فوئاد سووڵتانی

 

 

 

فوئاد سووڵتانی

یه‌كدوو وشه‌/به‌ڕێزان وابزانم ساڵی1982بوو له‌ یادی كاک(ئارام)دا له‌و شیعره‌ی كه‌ بۆ ئه‌وم نووسی بوو به‌ ده‌نگی به‌رز قیژانم(بۆرژوازی خێڵه‌ قه‌حبه‌ن) ئیتر له‌ ناو پێشمه‌رگه‌كاندا بوو به ‌هه‌را و چه‌پڵه‌ڕێزان, هه‌رچه‌ند دواتر باجی زۆرم دا و ئه‌و خێڵه‌ نه‌یان ئه‌هێشت له ‌هیچ شوێنێ‌ بۆ خۆم بگیرسێمه‌وه‌.به‌ڵێ‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستاندا یه‌كه‌مین شێوه‌ی مۆدێرنی حیزبایه‌تی له‌لایه‌ن (ماركسی یه‌ كوردستانی) یه‌كانه‌وه‌ پیاده‌ كراوه‌ و هاتووه‌ته ‌ژیانی سیاسی یه‌وه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ‌له ‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی یه‌وه ‌له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورداندا به ‌پێی بیری چینایه‌تی بۆ رزگاری نیشتمانی ویه‌كل كردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی, ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زابم له‌ ڕووداوه‌ مێژوویی یه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسی یه‌(سێ‌) ڕۆڵه‌ی تێكۆشه‌ر و چاو نه‌ترس و گۆشكراو به ‌بیری (ماركسیزمی كوردستانی) چ وه‌ك بیرمه‌ند و چ وه‌ك سه‌ركرده‌ و چ وه‌ک ئاڵاهه‌ڵگرانی ئه‌وڕێبازه‌ هه‌رگیز نه‌ كوژاوه‌یه‌,. گیانی خۆیان بۆ هه‌ژار وچه‌وساوه‌ی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كرده‌ قوربانی. ئه‌وانیش ئه‌م(سێ‌)سه‌ركرده‌ نه‌مرانه‌ بوون:

١ ـ هه‌مزه‌ عه‌بدولا)كه‌ یه‌كه‌مین كه‌س بوو له‌ شێوه‌ی حیزبی مۆدیرندا ئاڵای شه‌كاوه‌ی(ماركسی یه‌ كوردستانی)یه‌كانی به‌رزڕاگرت وهه‌موو ژیانی بۆ ته‌رخان كرد تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ری نایه‌وه‌.

٢ ـ شه‌هید (شاسوارجه‌لال)ناسراو به ‌كاک(ئارام) كه‌ دووه‌م شۆڕه‌سواری ئه‌م رێبازه‌ كوردستانی یه‌ بوو.

٣ ـ شه‌هید(فوئاد سوڵتانی)ناسراو به‌كاک(فوئاد) بوو كه‌ ئه‌ویش سێ‌ یه‌م قاره‌مانی ئه‌و بۆچوونه ‌كوردستانی یه ‌بوو.من لای خۆمه‌وه‌ شانازی به ‌شیعره‌كانمه‌وه‌ ئه‌كه‌م كه‌ وێنه‌ی گیانبازی ئه‌م(سێ‌)پیاوه‌ سه‌ركرده‌ نه‌مره‌ی بۆ میژوو پاراستووه‌,ئه‌مه‌ یه‌كێ له‌و شیعرانه‌ی بۆ به‌رز ڕاگرتنی كاک(فوئاد)وتراوه‌: 
پیاوێكی كه‌ڵه‌گه‌تی نیگا شیرین

تابڵێ‌ ی رووخۆش وده‌م به‌پێكه‌نین
ساڵی جارێ‌
وه‌ک رێبوارێ‌ 
به‌سواری ئه‌سپێكی(شێ‌)وه‌ دێته‌وه‌ 
وه‌كو نێرگز له‌م سه‌ر خاكه‌ ئه‌ڕوێته‌وه‌
هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی یادگارێكی لێ‌ ون بووبێت
به‌بێ‌ ئارام
به‌ به‌رده‌وام
دار و به‌ردی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌پشكنێت 
جار به ‌جارێ‌
به‌غه‌مگینی ملی ڕێگا ی خۆی ئه‌گرێته‌وه‌
جار و باریش
به ‌دڵی خۆش سوار ئه‌سپه‌(شێ‌) ئه‌بێته‌وه‌
(با)ی نه‌رمه‌غار هه‌ڵی ئه‌گرێ‌ 
ئه‌ڕوات...ئه‌ڕ..وا....ت 
تا له‌چاو ون ئه‌بێته‌وه‌
له‌ نێوانی من و ئه‌ودا:
عه‌شقێك هه‌یه‌ گیانی گیانی
پێی ئه‌وترێ‌(كوردستانی)
له‌ نێوانی من وئه‌ودا:
ڕێ‌ یه‌ك هه‌یه‌ وه‌ك خۆر ڕوونه‌
ئه‌نجام به‌ره‌و ئازاد بوونه‌
هه‌موو ساڵێ‌, ئه‌م پیاوه‌ دێت
له ‌ناو ماڵی شیعری مندا 
وچان ئه‌گرێت 
به‌ مه‌یلی خۆی دا ئه‌نیشێت
به‌ دیارمه‌وه‌
له ‌سه‌ر چیچكان هه‌ڵ ئه‌تروشكێت
كه ‌له ‌پڕێ‌
سه‌ری قسه‌ی هه‌ڵ ئه‌بڕێ‌
چاوی سه‌رنجم تێ‌ ئه‌بڕێ‌
به‌ سه‌د خۆزگه‌ و ئاواته‌وه‌
ده‌رگای پرسیار ئه‌كاته‌وه‌
له‌ دوایی دا, به‌تاسه‌وه‌
گوێ‌ بۆقسه‌كانم ئه‌گرێ‌.
منیش ئه‌ڵێم چاوه‌كانم
ورد گوێ‌ به‌ره‌ باسه‌كانم:
ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ جێت هێشتین 
جامێ‌ مه‌راقت پێ‌ چه‌شتین 
ئه‌و ڕۆژانه‌ هێشتا زوو بوو
تازه‌ خه‌بات پشكوتوو بوو
له‌گه‌ڵ بیری چینایه‌تی
له‌گه‌ڵ هه‌ستی كوردایه‌تی
تازه‌ كاروان خۆ ئه‌كه‌وت 
به‌ره‌و شۆڕش ڕێ‌ ئه‌كه‌وت
كه‌ كۆچی تۆی هات به‌سه‌ردا
ئاگرت له‌ ویژدان به‌ردا 
له‌وڕێ‌ سه‌خته‌ ده‌یان كاک(شوان)
بوون به‌چرای ڕێی تێكۆشان 
به‌و(ورانه‌)ی ناو زیندان
به‌ دوژمندا هه‌ڵ ئه‌شاخان
به‌و ده‌نگانه‌ی ئه‌یان نه‌ڕان 
به ‌سێداره‌ش نه‌ ئه‌خنكان 
به‌و گوڵی خوێنانه‌ی ئه‌ڕژان 
له‌ كۆشی سه‌نگه‌ردا ئه‌پژان
ئیتر شۆڕش باڵای ئه‌كرد 
په‌لی بۆ گشت جێ‌ یه‌ ئه‌برد
ساڵ هات,ساڵ چوو
زۆر شت ون بوو
زۆر شت بڕ بوو
زۆرشت كڕ بوو 
ئه‌و كاتانه‌ی تۆ لێره‌ بوویت
به‌گژ دێوی مه‌رگا ئه‌چوویت
ڕێگه‌ی خه‌بات ته‌نگ وتاربوو
وه‌ک دیلی ناو چوار دیوار بوو
به‌ڵام ئێستا تاچاو بڕكات 
ده‌ریای شۆڕش شه‌پۆل ئه‌دات 
له ‌سه‌ر تا پای كوردستاندا 
له‌ گشت سووچێكی ژیاندا 
ئه‌سپی تێكۆشان زین ئه‌كرێ‌ 
په‌ره‌ به‌ به‌رخۆدان ئه‌درێ‌ 
له‌ چوارلاوه‌ كورد هه‌ستاوه‌
ڕووبه‌ڕووی دوژمن وه‌ستاوه‌ 
زیندانه‌كان:
به‌ رۆڵه‌ی وه‌كو(فه‌رزاد)پڕكراون 
سێداره‌كان:
بۆمه‌رگی گه‌لێ‌(فه‌رهاد)هه‌ڵخراون
له‌ نێوانی هه‌مووماندا:
عه‌شقێک هه‌یه‌ گیانی گیانی 
پێی ئه‌وترێ‌(كوردستانی) 
له‌ نێوانی هه‌مووماندا:
ڕێ‌ یه‌ك هه‌یه‌ وه‌ك خۆر ڕوونه‌
ئه‌نجام به‌ره‌و ئازاد بوونه‌ 
ئا ئه‌و پیاوه‌ كه‌ڵه‌گه‌ته‌ 
ئه‌و ماندوونه‌بووی خه‌باته‌ 
سوارئه‌سپه‌(شێ‌) ئه‌بێته‌وه‌ 
ملی ڕێی خۆی ئه‌گرێته‌وه‌
(با)ی نه‌رمه‌ غار هه‌ڵی ئه‌گرێ‌ 
ئه‌ڕوات....ئه‌ڕ...وات 
تا له‌ چاو ون ئه‌بێته‌وه‌

 

 

 

 

 

Formulärets överkant

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube