جه‌وان بوو

دراوسێی رێواسی به‌هار و

هاوده‌می هه‌ناری پاییزان .

به ‌ڕه‌گه‌ز ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ڕیشه‌ی داربه‌ڕوو

ده‌یزانی به‌فری کام ترووپکی نیشتمان

زریوه‌ی جوانتره‌ و

له‌هه‌گبه‌ی کام باران

مزگێنی ئه‌ودیوی تاریکی 

هه‌ڵده‌ڕژێ‌  . 

دڵۆپێک

هه‌ڵقوڵیوی کانییه‌کی  قه‌له‌به‌رد .

شه‌پۆلی وه‌ک ‌له‌پی ده‌ستی خۆی ده‌ناسی .

شاره‌زای زه‌مزه‌مه‌ی  جووبار و

حه‌ژمه‌تی تۆفانی ده‌ریاکان .

ئارام و له‌سه‌رخۆ

گوێی ده‌گرت له ‌به‌رد و له ‌ڕازی  زناران .

زامی سه‌ر دوو ئه‌ژنۆی گه‌نم و

سه‌رشانی پڵنگی

فام ده‌کرد .

نزیک بوو له‌ڕه‌نج و

له‌خه‌ونی ڕاسانی  هه‌ژاران

وه‌ک بڵێی به‌مناڵیی له‌نسکۆی نه‌داری و

له‌کڵپه‌ی سووتانی  ژێر ده‌ستیی گه‌یشتبێ .

ده‌یزانی چ وه‌رزێ  چیاکان  باڵایان هه‌ڵده‌چێ و

چ کاتێ شه‌ونامه‌ی نێو شاران

ده‌نووسرێ .

پێش ئه‌وه‌ی کڕێوه‌

سه‌رپه‌نجه‌ی داره‌کان بڕچێنێ

خه‌به‌ری هه‌تاوی ده‌دایه‌  دارستان .

هێشتا خاک هه‌ناسه‌ی سه‌هۆڵی هه‌ڵده‌مژی

سه‌وزایی سه‌رگۆنای  قه‌زوانی

بۆ شکۆی قه‌دپاڵان باس ده‌کرد.

پردێ بوو  له‌نێوان  ته‌مه‌نای سرووشت و

توانای مرۆڤدا.

تینوێتی به‌ڕه‌زا  ، تۆزی سه‌ر کاکۆڵی گه‌نم و ئافاتی برسیه‌تی

به ‌برووسکه ‌ده‌ناسند .

په‌یامی چی  هه‌رمێ کێویله‌ی کوێستان بوو

بۆ باران ده‌نارد و

ڕێبواری هه‌تاوی بۆ گه‌یشتن به‌ترووپکی رووناکی

 ڕاده‌سپارد .

ئه‌م لاوه‌ ساده‌یه‌

له‌کارگه‌ی مێژوودا

هارمۆنیی ئاسن و چه‌کوشی خوێندبوو .

له‌مه‌زرا و  له‌کێڵگه‌ی که‌له‌پچه‌کراودا

له‌سێحری  ئاره‌قه‌ی ناوچاوی جووتیار و

به‌خششی گه‌نمزار  گه‌یشتبوو .

نه‌ریت بوو  ئه‌و ده‌مه‌

سنه‌وبه‌ر له ‌ڕکه‌ی زیندانا  باڵا بکات

تا جێگای له‌ڕیزی سه‌ربه‌رزان دیار بێت .

به‌ڵام ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ی ئێستاکه ‌له ‌دڵی تاڵه‌سوار  ڕواوه‌

له‌خۆیدا سه‌رسه‌وز و به‌رز بوو .

حه‌شارگه‌ی پڵینگ و

په‌ناگه‌ی په‌پووله‌ و

جێ ژوانی کازیوه‌ و خۆره‌تاو ‌.

جه‌نگه‌ڵێ که ‌هه‌تاو

 تۆزقاڵێ سه‌رچڵی سوورکردبوو

تا جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ و

تا ڕه‌نگی ئاڵایه‌ک

له‌ ترووپکی کازیوه‌دا‌ 

هه‌ڵبکات .

که ‌ڕۆیشت

له‌سه‌ر هیچ لووتکه‌یه‌ک هه‌ڵنه‌نیشت

هه‌ر ته‌نیا به ‌ڕه‌نگی شاباڵی

هیڵێکی سوورباوی به‌ ‌ئاسمان به‌خشی و

دوا ڕسته‌ی مانه‌وه‌ی بۆ دواڕؤژ  نووسیه‌وه‌.

له‌ناو ئه‌م هاوار و ڕاوڕاوێنی  چه‌پ و ڕاستا

له‌م  هه‌موو باڵباڵێنی  ره‌وته‌ په‌لوپۆکراوه‌کاندا

ئه‌و هه‌رگیز باڵ نه‌بوو

 فڕین بوو .

هه‌ر بۆیه‌

هه‌ڵۆیان  شاباڵێ شک نابه‌ن

بگاته‌شێوازی په‌روازی .

ئێستاکه‌ش چریکه‌ی ده‌گمه‌نی ئه‌و بازه‌ جه‌وانه‌

له ‌گوێچکه‌ی کوێستانا

 ده‌زرینگێ و

ده‌زرینگێ.

نیشتمان هیلاکی ڕاسان بوو

ده‌وروپشت تاریک و

ڕێگاکان نادیار

ئه‌و که‌سه‌ی  په‌نجه‌ره‌ی بۆ ئاسۆ کرده‌وه‌

تیشکیکی جیاوازی نیشان داین

گه‌نجێکی سوورکه‌له‌ی ساده‌ بوو

فوئاد بوو .

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube