top of page

ئاگاداری ژمارە ٢


رێز گرتن له‌ یادی کاک فوئاد، سی ساڵ پاش گیانبه‌خت‌کردنی

نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ واته‌ 2009(1388) له‌ یه‌که‌مین راگه‌یاندن و له‌ ژێر‌ چاوه‌دێری بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی مسته‌فا سوڵتانی‌دا چۆنییه‌تی پێکهاتنی "کۆمیته‌ی ئاماده‌کردنی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ یادی سی‌ساڵه‌ی

شه‌هیدوونی کاک فوئاد" مان راگه‌یاند

مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ سی ساڵ پاش گیانبه‌خت‌کردنی کاک فوئاد، که‌سایه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ژیانی ئه‌م مرۆڤه‌ ژیرو تێکۆشه‌ره‌ بخرێته‌‌ به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه‌. هه‌روه‌کوو له‌ یه‌که‌م راگه‌یاندا باسمان‌کرد" مه‌به‌ست رێزگرتنه‌ له‌ یادی کاک فوئاد و تیشک‌خستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سی ئه‌و به‌رێزه‌ وه‌کوو مرۆڤێک چ له‌ ئاوایی ئه‌ڵمانه‌، چ له‌ مه‌ریوان و له‌ سنه‌ و چ له‌ دانشگا و له‌ زیندان و هه‌روه‌ها به‌شداری به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و له‌ بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵکی مه‌ریوان و دواتر خه‌ڵکی کوردستان و هی دیکه‌ش. . . به‌م چه‌شنه‌ هه‌م که‌سایه‌تی تاقانه‌ی کاک فوئاد به‌رجه‌سته‌ ده‌کرێته‌وه‌، هه‌م رووناکی ده‌خرێته‌ سه‌ر لاپه‌ره‌یه‌کی گرینگی مێژووی گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان و هه‌م ده‌رفه‌تێکیش ده‌بێت بۆ دۆستان و ئاشنایان و هاورێیان و که‌س‌وکاری کاک فوئاد بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ کامڵ بکه‌ن."

دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ دۆست، هاورێ، ئاشنا و که‌سانی هۆگری رێبازی کاک فوئاد و بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی کوردستان به‌ ئیمه‌یل، ته‌له‌فوون و یان راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ کومیته‌و بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فاسوڵتانی په‌یوه‌ندییان گرتووه‌ و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر ئاماده‌یی خۆیان بۆ پشتیوانی و هاوکاری له‌ به‌رێوه‌بردنی مه‌راسمه‌که‌دا راگه‌یاندووه‌

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ کۆمیته‌ به‌ پێویستی زانی که‌ نامه‌ی ره‌سمی ئاراسته‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ بکات که‌ به‌ناوی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌ڵسووڕانیان هه‌یه‌ و داوای به‌ڵگه‌نامه‌ و فیلم و کاسێتی ده‌نگ و وێنه‌ی کاک فوئادیان لێبکات به‌ مه‌به‌ستی که‌ڵگوه‌رگرتن بۆ رۆژی رێوره‌سمه‌که‌. هه‌روه‌ها به‌ پێویستمان زانی ئه‌و که‌سانه‌ی – که‌ له‌سه‌ر بریاری بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا سوڵتانی و به‌ پێی زانیاری ئه‌وان – راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کاک فوئاد ژیاون، کاری سیاسییان له‌گه‌ڵ کردووه‌ یان له‌ بوارێکی دیاریکراودا له‌گه‌ڵی هاوکارییان کردووه‌ و به‌و پێیه‌ بیره‌وه‌رییه‌کی تایبه‌تیان له‌ کاک فوئاد هه‌یه‌، به‌ نووسینی نامه‌ په‌یوه‌ندی بگرین‌ و بانگهێشتیان بکه‌ین بۆ به‌شداربوون له‌و یاده‌وه‌رییه‌دا. هه‌ڵبه‌ت به‌ خۆشییه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک له‌و به‌رێزانه‌ خۆیان هه‌ر پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌که‌م راگه‌یاندن راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گرتبووین

بۆ به‌شی ئه‌ده‌بی، هونه‌ری و موزیکی به‌رنامه‌که‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ شاعیران، نووسه‌ران و دۆستانی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی کۆمه‌ڵه‌و کوردستان له‌ وڵاتانی جۆراوجۆر به‌ نووسینی نامه‌ په‌یوه‌ندیمان گرت و داوای هاوکاریمان لێکردن که‌ به‌خۆشییه‌وه‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ره‌وپیری داواکارییه‌که‌مان هاتن و ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان بۆ به‌شداریکردنی چالاکانه‌ راگه‌یاند.

هاوکات خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌، رێک‌وپێک‌کردن و ئاماده‌کردنی کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ و فیلم و کاسێت و وێنه‌ی کاک فوئاد بووین که‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ به‌درێژایی به‌رنامه‌که‌ نیشان ئه‌درێن.

ئێستا که‌ هه‌تا رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌ی یاده‌وه‌ری سی‌ساڵه‌ی کاک فوئاد واته رۆژی شه‌ممه‌‌ 29/8/2009 زیاتر له‌ مانگ‌ونیوێکی ماوه‌، دیسانه‌وه‌ به‌ره‌وپیری هاوکاری ئه‌و که‌سانه‌ ده‌چین که‌ بیانه‌وێت بۆ شکۆدارکردن و رازاندنه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ گرینگه‌ی شۆرشگێرێکی به‌رجه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ و چه‌پی کوردستان، یارمه‌تیمان بدات

رێوره‌سمه‌که‌ رۆژی شه‌ممه‌ 29/8/2009 واته‌ 8ی خه‌رمانانی 1388 له‌ ساڵونی ئاولا ماگنای دانشگای ستوکهۆڵم بەرێوە دەچێ . وەردەکاری زیاتری بەرنامەکە لە ڕاگیاندنەکانی داهاتوودا بە ئاگاداری هەمووان دەگات.

کۆمیته‌ی ئاماده‌کردنی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ یادی سی‌ساڵه‌ی شه‌هیدوونی کاک فوئاد

ی پووشپه‌ڕی 1388 (5/7/2009)

yadikakfoad30@gmail.com


bottom of page