top of page

بە بۆنەی 9ی خەرمانان، بیرەوەرییەک لە ھزر و ئیرادەی کاک فواد لە خولقاندنی جوڵەی جەماوەری

بە بۆنەی 9ی خەرمانان، بیرەوەرییەک لە ھزر و ئیرادەی

کاک فواد لە خولقاندنی جوڵەی جەماوەری

لە ناوەراستی مانگی خەزەڵوەری 1357ی ھەتاوی(ئوکتۆبەری 1978) حەمە رەزا شا بۆ دامرکاندنەوەی شەپۆلی نارەزایەتی گەلانی ئێران سەرۆکی فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ئێرانی بەناو غۆڵام رەزا ئەزھاری وەک سەرۆک وەزیران دیاری کرد و ئەزھاری لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتەکەی دا حکومەتی نیزامی راگەیاند و ھەر چەشنە نارەزایەتییەکی خەڵکی قەدەغە کرد و ئەرتەش بۆ تۆقاندنی خەڵک کۆنترۆڵی شوێنە گرینگەکان، ناوەندی شارەکان، میدیا و ... بە دەستەوە گرت. لە چەند رۆژی ئەوەڵی حکومەتە نیزامیەکەی ئەزھاری نارەزایەتیەکی ئەوتۆ ئەنجام نەدرا و جاوەروانی ئەوە دەکریا کە ئەرتەش و ساواک لەوانەیە شەپۆلی دەسگیر کردنی نارازیان دەسپێ بکات.

شەو من لە ماڵی کاک عەلی کۆنەپۆشی ئامۆزام ھەزار جار یادی بەخێر بووم، تەواوی شەو کاک عەلی بۆ من و خوشک و براکانی کە لە ھەرە چالاکانی خۆپیشاندانەکانی شاری مەریوان بوون، باسی لە حکومەتە نیزامیەکەی ئەزھاری بۆ دەکردین و ئەو پێی وابوو کە بە زوویی ساواک دەس دەکات بە رەش بگیری.

بەیانیەکەی دوای نانی بەیانی خواردن کاک عەلی کە خۆی یەک لە مامۆستا و کەسایەتیە سیاسیەکانی شاری مەریوان بوو وتی بە من کە *بۆ دیداری چەند ھاورێیەک بانگ کراوم و پێم باشە لەگەڵما بێیت بۆ ئەوێ و ئەگەر لە رێگای چوونمان و یان گەرانەوە لە لایەن ساواکەوە گیریام، ماڵەوە و ھاورێیان ئاگادار کەیتەوە*.

لە گەڕەکی ئیدارەی راە رێکەوتین چووین بۆ مەدرەسەیەکی تازە کراوە لە نزیک ماڵە سازمانیەکان لە نێوان نەخۆشخانەی شار و باورەشی. کە چووینە ناو مەدرەسەکە کاک فواد و چەند کەسی تر دانیشتەبوون و چاوەڕوانی کاک عەلی'یان دەکرد. من لە تەنیشت کاک عەلی دانیشتم، بە نۆرە قسە و باسیان لە سەر حکومەتە نیزامیەکەی ئەزھاری دەسپێ کرد و چی دەتوانین بکەین لەم رەوشە تازەیە کە پێش ھاتووە. ئەوەی کە لە بیرمە کە نۆرەی کاک فوادی رێبەر ھات دوای کەمێ باس لە سەر رەوشی تازە وتی: ئێمە دەبێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بین لە نارەزایەتی و نابێت رێگە بدەین کە حکومەتی نیزامی خەڵک بێ دەنگ بکات، ھەر لەم رۆژانە ساواک بۆ پشتگیری لە ئاغاکانی بێلو چوار جوتیار کە دژی زڵم و زۆری دەرەبەگەکان بووگەن زیندانی کردوون و دەبێ بە ھەموو جۆرێک تێبکۆشین بۆ ئازاد کردنیان، من پێشنیار دەکەم ھەر بەیانی برۆینە ناو بینای ئیدارەی دادگوستەری و مانبگرین و ھەتا ئازاد نەبن دەس ھەڵنەگرین لە مانگرتن.


کاک فواد دەستی کرد بە گیرفانیا و پێنج سەد تمەنی دانا و وتی کە ئێمە سندوقێکی ماڵیمان پێویستە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی مانگرتنەکە. رۆژی دواتر کە کاک فواد بۆ خۆیشی لە پێشەوە بوو نزیک بە ھەشتا کەس دەبووین چووینە ناو بیناکە و مانگرتن ھەتا ئازاد کردنی چوار جوتیارەکە دەستی پێ کرد. پێم وابێ ئەو مانگرتنە یەکەمین نارەزایەتی جەماوەری بوو لە ئێران و کوردستان دوای راگەیاندنی حکومەتی نیزامی ئەزھاری، بەڵام زۆری پێ نەچوو شەپۆلی نارەزایەتی و مانگرتن بە ھێز تر لە پێش دەستی پێ کردەوە. مانگرتن لە خواردنی چالاکانی سیاسی لە دادگوستەری بوو بە جوڵەیەکی گەورەی مێژوویی لە شار و دێی مەریوان دا کە ئەگەر ھەڵە نەبم دوای دە تا پازدە رۆژ لە مانگرتن و خۆپیشاندان رژیمی شا ناچار بوو کە چوار جوتیارەکە ئازاد بکات کە لەگەل خەڵکێی ھێجگار زۆری شار، بە شایی و ھەڵپەرگێ گەرانەوە بۆ ئاوایی بێلو و لەوێ شەھید حسێن پیرخزری بۆ جەماوەریکی زۆر کە لە بەردەم مزگەوتی ئاوایی کۆبووبووینەوە بە خوێندنەوەی شێعری تووتنەوانێکی ھەژارم وتارە مێژووەیەکەی خۆی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی مانگرتوان و جوتیارانی تێکۆشەری ئاوایی بێلو و ناوچەکە کرد.

کاک فواد وابوو، لە ھەموو دەرفەتێک گەڵکی وەردەگرت بۆ ئەوەی جەماوەر بۆ بە دەست ھێنانی مافەکانی یەکگرتوانە وەک رووبار بەردەوام لە جوڵە دا بێت!

یادی کاک فواد و تەھمورس ھەموو کاتێک لە دڵمان دا زیندووە


bottom of page