top of page

بەرەو ٩ی خەرمانان ڕۆژی گینابەختکردنی کاک فوئادێک کە کاک فواد بوو.


بەرەو ٩ی خەرمانان ڕۆژی گینابەختکردنی کاک فوئادێک کە کاک فواد بوو. من بە شۆڕاوگەی بەفراوی قوچی سوڵتان تونیەتیم شکاند و لەکەلی مڕانەوە ڕێگام بڕی و چوومە قووچەلووس و لەوێوە گەیشتمە میراجی،وەک مەلێک دام لە شەقەی باڵ و لەسەر گۆمەشینی زرێبار خولێکم خوارد و لە گەوناوی وخێران و وەزان پشویەکم دا. وەڕێکەوتمەوە و لە قاراوا و گاڕانەوە گەیشتمە کوڕەی میانە و بە کۆساڵانا هاتمەوە سوورێن و لەتەتەو ژاڵانەوە چاوم بڕییە قەلەبەرد بەرەو بناری قەلەبەرد بە ئارامی وەڕێکەوتم، لێرەیش لە داوێن قەلەبەردی سەربەرز لە سەر گڵکۆی یارانی گیانبەختکردوو وچانێکم گرت و ئەوکات ڕووم لە قیبلەی دڵ کرد و لە ماڵی ئاواتەکان واتە لە تاڵەسواری شۆڕە سوارنشینان، لە نزیک گڵکۆی ڕێبەری هەژاران دامدایە خوارو سوجدەم بۆخواست وئاواتەکانی هاوڕێیانی هەمیشە زیندوومان برد. ئێرە تاڵەسوارە و مەڵبەندی ڕێبەری ئەفسانەیی کرێکاران وهەژاران و چەوساوەکانی کوردستان کاک فوئادە. ئێرە تاڵەسوارە وسەوزەڵانی ئەبەخشی و گوڵی سوور پێشکەش ئەکات وقوتابخانەی کۆمەڵەی بۆخوێندکاران کردوەتەوە.لە تاڵەسوارەوە فێربووم تائەوکاتەی ئاواتت بووژا ندنەوەی سفرەی هەژاران بێت، تا ئەوکاتەی ئاواتت نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک بێت، تا ئەوکاتەی ئازادی ومافی تاک وسەربەستی تاک وکۆ ئاواتت بێت، تا ئەوکاتەی خەم وژانت خەم وژانی هەژارانی بێدەرەتانی وڵات بێت و خەونت ڕزگاری گەلی بندەستی کورد بێت، تاڵەسوار قیبلەتە و کاک فوئاد ڕێنوێن و ئاڵای سوور لە سەرشانتە. لەو کاتەوە فوئاد لای من، هزر وبیر و ڕوانگەیە، فوئاد لای من ئاوات و ئارەزوی هەژارانە، فوئاد لای من یانی نەهێشتنی هەموو هەڵاواردنێک، فوئاد یانی ئاواتێکی گەورەی ئینسانی، یانی ڕێبازێک کە زام ساڕێژ ئەکات و ژان ڕیشەکەن بژی یاد وناو وئارمانەکانی کاک فوئادی هەمیشە زیندوو.


bottom of page