top of page

!هاوڕێیانی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرم

 ،سڵاوێکی شۆڕشگێرانەتان پێشکەش

ئێمە شەوی یەکەم کە ڕێکەوتین تەنیا سێ جووتیار لەگەڵماندا بوون. ئەو شەوە تا ئێوارەی ڕۆژی دواتر ڕێ ڕۆیشتین. بۆ هەموومان بە تایبەت بۆ ڕووناکبیرەکان زۆر سەخت بوو ڕێگەکە. زۆرتری سەرەو ژووری و سەخت بوو، نەخەوتن و تینوویەتی و ماندوویەتی زۆری بۆ هێنابووین. کەم بوونی جووتیارەکانیش ببوو بە هۆی دڵساردی هێندێک. بەڵام یەکەم تاقی کردنەوەی بۆ ئێمە ئەوە بوو کە لە ناو شاردا قسەی پێشمەرگانە خۆشە بەڵام ژیان و یاسای پێشمەرگایەتی جگە لە شەڕ هاسان نییە. شەویش زۆر سارد بوو، شنە بای کوێستانی کوردەواری لە جەرگەی شەوەزەنگی چڕدا دوو دڵی و نەتوانینی  فەلاقە دەکرد

لە نیوە شەودا دوو شێرە کوڕی جووتیار تاریکی شەوەزەنگیان بە بەرقی تیژی چاوی گەشیان دادڕی و هاتنە ریزمانەوە، گەشەمان پێی کرد. شەش شەو بەم چەشنە بە دزییەوە ڕێگامان بۆ بڕی و بە ڕۆژدا ڕێ ڕۆێشتن بە کۆڵ و چەک و فیشەک و سەرەو ژوور و سەرەو خوار، وردە وردە ڕاهاتین. لەم ماوەیەدا تەنیا هاوڕێیانی ناو شار و برایانی جووتیاری ئەو دێیە کە کردوومانە بە بنکە ئەهاتن بۆ لامان. بەڕاستی جووتیارەکان هۆی دڵگەرمی ئێمە بوون و هانیان ئەداین. ئەیان گوت ئامان سەد ئامان سارد نەبنەوە، غیرەتتان هەبێ، مەترسن. شەو قەڵای مەردانە، ئەوان بە جوانی ئێمەیان ئەپاراست. هەر نەناسیاوێ ڕووی بکردایەتە ئەو کوێستانە ئەکەوتنە شوێنی، تەنانەت برادەرێکی خۆمانیان گرتبوو، لەم ناوچەیە دەریان کردبوو

سێ جووتیاری‌تر هاتن بۆ لامان و بووین بە حەڤدە(١٧) کەس هاوڕێیانی ناو شاریش کۆبوونەوەیەکی گەورەی یەکیەتی جووتیارانیان پێکهێنا، زۆربەی خەڵکەکە لە قسەدا لایەنگری هاتنەدەرەوە بوون. ئێمە لە شەوی ٨ / ٣/ ١٣٥٨ دا کەوتینە جەولە تا ئێستا دوو دێ چووین، زۆر بە گەرمی ڕێزیان گرتووین. دوو جووتیاری تریش هاتوونەتە ریزمانەوە لە چەند جێی تریش بەڵێنیان داوە پێمان پەیوەست بن. هیوامان ئەوەیە زۆرتر بین. ئەو جووتیارانەی لەگەڵمانن زۆر وریا و باشن. بەڕاستی ئەوانە زۆرتر ئێمە هاندەدەن. ڕیش سپییەک لەگەڵمانە زۆر وریا و زانایە.

کەم و کووڕی سیاسی و سەربازیمان زۆرە بەڵام پلە بە پلە باشتر ئەبین. کۆبوونەوەکانمان باشە. ڕەخنە لە چەوتی و نالەباریەکانمان ئەگرین. پێشمەرگەمان لە ڕۆژدا لە مووچە و مەزرادا لەگەڵ جووتیارەکان کار دەکەن و لە شەویش‌دا لە ماڵان و لە مەزگەوتدا لەگەڵ خەڵکی کۆ ئەبینەوە و وتووێژ ئەکەین

ئێمە بڕوامان ئەوەیە کارێکی باشمان دەست پێکردووە. لە ناو خۆماندا کادری ڕووناک بیر و جووتیار پەروەردە دەبێت و لە ناو خەڵکدا کاری سیاسی و ڕێکخستن ئەکەن. بەرنامەی سەربازی ئێمە جارێ بە بۆنەی بیر و ڕای جووتیارەکانەوە دیفاعییە. بەرنامەی ئێمە درێژەدان بە جەولەیە و بڕیار وایە تا دوژمن پەلاماری جووتیار نەدات، ئێمە هێرش نەکەین. دەنگ و باسی خۆتان و هەموو شتێک زۆر زۆر پێویستە.

هاوڕێتان فوئاد

٩ / ٣ / ١٣٥٨(٣٠/٥/١٩٧٩)

bottom of page