top of page

وتوویژی روژنیوز له گه ل هاوری ئیبراهیم عه لیزاده


ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب، ساڵیادی گیانبەختکردنی فواد مستەفا سوڵتانی، یەک لە پێشەنگەکانی دامەزراندنی کۆمەڵە و خەباتی کرێکاری لە

رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر بەم بۆنەیەوە رۆژنیوز سەردانی ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری گشتی رێکخراوی کوردستانی حزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە) و هاوڕێی دێرین و هاوسەنگەری ئەوکاتی فواد سوڵتانی کرد، عەلیزادە لە بارەی تێکۆشانی سوڵتانی و رۆڵی ئەو لە خەباتی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە راپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراندنی کۆمەڵە و رێکخستنی تێکۆشان و خەباتی خەڵک دوای راپەڕینەکەی شیکردەوە.

ئیبراهیم عەلیزادە باس لە رۆڵی فواد موستەفا سوڵتانی لە دامەزراندنی رێکخستنەکانی بەر لە کۆمەڵە کرد و وتی:" هاوڕێ فواد یەک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە پایزی ساڵی ١٩٦٩دا، ئەوکات ئەو رێکخراوەیە ناوی کۆمەڵە نەبوو، دوا جار ناوی کۆمەڵەی لێنرا، کۆمەڵە لە ژێر کاریگەری دوو رەوت پێکهات، یەک دۆخی ئەو کاتی ئێران و دووەم ئەو شتانە کە لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی جیهاندا لە ئارادا بوو، کاک فواد ئەو کات لە زانکۆکانی تاران لە ناوەڕاستی ئەم قسە و باسانەدا بوو هاوکات کۆمەڵگاشی دەبینی و لێکۆڵینەوەی خۆی بۆی هەبوو، سەرەتا زۆر دوودڵ بوو، هەوڵیدا ئەم دوودڵیانە لابات و یەکگرتووییەک لە نێوان ڕیزەکانی کۆمەڵەدا دروست بکات، بۆ ماوەی سێ ساڵ تێکۆشانی لە زانکۆکان بەتایبەت زانکۆی تاران و تەورێز بەنهێنێ بەردەوام بوو، وردە وردە ئەو تێکۆشانە گوازرایەوە بۆ شوێنە کرێکاریەکان، لە سەردەمی دیکتاتۆری شا ئەگەرچی دەرفەت زۆر کەم دەدرا بەڵام بچوکترین دەرفەتەکان بەکار دەهێنران بۆ ئەوەی کار و چالاکی ئەنجام بدرێت ". عەلیزادە باس لە تێکۆشانی کاک فواد لە زیندانەکانی ئیران کرد و رایگەیاند:" پاش رووخانی دیکتاتۆریەتی شا و دەستپێکردنی شۆرشی گەلانی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی جوتیارانی مەریوان، دیواندەرە، کرێکارانی کشتوکاڵی مهاباد، جوتیاران و کرێکاران ناوچەی کامیاران، لە هەموو ئەم رووداوانە رۆڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کاک فواد بەرچاو بوو، بەر لە شۆرش هەمان رۆڵی لە رێکخستنی زانکۆکانی تاران دا هەبوو، بۆیە بەر لە شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٣دا دەستگیر کرا، بە بەرخۆدانی خۆی نەیهێشت نهێنیەکانی کۆمەڵە لە زینداندا ئاشکرا بکرێت، ئەوەی کە زۆر گرنگە ژیانەوەی کۆمەڵە لەناو زیندانەکاندایە، تێکۆشانی کاک فواد لەناو زینداندا ئومێدی دەدا بە ئەندامانی رێکخستن لەدەرەوەی زیندان، لە زیندانی سنە دا هەوڵدان و تێکۆشانەکەی لە ئاستێکدا بوو کە هەموو زیندانیان تەنانەت ئەوانەی سیاسیش نەبوون بە تێکۆشەر کاک فواد سەرسام بوون لە زیندانەوە ناوبانگی دەرکرد، لە مانگرتنێکی بەکۆمەڵدا کە ١٤ رۆژی خایەند زۆربەی زیندانیەکان بەشداری مانگرتنەکەیان کرد، هەر بۆیە کاتێک کاک فواد لە زیندان ئازاد کرا هەزاران کەس بەرەو پیری چوون ".

لە بارەی خەباتی سوڵتانی پاش راپەرینی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩٧٩دا سکرتێری کۆمەڵە وتی:" لە کاتی هاتنەدەرێی لە زیندان تا کاتی گیانبەخت کردنی 11 مانگی خایەند، 11 مانگ مێژووی کوردستانی وەرچەرخاند، لە لایەکەوە رژێمی شا رووخابوو و خەڵک راپەڕی بوو، لە لایەکی دیکەوە خەڵک پێویستیان بە رێنوێنی بوو، کاک فواد و هاورێیانی هوشداری هاتنە سەر کاری رژێمیکی ئیسلامی زۆر دڕەندەیان دا، خەڵک ئاگادار کرایەوە کە ئەو رژێمە جێگای هیچ باوەڕێک نیە، جیاوازی کۆمەڵە بە پێشەنگی کاک فواد لەگەڵ هەموو هێزەکانی دیکە ئەوە بوو کە خەڵکیان دژی هاتنە سەرکاری ئەو رژێمە هاندا بۆ راپەڕین، بەڵام هێزەکانی دیکە بەنیازی رێککەوتن بوون و ئەوەشیان کرد". عەلیزادە لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بە پێشەنگی فواد سوڵتانی کرد و وتی:" تێکۆشانی ئێمە رەنگێکی دیکەی بە خۆیەوە گرت، کاک فواد و هاورێیانی دەستیان کرد بە دامەزرانی ئەنجومەنی شار، گوند، گەڕەک و پێکهاتەکان، خەباتی مەدەنی ژنان و کرێکارانیان دامەزراند، ئەم ئامادەکاریانە هەموو هەوڵ بوون بۆ بەرنگاری بەرانبەر بە دەسەڵاتێک کە بڕیار بوو هێرش بکاتە سەر کوردستان، لە کۆچی مێژوویی شاری مەریوان دا، رژێم بەنیاز بوو چەک لە خەڵک بستێنێتەوە و بارەگاکان لە ناو شارە کوردەکان بەهێز بکاتەوە، کاک فواد لەگەڵ شاندێک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی شار دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی رژێم کرد و رایانگەیاند باشترە بارەگاکان لە سەرباز چۆڵ بکرێن ئەوان نەیانکرد، کاک فواد لەو کاتەدا پێشنیارێکی مێژوویی دا بە خەڵک و وتی، ئەگەر ئەوان شار چۆڵ ناکەن ئێمە شارەکە چۆڵ دەکەین، تەواوی خەڵکی مەریوان لەسەر داوای کاک فواد شاریان چۆڵ کرد و لە کانی میران چادریان هەڵدا کەوتبووە 13 کیلۆمەتری شاری مەریوانەوە، ئەوکات رێپێوان لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەشداربوون لە کۆچی مێژوویی خەڵکی شارەکە دەستیپێکرد، خەڵک لە سنە و سەقز و بانە و بۆکانەوە دەستیان کرد بەرێپێوان بەرەوە مەریوان، دەنگ دانەوەی ئەو کۆچە لە ئاستێکدا بوو کە پلەبەرزترین بەرپرسانی رژێمی ئێران هاتنە سەر مێزی دانوستان، مستەفا چەمران، یەک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ شاندێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵە لە دانیشتنێکی چەند رۆژەدا پاشەکشەیان کرد و پاشان کاک فواد بە سەربەرزی پێشنیاری بە خەڵکدا بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان ".

کاک فواد کاتی سەردانەکانی بۆ شاری مەریوان، کەوتە بۆسەیەکی سوپای پاسداران و پاش چەند کاتژمێر شەڕ و پێکدادان گیانی بەخت کرد.

فواد مستەفا سوڵتانی لە ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئەڵمانە سەر بە شاری مەریوان لەدایک ‌بووە، لە ساڵی ١٩٧٩ (٩ خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨) لە بۆسەیەکی هێزەکانی دەوڵەتیی ئێران لە گوندی بەستام، لە نێوان شاری سەقز و مەریوان گیانبەخت دەکات، تەرمی فواد سوڵتانی لە گۆڕستانی تاڵەسواری گوندەکەی، لە تەنیشتی دو برای حسەین و ئەمین بەخاک دەسپێردرێت.

پاش گیانبەختکردنی سوڵتانی کۆمەڵە پەرتەوازە دەبێت و ئێستا لە سێ حزبی جودا پێکهاتوون.

bottom of page