top of page

ئێوە ئەی گیانبەختکرونی شەریف، کە لە گۆڕی ئازادیدا ، گیانتان سپارد،ئێستا گڵکۆ ومەزارەکانتان بێ ناز کەوتون و ، هەزاران کیلومیتر لە ئێوە دوورم . لە سەر مەزارەکانتان دار بەرووەکان و دار قەزوانەکان ،ڕاسپاردەکانی ئێوە یان هەڵگرتوە . وای هێندێک لە ئینسانە ئازاکان ، چەندە گەورە و مەزنن .ئێوە ئەی عاشقانی ئازادی ، پردی پەڕینەوەی زۆر کەس بۆ دونیای سیاسەت بوون . هەمیشە لە چاوانی ئێوەدا ، ڕووبارێک لە هومید ، خەم و دڵەڕاوکێ شەپۆلیان دەدا .ماڵەکەمان لە ئاوایی " ئاڵمانە" هێلانەیەکی پڕ لە جوانیەکانی ژینگە و میوانانی لایەق و سەرفەراز بوو . میوانەکان بۆ دیداری ئێوە ڕەنجی سەفەر و ماندوو بونێکی زۆریان تەحەمول دەکرد . هیوادارم مەینەتەکان و شەهامەت و فیداکاری و خۆنەویستیتان ، مەزارەکانتان گوڵاو پرژین بکا . ئای ئازادی نرخت چەندە گرانە ، کە مرۆڤە تێکۆشەرەکان و ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان بەرەو مەرگی نەخوازراو ڕاپێچ دەکات .

من لە دوری دوورەوە و پاش مانگان و ساڵانێکی زۆر، ئاخ و داخم بۆ ئەستێرە جوانەمەرگەکانی تاڵە سوار هەر بەردەوامە . ئەو سەردەمانە ئێمە لە حەشارگە و نهێنگا و لە ماڵەکەمان ، ڕۆژان و شەوانمان لە سەر یەک نابوون تا ، سەرنجی دونیای " دڵبەردین "بۆ تاوانی فاشیزمی ئیسلامی ڕابکیشین . چاوەکانتان وەک ئەستێرە ی لە شەو جێ ماو ، دەگەشانەوە و ،گۆڕستانی شیخ ڕەش و تاڵەسوار، جەستەی خوێناویتانی لە ئامێز گرت . تاڵەسوار لە بناری قەلەبەرد هەڵکوڕماوە ، کە ساڵانێک هاودەم و هاوڕاز و یاری وەفا داری پێشمەرگە بوو . ئارەزووی ساتێکی ئامێزی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی ئێوە دەکەم . تاسەتان دەکەم ، تاسەی دووری

هەشتی پۆشپەڕی ١٣٩٥


bottom of page