top of page

بۆ پێشەوە بەرو مریوان


بۆ پێشەوە بەرو مریوان چل ساڵ لەوە پێش( لەیادی چلەمین ساڵی کۆچی مێژویی مەریوان) چل ساڵ لەوە پێش، خەڵکی کوردبە گشتی وشارەجوانەکەی مەریوان بەتایبەتی کەوتبوونە ژێر گوشاری هێزەکانی دەوڵەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە ناوچەکەمانا بە موهەندسی وژیری و ڕێبەری کردنی گەورە پیاوی ناوچەکەمان کاک فوئاد موستەفا سوڵتانی،شار و دێهاتمان بە شێوازێکی دیموکراتیک ئیدارە ئەکرا، کاک فواد شۆرای شار و گەڕەک و دێهاتەکانی دامەزراندبوو، بنکەی زەحمەتکێشان، شۆرای موعەلیمان، خوێندکاران، کرێکارانی بێکار و یەکێتی جوتیارانی دامەزراندبوو، ناوچە کە لە لایەن خەڵکەوە ئیدارە ئەکرا، هێزی پێشمەرگەیش پارێزەری خەڵک بوون و بەڕ ێوەبەری بڕیاراتی ئۆرگانەکانی خەڵک. لەوەها دۆخێکا هێزەکانی ئەرتەش و نیزامی دیکە دەستیان کردە دەست درێژی بۆ تێکدانی ئەو دەستکەوتە مەدەنیانە وکەوتنە ملهوڕی کردن و تۆپباران و ملیتاریزە کردنی شار و دێهات. لەوکاتەدا بوو ئەم ڕێبەرە بلیمەت ودڵسۆزو وردبینە، ئەم سەرکردە و ڕێ نیشاندەرەی هەژاران و چەوساوەکانی کوردستان، بڕیاری هەنگاوێکی گەورەی مێژویی و مەدەنی دا، داوای لە خەڵک کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە زوڵم و داگیرکارییەکانی هێزەکانی ڕژیم، لە هەنگاوێکی مەدەنی دا شار بە نیشانەی ناڕەزایەتی چۆڵ بکرێت . خەڵکێک کە کاک فوئادیان بە ڕێبەر و موڵکی خۆیان ئەزانی و کاک فوئادیش ببوە ڕۆڵەی ئەو خەڵکە، بە پیر بانگەوازەکەی کاک فوئادەوە هاتن و شار چۆڵ کرا و خەڵک چوونە ئۆردو گای کانیمیران. بە هەزاران کەس لە چالاکانی مەدەنی و لایەنگرانی حیزبەکەی کاک فوئاد لە سەراسەری کوردستانەوە خۆیان گەیاندە سنەی سەربەرز و لەگەڵ جەماوەری سنەی قارەمان هەردەم پشتیوانی شۆڕش، بۆ پشتیوانی لە خواستی ڕەوای خەڵکی مەریوان، لە سنەوە بەپێادە کەوتنە ڕێ و مەودای ١٣٥ کیلومیتری نێوان سنە بۆ مەریوانیان بە پێی بڕی. جەماوەری پشتیوان کە لە سەراسەری کوردستانەوە هاتبوون خۆیان گەیاندە ئۆردوگای کانیمیران، لە لایەن جەماوەری مەریوان بەڕێبەری کاک فواد پێشوازییان لێکرا. ئەو هەنگاوە مەدەنییە بووە هەواڵی هەموو میدیاکانی ئێران و تەنانەت زۆربەی هەواڵنێرییە جیهانییەکانیش، لە ئاکام دا ڕژیم ناچار بوو شار چۆڵ بکات و خەڵک سەرکەوتوانە گەڕانە وە ناوشاری مەریوان. کۆچی مێژویی مەریوان وەک یەکەمین و گەورەترین هەنگاوی مەدەنی بە ئەژماریەێت و بووە بەردی بناغەی خەباتی مەدەنی لە مەریوان وکوردستان و ئێرانیش. لەو ڕۆژەوە ناوی کاک فواد و خەباتی مەدەنی و کۆچی مێژویی مەریوان و چینی چەوساوە و هەژار وەک قوڵف و بەس لێک ئاڵاون و ئیسەیش تین و تەوژمی ئەو هەنگاوە دەم بە دەم وسینگ بە سنیگ لە جیل بۆ جیل وەک وانە ئەوترێتەوە و ڕەچاو ئەکرێت. لەو کاتەوە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان داهێنران و مەریوان وەک شاری پێشەنگ بووە پایتەختی خەباتی مەدەنی کوردستان. کاک فوئادیش وەک ڕێبەری ئەفسانەیی تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵەدا نەتوایەوە و بووە ڕێبەری هەموو هەژاران و چەوساوەکان و چالاکانی مەدەنی لە سەرانسەری کوردستان. ئێمە وەک لاوانی مەریوان، وانەکانی کۆچی مێژویی و ڕێنوێنیەەکانی کاک فوئادی ڕابەر و ئەزموونەکانی ئەو خەباتە بەرز ئەنرخێنین و ڕێز لەو چرکە ساتانە ئەگرین و خۆمان بە قوتابیانی کاک فواد و ئەو شۆڕشە ئەزانین، سەربەرزین بەوەی لەپایتەختی مەدەنی، لە شاری داهێنان، لەمەڵبەندی کاک فوئاد ئەستیڕەی ئاسمانی هەژارانا ئەژین هیوادارین خوێندکارێکی بە ئەمەگی ڕێگای کاک فواد و کۆچە مێژوویەکەی مەریوان بین. لاوانی مەریوان


bottom of page