top of page


چەند ڕؤژێک پاش لە هەواڵی شەهید بوونی کاک فوئاد لە گەڵ مامۆستا پشکۆ و مەفرەزەکەی لە گوندی حاجی مامەند بوین، کاک بەکر نامەی نارد بۆ بینینی بچینە گوندی دەرەمییانە. سەر لە بەیانی ڕؤژی دوایی بەڕێکەوتین نزیکی ٣ پاش نیوەڕۆ گەیشتینە دەرەمییانە. پێشمەرگەی زۆری هەر دوو هەرێمی ١ و ٢ لێبوو. پاش گەیشتنمان کاک بەکرمان لە ماڵێک بینی و مەبەستی دیدارەکەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:

مەفرەزەیەکی برادەرانی ڕؤژ هەڵات بەم ناوانە: موزەفەر محەمەدی، ئەمجەد مستەفا سوڵتانی،عەبدوڵای بابان، عیزەت دارابی، ڕزگار عەلی پەنا، عەبو کەریمی، مامۆ ڕەحمان لەوێن و دەبێت بە هوشیاری و دڵنییایەوە ڕەوانی ئەودیو بکرێن. کاک بەکر بە نەرمییەکەی خۆی ووتیشی کاکە حەمە(حەمەی حاجی مەحمود)، گفتی داوە ئەو کارە بکات بەڵام (بە ووتەی کاک بەکر) وای پێباشە بەندە بە شێوەیەکی ژیرانە بۆ کاکە حەمەی ڕوون بکەنەوە کە کاری لای مەریوانتان هەیە و باشترە ئێمە  بڕۆین. هەرایش دەرچوو ئەرکەکە بە ئێمە سپێردرا. بەندە سەرڕای ذڵگرانیم بۆ شەهئد بوونی کاک فوئاد، ئەم ئەرکەم زۆر پێ خۆشبوو. لە لایەک بۆ خێزانێکی شۆڕشگێڕی کەم وێنە بوو کە لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا ٣ قارەمانییان لێ شەهید کردن، یەکێک لەو شەهیدانیش کاک فوئاد بوو کە بەندە زۆر دڵم بە بوونی دەکرایەوەو داهاتووی نەک ڕؤژهەڵاتم بەڵکو هەموو کوردوستانمم بە بوونی ئەوەو ڕوونتر دەبینی. لەلایەکی تریشەوە ئەو خێزانە بەڕێزە لە تەک مندا زۆر گەورەییان نواند بوو.

کەسایەتی ئەمجەد:

ئەمجەد گەنجێکی ڕۆح سووکی، کەمدوو بەڵام هوشیار بوو. سەرنجی ووردی لە سەر ڕەفتاری پێشمەرگەکان هەبوو. زۆر جار دەهات و لێمی دەپرسی: فڵان بۆ وا دەکات یا ڕەفتاری فیسار لەگەڵ گوند نشینەکە دروست نەبوو. بەندەیش فرە ڕەنگی پێشمەرگەکانم بۆی ڕوون ئەکردەوە.

گرنگی کارەکەمان لەوەدا بوو ئەم بەڕێزانە بەبێ ئازار بگەیەنین و لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە هەاڵی شەهید بوونی کاک فوئاد بە ئەمجەد بگرین، بۆیە نەدەچوینە هیچ دێیەک پێشمەرگەی تری لێبوایە و ئەگەر ڕێبکەوتایە وابوایە لە دووری ئاوای دادەنیشتین. ئەم ئەرکە و پەڕاندنەوە لە ملەی مەترسیداری دوڵ سوور بەبێ دەرد ئەنجام درا. هەندێ جاریش باسمان لە داهاتووی نادیاری ژیانی پێشمەرگە و ئامادەیی بۆ بیستنی هەموو هەواڵێکی دڵتەزین  بە بریندار بوون یا لەدەستانی ئازیزەکانمان. لە بیرمە لە گوندی دۆڵە چەوت لە کاتی گفتووگۆکانم لەو بارەوە کاک ڕزگاری عەلی پەنا ووتی توخوا دکتۆر لاوە بەسە کوشتنمان بیر مەخەرەوە تۆزێک قسەی خۆشمان بۆ بکە.  

دکتور قادر

31 ـ 01 ـ 2024



 

bottom of page