دۆستانی كاك فوئاد!

October 9, 2017

 

 

 

وه‌ك ده‌زانن به‌ ده‌گمه‌ن ئه‌ندامی هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌ندامانی پێشوی كۆمه‌ڵه‌ش كه‌ له‌ هیچ به‌شێكی كۆمه‌ڵه‌دا نه‌ماون، په‌یدا ده‌بێت كه‌ ناو به‌ ناو، به‌ موناسه‌به‌ و بێ موناسه‌به‌ باسی جێگای خاڵی كاك فوئاد نه‌كات! زۆربه‌تان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌گه‌ر كاك فوئاد شه‌هید نه‌بوایه‌ چاره‌نوسی كۆمه‌ڵه‌ وای لێ نه‌ده‌هات! هه‌ر هه‌مووتان یه‌ك ده‌نگن له‌ سه‌ر كارابوون و ژیرانه‌ بوون و به‌رپرسانه‌بوونی سیاسه‌ته‌كان و پێشنیاره‌كانی!

هه‌مووشتان ده‌زانن كه‌ ئه‌م كاك فوئاده‌ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن ٣١ ساڵه‌ بوو. له‌ دوای چوار ساڵ زیندان و كاتی ئازادبوونی هه‌وڵی ده‌دا خۆی و هاورێانی رێكبخاته‌وه‌ بۆ ده‌ورانێكی دیكه‌ له‌ خه‌باتی نهێنی و نیوه‌ نهێنی. به‌ڵام كاتێك له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ١٣٥٧ دا له‌ گه‌ل شۆرشێكی مه‌زنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئێران و كوردستاندا روبه‌رو بوو، به‌ لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییه‌كه‌ جیهه‌تی خه‌بات و ململانێكانی خۆی و هه‌واڵانی به‌ره‌و گرینگیدان به‌ كاری سیاسی و جه‌ماوه‌ری گۆری٠
به‌ روخانی رژیمی پاشایه‌تی یه‌كه‌مین كه‌س بوو له‌ مه‌ریواندا باسی مافه‌كانی گه‌لی كوردی كرده‌ رۆژه‌فی قسه‌وباسی ناو روناكبیران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی. له‌ یه‌كه‌مین رۆژه‌كانی هاتنه‌ سه‌ركاری خومینی داوای له‌ خه‌ڵكی مه‌ریوانكرد كه‌ پێویسته‌ مافه‌ره‌واكانمان روونكه‌ینه‌وه‌ و خه‌باتی بۆ بكه‌ین. رێكخراوه‌ی یه‌كیه‌تی داواكارانی مافی گه‌لی كوردی پێك هێنا. له‌ ره‌وا و به‌رحه‌ق بوونی مافی گه‌لی كورد بۆ دیاری كردنی چاره‌نوسی نه‌ ته‌نها چكۆله‌ترین گومانێكی نه‌بوو به‌ڵكوو هه‌موو هێز و تواناكانی خۆی بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخانده‌كرد كه‌ هێزی پێویست رێكبخرێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافە٠
له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ هه‌موو شاره‌كانی كوردستاندا و یه‌ك له‌و خاڵانه‌ پێداگری له‌ سه‌ر ده‌كرد، مافه‌كانی گه‌لی كورد بوو. ده‌سه‌ڵاتداری كورد له‌ سه‌ر خاكی خۆی به‌شێك له‌ بیروبروای قوڵی كاك فواد بوو.
ئه‌م گه‌نجه‌ ٣١ ساڵه‌ نه‌ مشاویری سیاسی هه‌بوو و نه‌ كات و ده‌ره‌تانی ئه‌وتۆی هه‌بوو كه‌ بۆ خۆی به‌ قوڵی كار له‌ سه‌ر سه‌ێری رووداوه‌ سیاسییه‌كان بكات.

به‌ڵام یه‌ك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ به‌نرخه‌كانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌ره‌رای بروای زۆر قایمی به‌ مافه‌ره‌واكانی گه‌لی كورد، سه‌ره‌رای بروای قوڵی به‌ ئیراده‌ و رۆڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده‌ی كاتی هه‌بوو و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ توانایدا هه‌بوو گرینگیه‌كی زۆری به‌ لێكدانه‌وه‌ی سیاسی هه‌لومه‌رجه‌كان ده‌دا.

لای كاك فواد یه‌ك فاكته‌ر خاڵی سه‌ره‌كی و گرینگ بوو له‌ چالاكیه‌كانیدا، ئه‌ویش بریتی بوو له‌وه‌ی كه‌ چیمان پێ ده‌كرێت با بیكه‌ین و هه‌وڵیده‌دا كه‌ بكرێت.

كاك فواد له‌ چه‌ند مانگ پێش هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ كوردستان (١٣٥٨)، له‌ ده‌یان بۆنه‌دا باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ كۆماری ئیسلامی سووره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا كه‌ بروای قوڵی به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد هه‌بوو، پێوابوو كه‌ گه‌رچی ئه‌م پیلانه‌ی كۆماری ئیسلامی به‌رێوه‌یه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ و تا ده‌توانین هیچ به‌هانه‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ین و ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نها یه‌ك كاتژمێریش بووه‌ و ئه‌و هێرشه‌ دوابخه‌ین هێشتا به‌ قازانجمانه‌.

به‌ڵی، مه‌به‌ست له‌ بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و شێوازه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و ئه‌و شێوازه‌ له‌ هه‌لسوكه‌وت، بێ گومان ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و كات له‌ گه‌ل باشووری ئه‌مرۆ وه‌ك یه‌ك هه‌ڵسه‌نگێنم. به‌س مه‌به‌ستم بوو به‌ هه‌موو دۆستانی كاك فواد راگه‌یه‌نم، ئێوه‌ كه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ به‌ردی زانایه‌تی كاك فوئاد له‌ سینگ ده‌ده‌ن، بیرێك له‌و بیرمه‌نده‌تان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مافه‌كانی گه‌لی كوردی نه‌ده‌كرده‌ بینای هه‌ڵبژاردنی سیاسه‌تی رۆژ. لای ئه‌و هه‌لومه‌رجی سیاسی و هێز و توانكان گرینگ ترین فاكته‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ چی ببین و چی له‌مرۆدا نه‌كه‌ین باشتره‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه‌ سیاسه‌ته‌كانی كاك فوار دروست بوو، له‌ سه‌روبه‌ندی گشتپرسی باشووری كوردستاندا، مافی گه‌لی كورد بۆ دیاری كردنی چاره‌نوس و مافی گه‌لی كورد بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت یان كردبووه‌ گرینگترین بنه‌ره‌تی دروست بوون و گونجاو بوونی گشتپرسی له‌ ٢٥-١٠-٢٠١٧ دا له‌ باشووری كوردستاندا.

دۆستانی ئازیز! گرینگیدان به‌ لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌كی، له‌به‌رچاو گرتنی هێز و توانای خۆ و دوژمن، راده‌ی رێكخراوی و ئاماده‌بوونی هێزه‌كان، هاوئاهه‌نگی و توانای به‌رێوه‌بردن، كه‌شفی تازه‌ی كاك فوئاد نه‌بوو. له‌ زۆر جێگای دونیا ئه‌و فاكته‌رانه‌ بنه‌ره‌تی سیاسه‌تكردنه‌. كاك فواد فێری ببوو و داكۆكی لێ ده‌كرد به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی دۆستانی كاك فوئاد نزیكه‌ی چل ساڵ دوای كاك فوادیش و به‌و هه‌موو ئیمكانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یانه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ و به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و هه‌موو ئه‌زمونانه‌ش، هێشتا فێری نه‌بوون.

 

 

 

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube