بۆ فوئادێ کە سەنگەر بوو

August 31, 2015

 

 

 

ڕێبوارێک لە شێوەی ئاو

ئێمە ڕێبوارێکمان ناسی
له‌ شێوه‌ی ئاو
تافه‌کانی توانه‌وه‌یان ده‌ڕچاند 
قووڵایی مه‌ندی پۆنگاوی
تاو و تینی تاڤگەکانی ڕاده‌وه‌ستاند
ڕچه‌ی ڕێی، ڕێبه‌ندانه‌کانی گه‌رم کرده‌وه‌
له‌شی سڕی که‌لیخانی خه‌مانی خاو کرده‌وه‌.
ئێمه‌ ڕێبوارێکمان ناسی
ئاو بوو، به‌ڵام لافاوی به‌ ده‌مدا نه‌هات
به‌رد بوو، که‌چی هه‌رگیز ئاوێنه‌ی نه‌شکاند
شه‌قام پیاسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد
هه‌وار کۆچی بۆ هه‌ڵده‌گرت
ڕه‌وه‌ز، شێعری خه‌وه‌ به‌ردینه‌ی فێر ده‌کرد
زۆنگی زیندان، چۆمی هه‌تاوی (نازلی)ی نیشان ئه‌دا
خه‌وی که‌وێ، خورپه‌ی هه‌ره‌سی ژان ئه‌دا.
ئێمه‌ ڕێبوارێکمان ناسی
یه‌خه‌ی ئه‌دا، له‌ گه‌ڵای زانستی زانکۆکان
سه‌ری ئه‌دا له‌ کووباری که‌وێڵه‌کانی خشتپێژان
شاری ئه‌کرده‌ شه‌ڕابی چاوی گه‌نمه‌وه‌
خه‌وی ئه‌کرده‌ په‌رێزی زه‌ردی شه‌رمه‌وه‌
به‌ردی بزێویی بزووتنی، ئه‌نایه‌ ژێر سه‌ری زستان
به‌رمووری حه‌وت ئاسمانی کردە ملی ڕانه‌وه‌ستان.
ئێمه‌ ڕێبوارێکمان ناسی
له‌ به‌رزایی بورجی مه‌زنیی خۆی
سالاری سه‌رای نه‌لوان بوو
شاباڵی ته‌واره‌کانی، بۆ هه‌ڵۆکانی سه‌یوان بوو.
ئێمه‌ ڕێبوارێکمان ناسی
شار شاڵی له‌ مل ئه‌کرد
شاخ تۆوی شۆڕشی شاری بۆ هه‌ڵده‌گرت
زرێبار ئاگر و خوێنی پێشکه‌ش ده‌کرد
سه‌رماوه‌ز خۆری بۆ ئه‌چنی و
کۆڕه‌و، ماڵی شکۆ و شانی بۆ چێ ده‌کرد
له‌ به‌رده‌م قه‌ڵای زۆرداران
شه‌ڕی ئاشتی له‌ سه‌ر ده‌ست بوو
بۆ زه‌نوێری خه‌می خه‌ڵکی، که‌لاوی هه‌سێلی هه‌ست بوو.
ئێمه‌ مرۆڤێکمان ناسی
له‌ وه‌رزێکی بێ ڕۆژنامه‌ قه‌ڵه‌می چاند
له‌ ساڵانێکی نووته‌کدا سروودی گه‌رمی خۆری خوێند
له‌ چوار ڕێیانی ڕاوه‌ستان، ته‌نگه‌ی ڕێگای چه‌پی کێشا
ئیتر ئێمه‌
کاڵه‌ی ئاسنمان بۆ هه‌ڵبه‌ست
"زنجیرەی چیامان قه‌ف قه‌ف بڕی"
تێشووی ڕێگامان بۆ هێنا
حه‌وتخانی ته‌لیسمی دێومان یه‌ک یه‌ک بڕی
گوڵخه‌نده‌رانی خوێناویی پێده‌شتی پڕ پێکوڵمان لک لک چنی.
ده‌ تۆ بڵێ ئه‌ی ئه‌ستێره‌ پێنج گۆشه‌که‌
چه‌ند ڕاخوشینیتر ماوه‌ تا به‌یانی! ! ؟
ئه‌م که‌ناری ڕووبارانه‌، چه‌ند شێله‌گه‌یتریان ده‌وێ! ! ؟
تا بتوانن سروودی به‌ ده‌ریا گه‌یشتن بژه‌نن؟
چه‌نده‌ هه‌تاویتر چه‌نده‌...........! ! ؟
هه‌تا له‌شی شه‌خته‌ بردووی ئازادیمان گه‌رمه‌وه‌ کا؟
هه‌تا چه‌نده‌یتر ده‌ریا بین! ! ؟
هەتا ئه‌م گشته‌ لێڵ‌اوە، لێڵایمان شلوێ نه‌کا؟

 

 

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube