زوو بەرێز بێـت یادی هاوڕێ گیان بەخت كردوو فوئاد مستەفا سوڵتانی ناسراو بە كاك فوئاد
هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی ساڵی 1327ی هەتاوی لە ئاوایی ئاڵمانە سەر بە شاری مەرێوان لە دایك بوو. ساڵی 1346ی هەتاوی، كاتێك خوێندكاری زانستگای پیشەسازیی تاران بوو، لە گەڵ خەباتی سیاسی ئاشنا بوو و هەر لەو كاتەوە هاوڕێ فوئاد تا كاتی گیانبەختكردنی وەك رابەری خەباتی چەوساوەكان بێوچان درێژەی بە خەباتی سیاسی دا.
كاك فوئاد ساڵی 1353 ی هەتاوی لە لایەن " ساواك" ەوە دەست بەسەر كرا و ماوەی 4 ساڵ لە زیندانی حكوومەتی شادا بوو. لە چەندین نارەزایەتی دەربڕین لە نێو زینداندا وەك رابەری خەبات و مانگرتنی زیندانییان درێژەی بە خەبات دا. پاییزی ساڵی 1357ی هەتاوی كاك فوئاد لە زیندان ئازاد كرا و دوای ئازادی لە زیندان لە هەموو بوارەكانی خەباتی سیاسیدا لە كوردستان یەكێك لە رێبەرانی كارامەی خەباتی چەوساوەكان بوو.
رێبەریكردن و دامەزراندنی یەكییەتی جووتیاران، دامەزراندنی شووڕاكان و پێكهێنان و دامەزراندنی یەكەمین دەستەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و رێكخستنی بەرەنگاریی چەكدارانە لە شاری سنە لە نەەورۆزی خوێناویدا و كۆچی مێژوویی خەڵكی شاری مەریوان و وەستانەوەی چەكدارانە بەرانبەر بە هێرشی 28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاوی حكوومەتی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان، لە نموونە دیارەكانی رێبەرایەتیی ژیرانەی كاك فوئاد بوون.
كارێگەریی فیكریی كاك فوئاد توانی وەها هێز و تەوژمێك بە خەباتی زەحمەتكێشانی كوردستان بدا كە زەحمەتكێشان بڕوا بە هێزی خۆیان بێنن و رێبەرایەتیكردنی لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی بە ئەركی خۆیان بزانن.
لەو سەردەمەدا، كۆمەڵە یەكێك لە گەشترین سەردەمەكانی ژیانی خۆی تێپەڕ دەكرد. گیانبەختكردنی كاك فوئاد كەلێنێكی گەورەی خستە ناو رێزەكانی خەباتی شۆرشگێرانە لە كوردستان و بۆ كۆمەڵەش زیانێكی گەورە بوو كە شوێنەوارەكانی هەتا ئێستاش دیارن.
رۆژی 9ی خەرمانانی ساڵی 1358ی هەتاوی لە شەرێكی نابەابەر لە گەڵ ستوونێكی هێزە داگیركەرەكانی كۆماری ئیسلامی لە سەر جادەی مەریوان - سەقز لە نزیك ئاوایی بستام كاك فوئاد بەداخەوە گیانی ئازیزی بەخت كرد.
top of page
bottom of page
Comments