top of page

ئەمرۆ ساڵڕۆژی ئیعدامی ۹چالاکی سیاسی شاری مەریوانە


ئەمرۆ ساڵڕۆژی ئیعدامی ۹چالاکی سیاسی شاری مەریوانە که۳خه‌رمانانی۱۳۵۸ به‌ فتوا ی خو مەینی و به فەرمانی خەڵخاڵی له‌ پادگانی مه ریوان گوله‌باران که‌ران ئەم ئازیزانه بریتین له‌ حسین مصطفی سلطانی

امین مصطفی سلطانی

احمد پیرخضری حسین پیر خضری جلال نسیمی فایق عزیزی بهمن اخضری علی داستان احمد قادرزاده‌ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەبات بۆ مسۆگەر کردنی مافی گەلی کورد و خەڵکی چەوساوە و هەژار، تەنیا بە خەباتی تێکۆشەرانی ناو جەرگەی خەبات، نەچووتە پێش، بەڵکوو لەم بەرخۆدانەدا دایکانێکی زۆر بە بێ ئەوەی کە ناوێکیان هەبێت بەشدار بوون و لە ڕاستیدا کۆڵەکەی ئەم شۆڕشە بوون،کەم نین ئەو دایکانەی کە شاهێدی مرگی ڕۆڵەکانیان بوون و لەم رێگایەدا گەلێک مەینەت و چەرمەسەریان کێشا،دایە بەهیە نموونەیەکی بەر چاوی ئەو دایەکە شۆڕشگێرانەیە کە خۆی و خانەوادەکەی دوەرێکی سەرەکیان گێڕا لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا، دایە بەهیە ژنە قارەمانێک بوو کە بەڕاستی نموونەی دایکێکی فیداکار و جەسوورە کە لە مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا،هیچ کاتێک لە بیر ناکرێ و لە ڕاستیدا سەمبولی خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنانی کوردە،ئەو دایکی پێنج گیانبەختکردووی کوردستان و ڕێگای رزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشانە، کاک فوادی ڕێبەر، ئەمین،ماجد،حسێن،ئەمجەد،ئەو پێنج قارەمانە جگەر گۆشەکانی دایە بەهیە بوون کە لە نێو ریزەکانی کۆمەڵە و لە بزاڤی خەڵکی کوردستان دەور و ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو،دایە بەهیە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لە ئاوایی ڕەشەدێی ناوچەی مەریوان لە دایک بووە، سەردەمی مناڵێ لە ڕەشەدێی تێپەڕ کردووە، بەڵام بە هۆی بارو دۆخی ئەو سەردەم و وەزعی کۆمەڵایەتی و نەبوونی قوتابخانە،دایە بەهیە وەک زۆربەی کچانی ئەو سەردەم نەیتوانیوە بخوێنێت، سەردەمی مناڵی دایە بەهیە هاوکات دەبێت لە گەڵ دەورانی دیکتاتۆری ڕەزا شا کە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی زەبر و زەنگ دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و بۆ دامەزراندنی بنەمای دیکتاتۆری خۆی ژیان لە خەڵک تاڵ دەکات،تا ئەو ئاستەی زمان و جل و بەگی کوردی قەدەغە دەکات، هەر لە بەر ئەم زەبر و زەنگانە شێخ ئەحمەد کۆنەپۆشی باوکی دایە بەهیە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە جێ دێڵێت و ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و لە ئاوایی نزارەر نزیک بە پێنجوێن نیشتەجێ دەبن، دایە بەهیە لە ئاوایی نزارە ئەو دەرفەتەی بۆ دەرەخسێت کە بۆ ماویەکی کورت بڕواتە مەکتەب و بخوێنێت،گەورە بوون لە بنەماڵەیەکی ناوداردا کە ئەوکات هەردەم جێگای هاتوچووی کەسانی ناسراوی وەک قانعی شاعێر بووە و هەروەها خوێندن لە قوتابخانە وادەکات دایە بەهیە بە دیدێکی تەواو کراوە لە جیهان بڕوانێت و تێگەیشتنی زۆر ببی بۆ جیهان، دایە بەهیە ساڵی ١٣٢٥ لە گەڵ حەمە ڕەشیدخان مستەفا سۆڵتانی ژیانی هاوسەری پێک دێنێت و دەڕواتە ئاوایی ئەڵمانە،بەرهەمی ئەم ژیانی هاوسەریە ١٠ منداڵ بووە، بە ناوەکانی؛فواد،حسێن،فاێزە،ئەمین،ماجید،مەلکە،ئەمجەد،ڕەزا، حشمەت، کاوە

دایە بەهیە لە ڕیگای ئازادیدا پێنج منداڵی کوڕی بوو بە قوربانی،ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی هاوڕێیان حسێن مستەفاسۆڵتانی وئەمین مستەفا سۆڵتانی،بە دەست جینایەتکارانی ڕژیمی ئیسلامی لە شاری مەریوان دەستگیر دەکرێن و شەش ڕۆژ لە زینداندا دەبن، لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا دایە بەهیە هەوڵی زۆر ئەدات بۆ ئازاد کردنی حسێن و ئەمین،بە ڵام بە داخەوە جەلادانی ڕژیم بە فەرمانی خەڵخاڵی ڕۆژی چواری خەرمانان ئەم دوو کوڕەی دایە بەهیەیان وێڕای حەوت کەسی دیکە ئیعدام کرد، ئەو ڕۆژە دایە بەهیە تەرمی هاوڕێیان حسێن و ئەمین لە باوش دەگرێت و ئەو شەوە هەتا بەیانی لە مزگەوت لە گەڵ دوو ڕۆڵە گیانبەختکردووەکەی دەبێ و دەست دەکات بە لاواندنەوەیان و دەڵێ،(من دڵم نایە بکەم شینتان،فواد گیان خۆش بێ لە جێ نشینتان)، (خەڵخاڵی هاتووە بە ولاتدا،ڕۆڵە جوانەکانمی بردلە زەکاتدا)،(هەی دا هەی بێداد نەوجەوانم ڕۆ، یەخسیر کێشەکان پادگانم ڕۆ)، (دایک ئیعدامیەکان چی حاڵیان، ئاگر دەبارێت لە دەور ماڵیان)، (دایک ئیعدامیەکان بێن بۆ دووکانم، هەواڵ و ئەو کۆستە من باش ئەزانم)، پێنج ڕۆژ دوایی مەرگی هاوڕێیان "حسێن و ئەمین" جارێکیتر دایە بەهیە هەواڵی مەرگی کوڕێکی تری پێ دەگات،ڕۆژی ٩ی خەرمانان هلیکۆپتر بەسەر شاری مەریوان و دێهاتەکانی دەوروبەردا دێن و دەچن، دایە بەهیە بە دیتنی ئەو هلیکۆپترانە ئارام و قەراری نامێنێ دەتوت هەستی بەوە کردبوو هاتوچووی ئەو هلی کۆپترانە دیسان وەیشوومە و نەهامەتی هاپێوە کە دامەنگیری دەبێت، ئەو ڕۆژە زوو زوو لە بەرخۆیەوە دەڵێتەوە،(تەیارەی چەمران شانەو شان دەکات،داوای جوانەکان مەریوان دەکات)، (ئاخ من نەمردام عەزررەت وەتۆەوە،ساتێک سەرم ئەنا فواد ڕۆڵە گیان وەباڵای تۆەوە)، (ئاگرێک بەر بووە لە سەر و ماڵم، مەلان سڵ ئەکەن لە کۆی زوخاڵم)، ڕۆژی ٩ی خەمانان کاک فواد لە نزیک ئاوایی بسامی سەرشیوی سەقز گیانی بەخت دەکات ،ئەو ڕۆژە هەواڵی گیانبەختکردنی کاک فواد نادەنە دایە بەهیە، تەرمی کاک فواد سەرتا دەبرێتە شاری مەریوان و لەوێوە بە بەشداری جەماوەری شاری مەریوان لە ناو خەم پەژارەدا تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ ئاڵمانە ، هەر کات دایە بەهیە جەماوەر دەبینێ و دەزانێ کاک فواد گیانی بەختکردووە،بە توندی باڵی مەلکە دەگرێ و باوڕ بە مەرگی کاک فواد ناکات و دەڵێ مەگەر دوایی ئەمین و حسێن، من کوڕێکیترم دەکوژرێ، کە دەزانێ بەڵێ مەرگی کاک فوادڕاستە، پەلی فاێزە خۆشکی کاک فواد دەگرێ و دەڵێ ، (هەڵپەڕە ئەوە زەماوەندی فوادە)، ژێر کراسەکەی فواد دەنێتە بەخەڵی و پێڵاوەکەی دەنێتە باوشی و تا تەرمی کاک فواد دەشۆرن، هەر ماچی دەکا و دەیلاوێنێتەوە و دەڵێ (من فوادم بوو شێری ڕووی جیهان ، ئەحیاکەرەوەی بنەچەی کوردان)، (تۆ بۆ کوێ ئەڕۆی عەزمی کوێ داری، ڕەفیقەکانت فواد ڕۆڵە گیان بە کێ ئەسپاری)، (ئەوە چەن ساڵە هام بە تاسەتەو، بۆم نەنا بە بۆی هەناسەتەو)، (فەرهاد کۆکەن نەتەوەی چینی، لە سەر شیو سەقز بۆ وا خەمگینی)، کاک فواد لە لای دوو برای دیکەی کە پێنج ڕۆژ پێشتر لە مەریوان گیانیان بەختکردبوو دەنێژرێ،کاتێک قەبرەکەی حازر دەبێت ئەوەڵ جار دایە بەهیە خۆی دەخاتە ناو قەبرەکە و هاوار دەکات، ئەو بەرد وخاکە داتانناوە بیکەن بە سەر فواد دا، لە باتی ئەو بیکەن بە سەر مندا، توخوا من بە جێگەی ئەو داپۆشن،فواد جوانە مەرگە ئەوەڵ عومریە، ڕەفیقەکانی تەمایر ئەون،لە زیندان هاتۆتەوە ماندووی دەر نەچووە،کاری زۆرە، کێ دڵی دێت ئە ڕۆڵە شیرینەی من بنێتە قەبر ، کۆستی دایە بەهیە بەمە کۆتایی نایە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دیسان هەواڵی مەرگی دوو کوڕیتری پێ دەگات،ئەمجارەیان لە شاری تەورێز ئەمجەد و ماجد لە زیندان ئیعدام دەکرێن، پووشپەڕی ١٣٦٠ی هەتاوی جارێکیتر دایە بەهیە جەرگی دەسووتێت،کەس ناتەوانێ وەسفی ئەو دایکە جگەر سووتاوە بکات کە چ حاڵەتێکی بووە، کۆەست لە دەوای کۆست جارێکیتر دوو ڕۆڵەیتری تیر باران دەکرێت،تەنیا بە دەم ئاسانە بوترێ کە لەماوەیەکی کورتدا پێنج ڕۆڵەی قارەمان بە دەست جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەستدا،تەنها دایە بەهیە توانیویەتی بزانێ ئەو داخەیان چی و کەس ناتەوانێ ئەو حاڵەتە وەسف بکات، بەڵێ دایە بەهیە کە باس دەکرێ بە سونبولی مقاومەت و خۆڕاگری نەتەوەیەک بزانرێ، ساڵی ١٣٧٠ ڕوو دەکاتە ولاتی سوێد و لە گەڵ کوڕ و کچەکانیدا لەوێ دەمێنێتەوە چەند ساڵ لە وڵاتە ژیان بەسەر دەبات،تا ئەوەی کە بەداخەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێ و ڕۆژی ٣ی جولای ١٩٩٥ی زایینی لە نەخۆشخانەی شاری ئۆبسەلا ماڵئاوای لە ژیان دەکات و لە سەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ئاڵمانە و لە تەنیشت مەرگی پێنج شۆڕەسواری ڕیگای ئازادیدا، لە تاڵەسووار دەینێژن. وەسیەتی دایە بەهیە؛ دوای مردن بە هەر شێوەیەک بوو بمنێرنەوە ئەڵمانە و پاشان پشتوێنە خوێناویەکەی حسێنم پێوە پێچن،چاوبەسەکەی ماجدم بکەنە کەمەربەند ژێر کراسەکەی فوادم لە بەر بکەن بە کراسە خوێناویەکەی ئەمجەد سەرم ببەستن،بە جامانەکەی ئەمین دامپۆشن،جا ئەوکاتە لە تاڵەسوار لای جوانەمەرگەکان بمنێژن،

یادی ئازیزیان بەرز و بەڕێز بێت.

خەلیل فاتحی


bottom of page