جا لێم گه‌ڕێن با بگریم وه‌کی هه‌وری به‌هاران
ته‌نانه‌ت به‌رد ده‌نا‌ڵێنێ له ماڵاوایی یاران
به‌بۆنه‌ی سی‌هه‌مین ساڵی گیانبه‌ختکردنی کاک فوئادی مسته‌فا سوڵتانی یه‌وه
ئه‌م وتاره پێشکه‌شه به به‌شدارانی ئه‌و کۆڕه که ئه‌و‌ڕۆ شه‌مه ڕێکه‌وتی 29-8-2009 بۆ رێزگرتن له کاک فوئادی مسته‌فاسوڵتانی،یه‌کێک له رێبه‌رانی گیانبه‌خت کردووی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران،پێک هاتوه و هه‌روه‌ها له سه‌ر جه‌م خه‌ڵکی کورد له ناوه‌وه‌ی وڵات.
به‌شدارانی هێژا
له‌گه‌ل رێز و سڵاو، به شانازی ده‌زانم که له خزمه‌تی ئێوه‌دام و هاوده‌نگ له گه‌ل ئێوه‌ی ئازیز رێز له کاک فوئاد ده‌گرین. به‌م بۆنه‌وه، پێش هه‌موو شتێک، پێم خۆشه له قووڵایی دڵمه‌وه و به ده‌نگێکی به‌رز بڵێم: هه‌زاران جار به‌رز و به‌رێز بێت یادی کاک فوئادی خۆشه‌ویست.
وه‌ک ئێوه‌ش ده‌زانن باسکردن له سه‌ر کاک فوئاد وه‌ک زۆر بابه‌تی تر له ڕوانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه هاتوه‌ته گۆڕێ. هه‌ندێک جار هه‌ست ده‌که‌ی ته‌نیا له ڕوانگه‌یه‌کی هه‌ستیارانه‌ی قوڵه‌وه باسی ده‌کرێت. که‌سانێکی تر وه‌ک رێزگرتنێکی تایبه‌تی بۆ بنه‌ماڵه‌ی کاک فوئاد، که یه‌کێک له‌و بنه‌ماڵانه‌ی کوردستانن که کۆستێکی زۆر گه‌وره‌یان له پێناو شۆرشی گه‌لی کورددا به سه‌رداهاتووه، یادی کاک فوئاد ده‌که‌ن. تاقمێکیش وه‌ک که‌سایه‌تێکی دژبه‌ری رژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران رێزی لێده‌گرن . هه‌ن به مه‌به‌ستی پێگه سازکردن بۆ خۆیان،خۆ به که‌سایه‌تی کاک فۆئاد هه‌ڵداوه‌سن و ئه‌و جۆره‌ی که به پێویستی ده‌زانن باسه‌که دێننه گۆڕێ. هه‌ندێک له‌رێکخراوه‌کان، هه‌ڵوێست و خۆشه‌ویشتی کاک فوئاد له ناو خه‌ڵکدا ده‌که‌نه قه‌ڵغانی دیفاع له خۆیان به مه‌به‌ستی هێرش بردنه سه‌ر نه‌یارانیان. خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌مانه ئه‌وه‌یه که ئه‌و جۆره‌ی که پیان خۆشه باسی کاک فوئاد ده‌که‌ن.
مێتۆدێکی تر تێده‌کۆشێت ئه‌و جۆره‌ی که بووه لێی بدوێت، به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌ڵێین چی. بۆ ئه‌م کاره‌ش کاک فوئاد و دۆستانی، که دوایی به ناوی کۆمه‌ڵه‌وه ناسران، وه‌ک به‌رهه‌می ئاڵووگۆری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ،به‌شێک له‌مێژووی دیاریکراوی ئێران و کوردستان ده‌ناسێنی. ئه‌و مێتووده هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی سه‌رده‌می خۆیان هه‌ڵد‌ه‌سه‌نگێنێ و به له‌به‌رچاوگرتنی ده‌رفه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه ، لایه‌نی به‌هێز و کاریگه‌ری سیاسه‌ت و رێبازی ئه‌و گرووپه،تایبه‌تمه‌ندیه‌کان و ڕۆڵی که‌سایه‌تی کاک فوئاد ده‌خاته به‌رچاو و ئاماژه به که‌موکووڕییه‌کانیشی ده‌کات که به داخه‌وه ئه‌م میتوده‌ی
دووهه‌میان به ده‌گمه‌ن به‌کار هاتوه.
به له‌به‌رچاوگرتنی شێوه‌ی باس کردن له سه‌ر که‌سایه‌تی کاک فوئاد، له چ میتودێک که‌ڵک وه‌رده‌گرین ، چه‌نده ناسیومانه و چه‌نده تواناییمان له به‌کار هێنانی ئه‌و میتوده بۆ شیکردنه‌وه له سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئه‌و کاتی ئێران هه‌بێت، ڕه‌وتی باسه‌که‌مان ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌گرێته به‌ر.
زانیاری من له سه‌ر کاک فوئاد:
من هه‌ر له گوندی ئه‌ڵمانه‌ی سه‌ر به شاری مه‌ریوان و ته‌نیا چه‌ند ساڵێک دوای کاک فواد له‌دایک بووم. ماڵی ئێمه و ماڵێ کاک فواد چه‌ند خولێک له یه‌ک دوور بوون و په‌یوه‌ندێه‌کی نزیکی بنه‌ماڵه‌ییمان هه‌بووه. له هه‌موو ئامانه گرینگتر له یازده‌مانگه‌ی چالاکی سیاسی به‌ر له شه‌هید بوونی، که له واقێعدا به‌شی هه‌ره زۆری ڕووداوه گرینگه‌کا‌نی ژیانی کاک فوئادن، یانی هه‌ر له رۆژانی هه‌و‌وه‌ڵی ئازاد بوونی له‌زیندان تا ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی که له ئێمه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی مه‌ریوان ماڵئاوای کرد و به‌ره‌و سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆیشت، ئه‌وه‌نده‌ی که له مه‌ریوان بوو، که‌سی زیندوو ناناسم که له من زیاتر له کار و هه‌ڵسووڕاندا له گه‌ڵی بووبێت. به تایبه‌ت هه‌ر رۆژی یه‌که‌م پێکه‌وه بووینه پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێیه‌تی جووتیارانی مه‌ریوان. به بۆنه‌ی جه‌وله‌ی سیاسیمانه‌وه له زۆربه‌ی گوونده‌کانی مه‌ریوان، جاده و شاخ و ده‌شت و مه‌زراو مزگه‌وته‌کانی ئه‌و گوندانه هه‌ر هه‌موویان بۆ من پرن له بیره‌وه‌ری له مه‌ڕ ئه‌و مرۆڤه تێکۆشه‌ره
.
ده‌مه‌وێ بڵێم که من کاک فوئادم به هۆی نووسراوه‌کانی کۆمه‌ڵه و سروود و شیعر و په‌خشانه‌وه نه‌ناسیوه. هه‌م له حاڵی گورجی له‌کار و هه‌ڵسوران و چالاکیه‌کاندا دیومه و هه‌م له حاڵی ماندوویی وشه‌که‌تیدا. هه‌م زۆرجار به ڕواڵه‌تی میهره‌بان و بزه‌ی سه‌ر لێو و قاقای پێکه‌نینی گه‌رم و له دڵان‌خۆشی دیومه هه‌م له کاتی تووڕه‌یی وگرژیدا. هه‌م له‌ڕاگه‌یاندنی بڕیاری بوێرانه و شه‌ڕ له گه‌ل دوژمن که ئازایانه وخۆبه‌خشانه له ڕیزی یه‌که‌مه‌وه هه‌ڵێکوتاوه‌ته سه‌ر سه‌نگه‌ری دوژمن هه‌م له حاڵی دڵه‌ڕاوکێ و نیگه‌رانیدا. دیومن تاقمێک، به بێ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، قسه‌کانی کاک فوئادیان وه‌رده‌گرت و دیویشمه که له هه‌ندێک کۆبونه‌وه‌دا چه‌ند کاتژمێرێک به‌هه‌موو توانایه‌وه هه‌وڵی داوه که به‌شداران له سه‌ر بابه‌تێک قانێع بکا به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. هه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی سیاسه‌تی پرله ده‌ستکه‌وت و هه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی ناده‌قیق و سیاسه‌تی ناکارامه‌شه‌م پێوه دیوه . هه‌م هه‌ستی به‌سۆزی نه‌ته‌ویی و دیموکڕاسی خوازیم له وتار و کرداریدا دیوه ، هه‌م ئیلهام وه‌رگری له تێئورییه‌کانی چه‌پی ئه‌وکات له لێکدانه‌وه‌کانیدا پیوه دیوه. وه‌ک شێوازی خه‌بات لایه‌نگری چالاکی خه‌باتی سیاسی، جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نی بوو به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بکار هێنانی توند‌و و تیژی وه‌ک خه‌باتی چه‌کداری له کاتی خۆیدا به پێویست ده‌زانی . من بۆخۆم ئه‌و کات زۆربه‌ی بیر‌و بۆچوونه‌کانیم پێ دروست بوو. هه‌ر بۆیه، کاک فواد لای من ئینسانێکی واقیعبینی گۆره‌پانی خه‌بات و ژیان بوو نه ئینسانێکی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی
.
ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ئه‌مرۆ له سی‌هه‌مین ساڵرۆژی گیان به‌ختکردنیدا ته‌نیا باسی لایه‌نه به‌هێزه کانی که‌سایه‌تی کاک فوئاد بکه‌م ده‌توانم بڵێم که :
ڕووناکبیرێکی دڵسۆزی پچڕا‌و له کولتوری ده‌ره‌به‌گایه‌تی، عه‌داڵه‌تخواز،ئازا،راستگۆ، گوێگرێکی باش،شێلگیر،گوێرایه‌ڵی بریاری گشتی،رێزدانه‌ر بۆ خه‌ڵک و یار و نه‌یارانی. بۆ هه‌ر کام له‌مانه نموونه‌و و بیره‌وه‌ری تایبه‌تی به خۆییم هه‌یه که به‌داخه‌وه له‌م کاته کورته‌دا ناکرێت باسیان بکه‌م.
به‌ڵام پێم خۆشه باسی ئه‌وه‌ش بکه‌م که به‌لای منه‌وه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ته‌نیا تایبه‌تی کاک فواد نه‌بوون به‌ڵکوو سه‌دان رووناکبیری تری ده‌گرته‌خۆ. به‌شێوه‌یه‌ک که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه ببوونه ئاڵقه‌ی زنجیرێک که جیلێک له رووناکبیرانی کوردی له ده‌وری یه‌ک کۆکردبووه و هه‌ر به وانه‌شه‌وه توانیان سه‌رنجی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بۆلای خۆیان رابکێشن و ببنه جێگای بروایان
.
به‌ڵام جێواز له‌و خاڵانه‌ی باسکران، زه‌کاوه‌تی سیاسی کاک فوئاد و وردبینی تایبه‌ت به خۆی له‌و کاته‌دا ئه‌وی له ئاستی نوخبه‌ی سیاسی کۆمه‌ڵه برده ئاستی نوخبه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. به‌شداری کاک فوئاد له نووسینی هه‌شت خاڵه‌که‌ی مهاباد وه‌ک داخوازی گه‌لی کورد له رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نمونه‌یه‌کی به‌رچاوه له ڕۆڵی ئه‌و کاته‌ی کاک فوئاد
.
به‌ڵام کاک فوئاد ته‌نیا نوخبه‌ی کۆمه‌ڵه نه‌بوو، ته‌نیا نوخبه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ش نه‌بوو، بۆیه له روانگه‌ی منه‌وه دوو تایبه‌تمه‌ندی تری هه‌بوو که ده‌ورێکی گه‌وره‌یان له سه‌رکه‌وتنه‌کانی کاک فوئاددا هه‌بوو و ساڵانێکه و به تایبه‌ت ئه‌مرۆ جێگای به‌تاڵیان دیاره.
یه‌که‌م، ئه‌گه‌ر چی کاک فوئاد خاوه‌ن ئارمان و ئه‌خلاق بوو به‌ڵام له کرده‌وه‌دا قه‌ت وه‌ک مه‌کته‌بییه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌ده‌کرد به‌ڵکوو سیاسه‌تی ده‌کرد. سیاسه‌ت به مانای خۆرێکخستن له گه‌ل هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له مه‌یدانی خه‌باتدان. هه‌وڵی ده‌دا له سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش یان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی بزوتنه‌وه‌که پێک بێت. به گشتی ده‌توانم بڵێم، چالاکی گۆره‌پانی خه‌باتی سیاسی بوو به مه‌به‌ستی که‌لک وه‌رگرتن له هه‌موو هێزو توانای ئه‌مرۆ بۆ ململانێ له گه‌ل ده‌سه‌ڵاتدارو وه‌رگرتنی ئه‌و داخوازییه‌ی که ئه‌مرۆ مومکینه و خۆحازرکردن بۆ ململانێی دوایی و بۆ وه‌رگرتنی ده‌ستکه‌وتی تر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تێده‌کۆشا هه‌موو گرووپ و که‌سایه‌تییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا به ڕاده‌ی نفوز و پێگه‌ی خۆیانه‌وه له به‌ر چاو بگرێت. با چه‌ند نموونه‌ی ڕوون باس بکه‌م
.
له‌ته‌واوی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ی له مه‌ریوان کردوویه و من به‌شداری بووم یان ناراسته‌وخۆ ئاگاداری بووم،له یه‌ک کۆبوونه‌وه‌شدا باسی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد که ئێمه‌ی کومونیست یان
سوسیالیست یان چه‌پ چ ده‌ڵێن یان داخوازیمان چییه. به‌ڵکوو هه‌وڵی ده‌دا که باسه‌کان بچێته سه‌ر ئه‌وه که جه‌ماوه‌ر چیان ده‌وێت و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه چی به‌قازانجی جه‌ماوه‌ره و چی زه‌ره‌ر‌مان پێده‌گه‌یێنێ. ئه‌و ئیمکاناتانه‌ی که ده‌توانین که‌ڵکیان لێ وه‌رگرین چین ورێگره‌کانمان کامانه‌ن.
نموونه‌یه‌ک بۆ له به‌رچاوگرتنی که‌سایه‌تی ناو کۆمه‌ڵگا، له به‌ر ئه‌وه که پێیوابوو ده‌وری کاک سه‌دیقی که‌مانگه‌ر له شاری سنه زۆر کارێگه‌ر و به‌رچاوه، بۆخۆی ده‌بێت به مه‌حافزی کاک سه‌دیق له یه‌کێک له خۆپیشاندانه‌کانی شاری سنه‌دا، له‌کاتێکدا که ده‌ور و پێگه‌ی خۆی له ناو کۆمه‌ڵه‌دا زۆر له‌سه‌رتر له کاک سه‌دیقی که‌مانگه‌ر بوو.
نموونه‌یه‌کی تر، له کۆبوونه‌وه ڕووناکبیرییه‌کاندا کاتێک ناکۆکی سیاسی پێش ده‌هات هه‌وڵێ ده‌دا که روونی کاته‌وه که چ شتێک لای خه‌ڵک پشتیوانی لێ ده‌کرێت و چی پشتیوانی لێ ناکرێت . هه‌ربۆیه‌ش کاتێک که هه‌ستی ده‌کرد که له‌وه زیاتر به قسه و باس موناقشه‌که به ئاکامێک ناگات و کێشه‌که حه‌ل نابیت ، هه‌وڵی کاک فوئاد ئه‌وه نه‌بوو که په‌نابه‌رێته لای مه‌کته‌به فیکرییه‌کان و باسی دوور و درێژی ئیده‌ئۆلۆژیک و فاکتی مێژوویی په‌ره‌پێبدات، به‌ڵکوو ده‌یگووت فه‌رموون با باسی بابه‌ته‌که له گه‌ڵ خه‌ڵک بکه‌ین و چاوه‌ڕوانی قه‌زاوه‌تیشیان بین. کۆبوونه‌وه‌ی گووندی (وه‌له‌ژێر)ی مه‌ریوان تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی سیاسی نێوان ئێمه یانی کاک فوئاد و هاوفکره‌کانی له لایه‌ک له گه‌ل گروپێکی تر له مه‌ریواندا بوو، که ئه‌وان له هه‌ندیک شت‌دا خاوه‌نی بۆچوونی جێوازی خۆیان بوون. له‌و کۆبونه‌وه‌دا هه‌ر دوو لا باسی سیاسه‌تی خۆیان کرد و دوایش خه‌ڵکی به روونی بریاری خۆیان دا. ئه‌و نموونه‌یه ئه‌زموونێکی گه‌وره بوو له کاری سیاسی و هه‌ولی به‌شداری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له بریاردانی سیاسی‌دا
.
خاڵی دوایی وه‌ک رێبازێک که کاک فوئاد زۆر بروای پێ‌بوو ،ئه‌وه‌بوو که هه‌وڵی نه‌ده‌دا که بۆخۆی یان به یارمه‌تی هاورێیانی بۆ خه‌ڵکی دیاری بکات که چی بکه‌ن و چێ مه‌که‌ن له سه‌ر ئه‌و رێبازه پێی‌داده‌گرت که ده‌بێت بچینه ناوخه‌ڵک، بزانین له چی نارازین؟ چیان ده‌وێت؟ چ ئیمکاناتێکیان هه‌یه؟ حازرن چی بکه‌ن بۆ گه‌یشتن به ئه‌و داخوازییانه‌یان؟ ئه‌و کات ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی رووناک‌بیر پێشنیاری باشتر و گونجاوترمان هه‌یه به خه‌ڵکه‌که پێشنیار که‌ین. هه‌وڵبده‌ین قانیعیان بکه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌شکرا هه‌ر چالاکانه به‌شداربین له خه‌باته‌که‌یاندا و له سه‌ر ئه‌و پێشنیاره که بۆ خۆیان له سه‌ری ساغده‌بنه‌وه چالاک بین. چونکوو ئه‌وانن که ده‌بێت به‌شداربن و ئه‌و خه‌باته به‌رێوه به‌رن، ئێمه یارمه‌تیده‌رین و بێ ئه‌وان قه‌ت هیچ ئاڵوگۆرێک به‌دی نایه‌ت. کاک فوئاد بۆخۆشی له کرده‌وه‌دا ئه‌م کاره‌ی ده‌کرد. به‌و په‌یوه‌ندیانه هه‌وڵی ده‌دا هه‌موو زانیارییه‌کان کۆکه‌ینه‌وه، که‌ڵه‌که‌یان بکه‌ین و بزانین به‌کام ره‌وته‌وه زۆرتر ده‌بێ خۆمانی پێوه ماندوو بکه‌ین. چۆن ده‌توانین هاسانکاریان بۆ بکه‌ین. وچۆن ئه‌و ره‌وتانه بکه‌ینه هه‌وێنی مه‌یدانی یه‌کگرتوویی و ڕێکخستنی چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵگای کورده‌واری؟ ئه‌م خاڵه یه‌ک له خاڵه به هێزه‌کانی ره‌مزی سه‌رکه‌وتنی کاک فوئاد و کۆمه‌ڵه بوو له‌و هه‌ل‌ومه‌رجه ڕه‌خساو وله باره‌دا. نموونه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ش، بریتین له چالاک بوون له مانگرتنی خه‌ڵکی (بێلووی) مه‌ریوان، شووڕای شاری مه‌ریوان،به‌شداری له رێکخستنی یه‌کیه‌تی جووتیاران، خوێندکاران،کرێکاران،ژنان، کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان و ئه‌و چالاکییه‌کانی تر که له که‌س شاراوه نین
.
له‌م په‌یوه‌ندیه‌شدا پێیوابوو که نه ته‌نیا پێویست ناکات که چالاکییه‌کانمان له گروپ و رێکخراوی تر بشارینه‌وه به‌ڵکوو ده‌بێت بانگه‌وازی به‌شداریشیان بۆ بده‌ین. با هه‌وڵ بدین له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌موو هێز و تواناکان وه‌گه‌ڕ که‌ون وبزوتنه‌وه‌که ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت. له‌هه‌مان کاتدا هه‌موو یه‌کتر بناسین و یه‌کتر تاقیکه‌ینه‌وه و بیر وڕای گشتیش وه‌ک محه‌ک که کێ به ڕاستی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه به داوه‌ری دابنێین . هه‌ر گرووپێک بزانێت له کرده‌وه‌دا له سه‌ر کێ ده‌توانێت حیساب بکات و بناغه‌ی کاری هاوبه‌شی دوایی دابرێژێت. به کرده‌وه به‌که‌موکوورییه‌کانی یه‌کتر ئاشنابین. با هه‌موو ئه‌مانه‌ش لای خه‌ڵکی روون بێت
.
بۆیه کاکڵی قسه‌که‌ی من ئه‌وه‌یه که کاک فوئاد چالاکێکی سیاسی و سه‌مبولی یه‌کگرتوویی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بۆ دامه‌زراندنی ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسی، دیموکراتیک و عادڵانه و سێکولارله کوردستان بوو. بۆیه هه‌زاران جاری تر ده‌ڵێم به‌رز و به‌رێز بێت یادی کاک فوئاد، ئه‌و مرۆڤه نه‌مر وخۆشه‌ویسته‌ێ گه‌لی کورد.
زۆر سپاس بۆ گوێگرتنتان له‌و بیره‌وه‌رییانه و ماندوو نه‌بن ، تاهیر خالیدی،