top of page

په‌یامی بنه‌ماڵه‌ی موسته‌فاسوڵتانی

به‌بۆنه‌ی

سییه‌مین ساڵی گیانبه‌خت کردنی کاک فوئاد

سه‌ره‌نج: قه‌رار بوو ئه‌م په‌یامه‌ له‌ ڕێوره‌سمی ڕۆژی 29-08-2009 له‌ شاری ستوکهوڵم له‌ ئاخردا پێشکه‌ش بکرێت. به‌ هۆی چڕ و پڕ بوونی ڕێوره‌سمه‌که‌ و زیاترخایاندنی په‌یامی ژماره‌یه‌ک له‌ وته‌بێژان له‌کاتی دیاریکراو بۆیان و ڕیزگرتن له‌ کاتی به‌شداربووان ته‌نیا به‌شی ئاخری ئه‌م په‌یامه‌ له‌و ڕۆژه‌دا خوینرایه‌وه‌. ئیستا ده‌قی هه‌موو په‌یامه‌که‌ ده‌خریته‌ به‌رچاو خوینه‌رانی به‌ڕێز.


میوانان و‌هاوڕێیانی به‌ڕێز‌ و خۆشه‌ویست، به‌ خێر بێ!

 

 ئه‌وانه‌ی کاک فوئادیان دیوه، ‌ده‌زانن له‌قسه‌کردنیدا زۆر باسی خه‌ڵکی ده‌کرد. خه‌ڵک، هه‌وێنی قسه‌و بیرکردنه‌وه‌و بڕیاردان و خه‌باتی بوو. خه‌ڵک، هێزی وه‌دیهێنه‌ری ئاره‌زووه‌کانی بوو. ئاره‌زووشی ته‌نیا حه‌سانه‌وه‌ی خه‌ڵک و شادیی خه‌ڵک و سه‌ربه‌ر‌زیی خه‌ڵک بوو.

 

به‌ڵام خه‌ڵک له‌باوه‌ڕی کاک فوئاد دا کێ بوو؟

بێجگه‌له‌سته‌مگه‌ران و سه‌رکوتگه‌ران، بێجگه‌له‌وانه‌ی حاسڵی ڕه‌نج و ماندووبوونی زه‌حمه‌تکێشان تاڵان ده‌که‌ن، هه‌موو که‌سی دیکه ‌بۆ کاک فوئاد خه‌ڵک بوو. خه‌ڵک، بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگای به‌رینی مرۆڤی ژێرده‌سته ‌و زۆرلێکراو  بوو. کاک فوئاد، مرۆڤی خۆش ده‌ویست. هه‌وڵدان و تێکۆشان و ئومێد و دڵگه‌رمیی خه‌ڵکیشی خۆش ده‌ویست. به‌دڵ، له‌قوڵایی دڵییه‌وه، ‌خه‌ڵکی خۆش ده‌ویست و ڕزگاربوونی خه‌ڵکی به‌ئاوات ده‌خواست. له‌پێناو ئه‌و ئاواته‌شیدا، به‌هه‌موو توانای خۆیه‌وه ‌هه‌وڵی ده‌دا. ئه‌وه‌، هه‌موو ژیانی کاک فوئاد بوو.

 

په‌یوه‌ندی کاک فوئاد له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، ئاوێته‌یه‌ک بوو له‌خۆشویستن و ڕێزگرتن. خۆشی ده‌ویستن و ڕێزی لێده‌گرتن. ئه‌م خۆشویستن و ڕێزگرتنه‌، به‌هه‌موو هه‌ڵسوکه‌تێکی کاک فوئاده‌وه‌دیار بوو. کاتێک له‌گه‌ڵیان ده‌ژیا، کاتێک له‌گه‌ڵیان ده‌دوا و کاتێک له‌بڕیاری گرنگی سیاسیدا پشتی به‌لێکدانه‌وه‌یان ده‌به‌ست و ڕێنوێنیی لێ وه‌رده‌گرتن.

 

   کاک فوئاد باوه‌ڕی قووڵی به‌‌هێزی به‌رینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بۆ به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌هه‌بوو. ده‌یزانی یه‌کگرتن و هاوده‌نگی، هێز به‌خه‌باتی خه‌ڵک ده‌به‌خشێ، هه‌ر بۆیه‌ له‌قۆناغه‌جۆراوجۆره‌کاندا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر ئه‌رکێکی خه‌بات، تێده‌کۆشا ئه‌و که‌سانه‌ی وا له‌و خه‌باته‌دا به‌رژه‌وه‌ندی دیاریکراویان هه‌یه‌، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵی سه‌ره‌کی و هاوبه‌ش به‌یه‌کگرتوویی بگه‌ن. هه‌وڵدان بۆ ڕاوێژ و هاوفیکری، هاوخه‌باتی و یه‌کیه‌تی له‌ناو بۆچوونه‌جیاوازه‌کانی خه‌باتدا و به‌هۆی ئه‌و یه‌کیه‌تیه‌وه‌ که‌ڵک وه‌ر گرتن له‌هه‌موو هێز و ئیمکانی گه‌وره ‌یا چکۆله بۆ ئه‌وه‌ی خه‌باته‌که ‌به‌پێی میزانی هێز و توانای جه‌ماوه‌ر هه‌نگاوێکی چکۆله ‌یا گه‌وره ‌به‌ره‌و پێش هه‌ڵگرێت، له‌‌هه‌ڵویست و ڕێکخستنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی کاک فوئاد دا زۆر به‌رچاو بوو.

 

 

کاک فوئاد باوه‌ڕی به‌وه‌هه‌بوو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره ‌ته‌نیا ڕزگاریی بێبه‌شانه ‌و ده‌بێ ئه‌وه‌بکرێته پێوانه ‌و قیبله‌نمای حیزب و ڕابه‌ری سیاسی. کاک فوئاد بایه‌خێکی یه‌کجار زۆری به‌وه‌ده‌دا که‌ڕێکخراوی سیاسی و ڕێبه‌ری سیاسی له‌گه‌ڵ خه‌لک ڕاستگۆ بن.

 

 

کاک فوئاد بڕوای به‌وه‌هه‌بوو که‌هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانێک ده‌بێ سه‌ره‌نجام یارمه‌تی به‌خه‌باتی بێبه‌شان بدا. ئه‌م وه‌فادارییه ‌به ‌به‌رژه‌وه‌ندی بێبه‌شان، متمانه‌ و بڕوا به‌خۆی، به‌کاک فوئاد ده‌به‌خشی. هه‌ر بۆیه ‌له‌ نزیکایه‌تی، سازان و ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانی تری ناو جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردستان و ئێران نه‌ته‌نیا هیچ باک و ترسی نه‌بوو و به‌کێشانی دیواری ئیدئولۆژیی بێگه‌رد و خه‌وش ئیمکانی ته‌وافق و سازانی به‌رته‌سک نه‌ده‌کرده‌وه، ‌به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه، ‌ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی بۆ ده‌دا.

 

دیالۆگ له‌ گه‌ڵ بیری سیاسیی جیاواز له‌ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ دا و مودارا له‌ گه‌ڵ ڕوانگه‌ی سیاسیی جیاواز له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌، گوێگرتن له‌ بیر و ڕای خه‌ڵک و ڕێزگرتن له‌ ئیراده‌یان، ‌ یه‌کیکی تر له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کاک فوئاد بوو. ڕاوێژ کردن له‌ گه‌ڵ هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌موو ئاستێکدا بۆ کاک فوئاد پڕه‌نسیب بوو. هه‌رگیز ده‌رفه‌تی به‌ پاوانخوازی نه‌ده‌دا. بۆ کاک فوئاد، حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی خه‌باتی بێبه‌شان بوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ی کاک فوئاد دا سێکتاریزم و ته‌سکبینیی حیزبی جێگه‌ی نه‌بوو. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌بوو که‌کاک فوئاد هه‌وێن و ئامیانی ته‌بایی و یه‌کگرتوویی ناو ڕێزه‌کانی کۆمه‌ڵه ‌بوو.

 

دیتنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و تاکتیکی گونجاو له‌ئاست ڕووداوه‌سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و بڕیاردانی لێبڕاوانه ‌و به‌ئه‌ستۆ گرتنی به‌رپرسایه‌تی له‌ئاست ئه‌و ڕووداوانه، له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کاک فوئاد بوو. ‌مانگرتنی سه‌رکه‌وتووانه‌ی زیندانییه‌سیاسییه‌کان له‌شاری سنه‌، کۆچی مێژوویی خه‌ڵکی شاری مه‌ریوان، ڕاوه‌ستان له‌به‌را‌نبه‌ر هێرشی چه‌کدارانه‌ی کۆماری ئیسلامیدا بۆ سه‌ر کوردستان_ چ له‌سه‌نگه‌ری وت و ویژ و چ له‌سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تیدا- چه‌ند نموونه‌ له‌وانه‌ن.

 کاک فوئاد له‌ئۆتۆپیادا نه‌ده‌ژیا. باوه‌ڕی به‌وه‌هه‌بوو که ‌هه‌موو گۆڕانکارییه‌ک له‌ژیانی پڕ له ‌سته‌م و مه‌ینه‌تی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشاندا، ته‌نیا به ‌ته‌قالا و هه‌وڵدانی خۆیان وه‌دی دێ. به‌نیشاندانی ئاسۆی به‌رینی ڕزگاری هه‌وڵی ده‌دا دڵگه‌رمیان بکا، ‌به‌ڵام وریای ئه‌وه‌ش بوو به‌ ‌به‌ڵێنی بێواده‌و دروشمی خه‌یاڵی، توانای خه‌ڵک به‌فیڕۆ نه‌دا و له‌دوای قوربانیدان ڕه‌نج به‌خه‌ساریان نه‌کا. هه‌وڵی ده‌دا هێزی خه‌ڵک به‌رێته ‌مه‌یدانێک که ‌تێیدا ده‌سکه‌وتێک قابیلی به‌دیهاتن بێ.

 

 هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌ده‌دا، زه‌حمه‌تکێشانی‌هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری، بڕوا به‌هێزی خۆیان بێنن، ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن و، بۆ ڕابه‌ریکردن په‌روه‌رده‌بن.  هه‌وڵیده‌دا زه‌حمه‌تکێشانی ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌، ده‌وری پێشڕه‌و بگرنه ‌ئه‌ستۆ و، له‌ناوچه‌ی خه‌باتی خۆیان ببنه ‌وته‌بێژ و سیاسه‌تداڕێژ و پێشه‌نگی ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌.

 

بڕوای به‌وه‌هه‌بوو که‌خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و خه‌باتکار ده‌بێ له‌بڕیارداندا له‌بابه‌ت شێوه‌ی خه‌باتیان و له‌دیاریکردنی داخوازه‌کانی خه‌باته‌که‌دا به‌شێوه‌یه‌ک که ‌له ‌گه‌ڵ هێز و ئیمکاناتیان بگونجێ، به‌شدار بن. له‌کاتی کۆچی ئیعترازیی خه‌ڵکی شاری مه‌ریواندا به‌رانبه‌ر به‌هاتنی پاسداران بۆ ناو شار، هه‌موو ڕۆژیک وه‌ک ئه‌ندامی شوورای شار، ڕووداوه‌کان و ئاکامی وتوێژه‌کان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی جمهووریی ئیسلامیی بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک باس ده‌کرد و، له‌بابه‌ت هه‌نگاوه‌کانی داهاتوو بیروڕایانی ده‌پرسی و له‌بۆچوونه‌کانی خۆیشی ئاگاداری ده‌کردن.

 

 لایه‌نگری ئه‌وه‌بوو وتووێژ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی، به‌ته‌واوی ئاشکرا بێ و، خه‌ڵک له ‌هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئاگادار بن. دیپلۆماسیی نهینی، په‌یوه‌ندی شاراوه‌ له ‌خه‌ڵک و، گفتوگۆی له ‌پشت ده‌رگای‌ داخراو له‌گه‌ڵ نه‌یارانی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌زیانی خه‌باتی بێبه‌شان و به ‌ناته‌با له ‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی ڕزگاریخوازانه ‌ده‌زانی. به‌پشت به‌ستن به‌خه‌باتی به‌رینی جه‌ماوه‌ری بوو که‌ نوێنه‌رانی کۆماری ئێسلامی ناچار کران بۆ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کورد بێنه ‌کوردستان. ڕووداوێکی وا له‌مێژووی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستاندا بێوێنه بوو.

 

‌له ‌سه‌رده‌مێکدا که‌شه‌یدایی له ‌ئاست هه‌ندێک تیئۆریی هاورده ‌له ‌سوڤیه‌ت و چین، به‌ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو چه‌پی ئێرانی له‌ناسینی ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیان دوور خسته‌وه‌و، توانای ئه‌وه‌ی لێ ئه‌ستاندن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی زیندووی سه‌رده‌می خۆیان و کۆمه‌ڵگای خۆیان به‌ره‌وپێش بچن، کاک فوئاد ئیلهامی خۆی له ‌بزووتنه‌وه‌ی زیندووی جه‌ماوه‌ری کۆمه‌ڵگای خۆی وه‌رده‌گرت. ئه‌و تیئۆرییانه‌و ئه‌و مێژووه ‌بۆ کاک فوئادیش جێگای سه‌رنج و بایه‌خدار بوون، به‌ڵام جیاوازی و توانای تاقانه‌ی کاک فوئاد له‌وه‌دابوو که‌ئه‌زموونه ‌مێژووییه‌کان و ڕوانینی فه‌لسه‌فی و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسانه‌ی مارکسیستیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌ته‌واوی بۆ لێکدانه‌وه‌ی پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆی به‌کار دێنا. کاک فوئاد خاوه‌نی‌شێوه ‌بیر کردنه‌وه‌یه‌کی دینامیکی و زیندوو بوو که ‌ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێده‌دا جێگا و کات و هه‌ل و مه‌رجی كۆمه‌ڵگای خۆی بناسێ. له‌ڕێبازی کاک فوئاد دا، زانست و ئه‌زموون و مێژوو سه‌ره‌نجام بۆ ئه‌وه ‌به‌کار ده‌هاتن خزمه‌ت به‌ ریکخستنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بکه‌ن و به‌ره‌وپێشچوونی ئاسانتر بکه‌نه‌وه‌.

 

 له ‌سه‌رده‌مێکدا که ‌له‌ڕوانگه‌ی ڕایجی چه‌پی ئێراندا، ڕووداو و ڕه‌وته‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ته‌نیا کاتێک ده‌بینران که ‌له‌گه‌ڵ حوکمه ‌تیئۆریکه‌کان ته‌با بوایه‌ن،  کاک فوئاد بۆ دیتن و ناسینی ڕه‌وت و ڕووداوه ‌‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێویستیی به‌وه‌نه‌بوو حوکمێکی تیئۆریکی له‌پێشدا داڕژاو، وجوودی ئه‌و ڕه‌وتانه‌ یان ڕه‌وابوونی بزووتنه‌وه‌کانی پێ بسه‌لمێنن. له‌ڕێبازی شۆڕشگێڕانه‌ی کاک فوئاد دا جووڵه‌ی مرۆڤی خوازیاری ئاڵوگۆڕ به‌چاو ده‌بینرا و، ته‌کانه ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ستیان پێده‌کرا.

 

له ‌پێکهانی حیزبیشدا، کاک فوئاد لایه‌نگری ئه‌وه ‌نه‌بوو که‌سانێک به‌نوێنه‌رایه‌تیی کریکاران و زه‌حمه‌تکێشان له‌ سه‌ره‌وه‌ حیزب پێک بێنن. ئه‌و پێی وابوو تێکۆشه‌رانی پێشڕه‌وی سیاسی ده‌بێ له‌جه‌نگه‌ی خه‌باتدا و له‌ناخی تێکۆشانی جه‌ماوه‌ریدا یه‌کتر ببیننه‌وه ‌و، حیزبی سیاسی له  تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و تواناییانه ‌و له‌هاوخه‌باتیی ئه‌و پێشڕه‌وانه که‌ ئیعتبار و نفوزی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ ‌دروست ببێ. له‌ڕوانگه‌ی کاک فوئاد دا پێوانه‌ی سه‌ره‌کی بۆ دیاریکردنی کوردستانی بوون یان ئێرانی بوونی حیزبی کۆمۆنیست ئه‌وه ‌بوو که ‌ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌کانی‌هه‌لومه‌رجی مێژوویی چۆن به‌ره‌وپێش ده‌چن. ئه‌و حیزبێکی به‌کارساز ده‌زانی که ‌بتوانێ خزمه‌ت بکا به ‌نزیکبوونه‌وه‌ی به‌رینی خه‌باتی هاوبه‌شی خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان ، چ له‌ئێران و چ له‌کوردستان و، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌یه‌ک بێ بۆ نزیکبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوه‌سیاسییه‌کانی چه‌پی ئێران که‌ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ له‌ شوێنی خۆیان خاوه‌نی جێگه‌ و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بن و، ڕێگه‌ی به‌رینبوونه‌وه‌ی بنکه‌ی فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌موار بکات.

 

کاک فوئاد تێکۆشه‌رێکی به‌رچاوڕوونی ڕزگاریی خه‌ڵکی کورد به‌گشتی و کریکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌تایبه‌تی، له‌سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی بوو. باس کردن له‌مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد له‌ئه‌گه‌ری هه‌ل و مه‌رجی له‌باردا، له‌لایه‌ن کاک فوئاده‌وه‌ به‌هه‌ڵکه‌وت ‌نه‌بووه. زه‌روره‌تی هاوخه‌باتی و یارمه‌تی دوولایه‌نه ‌له ‌گه‌ڵ کوردی به‌شه‌کانیتری کوردستان به‌تایبه‌ت له‌و کاته‌دا یارمه‌تی و هاوکاری له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی له‌باشور و ده‌ست پێکردنی پێوندی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ ڕیکخراوی سیاسی کوردی باکوور هه‌ر له‌و پێناوه‌‌دا بوو. ئه‌وه ‌له‌بڕوای کۆمه‌ڵه ‌و کاک فوئاد به‌هاوچاره‌نوسیی کورد ‌له‌ و وڵاتانه‌سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت.

 

باوه‌ڕ و متمانه ‌به‌خۆ  و به ‌جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردستان له ‌بۆچوون و هه‌ڵویستی کاک فوئاد دا ئاشکران.  هه‌ولێ ده‌دا بۆ پێک ‌هێنانی ڕێکخراوه‌دیموکراتیکه‌جۆراوجۆره‌کان و،  هاوکات تێده‌کۆشا بۆ دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی هاوکاری ‌و جۆشدانی هاوخه‌باتی و یه‌کیه‌تی له‌نێوان  بزووتنه‌وه‌ ‌جۆراوجۆره‌کاندا وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، جووتیاران و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ.

 

 ڕێکخستن و پێکه‌وه‌گرێدانی خه‌باتی چینایه‌تیی کریکاران و زه‌حمه‌تکێشان له‌گه‌ڵ خه‌باتی میللی و دیموکراتیک و ڕزگاریخوازانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد، له‌چه‌پ و سوسیالیست بوونی کاک فوئاده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت.

                  

ئازیزان!

 

ئێمه ‌غه‌می قورسی له ده‌ستدانی کاک فوئاد و 4 برای تێکۆشه‌رمان کاک حوسین، کاک امین، کاک ماجد و کاک امجد ، دوکتور جه‌عفه‌ر هاوسه‌ری مه‌له‌که و، دو ئامۆزای هاوسه‌نگه‌ر کاک ناصر و کاک احمد و، هه‌ر وه‌ها سه‌دان ئازیزیتری مه‌یدانی تێکۆشان؛ هاته‌سه‌رشانمان. به‌ڵام ئێمه ‌له‌بزووتنه‌وه‌یه‌کدا بووین، که‌کاک فوئاد فێری کردبووین هه‌موو ژیانی خۆمانی لێ گرێ بده‌ین.‌به‌مجۆره ‌بوو که‌هه‌ستمان ده‌کرد بزووتنه‌وه‌یه‌ک، بزووتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی مرۆڤی ڕه‌نجدیتووی تاڵانکراو، له‌گه‌ڵ ئێمه ‌شانی دایه‌به‌ر ئه‌و خه‌مه‌. له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا ئێمه ‌ئێستاش هه‌ستی شانازی و غورووری ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌مان هه‌یه ‌که ‌به‌مه‌رجی سه‌رکه‌وتن ناچنه ‌مه‌یدان، به ‌ئیراده‌ی پۆڵایینی پیکهێنانی ئاڵوگۆڕ ده‌چن.

 

با لێره‌دا، له‌نێو کۆڕی ئێوه‌ی هاودڵ و هاوخه‌مدا ڕێز بگرین له ‌خۆڕاگریی شکۆداری دایکوباوکی ئازیز و جه‌رگ سوتاومان، که‌ له ته‌حه‌مول کردنی ئه‌و هه‌موو درد و ڕه‌نج و غه‌مانه‌دا  و هه‌روه‌ها له‌فێر کردنی ڕێزگرتن له‌خه‌ڵک، خۆ نه‌ویستی و،  سه‌بر و ڕاوه‌ستان له‌به‌رانبه‌ر ته‌نگانه‌و کاره‌ساتی زۆر د‌ژواردا‌، ڕێنیشانده‌رمان بوون و، به‌هه‌موو برینه‌کانی خۆیانه‌وه‌، پشت و په‌نای ئێمه‌بوون.

 

 

کاک فوئاد، له‌گه‌ڵ مێژوو تێنه‌په‌ڕیوه‌. له‌مێژووی پڕ له‌ته‌کانی مرۆڤی داهێنه‌ردا ده‌ژی. کاک فوئاد پشکۆی ئه‌و ئاره‌زووه‌ی ده‌گه‌شانده‌وه ‌که ‌ته‌مه‌نی به‌قه‌د ته‌مه‌نی مرۆڤ درێژه‌. له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه‌، ئاره‌زوو بۆ ڕزگاربوون، بۆ سه‌رفه‌رازی و بۆ ژیانی به‌هره‌مه‌ند و بێ ژان هه‌یه‌. مرۆڤ هه‌موو ڕێگایه‌کی بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه ‌تاقی کرده‌وه‌. په‌نای بۆ هه‌موو هێزیک برد نه‌خۆشیی لێ دوور بخه‌نه‌وه‌، به‌ردی بۆ بکه‌ن به‌ گه‌وهه‌ر و، له‌ته‌نگانه‌ی هه‌ژاری ده‌ربازی بکه‌ن. کاک فوئاد، له‌و شۆڕشگێڕانه ‌بوو که ‌بڕوایان وایه ‌سه‌رچاوه‌ی وه‌دیهاتنی ئه‌و ‌ئاره‌زووانه ‌و هه‌وێنی  به‌خته‌وه‌ری، هه‌مان هێزی خه‌ڵکه‌. ئه‌مڕۆ، له‌جه‌نگه‌ی ته‌کان و ته‌قالای چه‌وساوه‌کان و ژێرده‌ستانی کوردستان و ئێراندا، زیاتر له‌هه‌میشه ‌هه‌ست به‌جێگای خاڵیی کاک فوئاد و، ڕێباز و شێوه‌ی خه‌باتی له‌و جۆره‌ ده‌کرێت.

کاک فوئاد له‌ناوماندا نییه ‌به‌ڵام ئامانج و ئه‌زمونه‌کانی هه‌ر له‌ دڵماندا زیندوون.

 له‌و وه‌زعه‌دا پێویسته ‌هه‌موومان ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ک بۆ وه‌دیهاتی ئاوات و ئامانجه به‌رزه‌‌کانی کاک فوئاد و هه‌موو هاوڕێیانی خۆشه‌ویست و گیانبه‌ختکردوو و زیندوومان تێ بکۆشین و بیر و بۆچوون و شێوه‌کاره‌‌کانی کاک فوئاد بکه‌ین به‌مه‌شغه‌ڵی ڕێمان و ڕێبواری رێگای بین.

 

باشترین رێگا بۆ به‌هره‌مه‌ند بوون له‌فه‌رهه‌نگی سیاسیی کاک فوئاد، ناسینی کاک فوئاده‌. جێگای خۆیه‌تی بیری کاک فوئاد و ڕێبازه‌که‌ی، وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی و فیکریی گه‌وره‌، نه‌ک هه‌ر بۆ کۆمه‌ڵه‌، به‌ڵکوو بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی بێبه‌شان، بایه‌خی پێ بدرێ، بناسرێ و بدرێته ‌به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌و، ببێته ‌بابه‌تی لێدوانی خاوه‌نبیران و خوێندکاران و ڕووناکبیرانی ئازادیخواز.

 

  

کاک فوئاد تێکۆشه‌ری گۆڕینی سه‌رده‌می خۆی بوو. با ئێمه‌ش، تێکۆشه‌ری گۆڕینی سه‌رده‌می خۆمان بین.

 

 کۆتایی:

 

بۆ ئێمه‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌ که‌ ئه‌مرۆ له‌م شوێنه‌دا و به‌م ژماره‌یه‌ شاهیدی هاتنی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ین که‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا رێزیان گرت له‌ 30هه‌مین ساڵیادی گیانبه‌ختکردنی کاک فوئاد.

به‌راستی ئێمه‌ چۆن ئه‌توانین سپاسی ئه‌م هه‌موو هاوخه‌می، هاوکاری، هاوده‌نگی و هاورێیه‌تییه‌ بکه‌ین که‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م رۆژی راگه‌یاندنی کۆمیته‌ی رێزگرتن له‌ یادی کاک فوئاده‌وه‌ به‌ ته‌له‌یفوون و ئیمه‌یل و له‌دیداری راسته‌وخۆدا به‌ره‌ورووی ئێمه ‌و کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری ئه‌م مه‌راسمه‌ بووه‌ته‌وه‌.

سپاسی ئاسۆسات ئه‌که‌ین که‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ زه‌حمه‌تیانکێشا، هه‌م له‌ تۆمارکردنی چاوپێکه‌وتنه‌کان، هه‌م له‌ بانگه‌شه‌کردن بۆ ئه‌م مه‌راسمه‌دا و هه‌م بۆ به‌رنامه‌ی ئه‌مرۆ هاوکارییان له‌گه‌ڵ کردین.

له‌کۆتایی ئه‌م رۆژه‌ تایبه‌ته ‌و ئه‌م رێوره‌سمه‌ شکۆداره‌دا و له‌ ناو ده‌ریایه‌ک له‌ خۆشه‌ویستی و هه‌ست و سۆزی به‌شداربووان لێره، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و‌که‌سانه‌ی که‌ له‌ دووره‌وه‌ پشتگیری خۆیان ده‌ربڕیوه‌، هاوکات دوو هه‌ستمان له‌ لا دروست بووه‌: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی خه‌م و په‌ژاره‌ی له‌ده‌ستدانی کاک فوئاد و هه‌موو شه‌هیده‌ خۆشه‌ویسته‌کانمانه‌وه‌ ته‌نها نین و سه‌دان و هه‌زاران که‌س شانیانداوه‌ته‌ ژێر باری قورسی خه‌مه‌کانمان. دووهه‌م، ئه‌مرۆ زیاتر له‌ هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌تر له‌ جارانیش ئه‌که‌ین. نه‌ک هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ برا و هاوبیرو هاورێی کاک فوئاد بووین، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌و راستییه‌ش که‌ شانازی ئه‌وه‌مان پێبراوه‌ که‌ خۆمان به‌ به‌شێک له‌ مێژووی سه‌ربه‌رزی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی کوردستان ئه‌زانین.

ئێوه‌ هاورێیانی ماندوویی نه‌ناسی کومیته‌ی ئاماده‌کار، ئێوه‌ ووتاربێژان و شاعیران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی به‌رێز و ئێوه‌ به‌شدارانی ئازیزی ئه‌م کۆڕه‌، به‌ڵێ ئێوه‌ هه‌ر هه‌مووتان واتان کرد که‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ جاران خۆمان به‌ درێژه‌ده‌ری رێگای کاک فوئاد بزانین؛ ئێمه‌ له‌ کۆتایی ئه‌م مه‌راسمه‌ شکۆداره‌دا کۆڵ‌وبارێک له ‌گه‌ڵ خۆمان ئه‌به‌ینه‌وه‌ که‌ پڕه‌ له‌ وزه‌و توانا و هێز و گه‌شبینی به‌ داهاتوو؛ ئه‌و داهاتووه‌ی که‌ کاک فوئاد و هاورێ گیانبه‌ختکردووه‌کانی ئاواتی ئه‌وه‌یان بوو که‌ بتوانن له‌نزیکه‌وه‌ له‌ به‌دیهێنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی ژیانێکی شیاوی ئینسان و دوور له‌ هه‌رچه‌شنه‌ سته‌مێک ده‌ستی باڵایان هه‌بێت.

هه‌روه‌ک رۆژنامه‌وان و فوتوگرافی ئێرانی رضا دقتی له‌ قسه‌کانی‌دا وتی، ئێمه‌یش ئاواته‌خوازی وڵاتێکی ئازاد و ئاوه‌دان و سه‌رسه‌وزین که‌ تێیدا سته‌م نه‌بێت و له‌و وڵاته‌دا فیرمێسکی شادی و هه‌ڵپه‌ڕکێ زاڵ‌بێت و ته‌نگ هه‌ڵچندرێت به‌ خه‌م و په‌ژاره‌ و بێدادی.

له‌گه‌ل رێز و حورمه‌ت و خۆشه‌ویستی و پێزانینی هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا سوڵتانی، هه‌موو کاتێکتان شادی و سه‌ربه‌رزی بێت

 

خوشک و براکانی کاک فوئاد 29-08-2009 ستوکهوڵم

bottom of page