top of page

یادێک لە کاک فوئاد ئەندازیاری خەباتی مەدەنی


یادێک لە کاک فوئاد ئەندازیاری خەباتی مەدەنی

یادی کاک فوئاد ھەمیشە لە دڵی خەڵکی فەقیرو ھەژاری لادێکانی ناوچەی مەریوان و کرێکاران، رۆشنبیران و بەگشتیی خەڵکی کوردستان ھەتاھەتایە زیندوە.

کەسایەتی و کاریزمای شۆڕشگێڕانەی کاک فوئاد لە ناو کۆمەڵە وەکو رابەرێکی تەشکیلاتی سیاسی و وەک شۆڕشگێڕێکی نوێخوازی چەپ کە لە خەباتی مەدنی و سیاسی لە رژیمی شا و رژیمی ئیسلامی ئێران تا دوا ساتی ژیانی بەردوام بوو و توانی لە ماوەیەکی کەمدا جەریانی چەپ و سوسیالیستی کورد توشی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی لە بیرکردنەوەو چۆنیەتی خەباتی سیاسی لەناو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لای فەلاو کرێکارانی شارو لادێ پێک بێنێ. بۆ نمونەی ئەم خەباتە سیاسی کۆمەڵایەتی رێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانی ناو شاری مەریوان و جەمعیەتە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان…

رۆڵی گرنکی کاک فواد بۆ بەرگری لە بەرامبەر ھێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، رێبەریکردنی کۆچی مێژویی خەڵکی شاری مەریوان و پشتیوانی خەڵکی شارەکانی سنەو سەقز و بانە رێپیوانیان بۆ مریوان نمونەی ئەم خەباتی تازە بوو کە کاک فوئاد بەدیاری لە خۆی بۆ ئیمەی بەجێھێشت.

بەڵام واقعیەتی یادی کاک فوئاد دوای ٤٠ ساڵ و رێزی ئەم کەسایەتیە چەپ و سوسیالیستە کە بیری نوێخوازی لە ناو چەپی کورددا دروست کرد ئەمە نیە. جێگای داخە کە کۆمەڵە رێوڕەسمی کاک فوئاد بەم شێوە رێز لێ ئەگرێت. کاک فوئاد دەبێ لە لای خەڵکی کوردستان بەگشتی و بە شێوەیەکی بەربەڵاو یادی بکرێتەوە. کەسایەتی و خۆشەویستی کاک فوئاد نابێ بە سازدانی سمینارو جەلەسەیەکی چەند ساعەتە ئەویش تەنیا لە ناو تەشکیلاتی کۆمەڵە رێزی لێ بگیریت.

کۆمەڵە دەبێ ئەم رۆژە مێژووییە بۆ نمونە بە بانگەوازێکی گشتیی داوا لە خەڵکی کوردستان بکات بەرەو گۆڕستانی شارەکان بچن و یادی ئازیزانیان بکەنەوە، بە چەپکە گوڵ سەردانی مەزاری شەھیدانی رێگایی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان لە ھەموو شارو لادێکانی کوردستان بکەن. داوا لەخەڵکی کوردستان بکرێت کە ئاڵای کوردستان لە گەڵ ئاڵای سووری کۆمەڵە لە سەر مەزاری پیرۆزی شەھیدانی کوردستان بەبێ جیاوازیی ھەڵبکەن. یادکردنەوەی کاک فوئاد دەبێ بەقەد باڵای خۆی بێ و لەو رۆژەدا خەڵکی کوردستان یەکێتی و ھاودڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد زۆرتر بکاو نیشانبدا و دەبێ سیمای خۆشەویستی کاک فوئاد لای نەسڵی سیاسی و خەباتگێڕی کورد ھەرگیز لە بیر نەچێت.

ھیوادارم کۆمەڵە بتوانێ کارێکی عەمەلی و جیدی بۆ ئەمە بکاو ئەم یادە سمبول بۆخەباتی پڕ لە شانازی رەوتی چەپ و شۆڕشگێڕی کورد لە کوردستان بێت.

نەبوونی کاک فوئاد لەناو کۆمەڵە و خەبات سیاسی چپ و سوسیالیستی کورد خەسارەتێکی گەورە بوو کە دوای ٤٠ ساڵ ئاسەوارەکانی زیاتر دەردەکەوێت.

یادی کاک فوئاد ھەمیشە لە دڵماندا زیندوە و قەت نامرێ

مام رحمان سەقز


bottom of page