top of page

۹ی خەرمانان ساڵیادی شەهیدکرانی کاک فواد مستەفا سولتانی بەرز رادەگرین




گەلی خۆراگر و سەربەرزی کوردستان گیان بەخت کردوو کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی، دامەزرێنەری سازمانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە دواتر بوو بە کۆمەڵە، ئەو سەرکردە بوێر و لێهاتوویە بوو کە سەرەتای لاوێتی بە هۆی داکۆکی لە مافی مرۆڤی چەوساوەی کورد کەوتە بەندیخانەی رێژیمی پەڵەوی، بەڵام زیندانیش نەیتوانی ئیرادەی پۆڵایینی تێک بشکێنێت و رۆژ بە رۆژ جەسوورتر و شێلگێرانەتر پێداگری لە سەر ئامانجەکانی مرۆییەکانی دەکردەوە، بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە کە کاک فوئاد خاوەن بیری سەردەم و راستبێژە، کە گوتارکەی هاوتەریبی کرداری بوو. کەسایەتییەک کە هەموو سەرمایەی مادی و مەعنوی ژیانی لە پێناو دەستەبەر کردنی مافەکانی کورد تەرخان کرد، لە دوای رووخانی رێژیمی پاڵەوی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، کاک فواد لە رێبەرە هەرە دیار و بەرچاوەکانی کوردستان بوو، کە ماندوو نەناسانە لە پێناو سازماندانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، خەباتی دەکرد. کاک فوئاد بە لێدانی ئاورینگی نافەرمانی مەدەنی و خۆراگری مەدەنی بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونگەلی سەرکەوتوو، وە مێتۆدگەلی مەدەنی و هێمنانە هاورێ دەگەل نارزایەتی دەربرینی گشتی و دوور لە تووندتیژی لە وڵاتانی جیهان دا، بە باشترین شێوە هەوڵی رێکخستنی بەربەرین و دەخیل و بەشداری کردنی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە دەدا، بە تایبەتیش لە کۆچی مێژووی مەریوان کە دەنگدانەوە گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا و رای گشتی ئێران و کوردستانی هەژاند. بە واتایەکیتر کۆچی مێژوویی مەریوان ئاورینگی نافەرمانی مەدەنی و خەباتی جەماوەری وئاشتیخوازانە و سەردەمیانەی کورد بوو لە رۆژھەڵاتی کوردستان دا

. بزووتنەوەی کۆماریخوازان رەوشی کار و تێکۆشانی کاک فوئاد لە بەستێنی بزاوتی شوناسخوازی و مافخوازی،و هەروەها خستنەرێی کۆڕەوی مێژوویی خەڵکی مەریوان کە بە دەستپێکی تێکۆشانی هێمنانە و نافەرمانی مەدەنی لە دژی زۆرداری رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پاڵنەرێکی گوشار بۆ ملدان بۆ داخوازییە رەواکانی کورد بە خاڵێکی ئیجابی و جێگای پەسند دەزانێت، کە ئەم حەرەکەتە جەماوەری و مەدەنییەیش بە رێبەری و پێشەنگایەتی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی وەکوو لاپەڕەیەکی زێرینی تێکۆشانی سەردەمیانەی کورد دێتە ئەژمارتن، بۆیە هەڵدەگرێ کە نەوەکانی ئەمرۆ و داهاتووی کوردستان، لە بیر و هزری و شێوازگەلی خەباتی کاک فوئاد، وەک سەرچاوەی ئیلهام و میناکی، سوودی بەرچاوروونی بۆ دەستنیشانکردنی مێتۆد و شێوازی خەبات و تێکۆشانی ئاشتیخوازانەی لێوەربگرن. کاک فوئاد لە دیارترین رێبەرانی بزاوتی چەپی نەتەوەیی عەدالەت مێحوەر لە کوردستانە، کاک فوئاد بۆ داکۆکی لە کەرامەت و سەربەرزی گەلەکەی لە هیچ کەند و کۆسپێک نەدەترسا، تا دوا هەناسەی ژیانی هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیک و چەسپاندنی بنەماکانی سۆسیالیزم و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی شەڕ و گرژی و دوورپەرێزی لە کۆمەڵکوژی کورد و وێرانی لە کوردستان بوو، هەروەها باوەری قووڵی بە شێواز و مێتودی نافەرمانی مەدەنی، گوفتمانی ئاشتەوایی و هاوپەیوەندی نەتەوەیی و لایەنگری سەرسەختی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بوو.. بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بروایەدایە کە شەهید کرانی ناجوانمێرانەی کاک فوئاد لە ساڵانی سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران و لە جەنگەی بەرۆژ بوونی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زەبرێکی بەژان و گەورەی لە خەباتی کورد بە گشتی، و بزووتنەوەی چەپی کوردستان و بە تایبەتی لە کۆمەڵە دا، کە ئەمەش خەسار و کۆستێکی گەورە بوو کە شوێنگرتنەوە و پرکردنەوەی ئەم بۆشاییە لەو هەلوومەرجەی ئەو سەردەم دا شتێکی ئاستەم بوو، بۆیە هەوڵدان بۆ پرکردنەوەی بۆشایی کاک فوئاد،و بەرۆژ کردنەوەی بیر و رامان و ئەندیشە و ئامانجەکانی ئەم کەسایەتییە کاریزماتیکە لە ئەمڕۆی کوردستان دا پێویستییەکی مێژووییە، کە وادەخوازێت هەموو لایەکمان پێی باوەرمەند بین و بۆ پێشخستن و چارەسەرکردنی دۆزی کورد بە چڕی هەوڵی پراکتیزە کردنیان بدەن. بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ٤٣مین ساڵیادی شەهید کرانی کاک فوئاد موستەفاسوڵتانی، بیر و ئەندیشەیی ئەم بەرزە مرۆڤە ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و پێشکەوتن خوازە بەرز رادەگرێت. یادی کاک فوئاد هەرمان و رێگای تێکۆشانی پر رێبوار بێت بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان ۹ی خەرمانانی ۲۷۲۲ی کوردی

bottom of page