top of page

خواستی کاک فوئاد گەڕانەوەی سیاسەت بوو بۆ بازنەی کۆمەڵایەتیی


خواستی کاک فوئاد گەڕانەوەی سیاسەت بوو بۆ بازنەی کۆمەڵایەتیی

  • ئەندامێکی ئەنجومەنی بەڕێوبەری کۆدار ڕایگەیاند: لەو کاتانەی هەندێک هەوڵیاندا بە ناوی حزبەوە بەڕێوبەریی خەڵک بە شێوازی عەشیرەتیی بگرنە دەست، خواستی کاک فوئاد گەڕانەوەی سیاسەت بوو بۆ بازنەی کۆمەڵایەتیی.

ئاریو بەرزەن ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەریی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی 'کاک فوئاد موستەفا سوڵتانی' چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وەڵات ئەنجامدا.

ئاریو بەرزەن، لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئیستای هێزە چەپەکانی ئێران کرد و وتی: پیلانێکی بەڕێکخستن کراو ساڵانێکە لەلایەن ڕەوتە لیبراڵ و چاکسازیی خوازەکانی ئێرانەوە بۆ ڕەشکردنی کەسایەتییە کۆمەڵایەتیی و شۆڕشگێرەکان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی گەل پێشەنگ و ڕێبەرێکی کارامەی نەبێت، کە لە ڕۆژە تاریکەکاندا ڕێبەرایەتییان بکەن.

بەرزەن، هەروەها وتی: ئێستا ئێمە دەمانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شۆڕشێکی دیموکراتیی و گەلیی ڕێکبخەین، کاک فوئاد هێما و پێناسەی بوونی وەها شۆڕشێکە کە دەتوانێت بکرێتە بنەمای زۆرێک لە بیرۆکە یان دامەزراوەکان، لە تایبەتمەندییەکانی کاک فوئاد لەبەرچاو گرتنی ڕاستیی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هەمیشە لەناو خەڵکدا بوو، تێپەڕکردنی چوارچێوەی خانەوادە یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرجەستەکانی کاک فوئاد بوو، کە ڕێچکەکەی دەگەڕێتەوەر بۆ عەشیرەتگەرایی و خێڵایەتیی، کە ئەو کاتانە هەوڵیدەدا خۆی بەسەر بازنەی حزبیی لە کوردستاندا بسەپێنێت، هەندێک هەوڵیاندا بە ناوی حزبەوە بەڕێوبەریی خەڵک بە شێوازی عەشیرەتیی بگرنە دەست، بەڵام کاک فوئاد بە زانستییانە لە قوڵایی بابەتە تێگەیشتبوو و ڕووبەڕووی بووەوە، بەو جۆرە شێوازی ڕێکخستنی و هەیکەلی سیاسیی و حزبی کاک فوئاد بۆ بەڕێوبەری کارەکان دەرەوەی هەیکەلی خانەوادە گەرایی بوو و خواستی کاک فوئاد گەڕانەوەی سیاسەت بوو بۆ بازنەی کۆمەڵایەتیی و گەل.

بەرزەن، بەداخە بۆئەوەی، کاک فوئاد بەهۆی شەهیدبوونییەوە مەجالی ئەوەی نەبوو زیهنییەت و هەیکەلی خانەوادەگەرایی لە بازنەی سیاسی بە تەواوەتی ڕێشەکێش بکات، "دوای شەهید بوونی بینیمان کە دیسان ئەو هەیکەل و زیهنییەتە عەشیرەتییە لە کوردستان دووبارە دەبێتەوە، لە کاتێکدا کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕێگەی لە کار و چالاکیی سیاسی خەڵک دەگرت، کاک فوئاد بە تێگەیشتنی دروستی لە دۆخەکە، داوایکرد سیاسەت بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و کاری سیاسی بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەی ژیانی کۆمەڵگا".

ئاریو بەرزەن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاک فوئاد لە سەرەوەی کاری حزبی بیری لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکان لە کوردستان دەکردەوە، بۆ نمونە ئێستاش لە مەریوان شوێنی دەستی کاک فوئاد دیارە و بوونی ئەنجومەنەکانی ژینگە پارێزیی، کۆمەڵناسی و شانۆ و کارە بە کۆمەڵەکانی دیکە کە خەڵک تێدا بەشدارن، ئەنجامی خەبات و کارەکانی کاک فوئاد-ن.

فواد مستەفا سوڵتانی ناسراو بە"کاک فواد"، شۆڕشگێر و تێکۆشەری سیاسی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ‌بوو، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئەڵمانەی سەر بە شاری مەریوان لەدایک‌بووە، لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵانی لە پاییزی ١٩٦٨ ڕێکخراوێکیان پێک‌ھێنا کە دواتر بە'کۆمەڵە' ناسرا، لە کارە بەرجەستەکانی کاک فوئاد پێکهێنانی ئەنجومەنەکان بۆ بەڕێوبەری کۆمەڵگا بوو و ڕۆڵ و گرنگییدان و بەشداری پێکردنی ژنان لە کاری سیاسی و چەکداریی بوو، کاک فواد لە ساڵی ١٩٧٩ لە شەڕێکی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و جاش و بەکرێگیراوەکانی لە ڕێگەی نێوان سەقز بۆ مەریوان، گیانی بەختکرد.

ڕۆژنیوز


bottom of page