top of page

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران


ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی

یادی ٣٩ ساڵەی گیانبەختکردنی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی

لە مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازەکان کەم نین ئەو بلیمەت و سەرکردانەی کە گیانیان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و ئامانجەکانیان بەخت کردووە. بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانیش وەک بزوتنەوەیەکی حەقخوازانە لە ماوەی لەسەر کاربوونی کۆماری ئیسلامی لە ٣٩ ساڵی ڕابردوودا خەساری گەورەی داوە و لە هەموو هێزە سیاسیەکاندا رێبەڕانیش بە خوێنی خۆیان مەشغەڵی ئەو شۆڕشەیان گەرم ڕاگرتووە.

یەکێک لەو سەرکردانه کاک فوئاد مستەفا سوڵتانیه کە له رۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی گیانی لە پێناو گەیشتن به ئامانجەکانی بەخت کرد، کاک فوئاد سیمایەکی ناسراو و هەروها ئەندامی بنەماڵەیەک بوو کە ٤ برای دیکەشی لە بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە نگریسەکانی لەمەڕ کوردستان، لە زیندانەکانی ئەو رژیمە ئیعدام کران. گیانبەختکردنی سیما ناسراو و سەرکردەکانی حیزبەكانی كوردستان ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا نیشانەدری ئەو ڕاستیەیە کە شۆڕش لە کوردستانی ئێران بەرهەمی تێکۆشانی هەمووانه و سەرکردە و پێشمەرگه هەموو کات شانبەشانی یەک و فیداکارانە پێکەوە قوربانیان داوه.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکومکردنی سەرجەم تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان، رێز دەگرێت لە خەبات و فیداکاری کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی و ئیدانەی تێرۆری هەموو سەركردەو شورشگیران دەکات و بەڵێن دەدات کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجه بەرز و مرۆییەکانی سەرجەم خەباتکارانی کوردستان بەردەوام و شێلگیرانەتر لە هەمیشە درێژەدەری رێگای شەهیدانی نەتەوەی کورد و رێبەرانی دەبێت. دڵنیاین ئاسۆی سەرکەوتن نزیکه و ئەو رۆژه دەبینین که گەلی کوردیش ئازادانه و لە ئاپۆرای گەورەی جەماوەریدا رێز له تێکۆشەران و رێبەرانی شەهیدی دەگرێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٣١/٠٨/٢٠١٨ – ٩ی خەرمانانی ١٣٩٧


bottom of page