بۆ دایه‌ به‌هیه‌

 

 

 

 

دێمه‌وه‌ بۆ لاتان،

ئه‌مڕۆ لێره ده‌ڕۆم. ده‌ڕۆم به‌دڵێكی پڕله‌ هیوا‌وه،
لێره‌‌وه ده‌ڕۆم به هێزو گوڕی جارانه‌وه.
ناو چاوانی دانه‌ دانه‌ی ئیوه ڕۆڵه كۆمه‌له‌ی‌یه‌كانم ماچ ده‌كه‌م، با زه‌نگوڵه‌ی ئاونگی هه‌ناسه‌تان، به‌سه‌ر تاڵ تاڵی چڵه‌ مووی سه‌رمه‌وه، خۆ هه‌ڵواسن و هه‌‌ر له‌گه‌ڵم بن. با ئه‌وان له‌بری ئێوه‌ له‌گه‌ڵم بدوێن و یاده‌كانم له‌ بیر نه‌چنه‌وه.
ده‌مه‌و تاریكانێك، له‌سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه، له‌شاری ئۆپسالای وڵاتی سوئێد، ڕاكشابوم.
دڵ ته‌نگ و به‌ته‌نیا. هه‌ر چاوم له‌بن میچی ڕوخساری سپی هه‌ڵگه‌ڕاوی ژوره‌كه‌م ده‌كرد. كه‌سم نه‌ده‌ناسی، له زمانی كه‌سیش حاڵی نه‌ده‌بوم. ڕه‌نگ و ڕوخساریان زۆر له هی‌ڵای وڵاتی خۆمان نه‌ده‌چوو.
هه‌رچی به‌لام داده‌هات، چاوی لێده‌كردم و به‌بزه‌یه‌‌كه‌وه سڵاوی ده‌كرد و ده‌ڕۆیشت. له‌ سڵاوه‌كه‌ش تێنه‌ده‌گه‌یشتم. تا له دیلمانجه‌كه‌م كه‌ یه‌كێك له منداڵه‌كانم بوو پرسیم، ئیجا تێگه‌یشتم.
ژنێكی بڕێك كامڵ هاته‌ لامه‌وه‌و ئه‌حواڵی پرسی و گوتی: خه‌لكی كوی؟
گوتم: خه‌لكی وڵاتێكم كه ناوی كوردستانه‌، هێشتا كه‌و‌شه‌نه‌ی دیاری نه‌كراوه، هه‌ر ناوی هه‌یه.
گوتی: د‌‌ه‌زانم.
- ده‌ی من منداڵی ئه‌و وڵاته‌م.
- ده‌مێكه نه‌خۆشی؟
- بیست ساڵه.
- هه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌؟
- نا، ئێمه خه‌ڵكی وڵاتێكین، هه‌مومان ده‌رده‌داین. وڵاتی ئێمه خوێنی لێده‌باری. خه‌می لێده‌چێ‌نن. هه‌مومان توشی ده‌رده‌ دڵ بوین.
ژنه‌ پرچ خورمایه‌‌كه، چاوه سه‌وزه‌كانی مۆڵه‌قه‌ی ئاو دایگرتبوو. ده‌ستی به ‌پشتی ده‌ستمدا ده‌هێنا و پرسی:
- زۆرن ئه‌وانه‌ی وه‌ك تۆن و ده‌ردی دڵیان هه‌یه‌؟
گوتم: ئه‌گه‌ر به‌لای هه‌ر گۆڕستانێكدا بڕۆی، گۆڕستانه‌كه په‌نجه‌ت بۆ درێژده‌كا و یه‌ك یه‌ك، ژماره‌ی ئه‌و ده‌رده‌دارانه‌ت پێ‌ده‌لێت. ئه‌گه‌ر به‌لای كانی و ئاوی هه‌ر ئاواییه‌كدا بڕۆی، كچ و ژنی ڕه‌ش پۆشت ده‌بینی، ڕوخساریان شایه‌دی ده‌دات. ئه‌گه‌ر له هه‌ر كوێه‌ک گۆرستانێ وه‌ک كه‌لاوات بینی، كه له‌سه‌ر له‌وحه‌ ژه‌نگاویه‌كه‌ی نووسرابوو نه‌حله‌تاوا! ئه‌وه و‌ڵاتی منه. ئه‌گه‌ر به‌لای قه‌برستانی هه‌ر ئاواییه‌كدا ڕۆیشتی، نووسراوه‌ی سه‌ر به‌رده قرینجاوی كێلی قه‌بره‌كانت خوێنده‌وه، ده‌زانی منداڵی چ شارێكی لێ نێژراوه. ئه‌مجاره ژوماره‌ی ئه‌و دایكانه ده‌زانی، كه وه‌ک من ده‌ردی دڵیان هه‌یه.
ژنه‌كه به‌دڵ ته‌نگی و بێ هیواییه‌وه، ده‌سته بێ هێزه‌كه‌ی گوشیم و هه‌ستا و جێهێشتم. ترسام. گوتم بڵیی ژانی دڵی من ئه‌وی ترساندبێت، كه وا هه‌ستا و ڕۆیشت.
ترپه‌ی پێیی ئاشنا ده‌هات. مه‌له‌كه‌م بانگكرد. ده‌ستی پڕ خه‌می ئه‌و كۆتره هێڵانه‌ لێ‌ ڕوخاو‌ه‌م گرت و گوتم" ڕاستم كه‌وه، با چاوم له هه‌مووتان بێت.
ده‌بێ هه‌ناسه‌ی ئێوه‌، فرمێسكی فایزه‌ و مه‌ڵه‌كه‌و ڕه‌زا و حوشمه‌تم زۆرتر كۆكه‌مه‌وه، ‌‌له‌گه‌ڵ زمزمه‌ی ئاوی چاوه‌كانی فرمێسکیش له‌گه‌ل خۆم به‌دیاری به‌رم بۆ وڵاتی ژان و
بۆ وڵاتی جه‌سته‌ نه‌خۆش وا دایم قسرێکی له‌سه‌ر ژانی زانی مه‌رگه‌.
ده‌بێ دڵۆپه‌ی فرمێسکه‌کان کۆکه‌مه‌وه‌،
بۆ ئه‌وه داری باخی تاڵه‌‌ سوواری پێ ئاو بده‌م. ده‌نگی ئاخرین ماچی ماڵ ئاوای به‌یان و دكتور جه‌عفه‌ریش، له كه‌ركوكه‌وه بۆ خاڵه‌كانی ده‌به‌مه‌وه‌.
من هێوای ئێوه، جارێكی دیكه‌ش له دڵی وڵاتی خه‌متاندا ده‌چێنمه‌وه.
من وا ده‌گه‌ڕیه‌مه‌وه ‌ به‌ره‌و وڵات! ئه‌و وڵاته‌ی خۆشیه‌کانی تێدا ده‌بنه‌ نامراد.
که‌ که‌وتمه‌ ڕێ، ئه‌مجاره به‌ڕاستی گوڵه‌ سووره‌كه‌ی دیاریی ماجیدم، كه له‌ به‌ندیخانه‌ی ته‌ورێز بۆی ناردم و گوتی: له‌ كاتی دڵ خۆشی دوژمندا، له به‌ڕۆكی خۆتی ده‌، ئه‌و له به‌ڕۆكم ده‌ده‌م.
من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و ئاواتی هه‌ژارانی كوردستان به‌خه‌لات پێشكه‌ش به‌چیای(چاڵاوو قه‌له‌‌به‌‌ردی) سه‌رسه‌ری ئاڵمانه ‌ده‌كه‌م.
ئه‌م دوو(كێوه)جێگه‌ی ڕازونیازی فوئاد و سه‌دیق و شوعیوب و دكتورجه‌عفه‌ر و یوسف و حوسیه‌نی پیرخزری و ئه‌مین و حوسه‌ینمه.
ئێره سێبه‌ری هیوای ژیانی ئازادی كچ و ژنی ژێر ده‌ستی وڵاته‌كه‌مه. 
هه‌ركات ماندووم، ده‌زانن دێمه به‌ر سێبه‌ری ئێره. ئێره بۆ من وه‌ک باڵای دار‌حه‌یجه‌رانی دایم، سه‌ر به‌غه‌ڵفه. لێره‌وه گوێ له‌ده‌نگی سێروو خه‌زای پایزی خه‌می ناو تاڵه سووار ده‌گرم.
ئینجا چاو له‌سه‌مای ئاغابانوه‌كه‌ی فوئاد ده‌كه‌‌م. كه وا له‌بری سه‌ری فوئاد، له ملی دار قه‌زوانه‌كه‌ی تاڵه سواردا، لفكه‌كه‌ی با ده‌ی‌شه‌كێنێته‌وه‌.
ئه‌وكاته، دڵم ئۆقره‌ ده‌گرێت. ئه‌وكاته رووخساری ئازایه‌تی شۆكێ خێراباتی و فه‌خره‌ی نه‌وه‌ڕه‌م، كور وكچه‌ ئازاكانی كۆمه‌ڵه‌كه‌م، ده‌نگی خنكاوی ئازادی وڵاته‌كه‌م ده‌بنه‌وه‌ هیوام.
زۆرم هاوار كرد وگوتم، با له جێی فوئاد من بچمه ئه‌م گۆره‌وه. زۆرم هاوار كرد و گوتم هاورێكانی فوئاد باته‌نیا نه‌بن. خۆ من هێشتا بارانی فرمێسكی سێ ڕۆژه‌ی ئه‌مین و حوسه‌ینم وه‌شك نه‌ببونه‌وه‌. 
خۆهێشتا ئاره‌قه‌ی سه‌ری حوسه‌ین وئه‌مین له سنگوو با‌وه‌شم وشك نه‌بۆته‌وه. وا په‌یكه‌ری شۆڕشم، په‌یكه‌ری فوئادم دێته‌وه. ‌

هه‌ل ده‌ستمه‌وه. بانگی هه‌موان ده‌كه‌م. ده‌ڵێم هۆ برایه‌نه،
من ژیری فوئادم له مل ده‌كه‌م.
من ئازایی حوسین و ئه‌مینم له دڵ ده‌گرم و ده‌یكه‌مه‌وه هێزی ئه‌ژنۆكانم.
من نامه‌كه‌ی ماجید، به‌ده‌نگی به‌‌رز به‌ره‌و رووی گۆڕی58 گیان به‌ختكردووی گوردانی شوانم، له گۆرستانه‌كه‌ی زه‌رگه‌ته،‌‌ له‌‌ ئامێزی شاری سلیمانیدا و له داوێنی باڵای به‌رزی گۆیژه‌دا، ده‌خوێنمه‌وه‌.
من ئاواتی ئه‌مجه‌دم، وه‌ك توێشه‌نانی ژیانم له كۆڵ ده‌به‌ستم.
من قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی دوكتور جه‌عفه‌رم، به‌دیاری بۆ هه‌موو ڕۆڵه كۆمه‌ڵه‌‌ییه‌كانم ده‌ به‌‌مه‌وه.
كاتێك حوسیه‌نی پیرخزری لێی پرسیم. ده‌ڵێم وا ماڵی یارانت دووباره، خه‌ریكه ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه. وا ئه‌مجاره‌ش ئه‌وان بۆ شایی ئاواتی ئێوه ده‌ستی یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
كاتێك كه له‌فڕۆكه‌ی خه‌م دابه‌زیم. گژه‌ گژی بای باڵنده‌ی خه‌یاڵیش، پاڵ پێوه‌ ده‌نێم. به‌فری وڵاتی دڵ خه‌م لێ به‌جێ‌ماوه‌كانم له‌سه‌رو پرچم ده‌ته‌كێنم.
داوی‌ ڕێسمانی، به‌زۆر هه‌لدرواو له یه‌خه‌ی كراسی سپی دڕێژم هه‌ڵده‌بڕم، دمووچاوم به‌ره‌وو ‌‌ڕووی خۆری تازه‌ هه‌ڵاتووی سه‌رشان وملی( ئارێز) ڕاده‌گرم. ده‌مم ده‌كه‌مه‌وه، پڕ به‌سیه‌كانم بۆنی هه‌ناسه‌ی ماندووی دوای گریانی دایكه ‌شه‌هیده‌كانی شاری سنه‌، هه‌لده‌مژم و بانگی دایكانی هه‌موو گوردانی شوان ده‌كه‌‌مه‌وه،‌ ده‌ڵێم ئازیزه‌كانم هه‌ر له‌ گه‌لتانم.
ئنیجا چاوێك له‌داره‌ستانی سه‌رپه‌یكه‌ری تاڵه سوار ده‌كه‌م، تابزانم ئاودراون؟ 
هه‌ر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاتان. سوێندم خواردوه، ده‌بێ ئێسقانه‌كانم، له‌ ناو كلۆری دڵی عه‌رزی كوردستاندا خۆبشارنه‌وه.‌
توونیم، د‌ه‌مم وه‌شكه، له‌وه ده‌چێ داره‌كانی تاڵه‌سواریش توونی بن؟ وا ڕه‌نگ زه‌ر‌د دێنه‌ به‌ر چاوم. نه‌كا گه‌ڵای سێبه‌رئ حه‌سانه‌وه‌ی ڕێبواره‌كانیان وه‌ریبێت. تۆ بڵێی ئه‌وانیش خه‌م زه‌ردی هه‌ڵیگێڕابن؟
دیاره كه‌س تاقه‌تی ئاودانیانی نه‌بوه.
داوای ئاوم له(هه‌ور) كرد،( هه‌ور) گوتی ئه‌مڕۆكه (كونده)‌‌كه‌م ئاوی بارانی تیانیه،
ڕووم له (كێوی زه‌ڕه‌وه) كرد، ناسیاوی سه‌ر به‌رزی دڤه‌ڕه‌كه‌م. گوتم توونییمه‌ (زه‌‌ڕ‌ه‌‌وه) كێوی باڵابه‌زی ڕه‌نگ زه‌ردی به‌ر هه‌تاوی وشكه‌ ساڵی ده‌ڤه‌ره‌كه‌م، سه‌ری دانه‌واند وبه‌شه‌رمه‌وه گوتی" چی بكه‌م، ده‌ترسم ئاوی كۆڵی من توونێتی تۆی پێ نه‌شكێت.
ڕووم له(ته‌ته‌ی) هه‌ورامان كرد، گوتم بڕێك له شنه‌بای شه‌ماڵی فێنكی باڵای به‌رزی خۆتم بۆ بنێره.
(ته‌‌ته‌ی) هه‌ورامان گوتی، مژ و كڕێوه ناو چاوانی گرتوم چی بكه‌م؟
گوتم ده‌ی له ئاوی كانیاوی ساردی تازه زاوی بناری خۆت! به‌هۆره‌ی (هه‌جیجه‌وه) بۆم ڕه‌‌وانه ‌بكه‌.
(ته‌ته‌ی) هه‌ورامان گوتی، ئا له‌م كاته؟ خۆ جه‌لیل هه‌ورامی و یاسینیش ‌لێره‌ نین، تا له‌گه‌ل ئه‌وان وبه‌ یه‌كه‌وه خێرا كۆڵه‌ ئاوی ئازادیان له‌ گه‌ڵ بێه‌نم و له كاسه‌ی دار‌تووی ده‌ستكردی(لهۆنیه‌كاندا)، له به‌ر ده‌می تۆ و میوانه‌كانتی دانێه‌ین‌. 
داوای ئاوم له ماڵی خۆمان كرد.
فریشته، پیاڵه‌یه‌ك ئاوی ڕوونی داده‌ستم،‌ كه قومم لێدا سوێر بوو زمانی گه‌ستم.
گوتم بۆ وا سوێره؟
گوتی مامۆ ژن گیان! ئاوی ماڵی ئێمه هه‌مووی فرمێسكه بۆیه.
من، دڵم نه‌هات هیچ بڵێم و به‌سه‌ر خۆمم نه‌هێنا، خۆم خڵافانت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێیت گوڵه‌ سووره‌كه‌ی ماجیدم له به‌ڕۆكم قایمتر كرده‌‌وه.
ئینجا توند ڕه‌شتی‌یه‌ به‌فرمێسك شۆراوه‌كه‌ی حه‌مه‌ ڕه‌شیدبه‌گم له‌ملم ئاڵاند، پیاڵه ئاوی فرمێسكی فایزه ‌و مه‌له‌كه ‌وڕه‌زا وحوشمه‌تم له‌گه‌ڵ هیوای یارانیان، له‌سه‌ر ده‌ستم دانا‌ و وه‌ڕێ كه‌وتم.
ده‌ڕۆم به‌ره‌و(ئاڵمانه‌)م، به‌ره‌و جێگه‌ی پڕخۆشی و ناخۆشیم. جارێ له دووره‌وه چاو له گوێسوانه‌ی دیوه‌خانه‌كه‌مان ده‌كه‌م‌، تا بزانم چه‌نده ڕوخاوه. كه گه‌یشتمه به‌ر ده‌رگا، ده‌ستم به ئه‌لقه‌ی ته‌قلووبابی ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌وه ده‌گرم. توند لێیده‌ده‌م. داخوا كێ زوو دێ و ده‌رگام لێ ده‌كاته‌وه، كامه‌یان ده‌م ناسێته‌وه؟.
هه‌تاو، یان ئه‌خته‌ر.
ئه‌گه‌ر هه‌تاو بوو، ملوانکه‌ێ یاقوتی ئه‌سرینی چاوه‌کانی فایزه‌ی له‌مل ده‌كه‌م.
ئه‌گه‌ر ئه‌خته‌ر بوو، بۆ خۆم له ئامێزی ده‌گرم له بری هه‌موان.
پرێسكه‌كه‌ی ده‌ستم ده‌ده‌مه هه‌تاو. ده‌ست له‌ناو ده‌ستی ئه‌خته‌ر ده‌خم. هه‌تاو دۆشه‌گه‌كه‌‌م بۆ ڕاده‌خا. ئه‌خته‌ریش باڵنجه‌ گه‌وره‌كه‌ی جارانی خۆم، كه‌وا له په‌ڕه‌ مریشك بۆی درووست كردبوم، بۆم داده‌نێ؛ تا ئه‌مجاره‌ش لایان دانیشم، هه‌ر خۆمان سێ كه‌سی سه‌ر به‌سه‌ری یه‌كه‌وه ده‌نێن و لای یه‌ك بین.
به‌یته‌كانی وا جاران بۆ زۆڕ كه‌سم ده‌گێڕانه‌وه‌، بۆ ئه‌وانیشی ده‌‌گێڕمه‌‌وه‌.
خۆ بریقه‌‌ێ چاوی ئه‌خته‌ر و خۆشه‌ویستی دڵی هه‌تاو، له ده‌ورمن، له جیاتی 
نۆ غه‌لفی سه‌ر كۆلكه‌داری وشكی دڵم.
تێر تێر چاویان لێده‌كه‌م. بۆنیان پێوه‌ ده‌كه‌م، ده‌سكی جه‌ڕه‌ی پڕ له‌ ئاوی گوڵ وباخی سه‌ر گۆری پێنچ خاڵه‌كه‌یان ده‌ده‌مه‌ ده‌ستیان و ده‌ڵێم چاوه‌كانی نه‌نێ! داده‌ی! 
خۆ هه‌رئێوه بوون ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تاریكه، داری ده‌ستم و ئاوه‌دانی ده‌وروبه‌رم بوون. شه‌ریكی هه‌ژاریم و هه‌وری گه‌واڵ گه‌واڵی د‌ه‌م بای خه‌موو مه‌ڵهه‌می زامی ته‌نیایم بوون. شه‌ریكی دڵی پرخه‌می وه‌ك ڕندوه‌ به‌فری به‌ره‌و هه‌ره‌سی ده‌س گڤه‌بای خاتوو زمه‌‌هرینم بوون. 
یه‌ك یه‌ك له‌ئامێزیان ده‌گرم وبۆنی یارانی دوورو نزیكیان پێدا هه‌ڵده‌پڕژێنم. پێ‌یان ده‌لێم ڕۆڵه‌كانم! نه‌كه‌ن له‌م كاته‌دا به قاقا وشایی لۆغانی دوژمنانمان دڵ ته‌نگ بن.
هه‌موو گوڵی سووری ئاواتی ئاوه‌دانی ژیان له به‌رۆكتان ده‌ن، سفره‌ی وه‌ك زه‌مانی هه‌ره ‌‌ئاوه‌دانی بۆ خزمان بڕازێنه‌وه.
‌منیش ده‌چم و‌ بۆ جارێكی‌تر هه‌موو ژووره‌كان ده‌گه‌رێم، ده‌ست به ‌دیواری كۆن و تاقه‌ی داوی جاڵجاڵۆكه‌گرتوودا ده‌هێنم، به فوو تۆزی سه‌ر ڕادێو كۆنه‌كه‌‌ی جاران، كه‌وا هه‌موو بێ‌ده‌نگ بۆ بیستنی هه‌واڵ له‌ده‌وری كۆده‌بووینه‌وه برێك پاك ده‌كه‌مه‌وه‌.
ده‌گه‌رێم له قوژبنی ئه‌مباره‌كه‌دا بێشكه‌ی كۆنی داره‌ پرتوكاوی منداڵه‌كانیش ده‌بینمه‌وه. لای داده‌نیشم. ڕای ده‌ژێنم. لایه‌لایه‌ی بۆ ده‌كه‌م و شێعره‌كه‌ی قانعی بۆ ده‌لێمه‌وه. به‌یته‌كانی پیر شاڵیاریان به سۆزی ده‌شتی شاره‌زوور به گوێدا هه‌ڵده‌لێم.
هه‌ر وه‌ك یه‌كه‌م نۆبه‌ره‌م، ئه‌م جاره‌ش به‌ ده‌سرازه‌ی نوێ ده‌‌یڕازێنمه‌وه،
با پشوو بێته‌وه به‌ر منیش و بێشكه بچۆڵه‌كه‌ش.
ده‌گه‌ڕیێم و لیباسی منداڵه‌كانم له بوخچه مه‌خمه‌ره قه‌نه‌وزه‌كه‌ی دیاری دایكم، دێنمه‌ ده‌رێ و بۆن به‌لیباسی یه‌كه یه‌كه‌یانه‌وه ده‌‌كه‌م و هه‌ڵی ده‌مژم. با هه‌ناو بێته‌وه به‌رم. تا ئه‌ژنۆكانم نه له‌رزن و دوژمن به كزی نه‌م بینێت. نابێ فرمێسك بتكێ له چاوه‌كانم. نابێیت گوڵی سووری دیاری ماجیدم ژاكاو بێ، نه‌كات حاشام لێ‌بكات.
له فڕۆكه‌ی وڵاتی سه‌هۆڵ به‌ندان داده‌به‌زم، له‌گه‌ڵ كۆری ده‌سته‌ خوشكه‌كانم، له‌ناو كه‌ژاوه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو به‌گه‌ڵای گه‌ڵاڕێزانی دارستانی تاڵه‌ سوار، به‌ره‌و ماڵی كوڕه‌كانم ده‌چم.
بۆ زه‌ماوه‌ندی ئه‌وان، چوار بووك داد‌‌ه‌به‌زێ وچاڕشێوی ڕه‌شی بووكی حوسینی نامرادم لاده‌ده‌م، هه‌ر له‌وێش لای ئه‌وان ده‌بم و باخه‌وانی داری سه‌ر گۆره‌كانیان ده‌كه‌م. 
ده‌ڕۆم چونكه دارقه‌زوانه‌كه‌ی وا هه‌ر ئاغابانوه‌كه‌ی فوئادی له ملی ئاڵاندوه‌و به‌رز با ده‌ی شه‌كێنێته‌وه، چاوه‌ڕی ئێمه‌یه‌. 
ده‌ڕۆم كه ماندوو بوم، ئاره‌قه‌ كه‌وته ناو چاوانم، به ئاغابانوه‌ ڕه‌ش و سپێه‌كه‌ی فوئاد، كه وه‌ك ناوی هاوڕێكانی سه‌ربه‌رزی، وه‌ك بای ئازادی كوردستان ده‌شه‌كێته‌وه.
ئه‌و ئاغابانوه‌ی هه‌موو به‌هارێك باران ده‌ی‌شوات، با ده‌ی ته‌كێنێت، خۆر وه‌شكی ده‌كاته‌وه‌، ڕێسكه‌ی ئاوی ته‌ختایی سه‌ر ته‌وێڵمی پێ ده‌سڕم و زه‌نگوڵه‌ ئاوی چاوه‌كانمی پێ وشك ده‌كه‌مه‌وه‌. 
من به‌ره‌و ئاسۆی مرادی كاروانی كومه‌ڵه‌ی‌یه‌ گیان به‌خت كردوه‌كان ده‌ڕۆم. به‌ره‌و ئاواتێك، فوئاد گرتێه پێش و ماجید بۆمنی كرده ڕه‌مز، هه‌نگاو ده‌نێم. 
نابیێت كه‌س مات دیار بێ. نابێ كه‌س شان و ملی كزكات. ده‌بێ له گه‌ڵ كێله ‌شكاوه‌كان هه‌مووتان پێكه‌نن، تادوژمنی ئازادی پێی خۆشی به‌عه‌رزدا نه‌ده‌ن.
كه فوئاد پرسیاری‌كرد، ده‌ڵێم یارانت لێت ده‌پرسن وا خه‌ریكن سه‌ر له نوێ به‌ندی هۆندراوه‌كه‌ی تۆ تازه‌ ده‌كه‌نه‌وه.
كه حوسین پرسیاری كرد، من فرمێسكی به دیاری ده‌ده‌مێ.
كه ئه‌مین پرسیاری كرد، من (گوڵێ و ئاسۆ)ی سه‌دیقی كه‌ما‌نگه‌ری به دیاری ده‌ده‌مێ.
كه ماجید ته‌ماشای كردم، گوڵه‌ یاد‌گاره‌كه‌ی پیشكه‌ش ده‌كه‌‌مه‌وه.
كه ئه‌مجه‌د پرسی، سڵاوی ڕه‌زای پێشكه‌ش ده‌كه‌م.
كه حوسینی پیرخزری پرسیاری كرد، سڵاوی هه‌موو هاوڕێ‌‌یه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌م.
كه دایكی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی فوئاد و كۆمه‌ڵه‌ پڕسیان، نامه‌كه‌ی دوكتور جه‌عفه‌ریان بۆ ده‌خوێنمه‌وه.
من هه‌نگاو بۆ پێش هه‌ڵده‌گرم، نازانم له به‌ر چی هه‌موو خزمه‌كان له ده‌ورم كۆببوونه‌وه. ده‌ستیان به‌ره‌و ڕووم درێژ ده‌كه‌ن. ئاوی سه‌ر پێلۆکانیان به‌‌یه‌كه‌وه سه‌مایان بۆ ده‌كردم. 
منیش به‌ده‌سره‌ی ‌سه‌‌رچۆپی خه‌می نه‌ڕه‌واوه‌م، ده‌نك ده‌نك دڵۆپه‌ی فرمێسكی سه‌ر روومه‌تیانم ده‌‌سڕی و ده‌‌م كوت:
ئازیزه‌كانم! هاتومه‌وه هه‌رلاتان ده‌بم. مه‌گرین با به‌ دڵ ته‌نگی نه‌تان بینم. ئه‌وه‌تا ده‌ستم له قۆڵی ده‌سته خوشكانم كردوه و به‌ره‌و تاڵه‌سوار ده‌چم.
تازه له سه‌فه‌ر گه‌ڕاومه‌وه، ده‌مێكه سه‌ری ماڵی كوره‌كانم نه‌داوه، چاوه‌رێمن. دیاریم پێیه بۆیان. هه‌ر كامه‌و دیاری خۆی، له دۆسته كۆنه‌كانیانه‌وه، له خوشك و براكانیانه‌وه.
چه‌ند چڵ تاڵی پرچی ماشوو برنجی(مه‌له‌كه)‌شم به‌دیاری بۆ گوڵینگی ته‌سبیێحه‌ قه‌زوانه‌كه‌ی حه‌مه ڕه‌شید به‌گیش پێیه.

دایه به‌هیه وه‌ك هه‌موو جارێك، وه‌ك هه‌موو به‌یانێك ده‌سته‌ گوڵی شه‌ش په‌ڕی تازه‌ی‌ پێیه. گوڵه‌كان به‌د‌‌ه‌ستی مه‌له‌كه چه‌پك كراون، به‌ده‌ستی فایزه ئاو پژێن كراون، به‌عه‌تری یادی ڕه‌شادو ڕه‌زا و حشمه‌ت و فرمێسك و به‌یان بۆن دراون. به دیاریه‌كی ئاوا جوان ورازاوه‌وه، به‌بزه‌یه‌كی قوڵ له‌سه‌ر لێوه‌كانی، ئه‌و ئێستا په‌یكه‌ره‌ی ژانی مێژو و شانازی ئێمه، بۆ سه‌ردانی كوره‌كانی ده‌چێت.
ئه‌مجاره كاك فوئاد ده‌بینێی دایكی به لیباسی ڕونه‌وه دێت بۆ لایان.
به كوتنی شێعره‌وه دێ. ده‌ڵێ من: ( دڵم نایه ئیتر بكه‌م شین بۆتان، با فوئاد گیان خۆی بێت بۆ ڵاتان).
ده‌مێكه‌ بوو سه‌ری نه‌دابوون. ده‌مێك بوو به‌ردی مرادی به كێله‌كانیانه‌وه نه‌نووساندبوو. 
له دووره‌وه پێنچ باوه‌شی گه‌رمی بۆ كرانه‌‌وه، به‌ره‌‌و پیری چوون. كاك فوئاد گوتی، دایه هه‌ر وه‌م زانی له زیندانی شاری سنه‌م، چاوه‌ رێی هاتنت بووم. خۆ هه‌ركات له گه‌ڵ (مه‌له‌كه‌)‌ كه‌وتنه قسه، كه‌ستان له بیر نامێنی.
ئه‌م جاره هه‌ر كامه‌‌یان قسه‌یه‌كی خۆش به‌ دایكیان ده‌لێن و ده‌ست له‌ملانی یه‌ك ده‌بن. بۆنی هه‌ناوی پڕ له خه‌م و پڕ له ‌ئاواتی ‌یه‌ك هه‌لده‌مژن. ئیتر لێره‌یه گوڵێكی شه‌شپه‌ر دروست ده‌بێ. هه‌ر وه‌كوو چه‌پكه گوڵه رازاوه‌كه‌ی ده‌ستی خودی دایه‌ به‌هیه. له‌مه‌ به‌دواوه هه‌ر كامه‌‌‌یان بۆنێ په‌ڕێكی ئه‌و گوڵه‌ ڕازاوه‌یه‌ی لێ‌دێیت.
حه‌مه‌ ڕه‌شید‌به‌گیش به‌ گۆچانه‌كه‌یه‌وه، به‌ هه‌یبه‌تێكی به‌رزه‌وه، وه‌ك خۆری ڕوونی پشت هه‌وری دڵ پڕی به‌هاڕ، سه‌یری بارانی خه‌می ده‌كرد. چاوی له كۆلكه‌ زێڕینه‌ی كاڵه‌وه‌ بووی به‌ر تیشكی خۆری خۆی كرد. دڵۆپه‌ی چاوه‌كانی كه‌وتنه ناو كانیه‌كانی هه‌وری عه‌رزی توڕه‌ی كوردستان.
تووند بهگۆچانه‌كه‌ی له‌گڵه‌ خاوه‌وه بوه‌كه‌ی به‌ر پێ كوتاو گوتی: ئه‌ی فه‌له‌ك وا ده‌نگت به‌رزه، ئه‌ی ئاسمان كه هه‌ر ڕۆژه سوێندت پێ‌ده‌ خۆن، ئه‌گه‌ر حه‌قی؟ بۆ ‌جارێك نه‌ت هێشت له ئاسمانی سه‌ر دڵی منیش ئه‌ستێره‌ێه‌كی دره‌وشاوه، ئۆقره بگرێت.

دایه به‌هیه ده‌ستی ده‌سته خوشكه‌كانی به‌ردا و ماڵ ئاوای لێ‌كردن.
ئه‌م جار رووی كرده كوڕه‌كانی و گوتی: ڕۆڵه‌كانم هاتووم به یه‌ك‌جاری لاتان بمێنمه‌وه. ئتیر جێتان ناهێڵێم. هاتووم له ژوور سه‌ری ئێوه ئۆقره بگرم.
منیش جه‌سته‌م تێكه‌ل به‌خاك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دڵم تێكه‌ل به‌هیوا به‌رزه‌كانی ئێوه. فرمێسكی چاوه‌كانم وشك ده‌بێت، به‌ڵام گوڵی هیوام تێكه‌ل به باخی هیوای پڕبه‌ری ئێوه‌ و هه‌موو وڵاته‌كه‌م ده‌بێته‌وه. 
ئاواتی ئێوه داری باخی پڕ غه‌ڵفی به‌ره‌و بووژانه‌‌وه‌یه. ئێوه بوون خۆری گه‌شتان جوڵاند. ئێستا هه‌تاوی گه‌شی هیوای چه‌وساوه‌كان، گزینگی سه‌ر كه‌وتنی هاویشتۆته ناو دڵی هه‌موو هه‌ژارانی ئه‌م وڵاته‌وه.

ئێوه زیندوون وه‌ك ئه‌وانه‌ی دڵنیام قه‌ت نامرن. داری هیوای ئێوه وا روو له پشكووتنه.

سوێد به‌هاری 84

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube