top of page

دوایین دیدار

خۆێنەری ئازیز ئەم پەخشانە تەسویرێکی شاعیرانەیە لە دوایین دیداری دوو برا ، هاورێیانی گیانبەختکردو ماجید و ئەمجەدی مستەفا سوڵتانی کە بێ ئاگاداربوون لە یەک جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی بە چاو و دەست بستراوی لە بن دیواری مەرگ دا لە گەڵ کۆمەڵێکی تر ئیسانی شۆڕشگێڕ بۆ ئێعدام کردن ریزیان ئەکەن . لەم پەخشانەدا لە زمانی هاورێ ماجیدەوە باسی چۆنیەتی یەکتر ناسینەوەیان دەکرێت

دوایین دیدار

بوومەلێڵەی بەیانی بوو

ئەوکاتانەی کە رووناکی

پەردەی شەرمی شەو ئەدڕێنێ

گزنگی خۆری گەرم و گەش

لە سەر کەلان سەر دەر دێنێ

لە گەڵ پۆلێک هەڵۆی بەرزە فڕا

بە چاو و دەست بستراوی

لە بن دیواری مەرگی جەلادا ریز کرا بووین

لە ناکاو بۆن و هەناسەیەکی ئاشنام هەڵمژی

هەستم کرد بۆن و هەناسەی ئەمجەدی برامە

ئەویش لە شوێن بۆن و هەناسەم دەگەرێ

بە پەرۆشەوە بە بۆن و هەناسە

یەکتریمان ناسیەوە و نزیک بووینەوە

هەناسەم لە شوێن هەناسەی گەرمی

بۆنم لە شوێن بۆنی ئاشنای وەک عەتری

دەمزانی ئیتر هەرگیز یەکتر نابینینەوە

لێم روون بوو جارێکی تر سیمای خۆشەویست و

بزەی گەرمی سەرلێوانی ئەمجەد بەدی ناکەم

زۆر تامەزرۆی دوایین دیدار بووم

لە چرکە ساتێکدا کە لە یەک نزیک بووینەوە

بێ پەشۆکان بەبێ ترس و بێ ماتڵ بوون

زۆر بگەرمی یەکتریمان لە ئامێز گرت

تا تاسەی دووری یەک جاریمان بشکێ

تا ئەو کاتە نەمدەزانی کە ئەمجەدیش

بۆ سەفەری دوا مەنزڵگاش هاورێمە

چونکا لە دوایین نامەدا

کە بۆ دایە بەهیەی دایکم ناردبوو

هەواڵی ئەمجەدم لە دایکم پرسیبوو

قەدەر وای کرد لە دوایین دیدارمانا

لە بن دیواری مەرگی جەلادا ببینە هاوسەفەر

لە خەیاڵی خۆمدا دەمگوت خۆزگە

ئەم سەفەرە لێرەدا کۆتایی نەدەهات

بەچوینایەوە بۆلای کاک فئواد

تێکەڵ بە کۆڕی هاورێیانی تاڵەسوار بووینایە

دڵنیاش بووم کە دایە بەهیە و مەلەکەی خوشکم

بە تەنیا جێمان ناهێڵن هەر چۆنێ بێت

دەمانبەنەوە لای کاک فئواد و حسین و ئەمین

بۆ ئەو کارەش زۆر ماندو بوون

زۆر زەحمەتیان کێشا پێمانەوە

منەتی مەلای جەلاد و زۆر نامردیان کێشا

زۆر خۆم بە شەرمەزاریان دەزانم

زۆریش شەرفمەند و سەربەرزم

کە خاوەن دایک و خوشکی ئاوا شۆڕشگێڕ و ئازام

دواجار کە بەکاک فئواد و کۆڕی هاورێیانی

تاڵەسوار شاد بووینەوە لە دوورەوە

بینیم کاک فئواد لە ناو کۆڕی برا و هاورێیانە

بە تاسەوە چاوەرێمانە تا لە ئامێزمان گرێ

هەر دەمزانی ئەم کاروانە بێ سەرکردە

رێی ناکەوێ و بە بێ فئواد ناگاتە جێ

چونکا ئێمە هەموو قوتابی

مەکتەبەکەی کاک فئواد بووین

ئەو مامۆستا و رابەرمان بوو

بەرز و بەرێز و شکۆدار بێ یادی هاورێی سەرکردە کاک فئواد و هەموو هاورێیانی گیانبەختکردوی رێبازی کاک فئواد

محەممەد قادری ٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢١


bottom of page