top of page

فوئاد هەرگیز ناچێت لە یاد!


نۆی خەرمانانی هەموو ساڵێک یادی گیانبەختکردنی فوئاد موستەفا سوڵتانی، یەکێک لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەیە. یادی گیانلەدەستدانی رابەرێکە دوای تێپەڕبوونی چوار دەیە لە مەرگی، هێشتا ناوی وێردی سەر زمانی خەڵک و پێناسەو ناسنامەی ئەویندارانی راستەقینەی شۆرش و بەرخۆدانە. فوئاد ڕێبەرێک لە دڵی خەڵکەوە هات و بۆ خەڵکیش گیانی کرد بە قوربانی، فوئاد ناوێک کەبە شانازییەوە دایکان و باوکان لە کۆرپەلە ساواکانیان دەناو دەنێن، و هەزاران کەس بە سوێند خواردن بە گۆڕەکەی بێدەنگدەبن و لە بەرامبەر ناوی ئەودا کرنۆش دەبەن. فوئاد لەدوای گیانبەختکردنی، تا ئێستاش وەک رێبازو ناسنامەو ئامانج دەبینرێ. ئەوەی فوادی کردووە، بە رەمزی مانەوە، پلەی بەرزی خوێندنی باڵا، نووسین، زمانزانی، تەمەنی زۆری ئەو لە شۆڕشدا نەبوو، نهێنی مانەوەی فوئاد وەک سمبولێک و یادگارییەکی ئەبەدی ، خاکیبوون و خەڵکی بوون و سادەبوون و راستگۆیی و وەفادار بوونی بە پرینسیپەکانی شۆڕشگێرییەوە، بوو. ریشەی ئامانجەکانی فوئاد لەگەڵ ریشەی خەون و ئاواتی کۆمەڵگا لێک ئاڵا بوو، ئەو بۆ ئەوان تێدەکۆشاو گوێی لە دەرد و ناڵەی کۆمەڵگاکەی دەگرت و بۆ دەرمانکردنی برینەکانیان، بۆ چارەسەری ئازارەکانیان، تاڵی چەشت و خۆی فیدا کرد. مەرگی فوئاد، مانایەکیتری گەورەیی و نەمری ئەوە، گیانبەختکردنی ئەو لە ریزی سەنگەرەکانی پێشەوە، واتا بەخشینە بە فیداکاری و بە خۆ قوربانیکردن، لە پێناوی نەخشاندنی مێژوویەکی ئیلهامبەخش وجیاوازدا. گیانبەختکردنی فوئاد تەسلیم بوون بە مەرگ نیە، گیانبەختکردنی ئەو گەیشتنە بە لوتکەی ئەبەدی، داڕشتنەوەی پێناسەیە بۆ مانەوەی هەمیشەیی لە دڵی هەموواندا، ئەوەی فوئاد بۆ هەمیشە لای هەمووان دەهێڵێتەوە هەڵبژاردنی جۆری مەرگی ئەوە، مەرگێکی گیانفیدایانە لە پێناوی مانەوەو بەردەوامبوونی ئەوانیتر. ، مەرگ، لە بەرگی "گیانبەختکردنی رابەر"بۆ خەڵکی چەوساوەو ستەم لێکراوی کورد. مەرگی فوئاد، نەخشاندنی لاپەرەیەکی راستەقینەی مێژووە لە وێنەی ئیمان و باوەڕ بە سەرکەوتن، یەکسانی لە نێوان رابەر و خەڵکی ئاسایی، بەهاو نرخدانان بۆ ئازادی و بەختەوەری و رزگاری کۆمەڵگا. لە نیشاندانی ڕۆڵی راستەقینەو بەهادانی رابەر لە خەبات و تێکۆشاندا. بۆیە فوئاد نە موڵکی بنەماڵە، نە موڵکی شارو حیزب و لایەن و گروپێ نیە، فوئاد موڵکی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتە. فوئادو فوئادەکان رابردووی پڕ لە یادگاری هاوبەشی رووسووری و گیانفیدایی، هاوپێوەندی و هاودڵی و یەکگرتوویمانن، مێژووی چارەنووسی هاوبەش و وانەی راستەقینەی خۆڕاگری و تێکۆشانمانن. بۆیە فوئاد، هەرگیز هەرگیز ناچێ لەیاد


bottom of page