top of page

کێ و چ رێبازێک دەبێ قوتابخانەی کۆمەڵە بێ


٩ی خەرمانان لە مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا، بۆتە رۆژێکی مێژوویی و لە لایەن خەڵکی کوردستان بە گشتیو کۆمەڵەوە بە تایبەتی رێزی لێدەگیرێ.لەم رۆژەدا بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لە ئێران و کوردستان یەکێک لە کارامەترین و لێهاتووترین رێبەرانی خۆی لە دەست دا، بۆ کوردستان ژان و خەسارەکە سەت هێندە کاریگەر و جەرگبڕتر بوو.کاک فواد، ناوێک کە دواتر بوو بە وێردی سەرزاران و بە سەدان و هەزاران کۆرپە لە خۆشەویستی ئەم مرۆڤە مەزنە ناوی "فواد"یان لێنرا.ماوەیەکی کورت ،بەڵام پڕ بایەخ،کاریگەر،شوێندانەر،داهێنەر و پڕ دەسکەوت لە کارنامەی کاک فواد دابووە.زانکۆ ،زیندان،دامەزراندی کۆمەڵە و دەور و نەخشی سەرەکی کاک فواد و دواتر رێبەریی کردنی خەباتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەری ، مەجال و دەرفەت یان نەدا ئەم بیرمەندە ساتیک وچان بدات و بەرهەمی فیکری و قوتابخانەی زۆڵاڵی بیر و ئەندێشەی زیاتر بنوسێ و ببنە مانیفێست و رێنمای خەباتی جەماوەری. ببنە یاسای ژیانی ئینسانی ،ببنە پێوانەی ئازادی ،دێمۆکراسی ،سکۆلاریزم ،بەرابەی ژن و پیاو و یاسا و بیری گەیاندنی مرۆڤ بە لوتکە بن .بە داخەوە کەمتر لە یەک ساڵ دوای ئازاد بوونی لە زیندان گیانی بەخت کرد.بەڵام لەم ماوە کورتدا کاک فواد بەهرە و توانا و شەمی رێبەریی خۆی وەک سیاسەتمدارێکی عەینی و واقیعی و جەماوەری نیشان داوە و ئێستاش بیر و ئامانج و رێبازی، چرای رێنوێنی خەباتی بەش مەینەتان و چەوساوەکانە.ئەمەش لە "دانش" و"بینش"ی کاک فواد و پراکیتیزە کردنی بیر و بۆچوونەکانی لە ناو جەماوەرەوە سەرچاوەی گرتووە.خەڵکی و خاکی بووە،ڕایەڵ و پۆی کۆمەڵگای بە باشی ناسیوە،جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک لە روانگەی کاک فواد دا سەرچاوەی سەرەکی جوڵە و گۆران بوون و خۆی رێبەر و پێشەوای راستەقینەی خەڵکەکەی بووە.لە قۆناغی زیندان رێ خستنی مانگرتنی گەورە و بە سەرکەوتن گەیاندنی بۆ داکۆکی لە ویست و داوای زیندانیان و رێبەری کردنی ،سیمای رێبەرێکی بوێر و جێ متمانەی پێ بەخشیوە.دارێژەر و نوسەری ویست و داخوازییە هەنوکەیی و درێژماوەکانی زیندانیان بووە و ورد و خاڵ بە خال فۆرمۆلەی کردووە و کردویەتی بە ویست و داخوازی هەمووان.دامەزراندنی کۆمەڵە و کردنی بە حیزبێکی جەماوەری و خۆشەویست لە باوەر بە سازماندان و رێکخستن و باوەر بە هێزی جەماوەریی کاک فوادەوە سەرچاوەی گرتووە.پێکهێنانی یەکێتی جوتیاران و رۆڵی لە دیفاع لە هەژاران و زەحمەتکێشان لە بەرانبەر زۆر داری ئاغا و دەرەبەگەکان،رێ خستن و رێبەریی کردنی کۆچی مێژوویی مەریوان وەک یەکەم نموونەی خەباتی شارستانی و مەدەنی و لە هەمانکاتدا بۆ لێک هەڵپێکانی خەباتی شار و شاخ ،دەوری گرنگ لە هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد بۆ دانوستان لە گەل رژێم، سازماندانی بزووتنەوەی خۆراگری خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی و بە فیتوای خۆمەینی چەند نموونە لە کاری گەورە و داهێنەر و شاکاری ئەم مرۆڤە خاوەن بیرە بوون.ئەمانە کاک فوادیان کردووە بە قوتابخانەیەکی فکری و رێبەریی کە ئێستاش دەبێ ئەم قوتابخانەیە کانگا و سەرچاوەی فێر بوونمان بێت.هەر کام لەم کارانەی سەرەوە و بۆ وێنە کۆچی مێژوویی مەریوان و راکێشانی پشتیوانی لە شارەکانی تر بۆ ئەم رووداوە جێگای لێکۆلینەوە و توێژینەوەی ئاکادێمیک و پسپۆرانەیە. "خلق کرد در بوتە آزمایش"نیشانەی رەچاو کردنی سیاسەتی"رئال پلیتیک"لە لایەن کاک فوادەوە بووە.کۆمۆنیستێک کە لێکدانەوەی تایبەتی لە هەومەرجی تایبەت بووە." اكثريت روشنفكران و انديشمندان، بدين خاطر به موفقيت دست نيافته اند كه ضرورت هاي عصر خود را نشناخته و زمان و مكان را برای ارائه يا طرح تئوری خويش، به خوبي انتخاب نكرده اند ".(کاک فواد).بۆشایی نەبوونی کاک فواد لە ناو بزووتنەوەی چەپ و عەداڵەتخواز لە کوردستان بە گشتی و لە ناو کۆمەڵە بە تایبەتی حاشا هەڵنەگرە و نکۆڵی لێناکرێت.بێ گومان ئەگەر کاک فواد زیندوو دەبوو بزووتنەوەی خەڵکی کورد و تایبەتەن کۆمەڵە ئاراستە و چارەنووسێکی تری دەبوو. لە ساڵرۆژی گیان لەدەستدانی دا رێز لە یادی ئازیزی دەگەرین و دەلێین "شۆرش بێ کاک فواد سەر دەکەوێ .بەڵام بە بێ ئامانج و ورەی ئەو سەرناکەوێ". ناو و یاد و رێبازی هەر دەم زیندووە

bottom of page