سه‌مای سه‌رخۆشان
بۆ یادی کاک فوئاد
به ژانه‌وه و ده‌م به خه‌نده،
ئاره‌قکردوو، هه‌ناسه‌سوار
له سێبه‌ری شاخه‌کان و
له ته‌نیایی داربه‌ڕووه‌کان داگه‌ڕاین و
له سووتمانی خه‌رمانی سوور په‌ڕینه‌وه،
به که‌ناری له‌رز و یاوی منداڵانی نه‌خۆشماندا
به لێواری نیوه‌نووزه‌ی ژنانی تاڵ
به ئاسۆگی سووروشینی پیاوه‌کاندا که هیلاک و تۆزاوی بوون.
له کانییه‌ک ده‌ستمان شۆرد و ته‌وێڵمان شۆرد
پێش ئه‌وه‌ی که ئه‌سپی بێسوار بێته‌وه به‌رده‌رگای ماڵه‌که.
”پیرێکی خاراوی ڕه‌نج و کار“
زۆر پیرتر له جاران
له که‌نار کانیاوێک دانیشتووه
ده‌پرسێ: ”خه‌به‌رێک هه‌ر نه‌بوو؟
له فوئاد خه‌به‌رێک هه‌ر نه‌بوو؟“
ده‌پرسێ و نازانم چی بڵێم!
ئه‌و کاته
که ئێمه
له مله‌ی سێبه‌ر سه‌رده‌که‌وتین
له‌ولاوه، چیاکه، زامار و به ته‌نیا، وه‌ستابوو
ئه‌وکاته‌ی له داری ناو وێنه‌ی کتێبان، بۆ تامی به‌ڵاڵووک ده‌گه‌ڕاین
له‌ولاوه باغه‌که، به میوه‌ی زه‌ردوسوور لکی داهێنابوو.
ساڵها هیلاک و ئاره‌قڕێژ
به سواری سێبه‌رێک که وێنه‌ی له ئه‌سپی سوور ده‌چوو
به وه‌همی چیادا هه‌ڵگه‌ڕاین.
هیلاک و خوێناوی، به شکۆ و هه‌یبه‌تی سوارچاکێک
که ته‌واو ئه‌رخه‌یان ڕێگاکه‌ی ون ده‌کا و
به نازی شۆخیک که له سه‌مای سه‌رخۆشدا
ته‌مه‌ن و جوانییه‌که‌ی تووڕ ده‌دا.
یه‌ک یه‌ک و پۆل به پۆل
له مله و گه‌رده‌نه‌ی متمانه‌ی درۆزن خزین و
له پێچی کڕێوه‌ی کاره‌سات هه‌ڵدێراین.
.
ئێستا که هه‌موومان وا لێره‌ین.
هه‌موومان به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌ی به‌ژنی تۆ وه‌ستاوین
ته‌وێڵمان جێگه‌پێی ده‌رد و ژان
قژ ده‌غڵی ساڵانی بێ‌باران
سه‌رشانمان تۆزاوی
به سووتووی خه‌رمانی هه‌ژاران
چاومان ته‌ڕ، به ئه‌شکی سبه‌ینێ و ئێواران.
که‌س نه‌بوو پێت بڵێ ده مه‌ڕۆ؟
که‌س نه‌بوو پێت بڵێ، براله! له‌وه‌تا که مرۆڤ هه‌ناسه‌ی له‌به‌ره
له ژیانی بێده‌ردو بێبه‌ڵا و بێ ژانی برسیه‌تی ده‌گه‌ڕێ،
ده‌وه‌ره، به ته‌نیا بۆ ده‌ڕۆی؟
که‌س نه‌بوو پێی بڵێ له دوای تۆ
مه‌ریوان
له دوای تۆ کانییه‌کان،
له دوای تۆ کێڵگه‌کان
له دوای تۆ ئه‌و پیاوه ساکاره ڕووتانه
ئه‌و ژنه ده‌رد و ڕه‌نج، ئه‌و ژنه به فرمێسک بووانه
له دوای تۆ کوردستان
له دوای تۆ شۆڕشی ڕزگاریی بێبه‌شان
له دوای تۆ شه‌هید و، له دوای تۆ برینیان
له دوای تۆ دایکیان و له دوای تۆ گرینیان
پێوه‌یان دیار ده‌بێ که تۆیان نه‌ماوی؟
ئێستاکه هه‌موومان به‌رانبه‌ر ئاوێنه‌ی به‌ژنی تۆ وه‌ستاوین
به قه‌ده‌ر سه‌ره‌تا و ئه‌نجامی چیرۆکێک گۆڕاوین.
له‌ش پر بوو له هێز و
دڵ پڕ بوو له هیوا
ئێستاکه به عاسای یاده‌کان وه‌ستاوین
وه‌ڕه‌ز بووین له‌وه‌که
دانیشین له په‌نا په‌نجه‌ره و
بڕوانین بۆ دوور دوور
وه‌ڕه‌زبووین له‌وه که
دانیشین له په‌نا ئاگردان
خۆڵه‌مێش ئه‌مدیوه‌و دیو بکه‌ین
بگه‌ڕێین بۆ تاقه یه‌ک سکڵی گه‌رم و سوور.
پیره‌که‌ی خاراوی ڕه‌نج وکار
ئارام سه‌ر هه‌ڵدێنێ و
ئه‌مجاره به چاوی ته‌ڕه‌وه
ده‌پرسێ
”له فوئاد خه‌به‌رێک هه‌ر نه‌بوو؟“
٢٩ ی ئاگوستی ٢٠٠٩
ستۆکهۆڵم