top of page

تۆ بەهێزی نامری مردن لە ئاستتا کۆیلەیە


تۆ بەهێزی نامری مردن لە ئاستتا کۆیلەیە چوونکە گیانی تۆ درووشمە بانگەوازە ڕێگەیە تۆ چیای دەنگدانەوەی دەنگی کپی چەوسانەوەی بوومەلەرزەی راپەڕینی سەردەمی بووژانەوەی هۆنراوەی حەمە عەزیز بۆ یادی کاک فوئاد وتراوە

بەڕێزان هاوڕێیان. بەیانی یادی گەورە پیاوی ئینساندۆست، سەر لەپێناوی خەباتی ڕزگاریی کوردستان، کاک فوئادی موستەفای سوڵتانییە کە یادی هەمیشە لە دڵاندا زیندووە و ڕێگای خەباتەکەی هەرچەند بەلارێدا برا، بەڵام هەر بەردەوامە. من کاک فوئادم ساڵی ١٩٧٨ لە مەریوان ناسی و لەوێ بە خزمەتی گەییشتم. چەندین جار ڕێک کەوتووە، نانی نیوەڕۆ و نانی ئێوارەمان لە کاتی کار و خەباتی ڕۆژانەدا لە مەریوان پێکەوە خواردووە. کاک فوئادم بە گەورەترین و باشترین مامۆستای خۆم زانیوە و بیرەوەریی زۆرم لەگەڵیا هەیە کە لە بیرەوەرییەکانمدا بڵاویان دەکەمەوە. لە کاتی گرتنی پادگانی ژاندارمری سنە، کە لەگەڵ کاک عەبدوڵڵای موهتەدی لە ناو جیبێکدا بەرەو پادگان دەهاتن، کەوتنە کەمینی خەلیل چواردەبرا و نەیانزانی کە ئەوە کاک فوئادە، من نەمهێشت ڕێیان لێ بگرن و بەرەو پادگان بەڕێیانم کرد. خۆشترین ڕۆژی بۆ من ئەو کاتە بوو کە کاک فوئاد لە زیندان ئازاد کرا و هاتەوە بۆ گوندی ئاڵمانە. بەو بۆنەوە چەندین ڕۆژ شایانەیان گێڕا و خەڵک لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە دەهاتن بۆ گوندی ئاڵمانەی مەریوان بۆ دیتنی ئەو گەورە پیاوە کە دڵنیام مێژوو سەد ساڵ جارێ ئینسانێکی ئاوەها ڕادەستی کۆمەڵگا دەکات. ڕۆژی بەربوونەکەی، سەعات چواری ئێوارە بوو، کاک فەرەیدوون موحەممەدی و کاک تاهیری خالیدی و کۆچکردوو ئەبوو کەریمی هاتن بە دووما و چووین بۆ ئاڵمانە بۆ چاوڕۆشنی کاک فوئاد. ئەو شەوە تا لای درەنگێ گۆرانی وترا و هەڵپەڕکێ کرا. شەوێکی خۆش و مێژوویی بوو. چەن وێنەیەکمان گرت، وەلێ بەداخەوە نازانم بۆچی فەوتا و نەبووینەوە بە خاوەنی. ئەوەندە دەزانم گیان لەدەسدانی کاک فوئاد بوو بە هۆی ئەوە کە کۆمەڵە بەم ڕۆژە گرفتار ببێت و خەباتی چەپ لە کوردستان تووشی شکست ببێت. بەهەرحاڵ یادی ئەو گەورەپیاوە هەتا کورد ماوە، لە ناو هەمووماندا زینددوە.


bottom of page