top of page

کاک فۆئاد، رێبەرێک بۆ ھەموو وەرزەکان

کاک فۆئاد، رێبەرێک بۆ ھەموو وەرزەکان

بێ گومان رێزگرتن لە یادی کاک فۆئاد مستەفاسوڵتانی، بە تەنیا رێزگرتن لە رێبەر، کاریزما و کەسایەتیەکی سیاسی نیە، بەڵکوو رێزگرتنە لە مەکتەب و مێتۆدێکی خەباتکارانە بە ناوی "خەباتی مەدەنی" کە خودی کاک فۆئاد ئەندازیار، رێکخەر و پاک و پەیگیرترین ھەڵسووڕاوی ئەم بوارە بوو لە کوردستاندا.


رێزگرتن لە یادی کاک فۆئاد، بەرز نرخاندن و ئەمەگناسیە بۆ ھەموو ئەو چالاکە مەدەنیانەی کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوو لە بواری ژینگەپارێزی، چالاکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی چینایەتی و بەرگریی لە مافی خەڵکی کرێکار و کۆڵبەر و زەحمەتکێش، رێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حوکمی جینایەتکارانەی ئێعدام، ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی داب و نەریتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەی ئایینی و دژە ژن و چەندین بواری دیکەی خەباتی سەردەمیانە و پێشکەوتوو تێکۆشاون و گیانبازییان کردووە و ھێشتا پاش ٤١ ساڵ لە گیانبەختکردنی کاک فۆئاد، ئەم خەباتە وێڕای ئەوەیکە تووشی نسکۆ و لاوازی نەبووە، بەڵکوو دەتوانین ئەو ئیدعایە بکەین کە، بووەتە سەرەکیترین مەتەرێز بۆ شۆڕشی رزگاریخوازانە لە کوردستاندا.

رێزگرتن لە یادی کاک فۆئاد، بە واتای بەرگریی سەربەرزانەیە لە سۆسیالیزم و رووسوور بوونە لە بەرانبەر ئەو پرەنسیپ و دیسیپلینە عداڵەتخوازانەی کە وەک تۆشەی خەبات و خۆڕاگریی لە جانتای رێبوارانی ئەم رێگا پڕ لە سەروەریەدا راگیراوە.


bottom of page