top of page

بۆ یادی هەمیشە زیندووی رەفیق فواد مستەفا سوڵتانی.


بە سەرهاتی من و " رەفیق فواد "

نازانم کەی بوو یەکەمجار لە مانای ناوەکەی خۆم گەیشتم "رەفیق فواد" بەڵام باش لە بیرمە کە مامۆستای جوگرافیاکەمان هەموو جارێک بە تێڕامان و وەستانێکەوە لە سەر ناوەکەم سەیری دەکردم و دەیگووت "فەرموو دانیشە".

منیش رێک لە شوێنی خۆم دادەنیشتم و سەرقاڵی خوێندنی جوگرافیای وڵاتانی نەناسیاو و کێو و شاخ و دەشتە سەیرو سەمەرەکانیان دەبووم و قەت نەبوو بۆ جارێکیش ناوێک لە ئاربەبا و دوزین و گۆیژە و سەیوان و تەرەغە و ... ببرێت.

١٩ ساڵان بووم کە ناوم لە ئیمتحانی کونکوردا بە پلەی٤٧٩ یا نەختێک ئەملاو ئەولاتر هاتەوە.

بۆ خوێندکارێک لە شارێکی بچوکی وڵاتێکی نابەرابەردا کە تەنانەت مەلای مزگەوتەکانیشیان لە یەک ناچێت پلەیەکی بەرز بوو.

من تا ئەوسا جگە لە پانتۆڵی کوردی هیچ جلێکی دیکەم لە بەر نەکردبوو کەواتە شەڵوارێکی فارسیم قەرز کرد و خۆم ئامادە کرد بۆ ئەوەی بچم بۆ ناونووسین لە زانکۆی تەربییەت موعەلیمی شەهید بەهەشتی تاران.

کە چوومە زانکۆ رووی رەشی نابەرابەری جارێکی دیکە خۆی نیشان دامەوەو ووتیان تۆ دەبێت سەرەتا گوزینش بکرێیت و ئەوجا دەتوانین ناونوست بکەین.

لە رۆژی گوزینشەکەدا کە لە ژورێکی تاریکی قاتی هەشتی باڵاخانەیەک لە مەیدانی فیردەوسی شاعیردا بوو لە تاران سێ" خواهر زینب" دانیشتبوون کە بەس کونی لووتیانم دەدی.

هیچیان نەیانووت " فەرموو دانیشە" بەڵام هەرسێکیان بە تێڕامانەوە سەیریان دەکردم.

وەستام تاکوو بازجوویی یاکوو بە واتای ئەوان گوزینشەکەم دەست پێ بکات.

بە پێی ئەزموونێکی دوور و درێژی گوزینش نەکردن و دەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەمان لە سەر کار وەک باوکم و براکەم کە مامۆستا بوون خۆم بە باشی ئامادە کردبوو کە هەر پرسیارێکیان لێ کردم بێ ووڵام نەبم.

من ئەگەرچی ئێستا لەبیرم نەماوە بەڵام وڵامی ئەو پرسیارەشم دەزانی کە ئەگەر به‌ ئایینی ئیسلام بچی بۆ ئاودەست سەرەتا قاچی راستت پێش دەکەوێت یا چەپ.

سێ "خواهر زینب" ە کە بڕیاری خۆیان دابوو و هەر کامیان بەس یەک پرسیاریان لێ کردم.

یەکەمیان: بۆ ناوت رەفیق فواد ە؟ - ووڵام: قوربان دەبێت ئەو پرسیارە لە باوکم بکەن. گوڵۆپی یەکەم کوژایەوە.

دوووهەمیان: کوردیت؟ - ووڵام: بەڵێ. گوڵۆپی دووهەم کوژایەوە.

سێهەمیان: سوننیشی؟ - ووڵام: بەڵێ. گوڵۆپی سێهەم کوژایەوە.

تاریکی پانتایی شانۆکەی داپۆشیبوو و تەنیا گڵۆپێک کە لەو ناوەدا دەدرەوشایەوە ناوی "رەفیق فواد" بوو کە ئەگەرچی تا ئەم ساتەش گەورەترین رێنیشاندەری ژیانم بووە بەڵام قەت نەمتوانیوە بۆ ساتێکیش قورساییەکەی لە سەر شانم هەست پێ نەکەم.

بۆ یادی هەمیشە زیندووی رەفیق فواد مستەفا سوڵتانی.

رەفیق فواد یارئەحمەدی - لیدز 30.08.2012


bottom of page