top of page

دیدەنی

بۆ شەهید فوئاد سوڵتانی


 

وەکوو نێرگز ساڵی جارێ

بە سەردانێ

ئەو دێتەوە

بە زرێباردا دێتەوە

خەونە و لەپڕ پەیدا ئەبێ

ئەگاتە جێ و ورد چاوێکمان پیا ئەگێڕێ.

لەو وەختەدا

ئێمە ئەڵیی دارستانی بنارین و

ئەویش لە لوتکەی سەر ئەچێ.

وەکوو ساڵانی ڕابوردوو

دیسانەوە ئێمە هەموو

وەک ڕەنگ و ڕوو

مۆرانەی ساڵ یەک یەک بەڕەی

پێستی خواردوین

گڵۆڵە بەنی قژیشی یەک یەک خواردوین

عومری خواردوین

تیاشماندایە

لە نێوانی دوو سەردان و سێ سەردانی کاک " فوئاد" دا

سەعاتی دڵی ژەنگ ئەگرێ

وەک بورغوی کۆن بیری ئەسوێ

ئەبێ بە قەڵەمی زڕو

لە حەرف و وشە دائەبڕێ

ئەبێ بە هەوری نەزۆک و

یەک دڵۆپ بارانی نابێ

وەکوو کەفە ژیلکەی سە ئاو

هەر ساتێکە و ئیتر ئەوسا بزر ئەبێ.

ساڵی جارێ ئەو دێتەوە

بەڵام ئەوکاتەی دێتەوە

چۆنمان دیبوو

هەر وەکوو خۆی

سەعاتی دڵی وەکوو خۆی

قەد و ڕەگی

پێست و بەرگی

هەر وەکوو خۆی

بیری ، قژی ، عومری ، چاوی

دەنگی ، ڕەنگی ، سمێڵەکەی هەر وەکوو خۆی!

ساڵی جارێ ئەو دێتەوە

لە ناکاوێکدا .. دێتەوە

ئێمە هەموو هەر هەموومان

شەپۆلمان و کەفە ریلکەیش

بارانمان و شێرە کوللەیش

هەر لە دوور ڕا بە سێبەریا بەدی ئەکەن ئەیناسنەوە

بەڵام کاک " فوئاد " بە تەنها

ئەو ... بە تەنها

هەموو ساڵێ

لە سەرانسەری نەخشەدا

دوو تاقممان ئەبینێت و

دوو تاقممان ئەناسێت و

یەک یەک دەستیان ئەگوشێت و

لەگەڵیاندا ئەدوێ و ئەخوا و پێئەکەنێ و

ئەڕوات و دێ ..

ئەوانەی وەختی خۆی نەدیبوون و ئیستە لێرەن

ئەوانەیشمان کە وەکوو ئەو

ماونەتەوە و ، هەر بروسکەی خێرای رێگەن!

شێرکۆ بێکەس

 
 
 

Kommentarer


bottom of page