top of page

عەکسی قەمەر لە ناو ئاوێکی لیخن دا


سەبارەت بە ڕابەری تێکۆشەری گیانبەختکردوو فوئادی مستەفاسوڵتانی

مەلەکە و ڕەزا و حیشمەت (مستەفا سوڵتانی) بە کار و رەنجی نێزیکەی ٢ ساڵ کتێبێکیان لە مانگی ٢ ی ٢٠١٢ دا بە ناوی ”کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی کێ بوو، ئامانجی چی بوو، چۆن گیانی بەخت کرد؟“ خستە بەر دەست. لێرەدا من نامەوێت بە دیدیكی رەخنەگرانەوە چاو لە لایەنە جیاوازەکانی کتیبەکە بکەم چون ئەو لایەنە بە پلەی یەکەم بە لامەوە گرینگ نییە.

ئەوی بەلامەوە گرینگە هەوڵ و خەباتی ئەو سێ تێکۆشەرە لەو بنەماڵەیەیە کە پاش ٣٤ ساڵ قامک دەخەنە سەر مێژوویەکی تۆزلێنیشتوو، لە دوورییەکی جەرگبڕەوە، بەڵام لە نێزیکیەکدا کە بە ترپەی دڵیان لەگەڵ خۆشەویستانیاندا دەدوێن پەنجەکانیان بە سەرگڵکۆی نەمرانێکدا دەگێڕن کە هیچ بەشداربوویەکی راستەقینەی خەباتی ئازادیخوازیی ناتوانێت بێدەربەست بمێنێتەوە.

بەشێکی سەرەکیی ”کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی کێ بوو، ئامانجی چی بوو، چۆن گیانی بەخت کرد؟“ بریتییە لە کۆمەڵێک فلاش باک کە جێی سەرنج و رەخنە و تێبینیین. بەڵام تاڵێکی سوور لە ڕەنج و دەستەکەوتەکانی کاک فوئاد هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خوێنەر دەکەوێتە چاوبڕکێ. گرینگ نییە کێ دەدوێت و چۆن دەدوێت، فوئاد خۆی لە پشت سەری خوێنەرەوە ڕادەوەستێت و بە هەناسەی گەرمی خۆی لاپەرەکان رووەو قووڵایی ئەو مێژووە هەڵ دەداتەوە کە تا سەر ئێسک جێی گومان و دووبارەتێهەڵچوونەوەن.

ئەوانەی مێژووی کار و خەباتی کاک فوئاد و ئەو سەردەمەیان بەلاوە گرینگە دەتوانن سوودی فرە هەمەلایەن لە ”کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی کێ بوو، ئامانجی چی بوو، چۆن گیانی بەخت کرد؟“ وەربگرن. مەلەکە و ڕەزا و حیشمەت (مستەفا سوڵتانی) بە کاوەخۆ قسەکانمان بۆ دەگێڕنەوە. پرسیارەکان هاسانن. هەمان ئەو پرسیارانەن کە دایک و باوک و برا و خوشک و کەسوکاری سەدان هەزار لە شەهیدان ڕۆژانە لە خۆیان و لە یەکتر و لە خەڵک و تەنانەت لە دار و دیوار و گوڵ و نەمامێکیش دەپرسن. پرسیارەکان هەر ئەو پرسیارانەن کە خۆشەویستی گیانبەختکردوویەک لە ڕاستییدا لە ڕێگای ئەوانەوە لەگەڵ خودی خۆشەویستەکەیدا دەدوێت. پرسیارەکان لاوانەوەی ئەو دڵانەن کە بە ئازارەوە گیانیان لە دەست دا، کە دوور لە باوەشێکی گەرم گیانیان سپارد. پرسیارەکان حەیرانی بەسەرهاتی خۆشەویستیی نامرادیین و فرمێسکی ئەو دابڕانانەن کە مەچەکەکان پێیان خۆشە ببڕدرێن نەک یەکتر بەر بدەن. وشەکان لە سەرچاوەی ئازارێکەوە دەبارێن کە لەگەڵ خۆیان دەتکەن بە بەشداری هۆنینەوەی فرمێسکەکان. قوتاربوون مەحاڵە!

”بریا“کان هەمان ئەو بریایانەن کە خۆشەویستێکی کۆستکەوتە بە هەناسەی سارد و بە فرمێسکی هۆنراوەی مرواریهاساوە سەد هەزار جار، تەنانەت لەگەڵ دوا هەناسەکانی ژیاندا دووپاتی دەکاتەوە و لە هیوا و خوداخودای ئەوەدا گیان دەسپێرێت کە بەشکم برایایەک جێی خۆی بگرێت و گوللەی مەرگ سەر بکات. مرۆڤی ئازادیخواز دەزانێت هەڵگرتنی خەمی ٣٤ ساڵ لە سۆراخ بە دوای راستییدا چەند بە ئازارە و ناتوانێت لە ”هەڵپەڕکێی زەماوەندی فوئاددا“ بەشدار نەبێت. (نووسراوەی ”دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم“، لاپەڕە ١٤)

با برینەکان سارێژ بن!

کاک فوئاد یەکەم گیانبەختکردوو نەبوو و بە داخەوە دوا گیانبەختکردووش نابێت.

لەبەرئەوەی کاک فوئاد کەسایەتیەکە کە کەوتووەتە ناو سفاری (مەیدانی) گشتیی و بووە بە سامانی نەتەوەیی، بۆم هەیە لە سەر خۆی و ئەو ڕووانگانە بدوێم کە سەبارەت بەون. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە سەرەتادا نەمدەویست زیاتر لە سپاسنامەیەک بۆ مەلەکە و ڕەزا و حیشمەت و لە هاوهەستیینامە و هاوپشتینامەیەک بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت زیاتر بنووسم، بەڵام یەک دوو خاڵ هەبوون نەمتووانی نەیان خەمە بەردەست ڕای گشتیی کوردستانیی.

فلاش باکەکان ڵێڵن و تۆزی لەبیرچوونەوە و فەرامۆشیی لێیان نیشتووە

ئەو قسەوباسانەی بەرێزانی بەشدار لە سەر کاک فوئاد دەیگێڕنەوە زۆر کەمترە لەوەی مرۆڤ چاوەڕووانی دەکات. نامەوێت کەس مەغددور بکە م و حەقی کەس بە کەم بدەمەوە، بەڵام ڕوونە کە کەس بە ئاماژە بە نووسراوە و بە باسی تۆمارکراو نادوێت. کولتوریی تۆمارنەکردن و بێمێژوویی باسەکانی تا ڕادەیەکی باڵا ناخۆش کردووە. جوان دیارە هەندێک قسە هەر بۆ رەحەتکردنی ویژدان کراون. لێرەولەوێ دەبینین چاوپێکەوتن لە سەر کاک فوئاد کراوە بە دەرفەتێک بۆ باس لە خۆکردن. روون دیارە کە ئەو کەسانە چەند هەوڵ دەدەن چاو و مێشکیان بە خێرایی پرسیار و چاوەڕووانیەکان ببەنەوە بۆ رابردوویەکی دوور. دیارە ڕابردوویەکی پڕ ڕەنج و کار و خەبات، بەڵام زۆر پڕ کەموکورتیی.

پیلان و نەخشە بۆ کوشتنی کاک فوئاد

لە گەرمیی پێوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکادا، سەرۆککۆماری ئەمەریکا جەیمی کارتەر سەری ساڵی نوێی ساڵی ١٩٧٧ بە هاودەمیی لەگەڵ شای ئێران بە سەر دەبات و لەوێدا دەڵێت ”[ئێران] دوورگەیەکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەکی هەر زۆر دژواری دونیادا“.

ساڵێک و دە مانگ دوای ئەو ناڕاستگوتنەی جەیمی کارتەر تەخت و تاجی شای ئێران بە سەر یەکدا درا و ئێرانیەکان ٥٢ ئەمەریکاییان لە چالاکیەکدا دژی باڵوێزخانەی ئەمەریکا کە پێیان دەگوت ”تسخیر لانه جاسوسی امریکا“ (زەوتکردنی هێلانەی جاسووسیی ئەمەریکا) دەستگیر و پاشان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ (٤/١١/١٩٧٩ - ٢٠/١/١٩٨١) دەست بە سەر کرد.

محەمەد ڕەزا شای ئێران گەورەترین هێزی سەربازیی ناوچەکەی هە بوو. نێزیکەی ٣ هەزار تانک، ٨٩٠ هێلیکۆپتەری جەنگیی، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، هێزێکی دەریایی گەورە و ٩ هەزار مووشەکی تانکشکێن، بە ملوێن پارچە چەکی ڕیز ئۆتۆماتیکی دەستی و تۆپ و خومپارە و فیشەک، دووربینی شەوبین، فیشەکی چرا و تفەنگی دوورهاوێژی قەناس بۆ ئایەتوڵا خومەینی بەجێهێشت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە خومەینی هیچ باوەڕێکی بە ئەرتەش نەبوو، بە ئارامیی کەوتە تێکشکان و دووبارەڕێکخستنەوەی ئەرتەش بە قازانجی خۆی. سەرەڕای ئەوەی کە حەوزەکانی قوم و مەشهەد و تاران و ئەسفەهان و شیراز ڕکی دونیایان لە ساواک هەبوو، پەلەیان لە تێکدانی ساواک ـدا نەکرد، بەڵکو سوودی تەواویان لە ڕێکخستن و زانیاریەکان و پێوەندیەکان و زۆرینەی ئەو تاکەکەسانە وەرگرت کە دەیانزانی دەبێت بمێننەوە و مانەوەیان کۆماری ئیسلامیی بەهێزتر دەکات نەک لاوازتر و هیچ ئەرشیڤێکی دەوڵەتییان لەناونەبرد. ئیسلامیستە شیعەکانی ئێران ڕێکخستنێکی سیخووڕییان وەچنگ کەوت کە لە خۆرهەڵاتی ناویندا بێهاوتا بوو. ئەو ڕێکخراوەیە، واتا ساواک، بێ لە پەروەندەی هەموو ئێران دیارە بە کوردی خۆرهەڵاتەوە، هەروەها پەروەندەیەکی چڕوپڕی لە سەر کەسایەتیەکانی باشووری کوردستانیش هەبوو، زۆر پێش ١٩٦٤.

ئیسلامیستە شیعەکانی ئێران هەمان ئەو زانیاریانەیان لە سەر خەباتکارانی سیاسیی و زیندانیان و کەسوکاریان لەبەر دەستدا بوو کە رژیمی شاه بە شێوەی جیاواز سزای دابوون یان خستبوونیە ژێر چاودێریی. ئیسلامیستە شیعەکانی ئێران هەروەها هەمان وەفاداریی سیخووڕیی و هەواڵگەریی وەفاداران بە شاوە بە میرات بۆ مابووەوە. لە لانکی بێڕەووشتیی و بێکولتوریی و بێشارستانییدا گۆڕینی وەفادارییەکان شایەد لە گۆڕینی جۆری سیغار هاسانتر بێت.

هەموو ئەو سیخوور و بەکرێگیراوانە و تەنانەت هەندێک سەرۆک جاشیش حەتمەن سوودیان لە دەستگای بێسیم و شێوەی دیکە لە گەیاندنی هەواڵ وەرگرتووە بۆ ئەوەی هەواڵ بە دەستوبرد و گورج بگەیەننە شوێنی خۆی. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کاک فوئاد هەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تەرەف نەبوو، بەڵکو، بە پێی سرووشتی دۆخ، پێش هەر شتێک لەگەڵ کۆنەپەرستی ناوخۆدا بەرەنگار بووبووەوە.

بە ڕای من، کە دیارە بە هیچ شێوەیەک نابێت بە مێشکی ئەوڕۆ ٣٤ ساڵ لەمەوبەر هەڵبسەنگێنین، زۆرینەی ئەوانەی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستانن و هاورێی کاک فوئاد بوون و ئەو دەم بەرپرسایەتیی سیاسییان لە ئاستیی جیددیدا هەبووە، دەبێت ئەودەمیش ئەو چەند دێڕەی سەرەوەیان زانیبێت، یان بە شێوەیەک حیسابیاب بۆ کردبێت، چون پاش تێگەیشتن لە کاک فوئاد، دەبینین کە فوئاد خۆی تێیگەیشتووە.

کاتێک ئایەتوڵا خومەینی بڕیاری لەناوبردنی خەڵکی کوردستانی دا پێوەندیی بە مستەفا چەمران ـەوە دەکات. مستەفا چەمران لەدایکبووی ١٩٣٢ (١٣١١) لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئیسلامیی خوێندکاران بووە و لێکدانەوەی قورئانی ئایەتوڵا تاڵەقانی و شتی دیکەی خوێندووە. ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٣ هیجری) لە دانیشگای بەرکەلەی لە کالیفۆرنیا دوکتۆرای لە ئەلەکترونیک و فیزیکی پلازما ‌هێناوە. ساڵی ١٩٥٨، هەمان ساڵ کە چەمران ـی خاوەن دەوڵەت بۆ خوێندنی دکتۆرا دەچێتە وڵاتی وەکوو ئەمریکا، کاک فوئاد ـی بێ دەوڵەت تازە لە هەڕەتی منداڵییدا بەرەو سنە بەڕێوە بووە کە درێژە بە خوێندنی سەرەتایی بدات.

چەمران لە ئەمەریکاش حەوزەی ئیسلامیستی شیعەی داناوە و لە سەر ئەوە شای ئێران کۆمەکی پارەی خوێندنی لێ دەبڕێت و لە ساڵی ١٩٦٣ ـەوە (١٣٤٢) پێوەندیی بە حەوزەکانی خومەینییەوە گرتووە و لە میسر ٢ ساڵ فێری شێوەی ڕێکخستن و شەری چەکداریی بووە و پاشان کراوە بە بەرپرسی فێرکاریی چەکداریی. پاش مردنی جەمال عەبدوئەلناسر، پاییزی ١٩٧٠، چووە بۆ لوبنان بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی فێرکاریی چەکداریی لە ناو شیعەکانی لوبنان کە دیارە بەشێکی زۆری هەروەها رێکخستنی سیاسیی شیعەمەزهەبەکانی لوبنان بووە. لەوێ فەلەستینیە کامپنشینیەکانی فێری مەشقی شەڕ کردووە و دەگوترێت کە لە ناو خودی ”فەلەستین“ دا بە هەمان شێوە دەرسی شەڕکردن و مەشقی دابێت.

لەگەڵ هاتنەسەرکاری ئیسلامیستی شیعە لە ئێران، چەمران، بکوژی کورد و خۆشەویستی ئایەتوڵا خومەینی و ئایەتوڵا تەباتەبایی، کۆتایی بە ٢٣ ساڵ لە گوزەراندنی دوورەوڵات دەهێنێت و دێتەوە بۆ ئێران و لە سعداباد ئەرکی پەروەردەکردنی یەکەمین دەستەکانی 'پاسدارانی انقلاب' دەگرێتە ئەستۆی خۆی. زۆر زوو دەبێت بە جێگری سەرۆکوەزیر و 'شەووڕۆژ لە یەک دەدا بۆ ئەوەی خێراتر و بریاردەرانەتر کۆتایی بە پرسی کوردستان بهێنێت'. کاتێک ئایەتوڵا خومەینی 'شورای انقلابی اسلامی' دادەمەزرێنێت و سپای پاسداران دروست دەکات، چەمران دەکات بە فەرماندەی کل قوا (هەموو هێز) و فەرمان دەدات کە لە ماوەی ٢٤ کاژێردا سپا بگاتە 'پاوە' و هەر بۆ خۆشی فەرماندەی ناوچەکە بە دەستەوە دەگرێت. پاش بەکۆمەڵکوشتنەکانی لە کوردستان و جێگیرکردنەوەی سپا، چەمران بە وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگریی/ دیفاع خەڵات دەکرێت و دەبێت بە یەکەم وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چەمران تا مردنی لە خۆزستان، بە پلەی سیاسییدا بە بەردەوامیی دەچووە سەر.

بەو شێوەیە دەتوانین چەند سەرئەنجامێک لەو دۆخەی کوردستان کە کاک فوئادی تێدا بووە، هەڵبهێنجێنین:

١. کەم ئەزموونی لە خەباتی سیاسیی، لە گفتوگۆ و دانوستاندن، لە هونەری چۆنیەتی قسەوباس لەگەڵ دوژمن، نەزانین یان زۆر کەم زانین لە نەخشەی جوگرافیی/ سەربازیی، نەزانین لە شێوەبیرکردنەوەی سپا و نەخشەکێشانیان و هتاد.

٢. نەبوونی چەکی پێویستی بەرابەر رووبەڕووی ئێران، نەبوونی هێزی پێشمەرگەی پێویست، نەبوونی ئازووخە، خۆراک، کەلوپەل و هتاد.

٣. هەبوونی جاسووس و بەکرێگیراو و جاشی بەئەژمار لە دۆخی هەژاریی و ترس و باوەڕبەخۆنەبووندا کە دەبنە هۆی ئەوەی زەرەر نەک هەر لە کەس و دووان و دە، بەڵکو لە هەموو گەل و نیشتیمان و لە تەواوی دونیاش بدەن.

٤. زیرەکیی و زرنگیی و ئامادەباشیی و ڕێکخراویی دوژمن لە زۆر بواری جیاوازدا، بۆ نموونە لە سەر ناسینی نەخشەی جوگرافیای کوردستان و ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگەیان تێدا بووە، هەبوونی ئامرازی هاتنوچوونی باش وەکوو هێلیکۆپتەری بارهەڵگرتن، دامودەستگای بێسیم و هتاد.

پرسیارە هەرە یەکەمین و گرینگ و شایانباسەکان کە ئێرانیەکان لە خۆیان کردووە ئەمانە بوون: کوردەکان رێک خراون یان نا، ڕێکخستنەکان چۆنن، ئایدیۆلۆژیی و ستراتیژیان چییە، شێوەی رێکخستنیان چۆنە، چ جۆرە ئامرازگەل و کەلوپەل و شتومەکێکیان لە بەردەستدا هەیە. بەڵام سەرتۆپی ئەو پرسیارانە ئەوەیە کە ئایا کێ سەرۆکیانە، کێ رێکخەریانە، ئەو کەسە یان کەسانە کێن، پێشینەیان، خوێندن و سەوادیان، زمانزانیی و لێهاتوویی و کارزانیان، شێوەی بەرخورد و مامەڵەیان لەگەڵ خەڵک و هتاد.

”... ڕادیۆمان کردەوە، گوتی فوئاد مستەفاسوڵتانی ڕەهبەری یەکیەتی جووتیاران شەهید بووە“ (کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟ لاپەڕە ٢٢١).

ئیرانیەکان زۆر باش زانیوویانە کە کاک فوئاد لە کردەوەدا رابەر بووە. ”لە مەریوان ئەسڵی کار گفتوگۆ لە نێوان کاک فوئاد و چەمران بوو ... کاک فوئاد لە وتووێژەکاندا واقیعەن ڕۆڵی گرینگی بوو... وێنەیەکی کاک فوئاد هەیە کە سەری ناوەتە بان دەستی. ئەوە لە داڵانەکەدا لە کاتی پشووداندا گیراوە. دیاربوو چەندە ماندووە، فشاری ئەو وتووێژەی زۆر لە سەر بوو. کاک فوئاد بە ڕاستی دیفاعی دەکرد لە خەڵکی مەریوان و لە داخوازیەکانیان و لە چوونەدەرەوەی سپای پاسداران“. (”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟ لاپەڕە ٢٩٨)

بە خوێندنەوەی دۆخی ئێران و ئەو کاتەی ئیسلامیستی شیعە و ئایەتوڵا خومەینی و چەمران و باسەکان و ناسینی کاک فوئاد، دەردەکەوێت کە کوشتنی فوئاد پیلانێکی نەخشەبۆکێشراوی ورد داڕێژراوی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامیی بووە و جێی داخە تا ئێستا بە هۆی دەستکورتیی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستانەوە لەو بەشەدا دەست نەکەوتوون. ئەسڵەن کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی کوردستان ناشارێتەوە، بەڵکو بە ئاشکرا بە سەرکەوتنەکانی لە کوردستان خۆی هەڵ دەکێشێت.

کاتێک چەمران دەڵێت کە دەبێت سپا لە ماوەی ٢٤ کاژێردا بگاتە 'پاوە' دیارە بە پلەی یەکەم مەبەستی لە سپای پیادە نییە، بەڵکو لەو دەستە پاسدارانەن کە بە هۆی هێلێکۆپتەرەوە دەگەینرێنە سەر شوێنە ستراتیژییەکان. مەلەکە لە نووسراوەی دەهەمین ساڵیادی دایەبەهێ دا نووسیویە:

”... رۆژی ٩ ی شەهریوەر بوو ئەو ڕۆژە ٨ - ٩ دانە هێلی کۆپتەر دایم دەهاتن و دەچوون، هاتن و چوونی ئەو هێلی کۆپترانە ئوقرە و ئارامشی لە دایە بەهیە هەڵگرتبوو. لە رادە بەدەر نارەحەت بوو، زۆر پەریشان حاڵ و نیگەران بوو. دەتگوت هەستی بەوە کردبوو و ئیحساسی ئەکرد کە هاتوچوونی ئەو هێلی کۆپترانە دیسان وەیشوومە و نەهامەتێکی تری هاپێوە کە دامەنگیری دەبێت“. (نووسراوەی ”دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم“، لاپەڕە ١٣).

ئەم گێڕانەوەیە لەگەڵ خۆئامادەکردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کوردستان و جموجوڵی ئەوکاتەی سپا دێتەوە. کاک ئیبراهیم جەلال ـیش ئاماژە بە هەمان جۆر لە چالاکیی دەکات و دایەبەهێ تەنانەت شیعریشی لە سەر مەترسیەکان هەڵداوە کە ”زوو زوو“ بە دەم شیعر هەڵدانەوە چڕیویەتی:

تەیارەی چەمران شانە وشان ئەکات

داوای جوانەکان مەریوان ئەکات

(نووسراوەی ”دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم“، لاپەڕە ١٣).

پێش لە نەخشەداڕشتن بۆ تیرۆرکردنی کاک فوئاد، سپا و دەستگای سەرکوتکاری چەمران لە کوردستان هەم ژیانی کاک فوئاد و نەخش و توانایان زانیووە و هەم خانەوادەکەی. مەلەکە دەگێرێتەوە:

”ڕۆژی ٢٨ ی موردادی ساڵی ٥٨ کاک حەسین و کاک ئەمین بە دەس جەنایەتکارەکانی ئیسلامی و جاشەخۆفرۆشەکان گیران و لە پادەگانی مەریوان زیندانی کران ٦ ڕۆژ لە زینداندا بوون. لە ماوەی ئەو ٦ رۆژەدا ئەو دایکە بێچارەیەمان هەوڵ و تەقالای زۆری دا، جوو بۆ لای 'خەڵخاڵی' خوێن مژ و قەساب و تەنانەت چووە ماڵە جاشەکان و تکا و تەمەنای زۆری لە یەکێک لە جاشە خۆفرۆشەکان بە ناوی 'شێخ عبدولی کۆنەپۆشی حەسەن ئاوڵە' کرد و زۆری لەبەر پاڕایەوە بەڵام هیچ یەک لەوانە فایدەی نەبوو“. (نووسراوەی ”دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم“، لاپەڕە ٩).

شێوەیەک لە دەرسدادانی خەڵکی تێکۆشەر بە مانای ترساندن و وازپێهێنان و ڕاونانیان، لێدانە لە تەواوی بنەماڵەکە. ئەم نموونانە بە شێوەی جیاواز لە تورکیا و ئێراق دژ بە ئازادیخوازانی کورد زۆرن و ڕوویان داوە. بەسەرهاتەکان پێمان دەڵێن کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە وردیی بنەماڵەی ئەوانەیان ناسیووە و لە ژێر چاودێریدا دایناون کە دژایەتی ئێرانیان کردووە، و کە بەتایبەتی پێشینەی ئازادیخوازییان هەبووە.

”[کاک فوئاد] بە چەکیشەوە ئەهاتە ناو پادگان و ناو وتووێژەکان. یەک دوو پێشمەرگە زیاتری لەگەڵ نەبوو، لە حاڵەتێکدا سەد جاش لە حەوشەدا بوون“. (کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟ لاپەڕە ٢٩٩)

راگەیاندنی رادیۆی تاران سەبارەت بە مەرگی فوئادی مستەفا سوڵتانی وەکوو مزگێنیەک بە 'خەڵک'، هیچ گومانێک لە پلانی دارێژراو و پڕوردەکاریی کوشتنی کاک فوئاددا ناهێڵێتەوە.

مەلەکە وەبیرمان دەهێنێتەوە کە ”جاش 'حەسەن بەگی نەچێ' تەنانەت سەری بردووەتە ناو ئەو ماشینەوە کە پوری کاک فوئاد یەکێک لە سەرنشینانی بووە و پێی گوتوون ”فوئادمان کوشتووە“. (نووسراوەی ”دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم“، لاپەڕە ١٤).

لە قسەی تەعاروفی ناو گێڕانەوەی شاهیدەکان بگەڕێین، دوای کوشتنی کاک فوئاد کۆتایی بە شەڕەکە هاتووە. ئەگەر شەڕفرۆشتنەکە وەڵامدانەوەیەکی کوێرانە و ناحیساببۆکراوی سپا بووایە لە خەڵکانێکی چەکدار کە دیاربووە کوردن، ئەوا تا کوشتنی دوا بە یەکی ئەو پێنج کەسە شەر بەردەوام بوو و خودی شەڕەکە سەرئەنجامی دیکەی دەبوو. بەتایبەتی لەبەرئەوەی کە خودی سپا شەڕەکەی هەڵبژاردووە و کە نەشیاندەزانی کام لەو کەسانە گرینگن و هۆیەک بۆ فەرامۆشکردن و بەخاترسپاردنیان لە ئارادا نەبووە.

لەبەر بەشداربوونی سپا لە مانا سەربازیەکەیدا لەو شەڕەدا حەتمەن تۆمار و پرۆتۆکۆلی شەڕەکە لە ئەرشیڤ لە مەریوان، سنە یان تاران یان هەر سێکیاندا بە شێوەی یەکتر تەواوکردن هەیە. کەم جار ڕوو دەدات کە سپا ئۆپەراسیۆنێک بکات و لە ئەرشیڤی سپادا تۆمارەکەی هەڵنەگیرێت.

چەمران حەتمەن بە شێوەیەک یان لە خودی ئەو شەڕەدا بەشدار بووە و چووەتە سەر تەرمی کاک فوئاد یان ڕاستەوخۆ پاشان پێوەندیی پێوە کراوە و سەبارەت بە مەرگی بێگومانی کاک فوئاد وەڵامی پێ دراوە. کاتێک چەمران بە مەرامی خۆی دەگات یەک و دوو لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەدا ناکات. هەر لەبەرئەوەیە هەم زوو تەرمی کاک فوئاد و کاک تەهموورس ئەکبەری دەخرێتە بەر دەستی خەڵک و هەم رێگایش دەدەن تەسلیم بە خانەوادەیان بکرێن.

چەمران کە خاوەن ئەزموونی مەیدانیی و تیئۆریی بووە حەتمەن زانیوویەتی کە بردنەوەی تەرمی کاک فوئاد بە شان و بە ماشینی شەقوشڕ، لێرە بۆ ئەوێ، ڕووەو ماڵێکی تازە کۆستکەوتوو، بە چ شێوەیەک کاریگەریی خراپ و ڕووخێنەر لە سەر خەڵکی ناشۆڕشگێڕ دادەنێت.

هۆی سەرەکیی لە پشتی سپاردنی تەرمەکەی بە خەڵک ئەوە بووە کە خەڵک بە چاوی خۆیان بیبینن کە سپای ئیسلامیی ئێران درۆیان لەگەڵ ناکات.

لەو بارەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە ٣٤ ساڵ بە کوشتنی کاک فوئاددا تێپەڕ بووە، هێشتا هەر درەنگ نییە کە وەدووی زانیاریی و فاکت بکەوین، تەنانەت لە ناو ئەو خەڵک و جووتیارانەدا کە وەختی خۆی کاک فوئادیان خۆشویستووە. ئەوی تا ئێستا بینیوومانە ئەوەیە کە هەم خەمساردیی و هەم بە ئێنقەست پەیگیرینەکردن، شایەد بە هۆی بەخیلی سیاسییەوە، لە پشت ئەو سۆراخ نەکردنەوە دەبینین. ئەوی کراوە، کە جێگای دەستخۆشیلێکردن و سپاسمەندییە، تەنها لەلایەن خانەوادەیەکی برین ناسۆرەوە کراوە کە تازە وردەوردە لە شۆکی کارەساتەکان ڕزگار دەبن.

لە ڕاگەیاندنی مەرگی کاک فوئادا دەبینین کە تاران گورج و گۆڵ بووە. ئەمە مانای سیاسیی فرە قووڵی هەیە.

تاران مزگێنی داوە.

چەمران باش زانیوویەتی کە ئاوی لە قەڵای دمدم بڕیوە.

جاش 'حەسەن بەگی نەچێ' ـش ڕاستی گوتووە. ”فوئاد” ـیان کوشتبوو!

کاک فوئاد، زەریایەک لە ئەوین بۆ ژیان

لە قسەکاندا دەگێڕدرێتەوە کە ”فوئاد سەرەرڕۆ بوو“ یان بە شێوەیەک بە پێی پێویست بە دەربەست ژیانی خۆیەوە نەهاتووە.

بەڵام لە خوێندنەوە و گوێگرتن و بیستنی رووداوەکان لە کاک فوئاد و سەبارەت بە ئەو، خوێنەر تێدەگات کە ئەوە بۆچوونێکی چەوتە. کاک فوئاد لە پێناوی ژیاندا کەوتبووە ناو خەباتەوە و بەو شێوەیەش بەدەربەست ژیانی خۆیەوە هاتووە، بەڵام مرۆڤی ئازا کە هەست بە بەرپرسایەتی مێژوویی دەکات و گۆڕینی بارودۆخی داسەپاو بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت، هەرگیز بە دەمی خۆی داوا ناکات بپارێزرێت.

مرۆڤ هەن وا پەروەردە بوون کە لە سەر خوان دەزانن چەندە خۆراک بەشی ئەوانە و زیاتر دەست درێژ ناکەن، کە لە دوورەوە کەوش و پێڵاوی دڕاو دەبینن، کە خەم لە چاوی لاوێکی شەرمندا دەناسنەوە، کە ئاگایانە خۆیان قوربانی دەوروبەر دەکەن، بەڵام حەتمەن لە قووڵایی دڵیانەوە پێیان خۆشە هاوپشت و پارێزەریان هەبێت.

کاک فوئاد کاتێک لە ٣١/٨/١٩٧٩ لە 'ئاگجە' وە بەرەو بانە وەرێ دەکەوێت دەزانێت کە لە دۆخی بێ پشتوپەناییدا، جا هۆ هەرچییەک بێت، تەنیابوون و پشتبەخۆبەستن تەنیا ئەڵتەرناتیڤە. مێژوو دەیگێڕێتەوە کە کاک فوئاد جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە پلەی یەک داناوە.

بیروباوەڕی کاک فوئاد

پرسیار هەن کە بە داخەوە هەر لە یەکەم هەناسەوە بە هەڵە پێ هەڵدەگرن. پرسیاری ”ئایا کاک فوئاد کوردستانیی بوو یان ئێرانیی؟“ لە زۆر شوێندا دەکردرێت.

هیچ کەسێک ناتوانێت سیناریۆیەک لە سەر خودی کاک فوئاد و چۆنیەتی کاریگەریی کاک فوئاد لە سەر دۆخی کوردستان لە سەر بناخەی ئەگەر و بەڵام و ئاخر هەڵبچنێت. باسی وا لە باسە گرینگ و ناوەرۆکیەکان دوورمان دەخاتەوە. ئێمە دەتوانین تەنها تا دوا هەناسەدانی کاک فوئاد کار و ڕەنج و دەستکەوتی ئەو هەڵبسەنگێنین و قسەیان لە سەر بکەین.

کاک فوئاد وەکوو هەر شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەی دیکەی ئەو دونیایە دروست لە خۆی و لە ماڵی خۆیەوە دەستی پێکردووە. پاش زیندان ناحەسێتەوە، مل بە کولتوری باوی کوردەواریی نادات کە حەتمەن دەبێت کارێکی بژێوی و هاوسەرێک پەیدا بکات، بەڵکو یەکەمین کەس و پەیگیرترینە کە دەزانێت خەبات دەبێت حیرفەیی بکردرێت، کە تێکۆشان دڵخوازانە و خۆبەخشانە بێت.

کاک فوئاد هەر ئازادیخواز نەبوو بەڵکو پێشکەوتووخواز و ئینتەرناسیونالیستیش بوو. لەو ڕووانگەیەوەیە کە پشتیوانییش لە ئازادیخوازیی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات و کە بە ناو ناوی ”ئازەربیجانی ئێران“ و ”فارسستان“ دەبات. کاک فوئاد کێشەی سنووری نییە و عاشق بە سنووری نێوان مرۆڤەکان نییە کە حەتمەن سنوورەکان دەبێت هەڵبچنرێن، هەرلەبەرئەوە ئامادەیە بۆ هەموو ئێران تێبکۆشێت ئەگەر ئەوە بە ”کردەوە“ لە قازانجی هەموواندا بێت. کاک فوئاد پێشکەوتووخواز بوو، هەر لەبەرئەوە دژ بە کۆنەپەرستیی ناوخۆ و سەرجەم کۆنەپەرستیی ناو ئێران بوو. تێگەیشتن لە کاک فوئاد زۆر هاسانترە لەوەی کەسانێک بە مەرامی بەرژەوەندیی غەیرەسیاسیی و غەیرەئایدیۆلۆژیی دەیانەوێت سوودی لێوەربگرن.

”... وەلێ ئەگەر ئاڵوگۆڕەکان وابوو کە مەسەلەن لە ئازەربایجانی ئێران یان لە فارسستان سازمان یان حیزبێکی وەها هەبێ کە لەو جەهەتەوە نەڕوواتە پێشەوە، واتە نیسبەت بە مەسەلەی شۆڕشی ئێران سیاسەتێکی غەڵەتی هەبێ و بەرامبەر بە ئەمی تر یەک ناکەوێ، نابێت [سازمانێکی شۆڕشگێڕ لە کوردستان] خۆی ببەستێتەوە بەوەوە. وەلێ ئەگەر لە مەجموعدا بەرەو یەک ئەچن ئەبێ هەوڵ بدا، واتە سازمانێکی شۆڕشگێڕ لە کوردستان لە سەر شانیەتی کە عەمەلەن لەوێوە بڕووا. نەک تەنیا شیعارێک بدات، نازانم 'مستحکم باد پیوند خلقها' [پتەو بێت پێوەندی گەلان] و فڵان و ئەمانە. بەڵکو لە باری عەمەلییەوە و راستەوخۆ بۆ کارکردن لە ناو خودی تەبەقەی کرێکاردا ئەبێ ئەو کارە بکات. مەخسووسەن هەوڵ بدا کە ئیمکاناتی بەرەو ئەو جەهەتە بڕووا“ (کاک فوئاد خۆی/ ”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟“ لاپەڕە ٣٧٤)

... ”[تۆ لە قسەکانتدا وتت کە حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان ـمان قەبووڵە؟] نەء، وتم ئەو مەسەلە هێشتا بۆ خۆمان ساخ نەبووەتەوە. بۆ شەخسی خۆم، وتم مومکینە ئەوە دروست بێت. بەستەگی بە ئاڵوگۆڕەکان و خەباتی تەبەقەی کرێکار لە ئێراندا هەیە. ئەگەر ئاڵوگۆڕەکان و خەباتی سەرانسەری لە ئێران ئەساسەن بەرەو وەحدەت برووا، پێویستە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەبێ، وەلێ من مەسائیلی ترم لە بەرچاوە ... ئەگەر ڕووداوی وا لە کوردستان بێتە پێشەوە هەر لە سەر ئەساس و ئوسووڵی مارکسیسم کە حەتا میللەتێک حەقی هەیە جیا بێتەوە، حەقیشی هەیە حیزبی سەربەخۆی خۆی هەبێ. وەلێ ئەگەر بار بەرەو وەحدەت بڕووا، تەبعەن مەجموعەی ئاڵوگۆرەکان ئەبێ بە یەکەوە بێت، واتە فرەتر خودی ئەو ئەسڵە مارکسیستییە تابیعی شەرایتەکەیە“. (کاک فوئاد خۆی/ ”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟“ لاپەڕە ٣٧٣)

کاتێک کاک فوئاد دەڵێت ”پیاو نۆکەری بکات هەر نۆکەری خەڵکەکەی خۆی بکات خاسترە!“ (کاک فوئاد خۆی/ ”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟“ لاپەڕە ٣٦٩) ئەگەرچی پێوەند بە لایەنێکی دیکەیە، بەڵام تێگەیشتنی کاک فوئاد و ئامادەباشیی ئەومان نیشان دەدا کە لە ئەسڵ و بنچینەدا چۆن بیر دەکاتەوە. کەسایەتی کاک فوئاد لە سەر بناخەیەک داڕێژراوە کە یەکسەر لای مرۆڤ جێی متمانە و باوەڕە.

خەباتی لایەنی پێشکەوتووخواز لە خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی هەمیشە دووجەمسەر بووە. لەلایەکەوە سەربەخۆیی کوردستان و ئازادیی خەڵکەکەی خاڵی سەرەکییە و لەلایەکی دیکەوە ئەگەر زەمینە بۆ ئاوێتەکردنی گەرمیی تێکۆشانی کورد و ویستی نەتەوەکانی دیکە بۆ پێکەوەژیانێکی هاوبەشی ئازاد و بەرابەر لە کردەوەدا فەراهەم بێت، ″پرسیاری بۆچی نا(؟‟ دێتە ئاراوە.

ئەگەرەکان سەبارەت بەوەی نەتەوەکانی دیکە ئەوەیان ناوێت و ئەوەیان قەبووڵ نییە، ناتوانێت خواستی پێشکەوتووخوازانی کورد بۆ برایەتیی و پێکەوەژیانی فرەلایەنیی کە وەکوو تیئۆرییەک دەخرێتە بەردەست، بە هاسانیی ڕەت بکەنەوە.

ئەگەر بەشێک لە ئاییندەبینیی کاک فوئاد بۆ ئاییندەی نادیاریکراو دامەزراندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی ئێرانیی بوو بێت کە کەس ناتوانێت حەتمیەتی جۆرێک لە ویستی وا لەودا بسەلمێنێت، لە ڕووی ستراتیژیی و مەیدانی خەباتی کردەوانە و ئەو ڕوونکردنەوە و شیکردنەوانەی خۆی کە دەیخوێنینەوە و گوێی لێ دەگرین، تێدەگەین کە کوردستان و خەڵکەکەی، بەتایبەتی جووتیاران و کرێکاران، کرۆکی ڕەگ و ڕیشەی کاک فوئادن.

دڵی سووتاو، گلەیی دۆستانە و ڕەخنەی نەرم

مەلەکە و ڕەزا و حیشمەت بە هەمان ئەو دڵفراوانییەوە کە دایەبەهێ نواندی ئاوەڕ لە ڕووداوەکان دەدەنەوە. هەر سێکیان هەوڵ دەدەن وەکوو خەباتگێڕی زیاندیدە بەرخورد بکەن نەک وەکوو خوشکوبرا بەر یان لایەن بگرن. باسی گیانبەختکردنی کاک فوئاد ناکەن بە باسی شەخسیی و بە مێشکی ئەوڕۆ ڕەخنە لەو ڕابردووە ناگرن کە تا بڵێیت جێگای باسە. هیچیان مەرامی شاردراوە و پشت پەردەیان نییە.

قسەکانی مەلەکە و ڕەزا و حیشمەت بە سوودن، ڕەخنە و تێبینیەکانیان لە جێی خۆی دایە. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک کاک فوئاد دەخوێنینەوە یان گوێی لێدەگرین دەبینین خۆی پێش وەخت وەڵامی ئەوڕۆ و ئەو جۆرە بەرخورد و رەخنانەی داوەتەوە.

”... ئێمە ئەوەمان هەیە بە شێوەی پێوانەگەلێک، بۆ نموونە هەر لە ئەندامەتیدا بێجگە لە باری بیروباوەڕەوە، واتە لە باری ئیدیۆلۆژییەوە، ئەبێ ئێمە لە باری سیاسیی و شێوەی کارەوە وەکو یەک کار بکەین. پێوانەکان مەسەلەن لە باری چینایەتیشەوە ئیتر بۆمان فەرق ئەکا. دێتە سەر ئەو برادەرە کە لەگەڵیدا کار دەکەین؛ کرێکارە، جووتیارە یان خوێندەوارە. پێوانەکە بۆ خوێندەوار بڕێک قورس و قایمترە؛ بۆ ئەوانی تر سووکترە. یەکێکی تر ئەوەیە کە حیرفەیی [پرۆفیشونال] لە خزمەت ڕێکخراودا بێت. بیروڕای ڕێکخراوە قبووڵ بکات و لە یەکێک لە بەشەکاندا مەسئولیەت قبووڵ بکات. دەبێ یارمەتی مادی و مەعنەوی بدات و مەخسووسەن بە شێوەی حیرفەیی لە خزمەت تەشکیلاتدا بێت. ئەوەش شێوەگەلی موختەلیفی هەیە. مومکینە وەکوو کرێکارێک لە کارخانەیەکدا لازم بێت کار بکات، یان وەک فەلایەک لە دێهاتێکدا یان وەکوو پێشمەرگەیەک بێت. یان بە شێوەی کەسێکی حیرفەیی سیاسیی. واتە فەقەت خەریکی خەبات بێت و ئیتر هیچ قەید و بەندی ژیانی خسووسی نەبێت. (کاک فوئاد خۆی/ ”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟“ لاپەڕە ٣٦٠-٢٦١)

لە سەرچاوەی ئەو کانییەوە بوو کە کاک فوئاد لە خۆی و خانەوادەکەییەوە دەستی پێ کرد. بێگومان جێی داخە ڕێکخراوەیەکی لەو شێوە کە کاک فوئاد نەخشەی پاشەڕۆژی بۆ دارشتووە هەر پاش کوژرانی ئەو رێچکەی دەگۆڕێت، هێدی هێدی خزم و خزمگەریی و ژنومێرد و برادەرگەریی و هاوبەرژەوەندیی تاکەکەسیی دەبێت بە یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیە ناسراوەکان تیایدا کە تا ئێستایش برەودارە و بیمارییەکە کە تازە لە تیمارکردن نایەت. کارکردنی حیرفەیی دەبێت بە مووچەبگیریی و تەنانەت بە خراپترین لە شێوەکانی سووئیستیفادەکردن لە سەرچاوەی ماڵیی و کردنی ڕێکخراو بە دووکان و بە سەرچاوەی خۆژیاندن و خۆبەخێوکردن. ”نەبوونی قەید و بەندی ژیانی خسووسی“ کە گرنگترین و پیرۆزترین شێوەی خەبات و سەرکەوتووترینیانە پاش مەرگی کاک فوئاد دەبێت بە هاوسەرگرتن و هاوسەرگۆڕین و تاپۆکردنی پلەومەقامی سیاسیی و قۆرخکردنی دەسەڵات لە فۆرمی ئەزەلییدا.

وێنەی کاک فوئاد، نەمرانی تێکۆشەری بەجەرگی وەکوو حەمەحوسەین کەریمی و سەدیقی کەمانگەر و وێنەی هەزار جار شۆردراوەی بەشێک لە شەهیدان کە لێرەولەوێ هێنراون دەکرێن بە بەیداخی سەحنەی دروشمبازیی و پول دەرهێنان و خۆشاردنەوە لە بەرپرسیاریەتیی و هەڵهاتن لە جیددیەتی سیاسیی.

هەموو ئەوانە بە دڵنییایەوە خەمی خەساری کاک فوئاد سەختتر دەکات.

کاک فوئاد کەسایەتیەکی خۆشەویست، فیداکار، ماندوونەناس و خاوەن ئاییندەبینیی تایبەتیی خۆی بوو. لەبەرئەوە بێگومان مرۆڤ دەتوانێت پێدابگرێت و بڵێت کە بەردەوامیی ژیانی کاک فوئاد دەیتووانی کاریگەریی کۆنکرێتی لە سەر ئاییندەی ئەو ڕێکخراوەیە و لە سەر رەوتی ڕووداوەکان لە کوردستان هەبێت. بەڵام کاک فوئاد ژیانی خۆی بەخشی و چوو. لەبەرئەوە گرەوگرتن و ئەگەربازیی و ئاخر و بەڵامەکان بێسوود و ناپێویستن و دەمانخەنە ناو سیناریۆی هەزاربەهەزارەوە.

”فوئاد“ وشەیەکی عەرەبییە و بە مانای ”دڵ“ و ”ئەقڵ“ دێت و هاوکات بۆ ناوی نێرینە بەکار دەبردرێت. کاک فوئاد بە کەمتر لە ساڵێک ژیان لە هەوای ئازاددا سەلماندی کە هەم دڵی جەماوەری بەرینە و هەم ئەقڵیش.

بەئەژمارن ئەو کچ و کوڕ و ژن و پیاوانەی لە سەر رێچکەی کاک فوئاد، بە وەفاداریی گەورەوە بۆ بەرابەریی و مافی مرۆڤ، بۆ دادوەریی کۆمەڵایەتیی و بۆ دونیایەکی ئازاد، دروست هەروەکوو ئەو لە پەنا بەرد و لاپاڵ و قەدپاڵ و چۆڵەدەشتێکدا، گیانی پاکیان سپارد. کەسایەتی ئەوان، سەرەڕای ئەوەی کە هەروەکوو فوئاد کراون و دەکرێن بە سەرچاوەی بانگەشە بۆ مەرامی شەخسیی غەیرە سیاسیی و غەیرەئازادیخوازیی، لە دڵی ئازادیخوازاندا دەژین و هەرگیز لە یاد ناچن.

ڕێبوار ڕەشید

١٢/٧/٢٠١٤

هەندێک سەرچاوەی سوودلێوەرگیراو

١. http://www.americanthinker.com/2007/08/jimmy_carters_human_rights_dis.html

٢. مەلەکە مستەفاسوڵتانی: دایکم لە بواری مەینتەکاندا وەک پۆڵا وا بوو (تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ لە مەرگی دایکم)

٣. ”عەکسی قەمەر لە ناو ئاوێکی لیخن دا“ نیوەبەیتی شیعرێکی شاعیری نەمر گۆران بە ناوی ”بۆ فریشتەی مامۆستا/ دەروێش عەبدوڵا: بەڵێ دیارە لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتكار وەكوو عەكسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێـكی لیخندابەڵێ دیارە لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار/ وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو ئاوێکی لیخندا“.

٤. http://www.chamran.org/old/biography.htm

٥. چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە/ برایم جەلال/ ژمارەی سپاردن (١٣٧٠) ی ساڵی ٢٠١١/ چاپخانەی چوارچرا/ چاپی دووەم ٢٠١٣. نووسەر لەم کتێبەدا بەشێکی بە تایبەتیی بۆ چۆنیەتی کوشتنی کاک فوئاد تەرخان کردووە بە ناوی ”چوونم بۆ لای کۆمەڵەی ئامۆزا“، لا ٢٩٩- ٣٠٥

٦. کاک فوئاد ڕێبەر، سیاسەتمەدار و زانایەکی سیاسیی/ ڕەشاد مستەفا سوڵتانی/ چاپخانەی ڕۆژهەڵات، باشووری کوردستان (٢٠٠٦). ئەوانەی ئەم کتێبەیان نییە، دەتوانن لە سەر ئینتەرنێت بیخوێننەوە: http://kakfoad.com/bok/kak_foadChap1-13.pdf

٨. ڕەشاد مستەفاسوڵتانی/ چەند بیرەوەرییەک لە کاک فوئاد/ ١٠/٧/٢٠١٣

٩. http://asreiran.mihanblog.com/post/30

١٠. چمران و کردستان: با امام رایزنی کرد تا خلخالی را به تهران بازگرداند

http://www.asriran.com/fa/news/219887/%DA%86%D9%85%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7-%D8%A7%D9%85%D8%A7%D9%85-%D8%B1%D8%A7%DB%8C%D8%B2%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D8%B1%D8%AF-%D8%AA%D8%A7-%D8%AE%D9%84%D8%AE%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D8%B1%D8%A7-%D8%A8%D9%87-%D8%AA%D9%87%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%DA%AF%D8%B1%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%AF

١١. فیلمی ”چ“ ساڵی ٢٠١٣ کە باس لە ٧٢ سەعات لە ژیانی مستەفا چەمران دەکات دوو مەبەستی سەرەکیی هەیە، یەکەمیان گۆڕینی وێنەی مستەفا چەمران لە تیرۆریستێکی ئیسلامیی ناحەز و ناقۆڵا و دڕندەوە بۆ هاونیشتیمانیەکی وڵاتپارێزی موسڵمان کە سەرباقی هەموو دادوەریی و دڵگەورەییەک ناچارە بە هێزی چەک رێگا لە دابەشکردنی خاکی موسڵمانان و لە دەستدرێژیی خرپەکاران بپارێزێت. دووهەم کە وێنەیەکی نادروست و نابەجێی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان بە خەڵک نیشان بدات و جەماوەر وەبیربهێنتەوە کە ئێران هەمیشە لە خەتەری دابەشکردن و گێرەشێوێنی ”منافقین“ دایە.

نووسراوەی بێئەژمار لە سەر فیلمی ”چ“ هەیە. لەم دانەیەدا باس دەکرێت کە پرۆژەی فیمێک لە سەر ژیانی چەمران دەگەرێتەوە بۆ ١٥ ساڵ پێش تەواوکردنی فیلمەکە، واتە کۆتایی نەوەدەکان.

”چمران یادآور شد: پیشنهاد ساخت فیلمی درباره شهیدچمران را حدود ۱۵ سال پیش به وی دادم تا بالاخره این توفیق امسال حاصل شد. این عضو شورای شهر تهران در ادامه درباره فیلم «چ» نیز گفت: فیلم درباره ۷۲ ساعت زندگی شهیدچمران در پاوه است. شهری که یکی از نقطه عطف‌های انقلاب اسلامی است، پاوه آخرین نقطه‌ای بود که به دست منافقان نیفتاد و اگر این اتفاق می‌افتاد و شهر سقوط می‌کرد، چند شهر از ایران جدا می‌شد اما خوشبختانه دشمنان این آرزو را به گور بردند، بنابراین این واقعه در تاریخ ما بسیار مهم است.“

” او با بیان این مطلب که باید تاریخ را درست بنگاریم و آن را صحیح به نسل‌های آینده بسپاریم، گفت: در فیلم دیگری که سال‌ها قبل ساخته شده بود، نشان داده شده بود که شهید چمران با یک آهو و چند نفر با یک جیپ وارد پاوه شده‌اند در صورتی که این درست نیست. زیرا آن زمان پاوه محاصره بود و هیچ‌کس حتی نفربر زرهی هم نمی‌توانست وارد شهر شود. شهید چمران با هل‌کوپتر وارد شهر شد. در صحنه دیگر نشان می‌دهد که شهید چمران کشیده‌ای به یک رزمنده می‌زند که این صحنه هم اصلا یک شوخی است.“

بڕووانە:

http://www.alef.ir/vdcb5zb5zrhb8sp.uiur.html?217527

http://www.baharnews.ir/vdci3pap.t1apz2bcct.html

....

تابلۆیەک لە بەشێک لە قسەکانی کاک فوئاد کە بووە بە مێژوویەکی تۆمارکراو:

”... هەڵبەت دەرەبەگ هەتا لێیان یەقین نەبوو کە شا حەتمەن ئەڕوا و کاری تەواو بووە، هەر لایەنگری شا بوون و تا ئەو جێگا ئەیانتوانی لە شۆڕشدا پشێوییان ئەکرد. وەلێ دوای ئەوە بۆیان مەعلوم بوو کە ڕۆیشتنی شا حەتمییە بایان داوە و گشتیان بوون بە ئایەتوڵا و وەک موردیدی خومەینیان تیادا دەرهات. وەلێ لە عەینی حاڵدا بۆیان دەرکەوت کە تەنیا ئیعلام و وەفاداریەکی سادە بە جمهوری ئیسلامیی کافی نییە و کەوتنە خۆڕێکخستن و ناکۆکیەکانی ناو تایەفەکانیان لابرد. سندووقی هاوبەشیان دانا و چەکیان کڕی و لە مەریوان بە پێچەوانەی جێگاکانی تر کە شاردراوە بوو ئیعلامیان نەکرد بەڵام لە واقیعدا شورای عەشایەری خۆیانیان دروست کرد. ئەتوانم بێژم بەر لە ٢٢ رێبەندان [ڕووخانی ڕژیمی شا] ئەوەڵین هێزێک کە تەقریبەن ئاشکرا هێزی چەکدار خۆی نیشان دا دەرەبەگ بوو. هیچ هێزێکی تر کە بتوانێت ئەسڵحە نیشان بدا بە ئاشکرا نەبوو. هێشتا شاپوور بەختیار مابوو، ئەوان ئاشکرا ئەسڵەحەیان حامڵ ئەکرد. مەخسوسەن تفەنگچیەکانی حەمە خانی کانی سانان ماڵەکەی لە شاردایە، وردە وردە خۆیان ڕێکخست و خۆیانیان چەکدار کرد. بوون بە ئایەتوڵا و هەر لە پەسا کە دۆخێکی تازە ئەهاتە پێش دەستیان ئەکرد بە پێشڕەوی“. (”کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، کێ بوو؟ ئامانجی چی بوو؟ چۆن گیانی بەخت کرد؟“ لاپەڕە ٣١٧)


bottom of page