كاك فوئاد، یه‌كێتی جوتیاران و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

 

  
كاك فوئاد له‌و ده‌گمه‌ن رێبه‌رانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێست و وته‌ و كاره‌كانی هه‌تا ئێستاش وانه‌یه‌كن بۆ فێر بوون. كاك فوئاد له‌ قوناخێكدا كه‌ هه‌ست به‌ زه‌روره‌تی یه‌كێتی و هاوپشتی جویتاران ده‌كات، بێ دودڵی یه‌كێتی جوتیاران داده‌مه‌زرێنێت وه‌كوو كه‌ره‌سه‌ته‌یه‌ك كه‌ بۆ قوناخێكی مێژووی بوونی پێویسته‌. كاك فوئاد وه‌كوو رابه‌رێكی چه‌پ و سۆسیالیست كه‌ باوه‌ڕی به‌ هێزی جه‌ماوه‌ر هه‌بوو، رێكخراو كردن و یه‌كخستنی هێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت و كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كردبوه‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی خۆی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ روبه‌روو بونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و بۆ یه‌كخستنی هێزی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ر، یه‌كێتی جوتیارانی دامه‌زراند و دوای ئه‌وه‌ش جه‌معیه‌تی دفاع از آزادی و جه‌معیه‌تی موعه‌لیمان و ... له‌و بیرۆكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌. ژیری و كارامه‌یی كاك فوئاد له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ر كات هه‌ستی كردوه‌ ئه‌و ئه‌بزاره‌ كارایی نه‌ماوه‌ و قۆناخه‌ میژووییه‌كه‌ی ته‌واو بوه‌، دیسان بێ دودڵی وه‌لای ناوه‌.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌ شاری سه‌قز، كادر و ئه‌ندامان و چالاكانی ئه‌و ناوچه‌ داوا ده‌كه‌ن كه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كێتی جوتیاران له‌ مه‌ریوان، با له‌ بانه‌ و ئه‌و شارانه‌ش یه‌كێتی جوتیاران دابمه‌زرێنێن. كاك فوئاد له‌وێ موخالفه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێ یه‌كێتی جوتیاران له‌ مه‌ریوان ئه‌ركی مێژوویی خۆی به‌ئه‌نجام گه‌یاندوه‌ و ئیتر زه‌روره‌تی نه‌ماوه‌ و لازمیش نییه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ش كۆپی لێ بكرێت.
هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان قوناخی ده‌ره‌به‌گایه‌تی تێپه‌ڕاندوه‌ و ئێستا جۆرێكی دیكه‌ له‌ سازمانده‌هی پێویسته‌. له‌ درێژی ئیستدلاله‌كانیدا ده‌ڵێت:‌‌ كۆماری ئێسلامی به‌ هه‌موو جۆرێك هێرشی بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ست پێكردوه‌، بۆیه‌ لازمه‌ بۆ به‌ره‌نگاری بونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه‌، هه‌موو چین و توێژه‌كانی كوردستان رێكخراو بكه‌ین.
له‌م پێشه‌كییه‌وه‌ ده‌مه‌وه‌ باسی ئه‌و قۆناخه‌ بكه‌م كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تێدا سه‌ری هه‌ڵدا و توانی خزمه‌تیكی گه‌وره‌ بكات:
1- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سه‌رده‌مێكی تاریك و پڕ له‌ گه‌نده‌ڵی و ببڕه‌ و ببه‌ی باشووری كوردستاندا سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ ته‌نیا توێژێكی كه‌می ده‌سه‌ڵاتدار ئاگاداری راده‌ی بودجه‌ وئه‌و كاولكارییانه‌ بوون كه‌ به‌ پانتایی باشوور به‌رێوه‌ ده‌چوو. گۆڕان له‌و قوناخه‌دا بوونی پێویست بوو و توانی هه‌نگاوێك كۆمه‌ڵگای باشوور به‌ره‌و پێش به‌رێت. گۆڕان تروسكایه‌ك بوو كه‌ توانی كارێك بكات ئێمه‌ بتوانی دیوی ناوه‌وه‌ی ئه‌و تاریكخانه‌ ببینین. گۆڕان خه‌ڵكی فێر كرد كه‌ داوای مافی خۆیان بكه‌ن. گۆڕان په‌رده‌ی له‌ سه‌ر ئه‌قیانوسێك له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و راو روت لادا. گۆڕان په‌رده‌ی ترسی خه‌ڵكی فڕێدا و كۆمه‌ڵێك سنوری بڤه‌ هه‌بوون كه‌ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك خۆیان لێ ببوو به‌ خودا، ببه‌زێنێت. گۆڕان شكۆی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ پارلمان و پارلمانتار. گۆڕان كاتێكیش چوه‌ ده‌سه‌ڵات له‌و ئه‌ركه‌ كه‌ له‌ سه‌ر شانی خۆی داینا بوو، لای نه‌دا.
2- هه‌ڵه‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ ئێمه‌ زیاده‌ له‌ ئه‌ندازه‌ چاوه‌ڕوانیمان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌. پێمان وایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا دار ئاسای سێحریان پێیه‌ و هه‌ر كه‌ رایوه‌شێنن، دنیا ده‌كه‌نه‌ شامی شه‌ریف. ئه‌مه‌یه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌كه‌. له‌و كاته‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زراوه‌ پشتیوانیم لێكردوه‌ و لێشی په‌شیمان نیم. هه‌ر ئه‌و كاته‌ش وتومه‌ و ده‌یڵیمه‌وه‌ كه‌ گۆڕان حزب و رێبازی ئیده‌عاڵی من نییه‌، به‌ڵام له‌م قۆناخه‌ له‌ خه‌باتی به‌ره‌وپێشچوونی خه‌ڵكی باشووردا، له‌ هه‌موویان باشتره‌ و قابلی پشتیوانییه‌. من باوه‌ڕم وایه‌ گۆڕان توانیویه‌ به‌باشی ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كه‌ی خۆی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. ئێستا له‌م قوناخه‌شدا جۆرێكی دیكه‌ له‌ سازمانده‌هی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزی و دیكتاتۆریه‌ت له‌ باشوورپێویسته‌.
له‌ بیرشمان نه‌چێت كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زه‌خت و گوشارانه‌ بۆ سه‌ر بزوه‌تنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵسوڕاو لایه‌نگرانی، هه‌تا ئێستا ده‌ستیان نه‌بردوه‌ بۆدروستكردنی هێزی چه‌كدار، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆر به‌ ئاسان ده‌توانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

 

 

 

 

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube