شیعر

August 31, 2018

 

 

ئێوارەیە دڵ پڕ خەمە کۆساری مەریوان
هەرگیز وەکو ئەمڕۆ نەبووە شاری مەریوان

دایکێ لە پەنای کێوی سەری گۆلی زرێبار
خەمبار دەگریێت و دەکا شیوەن و هاوار

دانیشتووە ڕەشپۆش و دەپاڕێتەوە خەمناک
سەرپۆشی ڕەش و زولفی سپی ڕشتووە سەر خاک

ئەو دایکە پەشێوە بە دڵێ پڕ لە خەم و ئێش
بەم شێوە دەناڵێت و دەڵێ بە قەبری دەروێش:

خەو بەسیەتی دەروێش دەسا هەستە درەنگە
نازانی دڵی مەردومی ئەو شارە چ تەنگە؟

چۆن بێخەبەری کە فەیلەقووس هاتووە دیسان؟
نوێژێ بکە دۆعایە کە دەروێش هەمیسان

ئەمڕۆ لە بەیان خوێنی کوڕی لاوی ڕژاندم
کوشتی دوو کوڕی ژیر و دڵی پیری شکاندم

هەر شوێنێ دەچی خوێنی گەشی لاوە ڕژاوە
هەر لاوە دەبینی کە لە سێـــدارە دراوە

ئەو شارە ببینە کە چ خوێنێکی لە چاوە؟
خەمبارە هەموو خەڵکی و فرمێسکی نەماوە

بۆ نوێژ درەنگە سەرت هەڵبێنەوە دەروێش
خێرا کە دەی ئەو شارە بڕووخێنەوە دەروێش

دەروێش بەشی ئەو گەلە گریانە دەمێکە
بەرگی ڕەش و جەرگی ڕەش و بوریانە دەمێکە

هەرکەس کە نەمامێکی بە خوێنی دڵی ناوە
دارێکی لە بۆ ژینی کوڕی ناوەتە لاوە

بەم چەشنەیە ئاواتی بە دەم باوە دراە
ئێستاکە هەر ئەو دارە بە سێدارە کراوە

بۆ نوێژ درەنگە سەرت هەڵبێنەوە دەروێش
خێرا کە دەی ئەم شارە بڕووخێنەوە دەروێش

نوێژێ بکە سەر هەڵمەبڕە هەر وەکوو ئەو جار
دیسانەوە ئەو شارە بکە بەحری زرێبار.

ئێوارەیە دڵ پڕ خەمە کۆساری مەریوان
هەرگیز وەکو ئەمڕۆ نەبووە شاری مەریوان

ئەو ساتە کە شەو هاتە سەر ئەو شارە خەمۆشە
ڕێبوارێ دەڵێ بەو ژنە ڕەشپۆش و پەرۆشە

هەستە بڕۆ دایە کە لە ماڵی تۆ هەرایە
کوژراوە کوڕێکی‌ترت هەستە بڕۆ دایە

شەو هەر وەکوو سەرپۆشی سەری ئەو ژنە تەنیا
ڕەنگێکی ڕەش و پڕ لە تەمی داوەتە دنیا

دەروێش وڵامی نییە بۆ جەرگی بریندار
ئەو دایکە وەکوو شێت ئەوا دێتەوە بۆ شار

هاوار چ خەمبارە هەوای شاری مەریوان
ئەمشەو چ تەم و پڕ خەمە شەوگاری مەریوان.

کاتێ کە بەیان خۆری خەمین خۆی دەنوێنی
تابووتێکی سوور دێت و دڵی شار ئەشکێنێ

یارانی لەگەڵ دایکی بە گوڵ تەرمی دەپۆشن
خەڵکی وەکوو دەریایە بە شوێنیا دەخرۆشن

وێنەی گوڵە سوورە کە لە سەر بەحرێ بمێنێ
چۆن پۆلی شەپۆلان لەپەسا ڕایدەشەکێنێ

سێڵاوی گەلی شار کە ئەو لاوە دەهێنێ
بای سەردی بەیان پەردەیە سوور ڕادەوەشێنێ

ئاسمان و مەل و دار و زرێبار و گەلی شار
هاوار دەکەن بەرز و دەڵێن پێکەوە جارجار:

چۆن بێخەبەری کە فەیلەقووس هاتووە دیسان؟
نوێژێ بکە دۆعایە کە دەروێش هەمیسان
مامۆستا شەریف حسێن پەناهی
#مەریوان
#کاک_فواد
#اقبال_مرادی
#شەریف_باجوەر

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube