین و بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆمان بەجێبێنین. کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ ئەوەیدا کە خاوەنی حیزبی سیاسییە، خاوەنی گەلێک رێکخراوی مەدەنی جۆراوجۆرە و توانا و بەڕێوەبردنی کاری گەورەی مەدەنی لە خۆی نیشان داوە و لەم بوارەوە پێشینەیەکی زێڕینی بۆ خەباتی مەدەنی تۆمار کردووە. هەر بەم پێشینەیەوە دەتوانێ لە ئامرازە تازەکانی سەردەمیش بۆ بەرەوپێش چوونی خەباتی خۆی کەڵک وەربگرێ. ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەجال و بەستێنێکی باش و بەکەڵکن و رێگایەکی دیکەن بۆ لێکهەڵپێکانی دەنگی ناڕەزایەتی و یەکگرتوو کردنی کۆمەڵگای کوردستان بۆ نیشاندانی هێزی پتەوی نەتەوەیی خۆی.

لاوانی کوردستان لەوپەڕی بێدەنگی و بێکەسیدا لە زیندانەکانی رژیمی داگیرکەری ئیسلامی لە سێدارە دەدرێن، بەڵام بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی بەرین و یەکگرتوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆمان و گەیاندانی هاواری کپ کراوی لاوانی نەتەوەکەمان بە رێکخراوە جیهانییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و پاڕلمان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان کەڵک وەرگرین. رۆژ نییە کۆڵبەرێکی کورد لە سەر سنوور نەکەوێتە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی چەکدارەکانی رژیم. لە راستیدا سنوورەکان بوونە قەتڵگای خەڵکی زەحمتکێش و بێکاری شار و گوندەکانی سەر سنوور کە بۆ پەیدا کردنی پارووە نانێک بە ناچار روویان کردووەتە سەختترین و مەترسیدارترین کار.

دوایین نموونەی سەرکەوتوو، دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حوکمی ئێعدامی سێ لاو بوو کە دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی بەرینی بوو و زیاتر لە ١٠ میلیۆن هەشتەگی "#اعدام_نکنید" واتە (ئێعدام مەکەن) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت تویتێر نووسرا. نووسینی هەر هەشتەگێک "نــا"یەکی گەورە بوو بە دەسەڵاتی رژیمی دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران و بنەما فیکرییەکانی ویلایەتی فەقییە و مێژووی پڕ لە جینایەتی ئەم رژیمە. ئێمەش ئەگەر بە شێوەی دروست و کاریگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەرگرین دەتوانین ئەم کارە بکەین و فەرهەنگی دروستی کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێ بخەین. ئەرکی سەر شانی دڵسۆزان و خەمخۆرانی نەتەوەکەمانە کە ئەم فەرهەنگ و کولتورەی خۆ خافڵاندن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بگۆڕن و بیکەنە گۆڕەپانێک بۆ فێر بوون و پەروەردەی دروست و بیخەینە خزمەت خەباتی رەوای گەلەکەمانەوە.

ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کورد هیچ پشتیوان و دۆستێکی لە ناوچەکە و جیهاندا نییە. بەتایبەت کوردی رۆژهەڵات زۆر بێکەسترن و بە زۆر هۆکار کە لەم باسەدا ناگونجێ، هێشتا خۆی و بزووتنەوەکەی لە ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی نەبووە. ئەی باشە ئەگەر خۆمان پشتیوانی لە یەکتر و لە هاووڵاتی و هاودەرد و هاوچەرەنووسانی خۆمان نەکەین چ چاوەڕوانییەکمان لە خەڵکانی دیکە و وڵاتان هەیە!؟ ئێمە ئەو کاتەیە دەتوانین نەتەوە و کۆمەڵگایەکی مودێڕن و پێشکەوتوو بین، بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان، بۆ خاک و ژینگە و ئاژەڵ و دارستانەکانی هەست بە بەرپرسیارەتی دڵسۆزانە و میژوویی بکەین و نیشتمان و خاکی کوردستان بە ماڵی خۆمان بزانین. کەڵک وەرگرتن لە هەموو دەرفەت و رەهەند و بوارەکانی خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و رزگاری نەتەوەکەمان ئەرکی سەر شان و مافی بێ ئەملاولای خۆمانە و نابێ هیچ کام لەوانە بە کەم بگرین و کەمتەرخەمی بکەین.

کوردانی دەرەوەی وڵات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان ئاواڵەترە و دەتوانن دەور و نەخشی زۆرتر و ئەرێنییان ببێ. بەم جۆرە دتوانین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک ئامرازێکی باش و بە سوود بۆ بەرەوپێش چوونی خەباتی خۆمان چاو لێکەین و تەنیا بۆ کات تێپەڕاندن نەبێت. لە راستیدا ناکرێ ئێمە لە دەرەوەی وڵات وەک کوردی ئازادیخواز، چالاکی سیاسی و مەدەنی داوا لە خەڵکی کوردستانی ئێران بکەین دژی ئێعدام و جینایەتەکانی رژیم ناڕەزایەتی بکەن بەڵام خۆمان لێرە هیچ یەکگرتوویی و هاودەنگییەکمان نەبێ و گلەییش لە وڵاتان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بکەین بۆ پشتیوانیمان ناکەن. من پێم وایە رێکخراوە مەدەنییەکانی دەرەوە و ناوخۆی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان هاودەنگی و هاوکاری زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەی بکرێ خەباتی مەدەنی بکەوێتە سەر هێڵ و رۆڵی خۆی. ئاوا دەکرێ هەموو کۆمەڵگای کوردستان بە گەرموگوڕی لە بۆنە و کەمپەین و هەڵمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەشداری بکەن. بەم جۆرە پشتمان بە یەک گرمتر و دەنگمان دلێرتر و بزووتنەوەکەشمان بەهێزتر دەکەین.

بەداخەوە کاک فوئاد زۆر زوو بەجێیهێشتین، بەڵام لەم ماوە کورتەی ژیانی سیاسی خۆیدا بە هەڵوێستە ئازایانە و دروستەکانی، میراتێکی گەورە و بەنرخی بۆ کۆمەڵە و نەتەوەکەی بەجێهێشت. گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لە ساڵانی رابردوودا بە دروستی لە ئەزموونی کۆچی مێژوویی مەریوان کەڵکی وەرگرتووە و رێبازی کاک فوئادی کردووەتە چرای رووناکی رێگای خەباتی خۆی. ئارام بوداغی ٣١ی پووشپەڕی