top of page

بەبیانک یادی کاک فوئاد


بەبیانک یادی کاک فوئاد ساڵهایە کۆڵێک قسە لە دڵمدا کۆ بووەتەوە ، گەلێک هەوڵمدا بیسەری بۆ پەیدا کەم بەڵام هەر هات و هەر دنگم کپتر بوو، ناچار لەگەڵ وێنەکەی خۆت تۆزێک دەردەدڵ ئەکەم. من باوەرم بە هێز و بیری جەماوەرە و لەگەڵ ئەوەدا نیم کە ئەبێت ڕابەر گشت کارەکان ڕاپەرێنێت،بەڵام باوەرم بە تایبەتمەندی کەسەکانیش هەیە. کۆچی مەریوان تایبەت بوو بۆ ئەوەی کۆچکرا بۆ دوور کەوتنەوە لە شەڕ و راگرتنی ئاشتی،،،،، نازانم بۆ بە تۆ ئێژن رۆڵەی ئاگر و خوێن؟ کۆچی مەریوان تایبەتی بوو ئەو کۆچە بوو بە کلاسێک بۆ جەماوەر تا وانەکانی خەبات خۆڕاگری فێر بن. ئاخر خۆ لە باشوور پتر لە دوو ملیۆن کۆچیان کرد بەڵام هیچ وزەی خۆراگری تێدا نەبوو. کورت بڵێم کۆچێکیترمان کرد پڕ لە شوورەئی، ئەویش کۆچ بۆ ئۆرووپا بوو، خەڵکانێک هاتنە ناومان کە بە کولتوورێکیتر گۆج کرابوون، لە مافی کورد یان حاڵی نەدەبوون یان هەر دژی بوون، ئەوان لە کرێکار و هەژارانی ناوچەکانی خۆیشیان تێنەگەیشتبوون تا چ بەگات بە مافخوازی نەتەوەێکیتر. خەباتی نەتەوایەتی و خواستی هەژارانی کوردەواری وردە وردە کاڵ بووەوە، کارگەری سەنعەتی گرینگ بوو یانی تاران اسفەهان و.. ئەوانە بابەتن نەک کرێکارێکە پاتۆڵی کوردی لەبەر ئەکات. رەشبینی زاڵ بوو کاتی ئەوە هات کە کارتی خۆیان لە عەرز دەن ئەویش تاوانەوی کۆمەڵە و کۆچ بۆ دەرەوی کوردستان بوو. خەبات وتێکۆشان بوو بە خۆرێخستن لەگەڵ نەریتەکانی ئۆرووپا، بۆ گرم ڕاگرتنی خەباتە جێماوەکەیش دەسمان کرد بە یەکتر شوردنەوە ساڵی دوو جار بەرنامەی سیاسیشمان بوو رۆژی کۆمەڵە و رۆژی دامەزراندنی حێزبی کۆمۆنیست، چای و شیرینی و هەڵپەرکێ لە بەرنامەدا بوو. ئەوە نەریتی بزووتنەوێکی سڕ کراوە. کار و باوەرەکانی تۆیش هەر وەک بیرەوەری ماوە، گشتمان باوەرمان بە ژیانی غەربیە. بەڵام بۆ ئەوەی کە کار و بۆ چوونەکانت سڕ کرێت سالۆنێکی گەورە ئەگرین و گوێ بە پەخشان و شێعر ئەدەین، و بە ئەم شێوەیە پاسپۆرت بۆ بیرەکانت وەر ئەگرین. ئاخ بریا جوابی ئەو پرسیارەمت بدایتەوە : پێت باشترە لە ساڵۆنێک دانیشن بەرابەری تۆدا هەڵ بەین یان ئەوە کاتی کردنەوەی مەدرەسەیە جا بە یارمەتی هۆنەرمەندەکان سروودێکی ساکاری منداڵانەمان ئامادە بکردایت و لە شەقامێ یەکێک لە شارەکانی ئۆرووپا کۆمەڵێک خەڵک کە لە هەموو وڵاتانی ئۆرووپاوە هاتبێتن بیخوێنینەوە و روو بە مەدرەسەکانی کوردستان بڵەین یەکەمین رۆژی مەدرەسە بە ئەم سروودە دەس پێ کەن؟ حامێد ساعەتی


bottom of page