top of page

سەرکردەی ئاگر و خوێن:- کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی


فوئاد مستەفا سوڵتانی، لە ساڵی ١٩٦٦دا کاتێک لە بەشی پیشەسازی زانکۆی ئاریامیهری تاران دەیخوێند، شانبەشانی ژمارەیەک ڕۆشنبیری چەپ و سۆسیالیست گوڕ بە خەباتی سیاسی دەدات و لە ساڵی ١٩٦٩دا ڕێکخراوێکی سیاسی لەسەر بنەمای بڕوابوون بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی ژن و پیاو دادەمەزرێنێت. بەهۆی دڕندایەتی دەزگای ساواکەوە،٩ ساڵ خەباتی نهێنی دەکەن و لەو ماوەیەدا بڵاوکراوەیەک بە ناوی "شەونامە" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکەن کە وێڕای ڕیسواکردنی ڕژێمی پەهلەوەی، ئاستی هوشیاری کۆمەڵگا و بە تایبەت زەحمەتکێشانیش پێش دەخەن. کاک فوئاد دوای تەواکردنی زانکۆ، وەک ئەندازیاری کارەبا لە شاری مەریوان دەستبەکار دەبێت، لە کاتی کارکردنیدا بە هەموو هێزیەوە لەدژی گەندەڵکاران دەوەستێتەوە و ئەو هەڵوێستەش جێگای قبوڵکردنی دەزگا بەدناوەکەی ساواک نابێت، هەر بۆیە بۆ شاری بروجێرد دوور دەخرێتەوە. پاشان لە ئەنیستیتۆی هونەرستانی شاری سنە وەک مامۆستا دەستبەکار دەبێت و بە دەم کاریشەوە درێژە بە کاری ڕێکخستنی دەدات. تا سەرەنجام لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەگیرێت، ماوەیەک لە گرتوخانەی کۆمیتەی هاوبەشی شاری تاران زیندانی دەکرێت، پاشان بۆ گرتوخانەی قەسری تاران دەگوێزرێتەوە و ماوەی ٣ ساڵ لەو گرتوخانەیە دەمێنێتەوە. کاک فوئاد لە زیندانیش دەستبەرداری خەباتی شۆڕشگێڕی نابێت و لە دژی زوڵم و زۆرداری بەرپرسانی زیندان دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات، بەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەی کاربەدەستانی زیندان ناچار دەکات بۆ بەندی زیندانیە ئاساییەکان بیگوازنەوە. کاک فوئاد بەندی زیندانییە ئاساییەکان دەکاتە مەیدانی خەبات و کاریگەری زۆر لەسەر بەنکراوان دادەنێت. لە کاتی سەردانیکردنی شاندێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ گرتوخانەکان، چاویان بە کاک فوئاد دەکەوێت و لەسەر داوای خۆی بۆ زیندانی شاری سنەی دەگوازنەوە. کاک فوئاد لە زیندانی شاری سنەش لەگەڵ ژمارەیەک هاوخەباتیدا بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ مان لە خواردن دەگرێت و ئەو مانگرتنەش دەنگدانەوەی زۆری لە دەرەوەی زیندان دەبێت. کاک فوئاد دوای ٤ ساڵ مانەوە لە زیندان، لە ساڵی ١٩٧٨دا کە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێرانە، ئازاد دەبێت و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی لە گوندی ئاڵمانە و لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازی گەرمی لێکرا. کاک فوئاد وەک ڕێبەرێکی سۆسیالیستی ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی جەماوەردا دەگێڕێت و بە دامەزراندنی "یەکێتی جوتیاران" لە گوندەکان، هانی جەماوەر دەدات کە لە دژی ڕژێمی پادشایەتی و زوڵم و زۆرداری ئاغا و دەرەبەگەکان بوەستنەوە و لە شارەکانیش کۆمەڵەی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی دامەزراند و بناغەی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داڕشت. لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٧٩دا (واتە دوای ٩ ساڵ لە خەباتی نهێنی)، ڕێکخراوەکەیان بە پێشەنگی کاک فەئاد لە شاری سەقز جاڕی خەباتی ئاشکرایی بە ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"دا و شاری مەریوان وەک ناوەندی خەباتی جەماوەری دەستنیشان کرا. دوای ڕوخاندنی ڕژێمی پادشایەتی و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمی خومەینیەوە، گەلی کورد پێداگر بوون لەسەر بە دەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان، بەڵام ڕژێمی خومەنی دڕندانەتر لە ڕژێمی پەهلەوی دژ بە خواستەکانی گەلی کورد وەستایەوە. لە ماوەی ٢ مانگدا (واتە لە ٢٣ی پوشپەڕەوە هەتا ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٩٧٩)، بە ڕابەری کاک فوئاد گرنگترین ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کران، یەکێک لەو ڕووداوانەش کۆچی دانیشتوانی شاری مەریوان بوو کە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئابدا بەرەو کەمپی "کانی میران" دەستیپێکرد و ئەو کۆچەش گەورەترین خەباتی مەدەنی ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە دژی داگیرکاری، کەمپەکە بوویە ناوەندێکی خەباتی شۆڕشگێرانە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئێران و جیهاندا لێکەوتەوە. بۆ پشتیوانیکردن لەو خەباتە مەدەنییەش، هەزاران هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێپێوانی جەماوەرییان بەرەو شاری مەریوان ئەنجامدا. بەڵام خومەینی و ڕژێمەکەی بە دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی گەلی کورد، وەڵامی ئەو خەباتە مەدەنییەیان دایەوە و ئاگر و ئاسنیان بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا باراند. لە بەرامبەردا کاک فوئادیش بڕیاری بەرخۆدانیدا و بەو شێوەیە خەباتی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێوە. لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی کاک فوئاددا، هەزاران گەنجی کورد چەکی شۆڕشگێڕییان لە شان کرد و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژنان شانبەشانی پیاوان کەوتنە خەباتی چەکداریەوە. دوای ئەوەی ڕژێمی خومەینی دەستی بە قەتڵوعامی گەلی کورد کرد و لەوانەش ٩ شۆڕشگێڕی خەڵکی شاری مەریوان کە دوانیان بە ناوەکانی "حسەین و ئەمین" برای کاک فوئاد بوون گولەباران کران. کاک فوئاد بە بیستنی ئەو هەواڵە، لە شاری "بانە"وە بەرەو مەریوان دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی پێوستبوونی کاری ڕێکخستنی و ڕێگریکردن لە وەحشیگەری کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ هاوخەباتی پارت و لایەنە کوردیەکان، بەشداری لە پرسەی دوو براکەیدا ناکات و جارێکی دیکە بەرەو شاری بانە دەگەڕێتەوە. لێ ئەفسوس، لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو شاری بانە، ڕۆژی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٧٩ لەسەر جادەی مەریوان-سەقز و لە نزیک گوندی "بەستان" دەکەوێتە کەمینی هێزە دژی گەلیەکانی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و پێکدادان دێتە ئاراوە. لەو شەڕدا کاک فوئاد و کەسێکی دیکە بە ناوی "تەهمورس ئەکبەری" کە نوێنەری چریکە فیداییەکان بوو، شەهید دەبن. بە شەهیدبوونی کاک فوئاد، هەم بزوتنەوەی سۆسیالیستی و هەم شۆڕشگێرانی کوردستان ڕابەرێکی گەورەیان لە دەستدا و کۆماری ئیسلامیش لە هەموو دامودەزگا ڕاگەیاندنەکانیەوە شەهیدبوونی کاک فوئادی بە دەستکەوتێکی مەزن پێناسە کرد. دوای شەهیدبوونی کاک فوئاد، لە زیندانی شاری تەورێزیش دوو برای دیکەی بە ناوەکانی "ماجد و ئەمجەد" لە سێدارە دران، واتە تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا پێنج ئەندامی خێزانێک ژیانیان لە دەستدا و ناوی کاک فوئادیش بوویە وێردی سەر زاری ڕۆشنبیر، شاعیر، شۆڕشگێڕ و بە تایبەت زەحمەتکێشان. یەکێک لەو شاعیرانەش "شیرکۆ بێکەس"ە کە بەم شێوەیە کاک فوئاد دەلاوێنێتەوە:- فوئاد وابوو.. فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو ماڵه‌ برینداره‌كان بوو. فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو باڵنده‌ غه‌مگینه‌كان بوو. خۆشه‌ویستی هه‌موو ماسیه‌ زه‌ردو سوورو جوانه‌كان بوو “چونكه‌ تۆڕه‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌” خۆشه‌ویستی هه‌موو گه‌ڵاو گوڵ‌و دارستان‌و بێشه‌كان بوو “چونكه‌ ته‌وره‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌” خۆشه‌ویستی هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ پاكه‌كان بوو “چونكه‌ درۆكانی نیشان ئه‌دان” درۆی مناره‌كان درۆی عه‌مامه‌كان درۆی جبه‌كان فوئاد وابوو فوئاد ئه‌یوت: من هی خۆم نیم. سه‌رم سه‌ری شاخانه‌و ده‌ستم ده‌ستی باخانه‌و قاچم قاچی گوندانه‌و دڵم دڵی گوڵدانه‌و چاوم چاوی شارانه‌و گوێچكه‌م گوێچكه‌ی حه‌قیقه‌ت! ....... دوو تێبینی کورت: ١- کاک فوئاد لە ساڵی 1949دا لە دایک بووە و لە هەمان ساڵدا ڕێبەری ئەفسانەیی "عەبدوڵا ئۆجالان"یش لە دایک بووە. ٢- کاک فوئاد لە 31ی ئابدا شەهید بووە و بنەماڵەی بارزانیش لە 31ی ئابدا گەورەترین خیانەتی نەتەوەییان تۆمار کردووە.

نەمری بۆ ڕۆڵەی ئاگر و خوێن کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی.


bottom of page