گەڕانەوە بۆ فوئاد گەڕانەوەێە بۆ سەرچاوەی خەبات
- سیروان پەرتەونوری
- för 3 dagar sedan
- 3 min läsning
لە مێژووی خەباتی شۆرشگێرانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، هەندێک ناو و کەسایەتی تەنها هی سەردەمێک یان نەوەیەک نین بەڵکوو دەبنە بەشێک لە بیرەوەری مێژوویی گەلێک و نیشانەی بەردەوامی ئامانجە ڕزگاریخوازەکان. فوئاد مستەفا سوڵتانی یەکێکە لەو کەسانە، ئەو تەنها یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوو بەڵکوو نوێنەری جۆرێک لە تێگەیشتن بوو لە سیاسەت، خەبات و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی کە هێشتا دەتوانێت سەرچاوەی ئیلهام بێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
فوئاد لەو شۆڕشگێڕانە نەبوو کە سیاسەت لە چوارچێوەی تیئۆری و فۆرمولە ئامادەکراوەکاندا بدۆزێتەوە، ئەو ڕاستییەکانی لە نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە فێر دەبوو و بیرۆکەکانی لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا تاقی دەکردنەوە. تێگەیشتنی ئەو لە ئازادی، دادپەروەری و ڕزگاری، بەرهەمی پەیوەندییەکی زیندوو بوو لەنێوان هۆشیاری سیاسی و ئەزموونی ژیانی خەڵکی کوردستان. بۆیە توانی ببێتە کەسایەتییەک کە دوای دەیان ساڵ هێشتا ناوی بە دڵسۆزی، پاکی،شورشگێری و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتییەوە گرێدراوە.
فوئاد خەباتی تەنها بە مانای بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیاسی نەدەبینی، بەڵکوو بە پرۆسەیەک دەیزانی بۆ دروستکردنی مرۆڤی هۆشیار، کۆمەڵگای ڕێکخراو و داهاتوویەک کە لەسەر بنەمای کرامەتی مرۆڤ دامەزراو بێت. لە ڕوانگەی ئەودا، ئازادی نەتەوەیی بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی ناتەواوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش بەبێ بەشداریی هۆشیارانەی خەڵک ناتوانێت بە ئامانج بگات.
ئەوەی فوئادی لە زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان جیا دەکاتەوە، تەنها ئازایەتی تاکەکەسی یان گیانبەختکردنی شۆڕشگێڕانەی نییە، بەڵکوو توانای گۆڕینی بیرۆکە بۆ کردار و تیئۆری بۆ هێزێکی ماددێی بوو. ئەو لەو ڕێبەرانە بوو کە دەیتوانی لە نێوان ئامانج و ڕاستی، نێوان تیئۆری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکات. بۆ ئەو، سیاسەت ئەو کاتە مانای هەبوو کە لە خزمەتی خەڵکدا بێت و بتوانێت ئازار، داواکاری و هیواکان بە هێزێک بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بگۆڕێت.
بەڵام ئەمڕۆ یەکێک لە گەورەترین بێدادەتییەکان و ناحقێیەکان بەرامبەر بە رێبازی فوئاد، هەوڵی هەندێک لە ڕەوت و جریانە سیاسییەکانە بۆ قۆرخکردنی ناو و متمانەی مێژوویی ئەو. ئەوان هەوڵ دەدەن بە پشتبەستن بە ناوی فوئاد، خۆیان لە کۆمەڵگادا خاوەن ڕەوایی سیاسی پیشان بدەن، بەڵام لەنێوان بانگەشەکانیان و ڕۆحی ڕاستەقینەی بیروڕای فوئاد جیاوازییەکی زۆر قووڵ هەیە.
فوئاد هێزی ئەوەی هەبوو بیرۆکەکانی لە ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا بکاتە کردار. دەیتوانی نەبزی کۆمەڵگا بناسێت، داواکارییەکانی خەڵک تێبگات و بیانگۆڕێت بۆ هێزێکی ڕێکخراو بۆ گۆڕانکاری. بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بە ناوی فوئاد قسە دەکەن، نە لە دڵی کۆمەڵگا قسە دەکەن و نە سیاسەتەکانیان وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵکن. سیاسەتی ئەوان زۆرجار لە دنیای چوارچێوە ئایدیۆلۆژییە داخراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە واقیعی ژیانی خەڵک.
فوئاد هەرگیز دیلی دۆگم و چوارچێوە وشکە ئایدیۆلۆژییەکان نەبوو، ئەو سۆسیالیزمی نەک وەک کۆمەڵە فەرمولەیەکی ڕەق و وشک، یان میراتێکی جەمسەربوو لە سەدەکانی پێشوودا، بەڵکوو وەک جیهانبینییەکی ڕزگاریبەخش دەبینی کە دەبێت بە واقیعی کۆمەڵگا و خەباتی ڕاستەقینەی خەڵکەوە گرێ بدرێت. بۆ فوئاد، نرخ و بایەخی سۆسیالیزم لەوەدا بوو کە بتوانێت وەڵامی کێشەکانی ژیانی خەڵک بدات، نەک لە دووبارەکردنەوەی وشە و دەقە کۆنەکان.
فوئاد سۆسیالیزمی بە خەباتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان پێکەوە دەبەست. ئەو دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی لە لاپەڕەکانی کتێبەکانەوە دەهێنایە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و وەک ئامرازێک بۆ پێشبردنی خەباتی کۆمەڵایەتی بەکاری دەهێنا. بۆیە بیرکردنەوەی ئەو نە بەرهەمی ژوورە داخراوەکانی تیئۆری، بەڵکوو بەرهەمی پەیوەندییەکی زیندوو و بەردەوام بوو لەگەڵ خەڵک.
لەبەر ئەوە، ڕێزلێنان لە فوئاد تەنها بە مانای دووبارەکردنەوەی ناوی نییە، (وەفاداری ڕاستەقینە بە فوئاد لە گەڕانەوە بۆ هەمان ڕێباز و هەمان ڕێوشوێنی خەباتدایە)، ڕێبازێک کە لە دڵی کۆمەڵگا سەر هەڵدەدات و بۆ خزمەتی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە. ڕێبازێک کە تێیدا سیاسەت لە خەڵک جیا ناکرێتەوە و ئامانجەکان لە ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان دوور ناکەونەوە.
فوئاد مستەفا سوڵتانی هی ڕابردوو نییە (بەشێکە لە داهاتوو)، چونکە ئەو پرسیارانەی بۆ چارەسەرکردنیان خەباتی کرد، هێشتا لەبەردەمن و ئەو بەهایانەی بەرگری لێکردن هێشتا جێگای ململاێنێن. ڕێگای فوئاد، ڕێگای گرێدانی ئازادی بە دادپەروەری، هۆشیاری بە کردار و بیرکردنەوە بە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک بوو.
بۆیە گەڕانەوە بۆ فوئاد بە مانای گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەک نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەیەکی فکری و خەباتگێڕانە کە دەتوانێت ئاسۆی خەباتەکانی داهاتوو ڕوون بکاتەوە. هەتا ئەو کاتەی ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی،مافی چارەی خۆنووسین و کرامەتی مرۆڤ زیندوون، ناو و بیری فوئاد مستەفا سوڵتانی هەر زیندوو دەمێننەوە، نەک وەک یادگارێکی ڕابردوو، بەڵکوو وەک ڕێنمایەک بۆ داهاتوو. چونکە بەبێ تێگەیشتن لە ڕێبازی فوئاد، بەبێ گرێدان بە خەڵک و بەبێ گۆڕینی ئامانجەکان بۆ هێزێکی ماددی لە ناو کۆمەڵگادا، هیچ خەباتێک ناتوانێت بە سەرکەوتن و ئامانجی کۆتایی خۆی بگات.
سیروان پەرتەونوری






Kommentarer