top of page

لەیادی کۆچی مێژویی مەریوانا

ئێوارەی ڕۆژێک پێش کۆچە مێژووییەکەی مەریوان سەرگورد شیبانی فەرماندەی پادگانی مەریوان، خۆی ئەگەیەنێتە ناو شاری مەریوان و لە مقەڕی کۆمەڵە و یەکێتی جوتیاران کە لە بینای فەرمانداری کۆنی ئەو شارە بوو، سۆراغی کاک فواد ئەگرێت، هاوڕێیانی کۆمەڵە بە کاک فواد کە ئەوکات لە مقەڕ بوە ئەڵێن: فەرماندەی پادگانی مەریوان واتە سەرگورد شیبانی هاتوە و بە نیازە بت بینێ.

کاک فواد و سەرگورد شیبانی پێکەوە کۆئەبنەوە، شیبانی بە نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی و کاک فواد بە نوێنەرایەتی خەڵک، شیبانی بێ ئەملاو لا بە کاک فواد ئەڵێت: ئێمە پێمان خۆش نییە خەڵکی بێ تاوان بکوژرێت، بۆیە داوات لێ ئەکەم هەموو هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە و یەکێتی جوتیاران لە شار ببەنەدەر و شار چۆڵ بکەن، چون لەسەرەوە ئەمرم پێکراوە بە زۆر و زەبری چەک و هێزی ئەرتەش بێمە ناوشار و ئەمنیەتی شار بپارێزم.


ئەیگێڕنەوە کاک فواد لە وڵامی شیبانیدا ئەڵێت، ئێمەیش شەڕمان پێ خۆش نییە، ئێمەیش حەزمان لە کوشت وبڕ نییە، ئەگەر بڕیارە ئێمە بچینە دەر ئێمە و جەماوەری مەریوان پێکەوە شارتان بۆ چۆڵ ئەکەین و ئێوەیش وەرنە ناوشارێکی چۆڵ و هۆڵ.


ئاکامی باسی نێوان کاک فواد و شیبانی ئەوە ئەبێت، کە لە سەرەوە باسم کرد. دواتر شیبانی ئەگەڕێتەوە پادگانی مەریوان، هەر کە ئەگاتەوە پادگان، لە پادگانەوە چەند خومپارە ئەنێن بەدەورووبەری شارەوە بە تایبەت نزیک گەڕەکەکانی داسێران و کونەدێو.


پاشان کاک فواد بڕیاری چۆڵ کردنی شار ئەدات، لەگەڵ ڕابەری گیانبەختکردو کاک عەتا ڕۆستەمی کە ئەوکات لەو مقەڕە ئەبێت و باقی هاوڕێیانی دیکەی کۆمەڵە لە مقەڕی فەرمانداری قەدیم قسە ئەکات ولەبڕیارەکەی خۆی ئاگاداریان ئەکات، ئینجا کاک فواد لە مزگەوتەکانی داسێران و گەڕەکی موحەمەدی بانگەواز ئەکات و نیەتی هێزەکانی ڕژیم لە بڵندگۆوە بۆ خەڵک باس ئەکات و داوا لە خەڵک ئەکات ئەڵێ بۆ ئەوەی ڕووداوێکی دیکەی وەک نەغەدە ڕوونەداتەوە هەموومان پێکەوە شار بە جێ دێڵین.


ئەوە کورتەیەک لەبەسەرهاتی مێژویی ئەو کۆچە بەناوبانگەیە کە دواتر بە دایکی خەباتی مەدەنی کوردستان ناوبانگی دەرکرد.

خەڵک بە تێکڕا بە پیر بانگەوازەکەی کاک فوادەوە هاتن و بە تێکڕا شاریان چۆڵ کرد، بەشێک لە خەڵک ڕوویان لە دێهاتەکانی دیکە و ماڵی خزم و خوێش و زێدی خۆیان کرد و بەشێکی زۆریش ڕویان لە بەر کانی میران کرد و لەکەمپێک کە کۆمەڵە و خەڵک سازیان کرد جێگیر بوون.

بە هەزاران خەڵکی شۆڕشگێر لە شارەکانی دیکەوە، خۆیان گەیاندە سنەی هەمیشە سەر بەرز و لەگەڵ جەماوەری قارەمانی سنە و شۆڕشگێڕانی ئەو شارە بە نیشانەی ئێعتراز بە هێرشی ڕژیم و پشتیوانی لە بانگەوازەکەی کاک فواد و کۆچی مەریوان و بە هاناوە هاتنی خەڵکی کۆچ کردوی مەریوان، لە سنەوە تا مەریوان بە خۆپیشاندان بە پیادە هاتن.


٣٠ی پووشپەڕڕۆژی کۆچی مێژویی مەریوانە، ڕۆژی دانانی یەکەم خشتی بناغەی خەباتی مەدەنی، ڕۆژێک کە کاک فوادی موستەفا سوڵتانی ڕێبەری ئەفسانەیی هەژاران وچەوساوەکانی کوردستان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ملهوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگەوازی چۆڵ کردنی شارێکی دا. بەو بانگەوازە شارێک چۆڵ کرا و هەرێمێک بە خۆ پیشاندان مەودای ١٣٥ کیلومیتری نێوان سنە و مەریوانیان بە ڕێپێوان بڕی. ئاکامی کۆچە مێژوویەکەی مەریوان و پشتیوانی و خۆ پیشاندانی خەڵکی کوردستان لە سنەوە بۆ مەریوان کردییەکارێک هێزەکانی ڕژیم ناچار شاریان چۆڵ کرد.


ناوی کاک فوادوکۆچی مێژویی مەریوان‌وخەباتی‌مەدەنی لە کوردستان سێ کوچکەیەکی لێک هەڵپێکراون کە بۆهەتا هەتایە بە گرێدراوی پێکەوە ئەمێننەوە وهەرئەو یەکەم هەنگاوە گەورەیە بووکە گەلی کوردی وەک داهێنەری خەباتی مەدەنی ناساند و مەریوانی کردە پایتەختی خەباتی مەدەنی، کاک فوادیش بوە ڕابەری ئەفسانەیی گەلی ستەم لێکراو.

یادی هەمیشە زیندوی کاک فوادی هەمیشە ڕێبەر پیرۆز

بەتین تر بێت سەنگەری خەباتی مەدەنی و ڕێگای ٣٠ی پووشپەڕ

bottom of page