top of page

کاک فوئاد، گیانبەختکردوویەکی هەمیشە زیندوو!

چەند ڕۆژێکی دیکە، 31/8، 41 ساڵ بە سەر تیرۆرکردنی کاک فوئاد دا تێپەڕ دەێت. بایەخی کاک فوئاد لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازییدا یەکجار گرینگە. لایەنێکی گرینگی تێکۆشانی کاک فوئاد بیروباوەڕی سیاسیی بوو. خۆشەویستیی ئەو بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان بوو، و باوەڕ بە هێز و توانایان بوو کاتێک کە ڕێک بخرێن.

دیوەکەی تری تێکۆشانی کاک فوئاد باوەڕبەخۆبوون، پشتبەخۆبەستن، دیسپلینی پۆڵایین و چاونەترسیی بوو. گەڕان بوو بە دوای کۆکردنەوەی خەرمانی با بردووی کورد دا.

بەڵام سەرتۆپی هەر دوو دیوی تێکۆشانی کاک فوئاد شتێکی دیکە بوو. ئەوە بوو کە کاک فوئاد دڵخوازانە و خۆبەخشانە خۆی بۆ خزمەتکردنی ئەو خەبات و تێکۆشانە تەرخان کردبوو. کاک فوئاد عاشق بە ئازادیی بوو و دەیزانی گیانی لە پێناو ئەو ڕێبازەیدا دادەنێت.

کاک فوئاد دڵخوازانە و ئاگاییانە ئەو رێگایەی هەڵبژارد و خۆبەخشانە تێ کۆشا

یەکێک لە هەرە گرینگترین هەوێنەکانی خەباتی ئازادیخوازیی پرینسیپی خۆبەخشییە. کاک فوئاد زۆر زوو ئەو ڕاستییە تێگەیشت.

هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەو پرینسیپەدا بێت بێگومان لایقی ئەوە نییە وەکوو بەشدارێکی ئەو خەباتە ئازادیخوازییە ببینرێت.

لە جیاتی منجەمنج و نقەنق و بیانوودۆزینەوە و پەڵپگرتن و خۆدزینەوە و سووڕانەوە لە بەدبەختیی نەزانییندا، کاک فوئاد بڕیاری دا بە گژ زەحمەتیی و ئاڵۆزییەکاندا بچێتەوە. ئەوە ڕێگایەکی فرە دژوار بوو.

دوو هەفتەیەک لەمەبەر ساڵیادی 15ی تەباخ/ گەلاوێژ بوو کە ئەمڕۆ گەورەترین خەباتی ئازادیخوازییە لە جیهاندا. ئەو تێکۆشانە بە گیانفیداکاریی چەندین کەسایەتیی گەورەی شۆڕشگێڕ و مانگرتنی سەدان و بە هەزار لە زیندانیانی ئامەد دەستی پێ کرد. 35 ساڵ دوای یەکەمین گوللـەکان، ڕۆژانە چەندین لە کچان و کوڕانی نەبەرد کە هەر یەکە و لە شوێنێکی کوردستان لە دایکبوون دەبن بە رێبواری ڕێگای تێکۆشانی ئازادیی.

ئەمە ڕێبازی پرینسیپە شۆڕشگێڕییەکانە. ڕێزگرتن لە بەهاکانی مرۆڤ، خۆشەویستیی نیشتیمان، باوەڕبوون بە گەل، باوەڕبەخۆبوون، پشتبەخۆبەستن، دیسپلینی پۆڵایین و چاونەترسیی. هەروەها تێکۆشانی دڵخوازانە و خۆبەخشانە کە تاجە گوڵینەی ئەو تێکۆشانەیە.

یادی کاک فوئاد و هاورێیانی و هەموو پاکڕەوانانی ئەو ڕێبازە کە بە هەزارانن هەمیشە بەرز و بەرێز و لە دڵاندا دەمێنێتەوە.

خۆشمان دەوێن!

ڕێبوار ڕەشید

27/8/2020














bottom of page