ئڕۆڵە خاسەکەم، ماهان
هەستە
بڕۆ ئەو گەڕەکەی خوارەوە.
ماڵێکی لێیە کە سەکۆی هەیە
پیرەپیاوێکی لاواز دەبینی
لەسەر سەکۆی بەر ماڵەکە دانیشتووە
بە عەبایەکی جاویی گوڵنارەوە
خەمی جیهان لەسەر شانی داخزاوی
بە دیارەوە.
ڕەنگە لە چاوە تورکمەنییەکەی ڕا
زووتر بیناسییەوە.
دەچیتە پێش و
بڵیند
( گوێیەکانی ئاخر
بەم دواییانە نەختێک گران بووە)
دەڵێی: قورقوممی!
سەر ڕادەوەشێنێ
بە پەژارەوە دە ڕووتدا بزەی دێتێ و
ماچت دەکا،
جا تۆ ئەو کاتە پێی‌دەڵێی
نەوەی چکۆڵەی منی و نێوت ماهان
لە منەوە پەیغامت هەیە بۆی.
(بۆخۆی نێوی مەختومقوڵی‌یە
وریا بە لەبیرت بێ.)
پاشان، لە قەولی من
ئەوانە
یەک بە یەک لە خزمەت ویدا دەڵێی:
-ئاخ، مەختومقوڵی
ئەوە چ رۆئیایەکی سەیرە کە لە بێخەویدا تێدەپەڕێ
لە دوو چاوی نیگەرانی من؟
ئەوە چ پەیغامێکی پڕ لە رەمزو پڕ لە رازە
کە نەعرەتە دەکێشێ بێگفتار
ئاوا لە بنەبانی کابووسی شەوانی من!
خەوی قورسی پەرێشانی‌یە
بەڵام مەجازەکەی دەرناخرێ
بە گومانی من.
خەو دەبینم
چەند کەس مرۆین
لە تاریکستانی قیلئاسای شەوانە
کە لە گۆڕستانی بێ‌مێژوودا
بۆ شتێک دەگەڕێین.
شەوێکی پڕ لە رازە:
تاریکستانێکی داوەستاو
لەوپەڕی مەکان،
مەکانیش
چەشنی
گۆڕستانێکی کۆنی بێ‌سەرەتا 
لە کۆتایی زەمان.
وا دەمێکە زەوی مراوە
وە بە قەندیلی ئاماڵ‌شین
ئاسمانێکی داگیرساو
لە زووخاوی شەوەزەنگدا دامرکاوە.
ئێمە و بەڵام
دەڵێی دەزانین
کەوا وێڵی چین
خۆی گەرچی واشی
بیرلێ‌ناکەینەوە
بە کرگار، دەڵێی مرۆڤگەلێکین
کەوا لە مەبەست پێش کەوتووینەوە.
بەڕاستی
هەرچەند
بڵێسەی سوودێکی وا کە بکرێ قامکی لەسەر دانێی
خۆشکەری بەزمی خرۆشانمان نیە
هیچ هۆیەکی دەرەوە و ناوەوەش
لەمپەری ڕێگەی تێکۆشانمان نییە.
بێڵ و پێمەڕە و قوڵینگ
بێ‌ئامان لەکاردایە
تا لە ڕازێک کە هەوڵی هەڵنانی دەدەین
پەردە هەڵبداتەوە.
(ئاخ، مەختومقوڵی
زۆر جار دیتوومە ئەو ڕۆئیایە
بە سەری بۆش و
چاوی عوڕیانەوە.)
لە نەکاو
دەروازەی سەرداوێک
هۆوەتا!
( هەموو
مات و حەپەساو لە یەکدی دەڕوانین.
نا، هەڵە بووم کاتێ کە گوتم دەمانزانی
کەوا وێڵی چین!)
مەشخەڵێک دادەگیرسێنم
دەخزێمە نێە سەرداو
وە لەو دیمەنی ترسە
چاو دەترووکێنم
خەوتوو لەسەر پیو و پووکەڵانی بۆرە موغار
باوکەکانم دەبینم یەک یەک
مراو و خاک‌کراو،
ئێسکەکان لە گۆشت
ڕووتاو و پاک‌کراو.
چاوەکانیان دەبینم تەنیا
کە هێشتا
زیندوون و نیگەران دەگەڕێن
لەبن کاژەڵەی ویشکهەڵاتووی خۆیان.
من بە چۆک دادێم و
سەرنەوی بە ڵاڵانەوە دەڵێم:
"باوکەکان، ئەی باوکەکان!
نیگەرانیتان لە چیە؟
ئێمە بە هەڵەکانمان دەزانین.
لەبەر سزای خەتاکانە کەوا ئێستە سەرگەردانین
لە زەمانگەلی نادیار
لە وڵاتی پڕ لە جخار.
وەزنی زنجیر پشتمان دەشکێنێ
زامی لەشمان خوێن دەدەڵێنێ
وە وەها باری خەمێکمان لەسەر شانە
کە نە فرمێسکێک لە چاو دەڕژێتەخوار لە شەرمان
نە ئاخێکیش دێتە سەر لێو لە ترسان...
نیگەرانیتان لە چییە؟
ئێمە بە هەڵەکانمان دەزانین
وە لە هەوڵی تێهەڵێنانەوەی هەڵەکانمانین."
باوکەکان 
بەڵام
لە وەڵامدا
بە چاوێکی پڕ لە نەفرەت
بەرەو من دەڕوانن
-بە نیگایەک کە بە ئاخێ دەشوبهێ-
وە بە ئارامی
لە کاژەڵەی سەر دا
چاوەکانیان
دەبینم
(چەند بڵقێک لە قیل)
کە بە حەسرەت دەکوڵێ
ڕێ دادەگرێ و هێواش دەتکێتە سەر خاک
وە بە حەسرەت دەمەیێ-
وە تەواو!
هەموو ڕۆئیاکەم ئەوەیە.
ڕەنگە ئەو ڕۆئیایە وریاکردنەوەیەک بێ.
ڕەنگە ئەو ڕۆئیایە دەڵێ کەفارەتی نەزانینی ئێمە هێندە گرانە
کە تێهەڵێنانەوەی درەنگ دەبێ
هەرکات چاوەڕوانی کارەساتێکی دی بین.
من نازانم لێکدانەوەکەی چییە
یا ئاماژەی بە چی هەیە، بەڵام
هەموو ژیانی من بووەتە ئەو تاڵە
ئەو کابووسە
ئەو دووپاتکردنەوەیە.
بە خۆم دەڵێم:
"حیکایەتی بێ‌سەروبن!
ناشێ بیری لێ‌بکەمەوە.
هۆیەکەشی ئاشکرایە:
ئەوەند بێبڕانەوە لە مردوو و لە قوڕعان‌خوێن
ئەوەند بێبڕانەوە لە گۆڕ و کفن، لە مەرگ و ماتەمینی
هاکا
بەیانی تا شەو هەر بپەیڤن...
نا،
بە کەمێ کۆشش
لە زەینمدا دەیشۆمەوە!"
بەڵام
دەمێکی دیکە
ئەو ڕۆئیایە
هێژە سەرلەنوێ!
دەمێکی دیکە و 
پێوانی ئەو ڕێگا درێژە
سەرلەنوێ!
بەڕاستی
مەختوم
من بە چارەنووس و نێوچاوان و ئەو جۆرە قۆڕیاتە
نیمە باوەڕ
ئەگەر بیستنت لێم دەوێ
دەڵێم
هەرکەس دڵۆپێکی بچووکە لەو ڕووبارە گەورەیە
کەوا بەتەنیا بێ‌کاکڵ و بێ‌مانایە
وەسا تەوژمی ئاوە
ئەو ناچارەی
کە لە بواری ڕاستی دایە.
گەمژەکان
بێڵە
نێوەکەی
چارەنووس بنێن.
قسەی من ئەوەیە:
قەترەگەل دەشێ وەخۆبێنەوە
کە بە تێکەڵاوی
بێشک
دەکرێ زاڵ بن بەسەر هێڵی چارەنووسراوی.
نائاگایی بە بێگومان
ئەوەی هاساندۆز والێدەکا
کە سەرەولێژی
نێو بنێ چارەنووس
چارەنووسراویش
بکا بە شتێکی خواز
کە نایەتە گۆڕان.
ڕووباری سەر لە نشێو ئەوەی بە مفتە دەزانێ
ڕووباری سەر لە نشێو
بەهۆی نەزانین زیندووە
وە بە هێزی هەر ئەو بڕوایەی چارەنووسە
ماوە و ڕێگەی داگرتووە.
ئەئاوایە کە ئێمەش- من و تۆ-
چارەنووسێکی ئەوسامان دەبێ:
تۆ
خەمین و مات
دادەنیشی بە سەعات
لە سەکۆی
بەر ماڵە تاریکەکەت
غەرقی خەیاڵی بێ بەرهەمیی ئەو هەموو ساڵە
کە چەن بێهودە تێپەڕین!
وە من
لەم سووچە
لە بیرێکی عەبەس دا
کە وەدۆزم جێیەک هاونەفەسێ:
خەمگوسارێ کە خەمێک جێ بارم لەگەڵ وی
لە دڵ لابەرم بارم لەگەڵ وی.
وە لەم سەعاتە دا
ڕووبار
سەرخۆش لە باوەڕی چارەنووسانەی هاساندۆزان
هەروا لە خوڕ و سەرڕێژە!
کە وەها باوەڕێک
هەتا هەیە
عومری ئەو چەوەسێنەرە قەحبەیە هەر درێژە.
****
ئاخ، مەختومقوڵی
من جارجار
لەپاڵەوە
بە قامووسدا
چاوێک دەخشێنم:
چ هاوتاگەلێکی هەیە سەرکەوتن! (مەحشەر!)
چ هاوتاگەلێکی هەیە شادی!
چ هاوتاگەلێک ئینسان!
چ هاوتاگەلێک ئازادی!
هاوماناکانیان
چ لەرینێکی پڕ و پەیمانێکی هەس!
وای، مەختومقوڵی
شێعر هۆنینەوە بەوان
چ شکۆ و هەیەجانێکی هەس!
نا!
من نامەوێ وا بم
تەنیا
لاوێنەرێکی گریان.-
دەبینی؟
کاری من ئەوە بووە
کە بێمە هۆدەکەم هەر شەو
وە بۆ خامۆشیی خۆرێکی دی
وشەگەلێکی دی بگریم.

گا بە خۆم دەڵێم:
" بەشی ئێمە
دەڵێی
شادی نییە.
لەوحی تەوێڵی ئێمە مۆری کێی خواردووە؟
خودا یان شەیتان؟
هێژ دەڵێم:
"هەرچەند
هەمیشە پرسانەیەک هەس کە بینووسی
یان هاواری دەردێک
کە دڵت داچۆڕێنێ لە مشتی دا.
وە بە هەر حاڵ
هەیە
هەمیشە ئەشکی خەمێکی گلێنەشکێن لە چاو
کە سەراپای جیهان لەرزۆک ببینی لە پشتی دا-
هەرچەند
بەدکارانێ هەن لەولا
(تەڕدەستانێک لە کاری 'دەسبەستە بۆ کوشتارگا بردن')
وە بوێرانێکی دەریادڵ لەم لا
(خۆشدەستانێک لە سەنعەتی 'جوان مردن' )-
لە هەر جێ هەس، ئەگەر چەند
( بە خۆم دەئێژم هێژ)
پردە ڕووخاوی سەر بەستێنی ویشکاوێ
لە جادەیەکی کەم هاموشۆ
کە دوامەنزڵ و کۆتایی ڕێی مەردمی دەریادڵ بێ.
هێژ
ژێرووی پرد
دەریا
لە خرۆش دانامێنێ
ژێرووی پرد
دەریا
پڕ بەسامتر دەخوێنێ."
ڕۆژگارێک
لەگەڵ خۆم
بیرم دەکردەوە بەداماوی
کە پەیام لە تۆفانەکان نەگەیشت
وە سروەیەک کە لە هەڵدێرە سەختەکانەوە هات
هەڵیکردە سەر جەستەگەلێ بێهوودە-
بە سەر جەستەگەلێ
سەرەوخوار
بەسەر هیوایەک تەماوی. 
کەچی ئێستە چیدی
مەختوم
من ترسم نییە
گەر ئەو ڕۆئیایە لە خەوی پەرێشانی شەوێک تێپەڕێ
یا بە هاتەرانی تایەک
یا بە چاوێکی بێدار
یا گیانێکی خەماوی...
نا
من ترسم نییە:
لە نیگا و لە قسەی هەڕێ
خێڵی شەوناخان لە بنەبانی سەدەکانەوە هاتوون
ئەرێ
کە دڵی پڕ لە نرکەی نوورئەندێشانیان
گەرەک بێ بۆ پینەچەکمەی خۆیان،
وە هەرکە تۆیان لە خاکا گەوزاند
باوەڕ بێنن
کە سەعادەت لەگەڵ ئەوان هاتوەتە جیهان.
وابێ! با وابێ!
من ترسم نییە،
چونکە ئاکامی پڕ لە نەگبەتی هەر ڕەش‌ڕەوانێک
کە جینایەت وەک مەزهەبی هەق وەعز دادەدا
دەزانم چییە
باش دەزانم چییە.
٢٠/٠٤/٦٠

تێبینی شاملوو:
بێ ئەوەیکە زەینم ئامادەی زانی شێعرێک بێ، لە مەرگی جینایەتکارانەی چوار سەرداری شوڕشگێڕی تورکمەن-توماج، مەخدوم، واحیدی و جورجانی کە تەرمەکانیان لەژێر پردێکی ڕووخاو لە ١٥٧ کیلۆمیتری زیندانەکەیان 'دۆزرایەوە'- خەریکی نووسینی 'ئەو دێرگەلە' بووم و دیارە بە تەرح و بڕیاری پێشوو، یانی کارێک کە لە نووسینی 'شێعر' دا خووی من نیە. وە ئەو نووسراویە بە ئاخر نەگەیشتبوو کە لە کەسایەتی پۆڵایینی کاک فوئاد، سەردارێکی گەورەی تر، چەند نوکتەی بەڕاستی سەرسوڕهێنەرم بیست. وە بە گومانم بەیانی هەر ئەو ڕۆژە بوو کە خەبەری قەتڵی سەعیدی سوڵتانپوور ڕاگەیێندرا. ئەو دیرگەلە، بێ‌ئەوەیکە پێویست بێ سەرجەم بەسەر شێعرەکە دا نێودێر بکرێ، بە خاترەی بەرزی ئەو شەش ئینسانە شەریفانە پێشکەش دەکەم.
* قورقوممی (قررقومی): سڵاو و رٶژباش بە زمانی تورکمەنی.
* مەختومقوڵی (مختومقلی): شاعیری تێکۆشەری زۆر خۆشەویستی خەڵکی تورکمەن.

سەرچاوە:
احمد شاملو، گزینەئی از مجموعە مدایح بی صلە، چاپ اول، بهار ١٣٧١-سوئد، حروفچینی، چاپ و صحافی: چاپ آرش، استکهلم. (لاپەڕەی ١٦ تا ٣٦)
تێبینی: سەرداو (سرداب) : ١- بە ژێرخان یان ژێرزەوییەکی فێنک دەگوترێ کە هاوینان بۆ تێداڕاگرتنی ئەو ڕسق و خواردەمەنیانەی بە گەرما خراپ دەبن کەڵکی لێوەردەگیرێ. ٢- هەروەها بە شوێنێکی فێنک یان ژێرزەوییەکی ئاماڵ‌غاریش دەگوترا کە مردوویان لێ دادەنا کە مەبەستی بەرێز ئاغای شاملوو لە شێعرەکەدا ئەوەیانە. (هێرش)
-------------------------------------------
چاپکراو لە گۆڤاری گزینگ، ژمارە ٢٥، پاییزی ١٩٩٩(١٣٧٨)، لاپەرەکانی٥٦-٥٩.

 

 

 

 

 

 

 

Share on Facebook
Share on Twitter
Please reload

آرشیو
Please reload

تاگەکان

© 2023 by Franklin Day School. Proudly created with Wix.com

  • Kak Foad Facebook
  • Foad Mostafa-Sultani youtube