top of page

دەقی وتار و سوخنڕانی يەکەی کاک فوئاد لە ئوردووگاهی کانی ميران

سيزدەی موردادی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی

 

ئەگەر ڕێگام بدەن منيش باسی ئەم ڕووداوە ئەکەم. بزانين ئايا تا ئێستا  بە قازانجمان بووە  يا بە زەرەزمان ؟ لە بڕێک  دؤستانم بيستوە کە ئەڵين “بريا هەر لە سەرەتاوە کؤچمان نەکردايە، ئەوە نيە ئاخري هەر قەرارە ئەرتەش بێتە ناو شار". واي دابنين کابرايەک ماڵێک ئەکاتەوە، لەم بابەتەوە لە وانەيە بڕێکيش قەرزدار بێ، يا زەرەر بکا. بەڵام لەو لاوە لە کرێ نشينی ڕزگار ئەبێ  و ئەمە بە قازانجيەتی ! من ئێستا لە قسەکانمدا ڕووني ئەکەمەوە  کە ئێمە لەم کارە کە دەستمان داوەتێ، تا حاڵی حازر ياني تا گەڕانەوەمان بؤ شار سەرکەوتوو بووين. بؤچي؟ چي مان دەسکەوت بووە ؟

 

 يەکەم دەسکەوتمان سەرکوت کردنی جاشەکانی ناو خؤ بوو، ئێمە ئەوانمان سەرکوت کرد. ئايا کەسێک هەيە پێي وابێ ئەوە وانيە ؟

 

دووهەمين دوسکەوتمان ئەمەيە کە؛ پاسدارەکان هەر کوێي چوون، نەغەدە، گومبەد و خوڕمشەهر. بؤ هەر کوي يان ناردبوون  ڕژاونەتە ناو شار و کوشتاريان کردوە. بەڵام لێرە بە هؤی قارەمانەتی خەڵک و پێشمەرگەکانيانەوە نەمان هێشت، بێنە ناو شار، ئەوان بە تەمابوون بە شەڕ بێنە ناو شار بەڵام تەڵەفاتيان دا و نەيانتواني. بؤيە  لەم بابەتەشەوە سەرکەوتوو بووين.

 

سێهەمين دەسکەوتمان يەکيەتی يە، کە ئێستا لە ناو خەڵکدا پێک هاتوە. يەکيەتی يەک کە تا ئێستا وێنەی نەبووە. ئێمە لە دوا ڕؤژدا  بؤ هەموو کارە کانی ترمان پێويستي مان بەو يەکيەتی يە هەيە. ئەمڕؤ لە گەڵ چەند کەس لە باوک و براکان سەبارەت بەوە قسەمان ئەکرد، کە ئەم يەکيەتی يە، بە هەر جؤرێک بووە بيپاريزين. تەنانەت بڕێکيان پێشنياريان ئەوە بوو کە پێش گەڕانەوەمان بؤ شار سوێند بؤ يەکتر بخؤين. ئەمە بە دەربەست بوون بؤ يەکيەتی يە و يەکجار بە نرخە. ئەبێتە هؤی ئەوە کە زؤڵم و زؤر لە هە ر کەس کرا، لە جياتی خزم و کەس هەموو خەڵکی شار لە سەری بێنە جواب و ديفاعی لێ بکەن. ئەم يەکيەتی يە، ئەبێ بە دڵ و بە گيان بيپارێزين. بەڵام لەم بابەتەوە  شاری مەريوان بە تەنيا نەبوو.

 

يەکێکی تر لە دەسکەوتەکانمان  کە بە چاوی خؤتان ديتان پشتيوانی برايان لادێ يی و زەحمەتکێشانی دێهات بوو. لە هەموو شوين و لە هەموو رێگايەکەوە، هاتنە يارمەتيمان. نان و پێ خؤر هێنان و هەر چەشنە يارمەتی يەک کە لە دەستيان هات  و لي يان خێزيا کرديان. (ئێمە بەرە بەرە  ئەو شتانەی ماونەتەوە دابەشيان ئەکەين.)

 

لێرە ديارە کە يەکيەتی خەڵکی شار و دێ لە مەريوان  زؤر پتەوتر  بووەتەوەو ئەمە دەسکەوتێکی ترە بؤ دووا ڕؤژ. بەڵام ئەم يەکيە تی يە، تەنيا لە ناوچەي مەريوان نەبوو. کام لە ئێوە ئەو خؤشک و برا سنەيی يانە لە  بير ئەبەنەوە کە چەک بە دەست، شەش ڕؤژ پيادە ڕەويان کرد و هاتن بؤ پشتێوانی و پشتگێريتان هەر ئێستا نزيکەی هەشت سەد کەس لە دؤستاني سەقز و بانە و بؤکان و مەهاباد و سەردەشتيش بەڕێوەن! ئەم يەکيەتي يە، هەتا ئێستا لە پانايي کوردستاندا بێ وێنە بووە، بؤ دوا ڕؤژي خەباتيی گەلی کورديش، بؤ گەيشتن بە ئامانجەکانی لە هەموو شتێک پێويست ترە. هەموومان دەزانين کە گرينگترين  چەکی خەڵکي ئێران بؤ ڕووخاندني ڕژيمی شا هەر يەکيەتی بوو. ئەگەر ئێمەش ئەو يەکيەتی يە بپاريزين، هێزی ئەرتەش دوولانەش بێتەوە دەرەقەتمان نايە. ئەمەش دەسکەوتێکي ديکەمان بووە لەم خەباتەدا.ئەو ڕؤژەی دؤستانی سنەيی مان، گەيشتنە بەرەوە  ئێوە بە چاوی خؤتان هەر لەم ئوردووگايەدا ديتان کە سەرەڕای خەڵکی کوردستان، لە شارەکانی تری ئێرانيشەوە، گەليک نوێنەر هاتبوون لە خوڕمشەهر و شيراز و تارانەوە نوێنەر هاتبوون. لە بيرتانە شيعاريان ئەدا”ئێران سەراسەر وەک کوردستان لێ ئەکەين ! * ئەمە قسەيان بوو. ئەوان پشتيوانی ئێمە بوون. هەر وەک ئاگادارن هەر ئێستا چەن دووکتورێک ميوانمانن. ئەمانە لە کوێوە هاتوون ؟ ئەمانە هەموو ئەوە نيشان ئەدەن کە ئێمە خەڵکی مەريوان بەم کارەی خؤمان توانيومانە پشتيوانی گەلانی ئێران بؤ لاي خؤمان ڕاکێشين. وە لەمەش بەدواوە ئەم پشتيوانی يە درێژەي ئەبێ. لە ڕؤژنامەدا خوێندتانەوە کە خەڵکی سيستان و بلوچستان ياني لەو پەري ڕؤژهەڵاتی ئێرانەوە لە پێناو هاوپشتي ئێمەدا، فيداکاريان کردووە. ئێمە قەت نابێ ئەمەمان لە بير بچێتەوە. ئەبێ ڕؤژی خؤی ئەوەندەی لە توانامان دابێ فيداکاري يان بؤ بکەين. يەکێکی تر لە  گرينگترين دەسکەوتەکانمان ئەوە بوو کە داخوازی گەلی کورد بەرانبەر بە دەوڵەت هێنرايە کايەوە ! لەو لاشەوە، جەوهەر و ماهييەتی دەوڵەت کە ئەيەوي زؤڵم و زؤرمان لێ بکا، شەڕمان لە گەڵ ئەکا و تانک و تؤپ ئەنێريتە سەرمان، لە پێش چاوی گەلی کورد و گەلێک لە خەڵکي ئێرانی ڕوون بووەوە. تەبليغاتي ڕاديو تلەڤێزيون بە ئێمە ئەڵێ کافر. پێمان ئەلێن ياخی و وەحشی. بؤ نموونە ئەو شەو سەرەتای قسەی چەمران جێگری سەرؤک وەزير ئەوە بوو کە ئەيوت : “کاتيک ئەبينم ئێوە نويژ ئەکەن و ڕوژوو ئەگرن پێم سەيرە ! “ئەو دؤستانەی لەوی بوون بيستيان کە چەمران وایوت. هەر ئەم قسانەش لە ڕاديو و تلەڤيزيونەکانيانەوە ئەڵێنەوە.

 

ئێنسانێکی ئاسايی خەڵکی تاران ،يان قوم يان شيرازيش باوەڕ بە قسەيان ئەکا..ئێمە ئەبێ کارێک بکەين  کە زەيني ئەو خەڵکە ڕؤشن بێتەوە. کە دوا ڕؤژ وەکو موجاهيد و داوتەڵەب بؤ شەڕ کردن نەيەنە سەرمان. ئێمە ئەبێ ددان بە خؤماندا بگرين  و کارێک بکەين ئەوان ڕوون بنەوە. ئايەتوڵا لاهوتی ئەيوت، ئەو موجاهيدانە کاتێک لە ماڵي خؤيان دێنە دەر خوداحافيزی شەهيد بوون لە دايک و خؤشکی خؤيان ئەکەن. ياني بە غەرەزێکي ئاواوە ئەيان نێرن. زؤربەيان ئەگەر ڕوون بنەوە نايەن. ئەڵبەت ديارە ئەگەر هاتنە شەڕمان، شەڕيان لە گەڵ ئەکەين و چلؤن جاشەکانمان تەفروتوونا کرد ئەوانيش تەفروتوونا ئەکەين.

 

يەکێکی تر لە دەسکەوتەکانمان ئەمە بوو کە دەوڵەت شوراکەمانی بە ڕەسمی نەئەناسی و ئەيانوت شورا ئاژاوە گێڕبووە. (لە حاڵيکدا هەمووان ئەزانين ئەوە درؤيە و خەڵک بە تێکڕا لەم خەباتەدا، بەشدارن و بە تاێبەت شەڕەکە ڕؤژي   ٢٣ ي پؤشپەڕ ڕووی دا، شوورا ڕؤژی  ٢٦  ي پؤشپەڕ پێک هات !) بە سەر هەموو ئەوانەدا ئەوان ناچار بوون  دان بە ئەوەدا بنێن کە شوورا هەيە و بيسەلمێنن کە ئەبێ لە گەڵ شوورا دانيشن و قسە بکەن و پەيماني لە گەڵ مؤر بکەن.

 

لە کاتی ڕووخانی ڕژيمی شاوە هەتا ئێستا  کامە کاربەدەستی دەوڵەتی گەورە تا بچووک ملی بەوە داوە کە بێت و لە گەڵ نوێنەرانی خەڵکی مەريوان قسە بکا؟ قەت نەئەهاتن ! بەڵام ئێمە کردمانە کارێک کە سەرەتا، ڕەئێسی سپای پاسداران و پاشان لاهوتی و نوێنەرانی وەزارەتی کێشوەر ناچار بن و بێن،ياني کەسانێک لە پايەبەرزترين کار بەدەستان حکومەت مليان بەوە داوە کە بێن و قسەمان لە گەڵ بکەن. گوێ لە قسەمان بگرن. پاش هەموو ئەوانەش جێگری سەرؤک وەزيرمان  ناچار کرد کە بێتە ئێرە. ئەويش نەک وەها کە ئێمە بڕؤين بؤ لاي ئەوان، بەڵکوو ئەوانمان ناچار کردوە بێن و وتووێژمان لە گەڵ بکەن. ئەمەش دسکەوتێکی ترمان بوو.

 

بێجگە لەمانە، ئەگەر ئەم بەينە گويتان لە ڕاديوکانی دەرەوە راگرتبێ  بيستوتانە کە دەنگ و باسي مەريوان و کوردستان لە جيهاندا بڵاو بوەتەوەو ئەمە خؤی بووەتە هؤی ئەوە کە بيروڕای خەڵکی دونيا دەرحەق بە مەسەلەکەمان ڕوونتر بێتەوە.

 

ئەمانە هەموو دەسکەوتن، نابێ لە پێش چاومان ون بن. پێتان وانەبێ  کارێکی بچووکمان کردوە. ئەوانەی لە سنەوە بە پيادە هاتبوون شيعاريان ئەدا“مەريوان، مەريوان ! سەنگەری ئازادەگان !”ئێمە ئەبێ قارەمانانە و شان بە شانی ئەوانەیی لە هەموو لايەکی کوردستان و ئێران پشتگيريمان ئەکەن، دەسکەوتەکانمان بپاريزين. "مەريوان ئەبێ هەر سەنگەري ئازادەگان بێ ! "بەڵام هەر وەک لە سەرەتای قسەکانمەوە وتم کەسێک کە ماڵيک ئەکاتەوە لەوانەيە لەم کارەدا تووشي زەرەريش بێ و لە پی قەرزدار بێ. کارەکەی ئێمەش وابووە. زەرەري کارەکەمان ئەوە بووە کە ئەرتەش دێتە ناو شار و نايەڵي هێچ کەس لە ناو شاردا چەکی پێبێ. ئەڵبەت لە دەرەوەي شار وا  نیيە. سەبارەت بە چەک هەڵگرتنيش هەر کەسە لە ويجدانی خؤی بپرسێ، ئەگەر بە ڕاستی خاتر جەمی و هێمنايەتی بوايە، ئەگەر جاشەکان تەقەيان لە خەڵک نەکردايە و لە خيابانەکان خەڵکيان نەدايەتە بەر تەقە، ئێتر کەی پێويستي دەکرد کەسێک لە شار چەکی پێبێ؟! ئەگەر کار بە دەستە  دەوڵەتيەکانی درؤ نەکەن و بە ڕاستی نەهێڵن جاشەکان سەر بەرز کەنەوە. ئێمە نيگەبانمان بؤ چیيە ؟ ئەگەريش پەيمانيان شکاند هێچکەس نابێ ئەوەندە ترسنؤک بێ کە چەکي خؤی لە شوێنيک دانێ کە ئەوان بين و بيبەن. بەڵکو ئەبێ جێگايەکی بؤ فيکر بکا و  دياری کا و قايم ڕای بگرێ. ديارە ئەگەر لە جياتی ئەرتەش ئێمە خؤمان ئەو کارانەمان بکردايە زؤر باشتر بوو. بەڵام هەر وەک بڕێک لە دؤستانيش پێشتر وتيان ئێمە نەمان توانی ئەوەيان بە سەردابسەپێنين. چەندين ڕؤژە کە ئێمە بێ پشوو خەريکی قسەو وتوويژين، ئەوان چەند جار وتوويژەکەيان بە جێ هێشت. چەندين هەيئەتی جؤراوجؤر هاتوون و ڕويشتوون. ئەگەر ئێمە لە سەر ئەو داخوازی يە زياتر پێمان داگرتايە ئەبوايە خؤمان بؤ شەڕ کردن ئامادە بکردايە و ئێمەش وەکوو شوورا، هەرچی هێنامان و بردمان بەوە گەيشتين کە ئەم شەڕە ئێستا بە قازانجمان نيیە و جارێ نابێ خؤی لێ بدەين.

 

ئەوەش تان لە پێش چاو بێ، کە ئەگەر ئێمە ئەو ڕێک کەوتنەمان نەکردايە جەماعەتێک تاقەتيان نەئەما ،و لێمان جيا ئەبونەوە. بؤ ئەوەی ئەم يەکگرتنەمان تێک نەچێ  بە پێويستمان زانی  شێوەی کارەکە بگؤڕين. جگە لەوەش ڕژيم بە ڕاديو و تلەڤيزيون، لە ناو خەڵکی ناوچەکانیتری ئێراندا تەبليغاتێکي زؤري لە دژي ئێمە وەڕێ خستوە. ئێمە پاش ئەم يەک کەوتنە بەرانبەر بەو درؤ و دەلەسانە، خەبات ئەکەين. ئەوان قەوليان داوە، قەولی شەرەف “ئەگەر شەرەفيان هەبێ ! “کە ئەرتەش هەتا مانگێکی تر لە شاردا ئەمێنيتەوە و لەو ماوەيەشدا بە بێ چەک بە ناو شاردا ئەگەڕی. پاش يەک مانگەش  شوورا شارەباني دادەمەزرێني و ئەرتەش ئەگەڕێتەوە بؤ پادەگان.

 

ديارە هەموومان لەوەی کە ئەرتەش  دێتە ناو شار نارەحەتين، بەڵام بە ڕاستی پێم وايە ئەگەر سەرجەم  حيسابي بکەن  لە سەدا هەشتای سەرکەوتووين. وا نەزانين کە تێک شکاوين! ئەوان ناچار بون کە زؤربەی داخوازيەکانی ئێمە بسەلمێنن. بەڵام يەک شتمان لە بير نەچێتەوە، ئەويش ئەوە کە دەوڵەت هێزی هەيە. ئێمە بؤ گەيشتن بە ئامانجەکانمان يەک ڕێگای ئەساسي مان هەيە ئەويش، يەکگرتوويی خؤمانە. يەکگرتوويی لە گەڵ دێهاتی دەور و پشت، يەکگرتوویی لەگەڵ باقی ناوچەکانی کوردستان و يەکگروویی لە گەڵ گەلانی ئێران و هێزە پێشکەوتووخوازەکانی ئێران.

خەباتي ئێمە هەتا ئێستا تا ڕادەيەک بەو مەبەستە گەيشتوە. ئەبێ لەمە بەولایش لە سەری بڕؤين.

 

ئەمە بوو ئەو شتانەی  کە سەبارەت بە دەسکەوتی باش و تەجربەي تاڵي ئەم خەباتەمان بە نەزەرم گەيشت. ئێستا مەسەلەيەکيتر هەيە، سەبارەت بەو دؤستانەی خەڵکی سەقز و بانە کە بەڕێوەن و بەتەمان هەر لە سەر ڕاپەيمايي يەکەيان بڕؤن و بگەنە مەريوان. ئەبێ ساغ بينەوە و بزانين ئايا لێرە بمێنينەوە و پێشوازيان لێ بکەين ؟ يان بگەڕێنەوە و لە شار بە پيريانەوە بچين ؟ من لام وايە شار باشترە ! ئێوە ئەلێن چي ؟ داخوازێکی تريشم هەيە  داوا ئەکەم ئەگەر ئەم پەيمانە و ئەم سولحەتان پێ باشە، ئەبێ بەڕێوەي ببەين، با دەرکەوی کي پيلانگێڕە، کي جاشە و ئاژاوەگێڕەي دەکا !  

                                                                          بژي برايەتيمان  !

bottom of page