top of page

لە ساڵیادی كۆچی مێژوویی مەریواندا

لە ساڵیادی كۆچی مێژوویی مەریواندا

31ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی كۆچی مێژوویی خەڵكی شاری مەریوانە. لە سەعاتەكانی ئاخری شەوی 30ی پووشپەڕەوە دانیشتوانی شاری مەریوان دەستیان كرد بە چۆڵكرنی شار و ئەم حەرەكەتە شۆڕشگێڕانەیە تەواوی رۆژی 31ی پووشپەڕیش درێژەی پەیدا كرد. كۆچی خەڵكی مەریوان حەرەكەت و تاكتیكی شۆڕشگێڕانە بوو لە بەرانبەر سیاسەتی سەركوتگەرانە و شەڕەنگێزانەی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی دا. ئەم حەرەكەتە كە بە ئیبتكار و رێنوێنیی هاوڕێیانی كۆمەڵە و بە تایبەتی هاوڕێ فوئادی موستەفاسوڵتانی شكڵی گرتبوو، بوو بە یەكێك لە پێناسە هەرە گرینگەكانی شێوازی خەباتی جەماوەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان دا و لە ماوەیەكی كورتدا سەمپاتیی و هاودڵییەكی بەرینی لە نێو خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش بە دەست هێنا.

رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی بە دوای هاتنە سەر كار و پاش وەڕێخستنی شەڕی نەورۆزی خوێناوی لە سنە، بەردەوام لە بیانووی دەسپێكردنی شەڕێكی هەمەلایانە و هێرش بۆ سەر كوردستان بوو. بە دوای راپەڕینی 57 و هاتنە ئارای شێوەیەك لە دەسەڵاتی خەڵكی لە كوردستان، هەلومەرجێكی تا رادەیەكی زۆر دیموكراتیك لەم ناوچەیەدا دامەزرا بوو. كۆمەڵانی خەڵك و ئۆرگانە هەڵبژێراوەكانیان وەك شورای شارەكان، شورای موعەلیمان، شورای ئەسناف و بازاڕیان، شورای كارمەندان، رێكخراوە جۆراجۆرەكانی كرێكاران، ژنان، لاوان و گەلێك ئۆرگان و دامەزراوەی دیموكراتیكی دیكە، كاری ئیدارە و بەڕێوە بردنی شار و ئاوایەكانی كوردستانیان بەدەستەوە گرتبوو. ئازادیی بەیان، ئازادیی دەربڕینی بیر و باوڕ، ئازادیی كۆبوونەوە، ئازادیی پێكهێنانی رێكخراوەو تەشەكول و گەلێك شتی دیكەی لەو بابەتە بنەما و پایەكانی ئەو هەلومەرجە دیموكراتیكە بوون كە لە كوردستان هاتبووە ئاراوە. بە كورتی كۆمەڵگای كوردستان خەریكی تاقی كردنەوە و ئەزموونێكی بەنرخی دیموكراسی بوو كە لە سەر باقی شوێنەكانی ئێرانیش دەتوانێ رەنگدانەوەی هەبێ، هەر ئەو سەردەمە شارەكانی كوردستان ببونە جێ ژوانی هەزاران ئینسانی شۆڕشگێڕ و تینووی ئازادی لە سەراسەری ئێران.

كۆمەڵ كۆمەڵ لە كچان و كوڕانی شۆڕشگێڕ لە باقی شوێنەكانی ئێرانەوە دەهاتنە كوردستان و ئەو ئەزموونە بەنرخەیان تاقی دەكردەوە. دیار بوو تەحەمولی ئەو وەزعە لە كوردستان بۆ رژیمێك كە بنەماكانی لە سەر دیكتاتۆری، سەركوت و دژایەتی روون لەگەڵ هەر چەشنە ئازادییەك دامەزرابوو ئاسان نەبوو، بۆیە هەر وەك ئاماژەی پێكرا لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە بیانوویەك بە دەست بێنێت و هێرشێكی بەرین بۆ سەر دوایین سەنگەرەكانی ئازادیی و ئینقلاب دەست پێبكات. لە وەها هەلومەرجێكدا بوو كە دەوڵەت، بوونی خەڵكی چەكداری لە نێو شاری مەریوان كردبوە بیانوو و ماوەیەك بوو پەیتاپەیتا بە هێنانی هێزی تایبەت و چەك و چۆڵی زۆر و زەبەند دەستی كردبوو بە تەیار كردن و ئامادە كردنی پادگانی مەریوان بۆ هێرش كردنە سەر ئەو شارە. فەرماندەی پادگان بەردەوام هەڕەشەی دەكرد.

سەرەنجام لە یەكێك لە دانیشتنەكانی نوێنەرانی خەڵك لەگەڵ پادگان كاتێك نوێنەرانی دەوڵەت ملیان بە پێشنیارەكانی نوێنەرانی خەڵك نەدا، دەستەی نوێنەرایەتی خەڵك لەو وتووێژانەدا بڕیاریان دا كە بۆ پووچەڵ كردنەوەی پیلانی رژیم و پێشگرتن بە كۆشتاری خەڵك، شار چۆڵ بكەن. ئەم بڕیارە دەسبەجێ بە ئاگاداری خەڵكی شار گەیشت و شوێنێك لە 12 كیلۆمیتری شار و لە نزیكی ئاوایی كانی میران بۆ نیشتەجێ بوونی خەڵك دیاریكرا. خەڵكی شار یەكپارچە ئەم بڕیارەیان بەڕێوە برد و شار بەتەواوی بەرەو شوێنی دیاریكراو كۆچی كرد.


كاربەدەستان و بەكرێگیراوانی رژیم هەوڵێكی زۆریان دا كە دوودڵی و رارایی لە نێو خەڵكدا پێك بێنن و لە بەڕێوە بردنی ئەم بڕیارە پاشگەزیان بكەنەوە. بەڵام كۆمەڵانی خەڵك بە پشتیوانی كردن لە نوێنەرانیان یەكدڵ و یەكدەنگ هاتنە مەیدان و شاریان بە تەواوی چۆڵ كرد. لە ماوەیەكی كورتدا هەواڵی ئەو ئیعتڕازە جەماوەرییە لە شار و دیهاتەكانی كوردستان دەنگی دایەوە. ئاوایییەكانی دەوروبەری مەریوان دەسبەجێ دەستیان دایە ناردنی نان و پێخۆر و یارمەتی جۆراوجۆر بەرەو ئۆردوگای كۆچبەرانی مەریوان. زۆری نەخایاند كە شەپۆلی پشتیوانی كردن و یارمەتی گەیاندن بە خەڵكی تێكۆشەری مەریوان باقی شار و گوندەكانی كوردستانیشی گرتەوە. گەورەترین حەرەكەتی پشتیوانی لە كۆچی خەڵكی مەریوان رێپێوانی هەزاران كەس لە ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی ژن و پیاوی شاری سنە و سەقز و بانە بوو كە بۆ دەربڕینی رق و تووڕەیی خۆیان لە سیاسەتە دژی خەڵكییەكانی رژیمی ئیسلامی و بۆ نیشاندانی یەكدڵی و هاوپشتی خەباتكارانەیان لە خەڵكی مەریوان، بە پیادە مەودای 180 كیلۆمیتری نێوان سنە و مەریوان و سەقز و مەریوانیان لە دوو رێپێوانی جیاوازدا بڕی و خۆیان گەیاندە ئەو شارە.

كۆچی بە كۆمەڵی خەڵكی مەریوان و دواتریش رێپێوانی شكۆداری خەڵكی سنە و سەقز و باقی شارەكان بەرەو مەریوان، بووە هۆی دەنگدانەوەی ئەو حەرەكەتە شۆڕشگێڕانەیە هەم لە ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییشدا. لە زۆرێك لە شوێنەكانی ئێرانەوە رۆژانە پەیامی پشتیوانی، گرووهی پزیشكی و دەرمان، یارمەتی تەداروكاتی و تەنانەت هێزی ئینسانی بۆ بەشداری لە پاراستنی ئەمنییەتی كۆچبەران دەگەیشتنە ئۆردووگا. گەلێك لە دەزگا راگەیەنەرە گشتییە ناسراوەكان لەوانە ئاژانسە خەبەریییەكانی فەڕانسە و بی.بی.س هەواڵ و گوزارشی ئەم حەرەكەتەیان بڵاو كردەوە و بەو جۆرە لە ماوەی ئەو كۆچەدا كە تا 13ی گەلاوێژی خایاند، ئەو حەرەكەتە بووە بزووتنەوەیەكی جەماوەری و بوو بە بەشێك لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵك لە كوردستان.


ئەو بزووتنەوەیە جگە لە پووچەڵكردنەوەی پیلانی رژیم لەو سەردەمەدا و وەدواخستنی هێرش و پەلاماری جمهووری ئیسلامی ئێران بۆ سەر كوردستان، گەلێك دەرس و ئەزموونی بەنرخیشی لە فیداكاری، یەكگرتوویی و هاوخەباتی لە نێو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا پێكهێنا. ژیانی رۆژانەی ئۆردووگا، هاودڵی و بڕوا و متمانەی خەڵك بەیەكتر، هەوڵ و تەقالای بێوچانی خەڵك و بەڕێوەبەرانی ئۆردووگا بۆ هەرچی باشتر بەڕێوە بردنی كار و بارەكان و چارەسەر كردنی كێشە و گیروگرفتەكان، نەزم و دیسیپلینی نێو ئۆردووگا، دابەشكردنی پێداویستییەكانی ژیانی رۆژانە، كۆنتڕۆڵ و پاریزگاری لە ئەمنییەتی خەڵك، ئەمانە هەمووی تێكەڵ لەگەڵ كۆڕ و كۆمەڵی بەحسی سیاسی و كۆڕی شیعر و ئاواز و سرود و هاوكات ریزی یەكگرتوو و لێبڕاوی هەزاران كەسی دوو رێپێوانەكەی سنە و سەقز كە بە پیادە و بە خوێندنی شیعر و سرودی شۆڕشگێڕانە و لەو پەڕی نەزم و دیسیپلین دا مەودای 180 كیلومیتری نێوان سنە - مەریوان و سەقز – مەریوانیان بڕی و خوێنێكی تازەیان رژاندە دەمارەكانی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە، شانۆیەكی لە هاوپشتی و هاوخەباتی خوڵقاندبوو كە بێگومان لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە. له کتیبی "کوردوستان ئەمرۆ و سبەینێ" وەرگیراوه


bottom of page