top of page

کاک فوئاد لە زەینی مندا


بە تەواوی لەبیرم نییە چ ساڵێک بوو، بەڵام دەبێ سەرەتای نیوەی یەکەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بووبێ. ئەو رۆژانەی کە لە ئەنجامی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان زۆر شار و شارۆچکە لە دەست پێشمەرگەدا نەدەمان و بنکە و بارەگاکان وردە وردە بەرەو ئەو گوند و ناوچانە ڕادەگوێزران کە تا ئەو کاتیش لە دەست پێشمەرگەدا مابوون. بێوران [گوندەکەی من] و دەوروبەری، کە پێشتر جارێک کەوتبووە دەست دەوڵەت و زۆرێک لە دانیشتوانەکەشی ئاوارە ببوون، دوای ماوەیەکی نە زۆر درێژ کەوتەوە دەست پێشمەرگە و ژیانی ئاسایی دەستی پێکردەوە. وا بزانم دەمە دەمی دروێنە و جۆخین هەڵگرتن و ئەو جۆرە کارانە بوو کە هەواڵی هاتنی "مەقەڕی کۆمەڵە" بۆ گوندێکی نزیک ئێمە، لەناو خەڵکدا بڵاو بۆوە. دەیانگوت جەماعەتێک کوڕ و کچی شاری هاتوونە نێشکۆڵان [پێنج ـ شەش کیلۆمیتریی شاری سەردەشت بەرەو رۆژئاوا کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی بێوران] کە جل و بەرگ و ئاخاوتن و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتییان لە ئی خەڵکی ناوچەکە ناچێ، بۆ نموونە دەیانگوت هەر لە بەینی دوو قساندا جارێک دەڵێن "هینەکە" و بەو هۆیەشەوە وا دەزانرا "لە لای سنەوە" هاتبن، کەچی دواتر دەرکەوت کە هەموویان خەڵکی شاری سەردەشت و ناوچەکە بوون! هاتنی ئەو کوڕ و کچانە، بۆ ناوچەیەک کە کەمتر تێکەڵاوی ژیانی شار و هەموو ئەو دیاردە و بیر و فکرانەش ببوو کە بە هەڵسوکەوتی ئەوانەوە دیار بوو، بە جۆرێک لە ناو خەڵکدا تەقییەوە کە تا ماوەیەکی چاک لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکاندا باسی دەکرا. لە ئێوارانی بەر دەرگای مزگەوت، لە "بەری قاوەخانێ"، بە دەم چایی خواردنەوە‌ی ئێوارە و دانیشتنی شەوان و ... بە کورتی لە هەر شوێنێک سێ کەس کۆ ببانەوە، باسێکیش لەو "میوان"ە تازانە هەر دەکرا. هێندێک دەیانگوت ئەوانە باوەڕیان بە "خوڵا"ی نییە، باوەڕیان بە "مارە و تەڵاقان"یش نییە و کوڕ و کچیان پێکەوە لە ژوورێکدا دەخەون، دەیانگوت هاتوون مێشکی خەڵکی بشۆنەوە، گەلێک شتی دیکەی لەو بابەتەش دەگوترا کە دواتر، دوای ئاشنابوونم دەگەڵ کۆمەڵە، بۆم ڕوون بۆوە هەمووی لە راستییەوە دوور بووە. هەر لەو باسانەدا هێندێک شتی دیکەش دەگوترا کە لە ڕاستییەوە نزیکتر و دەگەڵ ژیانی رۆژانەی ئەوانیشدا دەگونجا. بۆ نموونە ئەوانە هەموو رۆژێک بەیانی زوو لەماڵ وەدەر دەکەوتن و لە دەشت و دەر و مەزراکاندا سەردانی "خەڵکی زەحمەتکێش"یان دەکرد، لە دروێنەی گەنم و ماش و دەسکەنەی نیسک و نۆکاندا هاوکارییان دەکردن و جۆ و جۆماڵیان دەگەڵ خاوێن دەکردنەوە، لەسەر داهاتی کشت و کێڵی جووتیاران، کە ئەوان دەیانگوت "دەچێتە گیرفانی زەویندارەکانەوە"، قسەیان دەگەڵ خەڵک دەکرد. ئەوە کە لەو ناوچەیەی ئێمە [بێوران و دەوروبەری] زەوینداری گەورەی لێ نەبوو و هەموو کەسیش خاوەنی پارچە زەوییەکەی خۆی بوو، شتێکی جیاوازە و جێگاکەی ناو ئەو بیرەوەرییە کورتە نییە. کۆمەڵەییەکان، کە لە مەزرا و دەشت و دەران سەردانی خەڵکی ناوچەکەیان دەکرد، بە دەم کارکردنەوە جوتیارەکانیان دەدواند و باسی "گەشە ئەستاندنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان"یان بۆ دەکردن. کارگە و کارخانەکان، پەیوەندییەکانی "سەرمایەی جیهانی و چەوسانەوە" و گەلێک شتی دیکەی هاوپەیوەندیشیان بۆ خەڵک شی دەکردەوە. باسیان لە "چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ" دەکرد، باسیان لە باشتر کردنی ژیانی "خەڵکی زەحمەتکێش" دەکرد، باسیان لە گرێدانەوەی خەبات و تێکۆشانی ئەوان بە خەڵکی شار و دێیەکانی دیکە و "سازماندانی پاڵە و ڕەنجدەران"ی شوێنە دوورە دەستەکان دەکرد، باسی "شۆڕشی سۆسیالیستی" و مافی وەک یەکی ژن و پیاویان دەکرد؛ بەگشتی ئەو کوڕ و کچانە هەوڵیان دەدا "خەڵک ڕوون کەنەوە"، ئەوە ئەو شتانە بوو کە خوێندەوارەکان دەیانگوت. ئەمن ئەو کاتی تازەپێگەیشتوویەکی مەیلەو هاروهاج و کوڕی "مەنسوولێکی عیزب"ی بووم کە خەڵکی ناوچەکە خۆشیان دەویست، یان لانیکەم من وامدەزانی خۆشیان دەوێ، چوونکا هەمیشە دە ـ دوازدە کەس لە خەڵکی ناوچەکەی بە دەورەوە بوو و ماڵ و بنکە بەردەوام جمەیان دەهات. ئەمن، هەرچەند ئەوکاتی لە سیاسەت و ئەو شتانەش تێ نەدەگەیشتم کە خەڵک قسەیان لەسەر دەکرد، بەڵام بڕێک بە هۆی کونجوکۆڵی خۆم و بڕێکیش وەک سەربزێوییەکی عەجوولانە لە بەرامبەر باوکمدا، کە ئەو سەردەمی لە ناوەڕاستی هەموو ڕووداوەکاندا بوو و تەنانەت منداڵەکانی خۆیشی لەبیر کردبوو، هەر لە یەکەم رۆژەکانی هاتنی بنکەی کۆمەڵەوە بۆ ئەو ناوچەیە، بیرۆکەی چوون و لە نزیکەوە دیتنی ئەو کوڕ و کچانە مێشکی ختوولکە دام. نازانم بۆ، بەڵام دەمویست بۆخۆم بچم و لە نزیکەوە بیان بینم، داخوا ئەوانە بۆ هێندە دەڵێن "هینەکە" و بۆ باوەڕیان بە "خوڵا"ی نییە! ڕەنگە بیرم لە شتی دیکەش کردبێتەوە کە بێگومان ئەو کاتی نەمتوانیوە فۆڕمۆلەی بکەم. لەوانەشە هەمووی ئەوانە قسەی ئێستام بن و بڕیاری چوونەکەم تەنیا کونجوکۆڵییەکی تەمەنی ناکامڵم بووبێ! وا بزانم دوو حەوتوویەک لە هاتنی ئەو جەماعەتە بۆ ناوچەکە تێپەڕیبوو کە رۆژێک، بەبێ ئیزنی دایک و باوکم و بە بەهانەی ئەوەی کە ئەگەر ئاشکراش بووم دەڵێم سەردانی "پوور خانمێ کوێخا عەوڵا"م کردووە، رۆژێک دەمەدەمی چێشتەنگاو بەرەو نێشکۆڵان وەڕێ کەوتم. بنکەکە لە دوورەوە زەق زەق دیار بوو؛ ئاڵا سوورەکە، کە وابزانم ئەوکاتیش ئەستێرەکەی هەر تێدا بوو، لە ناو ڕەنگی ئاماڵ خۆڵاویی خانووە قوڕینەکانی گونددا، وەک بڵێی کچۆڵەیەکی چاوشەیتانی سوورپۆش بێ و دووراودوور بانگی چاوانت کا، بەسەر بانی بنکەکەوە دەشەکایەوە. ڕەنگبێ بە هۆی ئەوەی کە لە منداڵییەوە لەناو پێشمەرگە و چەک و خەڵک و ولاتی نەناسراو و نامۆدا گەورە ببووم و وەک دەڵێن شەرمم شکابوو، بێ سێ و دوو لێکردن چوومە ماڵی کۆمەڵەییەکان، کە خەریکی نان خواردن ـ یان وەک بۆخۆیان دەیانگوت خەریکی "نەهار" ـ بوون. چوار ـ پێنج کوڕ و کچی گەنج لە دەوری سفرەیەکی گچکۆڵە دانیشتبوون و بەدەم نان خواردنەوە قسەیان دەکرد و پێدەکەنین، یەک ـ دوو تفەنگیان بە دیوارەکەوە هەڵواسیبوو، دیوارەکانی ماڵەکە ـ کە دوو ژوور بوو و دیار بوو یەکیان بۆ پیاوەکان و یەکیان بۆ ژنەکانە ـ بە کۆمەڵێک وێنەی ڕەش و سپی و ڕەنگاوڕەنگ ڕازێنرابوونەوە. ژوورەکان خنجیلانە و پاک و خاوێن، "مووکێتێک"ی ئاماڵ کۆنیان تێدا ڕاخرابوو کە لە سێ لایەوە بەتانییەکی سێ ـ چوار قەد کراویشیان لەسەر ڕاخستبوو. لەسەر تاقەی ژێر پەنجەرەی ئەو ژوورەی منی بۆچووم، چەند کتێب و رۆژنامە هەڵچنرابوون، ڕادیۆیەکی بچکۆڵەش کە سیمێکی درێژی بە ئانتێنەکەیەوە گرێ درابوو، لە گۆشەیەکەوە خشە خشی دەهات ... کۆمەڵەییەکان، هەرچەند بڕێک بە سەرسووڕماوی، بەڵام بە گەرمی پێشوازییان لێ کردم. ناویانم لەبیر نەماوە، بە یەکتریان دەگوت هاوڕێ فڵان و هاوڕێ فیسار، کوڕ و کچ هەر "هاوڕێ" بوون، دادە و خوشکە و کاکە نەبوون، بەڵام دیسانیش زۆر بە گەرمی و بە حورمەتەوە دەگەڵ یەکتر دەدوان، دەگەڵ "مەقەڕ"ی خۆمان [ئەوەی باوکم لێی بەرپرسیار بوو] کە بەردەوام پازدە ـ بیست پێشمەرگەی لێ بوو و زیاتر وەک ماڵ دەچوو تا بنکە، جیاوازییەکی زۆری هەبوو. هەموو شتەکانی ناو بنکەکە زۆر بە جێ و ڕێ دانرابوون، وەک بڵێی شوێنەکە بە تایبەتی بۆ هاتنی میوانێکی وەک من ڕێک خرابێ، کەچی ئەوە ڕوخساری هەمیشەیی بنکەکانی کۆمەڵە بوو. وێنەی پیاوێک کە جامانەیەکی بڕێک لار بەڵام جوان پێچراوی بە سەرەوە بوو و چەند وێنەی دیکەی بە دەورەوە داکوترابوون، سەرنجی ئەو کەسانەی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا کە بۆ یەکەمجار دەهاتنە ژوورەکەوە. من کە هەم هیچم بۆ گوتن نەبوو دەگەڵیان و هەمیش بڕێک خۆم بە غەریبە دەزانی، خێرا خێرا چاوم بە دەوری خۆمدا دەگێڕا و لە شتەکان ورد دەبوومەوە. یەکێک لە خانەخوێکانم، کە دەیدی زوو زوو سەرنجی وێنەی پیاو جامانە بەسەرەکە دەدەم، گوتی "ئەوە کاک فوادە، شەهید بووە"، بێگومان زۆر شتی دیکەشی گوتووە کە من لە بیرم نەماوە... ئەوەشم لەبیر نییە کە داخوا ئەو یەک ـ دوو سەعاتەی لەلای کۆمەڵەییەکان بووم چی دیکەیان بۆ باس کردم و سەردانەکەم چۆن چۆنی کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە دوای ئەو سەردانەم و دیتنی وێنەی پیاوە جامانە بەسەرەکە، هەتا ئێستاش کە باسی کۆمەڵە دێتە گۆڕێ، یەکسەر کاک فوادم دێتەوە بەر چاو؛ وەک بڵێی ئەو نیگا بەڕواڵەت ئاسایی بەڵام پڕمانایەی کە لە وێنەکەدا دەزرینگێتەوە، ئەو جامانە مەیلەو لار بەڵام تایبەت بەستراوەی کاک فواد خودی کۆمەڵە بن. ئێستاشی دەگەڵ بێ، هەر کاتێک بیر لە کۆمەڵە دەکەمەوە، نە تەنیا هەر کاراکتەر، تەنانەت لە بواری فیزیکیشەوە کەسێکی وەک کاک فواد لە زەینمدا خۆی پیشان دەدا. بێگومان گەلێک شتی دیکەی ئەرێنی هەیە کە مرۆڤ بتوانێ کۆمەڵەی پێ پێناسە بکات، بەڵام وەک بڵێی کاک فواد تاقە ناسنامەی کۆمەڵە بێ، یان تاقە چەمکێک بێ کە بتوانی ئەو بزووتنەوەیەی پێ پێناسە بکەی، لە مێشکی مندا لە ناوی کۆمەڵە شەتەک دراوە. هەرچەند لەوانەیە ئەو بابەتە پەیوەندیی بەوەوە هەبێ کە من لە یەکەم ئاشنابوونمدا دەگەڵ کۆمەڵە ئەو وێنەیەم دیوە و بۆیەش هەموو جارێ ئەوەم بە زەین دەگاتەوە، بەڵام ڕەنگیشە شێوەی ئەو جامانە مەیلەو لارەی کاک فواد، کە سیمایەکی جیاوازتری هەبوو لەوەی من و خەڵکی دیکەش تا ئەو کات پێی ئاشنا بووین، لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ خوڵقاندنی هێمایەکی جیاواز، بۆ بزووتنەوەیەکی جیاوازی تێدا بخوێنرێتەوە. هەر چۆنێک بێ، من دەگەڵ کۆمەلە بیر لە کاک فواد دەکەمەوە و باوەڕیش ناکەم هیچ وێنە و سێمبولێکی دیکە بتوانێ جێی ئەو وێنەیە بگرێتەوە.

bottom of page