top of page

زامی پڕ هوون و ناسۆری کۆردان ئەکۆلێتەو گشت سال لە ٩ی خەرمانان


زامی پڕ هوون و ناسۆری کۆردان ئەکۆلێتەو گشت سال لە ٩ی خەرمانان

ئێمڕۆ ٩ی خەرمانان ئەو ڕۆژە تاڵەیە کە هاوڕێ کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی لە هەلو مەرجێکی هەستیاری کۆردستانی ڕۆژهەڵات دا ، لە شەڕێکی نابەرابەر و دژوار ، لە گەڵ ستوونێکی زەبەلاحی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر جادەی مەریوان ـ سەقز لە نێوان ئاوایەکانی بستام و کانێعمەت دا ، گیانی ئازیزی بەخت کرد . بە دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە ، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کۆردستانی ئێران ، وەکوو منداڵێکی ساوا و تازە پاگرتوو دا هەتیو کەوت. هەر چەندە کۆمەڵە توانی هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگە پێک بهێنیت و دەورێکی کاریگەر و بەرچاو لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کۆردستان دا ، لە بواری نیزامی و سیاسیەوە بگێڕێت ، بەڵام هەر چۆڵی جێگەی کاک فوئادی ڕابەر ، لە ناو سیاسەت و چالاکیەکانی کۆمەڵە دا بەرچاو ئەکەوت . جاران یادی کاک فوئاد بە چالاکی نیزامی و هێرش بۆ سەر مۆڵگە و مقەڕ و ستوونەکانی هێزە داگیرکەرەکانی ئێران لە کۆردستانی ڕۆژهەڵات دا ، هەر ساڵە ڕێزی لێ ئەگیرا . هەنووکە بە دوای ٣٧ ساڵ زەبر و زەنگی لە ڕادە بەدەری کۆماری ئیسلامی و جەبری ڕۆزگار و دەست بەیەکێ کردنی کۆنەپەرستانی ناوخۆی کۆردستان ، لە گەڵ هێندێ لایەنی زۆڵەزای خۆماڵی و دەرەکی لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات دا ، بۆ تۆڵە سەندنەوە لە هێزی جەسوور و چاونەترسی پێشمەرگەی کۆمەڵە ، ئەم ڕێکخراوەیان تووشی گیر و گرفتێکی جەرگبڕیان کرد و بە داخەوە نەیتوانی یەکڕێزی پتەوی خوی بپارێزێت و لە ئاکام دا تووشی چەند جیابوونەوە و لێکترازان بوو و هەر باڵێکی بە ڕواڵەت جیاواز بەڵام بە بنەما لە سەر رەگ و رویشکەی کۆمەڵە دا خۆیان گرتەوە و دەسیان داوەتە چالاکی خۆیان . ئێمڕۆ ، سەرەڕای ئەو هەموو کۆند و کۆسپانە ، بنەماڵەی گەوروی کۆمەڵە بە ڕێز گرتن لە یادی ئازیزی کاک فوئادی ڕابەر دا ، بە شێوەی فرەهەندە ، زیندوو بوونی ڕێبازی خوی جێژن ئەگرێت و ڕێڕەوانی بە ئەمەکی کاک فوئاد و کاک حەمە حسێن و کاک سەعیدی مۆعینی و هەزاران پێشمەرگە و کادر و ئەندامی گیانباز و لە خۆبردوو دا ، بەڵێنی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی بێوچان ، بۆ وەدی هێنانی ئامانجە چینایەتی و نەتەوایەتیەکانی کاک فواد و کۆمەڵەکەی دا ، سەر لە نۆێ دووپات بکەنەوە . بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبازی کاک فوئادی ڕابەر . هەر شەکاوە بێت ئاڵای سووری کۆمەڵە هەر شکۆمەند بێت ڕێبازی پڕ لە شانازی کۆمەڵە

ڕێبوار هەورامی


bottom of page