کۆچ، ئه‌زموونی زێڕینی بزووتنه‌وه(له په‌راوێزی ساڵیادی کۆچی مێژوویی مه‌ریواندا)
پێشه‌کی: بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که خولقێنه‌ری رووداوه مێژووییه‌کانن ئه‌گه‌ر له کاتی خۆیاندا به دیکۆمێنت نه‌کرێن و ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ریان له پشته‌وه نه‌بێت، دواتر له گێڕاننه‌وه‌ی رووداوه‌کانی تایبه‌ت به بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه که سینه به سینه له نه‌وه‌یه‌که بۆ نه‌وه‌یه‌کی دیکه ده‌گواسترێته‌وه، راستی رووداوه‌کان گۆڕانیان به سه‌ر دێت، هه‌ر بۆیه گێڕاننهوهکان ماده‌م پشتبه‌ستوو به به‌ڵگه نه‌بن ناتوانن جێگای باوه‌ڕبن، چونکوو له ژێڕ ته‌پ و تۆزی تێپه‌ڕ بوونی کاتدا له ره‌وتی گواستنه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێستا راستییه‌کان ده‌گۆڕدرێن و له‌وانه‌یه هه‌ر که‌سه و له گۆشه‌نیگایه‌که‌وه چاو له بابه‌تی به‌رباس بکات و له‌وانه‌یه هه‌ندێ خه‌ڵکی هه‌لپه‌ره‌ستی ئه‌مڕۆکه‌ش بۆ ره‌وایی به‌خشین به خۆیان خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له راسته‌قینه بۆ رووداوه مێژووییه‌کان بکه‌ن. ئێمه‌ی کورد به هۆی بارودۆخی ئێجگار تایبه‌ته‌وه له چاو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ورووبه‌رمان نه‌مانتوانیوه به چڕی و پڕی بپه‌رژێینه سه‌ر سه‌رده‌مه مێژووییه‌کانی تایبه‌ت به نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه؛ زۆرن ئه‌و رووداو و سه‌ردمه مێژووییانه‌ی که کورد تێپه‌ڕی کردووه و به بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌مه‌ند ئاوڕێ لێدابێتهوه، ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که ماونه‌ته‌وه زۆرتر مێژوونووس و رۆژهه‌ڵاتناسه بیانییه‌کان نووسیویانه‌ته‌وه. کۆچی مێژوویی مه‌ریوان یه‌کێکه له رووداوه زێڕینه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که له درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا روویداوه؛ ئه‌م کۆچه شایانی ئه‌وه‌یه که به ده‌یان و بگره سه‌دان تێز و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی له ئاستی خوێندنی باڵادا له سه‌ر بنووسرێت، و لایه‌نه پۆزتیڤ و نگه‌تیڤه‌کانی هه‌ڵبسه‌نگێندرێت، که به‌داخه‌وه هه‌نووکه دوای تێپه‌ڕ بوونی 35 ساڵ ئاوڕێکی جیددی و ئاکادمیک له‌و رووداوه نه‌دراوه‌ته‌وه و ئهگهڕیش ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک بووبێت زۆرتر گێڕاننه‌وه بوون و به‌ڵگه‌مه‌ند نه‌بوون.
به دڵنیاییه‌وه بابه‌تێکی له‌م چه‌شنه ناتوانێت هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و کۆچه ده‌ربخات، هه‌ر بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند خاڵ که تا ئێسته له‌م بواره‌دا ئاماژه‌ی پێنه‌کراوه ئاماژه‌ی پێبکه‌م. به‌ستێن بێگومان جگه له دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه و جگه له به‌ستێنی مێژوویی کۆمه‌ڵێک هۆکار ده‌ستیدا به ده‌ستی یه‌که‌وه که خه‌ڵکی مه‌ریوان له هاوینی 1358دا بتوانن به تێکڕا دژ به هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان له جووڵه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تیدا شار به‌جێبهێڵین؛ بێگومان ئه‌م کۆچه یه‌کێک له مودیرنترین شێوازه‌کانی به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا بووه که تا ئێستا خه‌ڵکی کورد به ئه‌نجامی گه‌یاندووه؛ یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رگرتنی کۆچی مێژوویی مه‌ریوان پێوه‌ندی به ئه‌زموونه‌کانی پێشتری جووتیاره‌کانی مه‌ریوانه‌وه هه‌بوو، جووتیاره‌کانی دارسێرانی مه‌ریوان له کۆتایی هاوینی ساڵی پێشتر(ده مانگ پێشتر له‌و کۆچه‌ی که به کۆچی مێژوویی ناسراوه،واته 1357) ئه‌زموونێکی له‌و چه‌شنه‌یان هه‌بوو و دژ به بڕیاری دادوه‌ری رژیمی پاشایه‌تی و ده‌ره‌به‌گه‌کان شاریان بۆ ماوه‌ی ده رۆژ به جێهێشت و به سه‌رکه‌وتوانه توانیان داخوازییه‌کانی خۆیان بچه‌سپێنن. کۆچی جووتیاره‌کانی دارسێران دارسێران کۆنترین گه‌ڕه‌کی شاری مه‌ریوانه و جووتیاره‌کانی دارسێران خاوه‌نی زه‌مینه کشت و کاڵییه‌کانی ده‌شتی مه‌ریوان بوون، خه‌ڵکی دارسێران له سه‌رده‌می رژیمی پاشایه‌تیدا 75 بنه‌ماڵه بوون که زه‌مینه‌کانیان له باو و باپیرانیانه‌وه به میرات پێگه‌یشتبوو( هه‌نووکه به‌شێکی زۆر له‌و زه‌مینانه تێکه‌ڵاو به شاری مه‌ریوان بوون) له سه‌رده‌می پێش و دوای ئیسڵاحات ئه‌رازی له ئێران‌دا جووتیاره‌کان له ژێڕ هه‌ڕشه‌ی فیودالهکاندا مه‌ترسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که زه‌مینه‌کانیان داگیر بکرێت. جووتیاره‌کانی دارسێرانی مه‌ریوان ساڵانێکی زۆر له شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانێ دژ به فیودالهکاندا بوون و له‌و رێگایه‌شدا رووبه‌ڕووی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌یه‌کی زۆر ببوونه‌وه له ساڵه‌کانی کۆتایی رژیمی پاشایه‌تیدا و به هاتنه ئارای پرسێک له ژێر ناوی (ئیسڵاحاتی ئه‌رازی) بڕیار وابوو که به‌شێک له جووتیاره‌کان زه‌مینه‌کانیان بۆ تاپۆ بکرێت و نه‌سه‌قی زهراعهتیان پێبدرێت، به‌ڵام جووتیاره‌کان خوازیاری ئه‌وه بوون که ئه‌و بڕیاره هه‌ر 75 بنه‌ماڵه دارسێرانییهکه بگرێته‌وه. فیوداله‌کان به یارمه‌تی ساواک و سیستمی دادوه‌ری رژیم هه‌ندێک له جووتیاره‌کانیان له شاری مه‌ریوانه‌وه بۆ ناوچه جیاجیاکانی ئێران دوور خسته‌وه. کۆمیسیۆنی ئه‌منیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی رژیمی پاشایه‌تی له مه‌ریوان له ساڵی 1352(1973)دا به‌م شێوه‌یه سزای دوور خستنه‌وه به سه‌ر چالاکانی جووتیاری دارسێرندا سه‌پاند: 1-"ساڵح به‌هرامی" وته‌بێژی جووتیاره‌کانی دارسێران، بۆ شاری "شهربابک له پارێزگای کرمان" 2-"عه‌بدوڵا ئازادی" بۆ شاری "بافت له پارێزگای کرمان" 3-"مسته‌فا تارام" بۆ شاری "کاشمر له پارێزگای خراسان" 4-"محه‌ممه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌دی" بۆ شاری"نایین له پارێزگای ئیسفه‌هان" 5-"سه‌عید دارابی" بۆ شاری "رامهرمز له پارێزگای خوزستان". دوا به دوای ئه‌م دوور خستنهوانه، فیوداله‌کان تا راده‌یه‌ک خۆیان رێکخسته‌وه و ده‌یانه‌ویست له ژێر سێبه‌ری ئیسڵاحات ئه‌رازی و به پشتیوانی ساواک و ده‌زگای دادوه‌ری دوایین گورزی خۆیان له جوتیاره‌کان بده‌ن و زه‌مینه‌کانی جووتیاره‌کان بۆ خۆیان تاپۆ بکه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون؛ دواتر له ساڵی 1356دا که دوورخراوه‌کان گهڕواننهوه بۆ دارسێران، دیسانه‌وه ده‌ستیان به چالاکی دژه فیودالی کرده‌وه و ئاڵۆزییه‌کان کرژتر بوویه‌وه. له مانگی خه‌رمانانی 1357دا ده‌زگای دادوه‌ری به جووتیاره‌کانی راگه‌یاند که نه‌سه‌قی زه‌راعه‌تی هه‌موو جووتیاره‌کانی دارسێران ناگرێته‌وه، دژ به‌و بڕیاره و هه‌روه‌ها به هۆی پشتیوانی رژیم له فیوداله‌کان، جووتیاره‌کان به تێکڕا ده‌ستیان دایه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و بڕیاریاندا که به کۆمه‌ڵ وڵات به جێ بهێڵین و به‌ره‌و سنوور بکه‌ونه ڕێ و کۆچ بکه‌ن(ئه‌مه یه‌که‌مین و مودێرنترین جووڵه‌ی گشتییه که له چوارچێوه‌ی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا جووتیاره‌کانی دارسێرانی مه‌ریوان دژ به ناعه‌داڵه‌تی به ئه‌نجامیان گه‌یاند.) کۆچه‌که به‌ره‌و سنووری نێوان رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان ده‌ستی پێ‌کرد و دوای شه‌و رۆژێک پارێزگاری کوردستان و فه‌رمانداری مه‌ریوان پێشیان به خه‌ڵکی کۆچ کردوو گرت و به‌ڵێنیان پێ دان که کێشه‌کانیان چارسه‌ر بکه‌ن، هه‌ر بۆیه له درێژه‌دان به کۆچه‌که پاشگه‌ز بوونه‌وه و بۆ شاری مه‌ریوان گه‌ڕانه‌وه. له 14ی پوشپه‌ڕی ساڵی 1357دا ده‌زگای دادوه‌ری له ژێر گوشاری ناڕه‌زایه‌تی جووتیاره‌کاندا بڕیاریدا که به 45 جووتیار نه‌سه‌قی زه‌راعه‌تی بدات به‌ڵام جووتیاره‌کان بڕیاریاندا هیچیان نه‌سه‌ق وه‌رناگرن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ر هه‌موو 75 جووتیاره‌که ببن به خاوه‌نی نه‌سه‌ق؛ له درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا، جووتیاران به درێژایی 14 رۆژ له به‌ر ده‌رکه‌ی فه‌رمانداری مه‌ریوان ده‌ستیان دایه مانگرتن که چی هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌درایه‌وه، هه‌ر بۆیه جووتیاران به هاوڕێ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵکی مه‌ریوان به ژن و منداڵ و پیر و لاوه‌وه که رێژه‌یان نزیک به 1000 که‌س ده‌بوو له رۆژی چوارشه‌ممه 29/6/1357 بڕیاری یهکجاریاندا که وڵات به جێ بهێڵن، و رۆژێک دواتر واته رۆژی پێنجشه‌ممه 30ی خه‌رمانان به‌ره‌و سنوور رێکه‌وتن، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه سه‌ر سنوور له یه‌ک کیلۆمێتری سنووردا ژاندارمری له په‌نای گوندی کانی‌میران به‌ری به کۆچه‌که گرت و خه‌ڵکی بڕیاریاندا به تێکڕا له‌و شوێنه بمێننه‌وه و له‌وێ ئۆردووگایهکیان درووست کرد که به ئوردووگای کانی‌میران ناوزه‌د کرا. کۆچی مێژوویی جووتیاره‌کانی مه‌ریوان دوای ماوه‌ی 10 رۆژ کۆتایی پێهات و له دوایین رۆژدا ده‌زگای دادوه‌ری رژیم بڕیاریدا که نه‌سه‌قی زه‌راعه‌تی بدات به سه‌رجه‌م 75 جووتیاره‌که. هێزی چه‌کداری یه‌کیه‌تی جووتیاران له دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و له ره‌وتی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ریهه‌ڵدا بوو،له مه‌ریوان جه‌معیه‌ته‌کانی تایبه‌ت به خوێندکاران و قوتابیان، ژنان، مامۆستایان پیکهاتبوو، و له هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کاندا بنکه‌ی گه‌ڕه‌که‌کان ئه‌رکێکی بێوێنه‌ی له ئه‌ستۆ گرتبوو. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ جه‌معیه‌ته‌کان و بنکه‌کاندا هێزێکی چه‌کدار له ژێر نێوی "یه‌کیه‌تی جوتیاران" به ئامانجی به‌رگری له خه‌ڵکی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێش و جووتیاره‌کانی مه‌ریوان پێک هاتبوو؛ یه‌که‌مین ده‌سته‌ی یه‌کیه‌تی جووتیاران بریتی بوون له: کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، تاهیر خالیدی، ئه‌مین مسته‌فا سوڵتانی، عه‌بدووڵا دارابی، ماجید مسته‌فا سوڵتانی، عه‌بدووڵا کۆنه‌پۆشی(شیخ عەزیز) و... کاک فوئاد و هاوڕێیانی له مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی قیاده موه‌قه‌ت و خۆ رێکخستنی فیوداله‌کان دژ به جووتیاران و هه‌روه‌ها مه‌کته‌ب قورئان(موفتیزاده) بڕیاری جه‌وله‌ی "ده‌سته‌کانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کیه‌تی جووتیاران"یان له گونده‌کانی مه‌ریوان دا، که یه‌که‌م ده‌سته‌ی یه‌کیه‌تی جووتیاران دوازده که‌س بوون. کۆچی مێژوویی شاری مه‌ریوان له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لان له ئێران‌دا، له به‌شێک له ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێزه کوردییه‌کان کۆنترۆڵی شاره‌کانیان به ده‌سته‌وه گرتبوو، و دوای چه‌ند مانگ له هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی، ئه‌و رژیمه نه‌یتوانیبوو ده‌ست به سه‌ر ئه‌و ناوچانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بگرێ، هه‌ر بۆیه کۆماری ئیسلامی خه‌ریکی خۆرێکخستن بوو بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردستان؛ له درێژه‌ی په‌ل هاویشتنی کۆماری ئیسلامی و داخوازی بۆ کۆنترۆڵ کردنی شاره‌کانی کوردستان، خه‌ڵکی کوردستان به گشتی له ئامانجه‌کانی کۆماری ئیسلامی تێگه‌یشتبوون،هه‌ر بۆیه به ناڕه‌زایه‌تی دژ به هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان و گیرۆده نه‌بوونی خه‌ڵکی کوردستان به شه‌ڕێکی ماڵوێرانکه‌ر له ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 30/4/1358(واته 25/6/1979) هه‌موو جه‌معییه‌ته‌کان، بنکه‌ی گه‌ڕه‌که‌کان، یه‌کیه‌تی جووتیاران و به تێکڕای خه‌ڵکی مه‌ریوان بڕیاری چۆڵ کردنی شاریاندا و رۆژی دواتر واته سێشه‌ممه کۆچه‌که‌یان به‌ره‌و سنوور ده‌ستپێکرد و له ئۆردووگای کانی‌میران(شوێنی کۆچه‌که‌ی جووتیاره‌کانی دارسێران) نیشته‌جێ بوون.له راستیدا کۆچی مێژوویی مه‌ریوان بووه چه‌کێک بۆ به‌رگری له خه‌لکی کوردستان له به‌رامبه‌ر شه‌ڕی داسه‌پاو له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه. کۆچی جووتیاره‌کان ئه‌زموونێکی زۆر باش بوو، و جگه له جووتیاره‌کان هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی مه‌ریوان و گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ری لانیکه‌م له بواری زه‌ینییه‌وه په‌روه‌رده کردبوو که ئاماده‌یی هه‌ر جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌کیان دژ به ده‌سه‌ڵات هه‌بێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی درووستی کاک فوئاد و ئه‌ندامانی رێبه‌ری کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامانی یه‌کیه‌تی جووتیاران له دۆخه‌که و ناسینی وزه و لێهاتوویی و پوتانسیێڵهکانی خه‌ڵکی مه‌ریوان کاتێک بانگه‌وازی کۆچی مێژوویی مه‌ریوان راده‌گه‌یاند، هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به تێکڕا به ده‌م ئه‌و بانگه‌وازه‌وه چوون و رۆژی دواتر شاریان به جێهێشت. رۆڵی رێبهڕاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کۆمه‌ڵه و یه‌کگرتوویی هه‌موو حیزبه‌کانی چالاک له کوردستان و پشتیوانی خه‌ڵکی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان، له کۆچی خه‌ڵکی مه‌ریوان لایه‌نێکی هه‌ره‌به‌رچاوی ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌یه، رێپێوان گشتی له سنه‌وه بۆ مه‌ریوان و پێوه‌ست بوونی خه‌ڵکی سنه به کۆچهکهوه و هاتنی هه‌زاران که‌س له شاره‌کانی سه‌قز، بانه، سه‌رده‌شت، بۆکان، مه‌هاباد له رێگه‌ی سه‌قزه‌وه بۆ مه‌ریوان مزگێنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر و گشتگیر و سه‌رکه‌وتوانه‌ی به خه‌ڵکی کوردستان ده‌دا. ده‌ره‌نجام: جگه له هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتوانه‌ی کۆچی مێژوویی مه‌ریوان و به‌ستێنه مێژووییه‌کانی ئه‌و سه‌ردمه، یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی که کۆچه‌که‌ی به ئه‌نجام گه‌یاند یه‌کگرتوویی هه‌موو چین و توێژه‌کانی مه‌ریوان و پشتیوانی خه‌ڵکی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌و نافه‌رمانییه مه‌ده‌نییه بوو. هه‌روه‌ها که له ده‌قی وتاره‌که‌ی "رێبه‌ری شه‌هید کاک فواد" له دوایین رۆژی کۆچه‌که له ئوردووگای کانیمیراندا به‌رچاوه، یه‌کیه‌تی رازی سه‌رکه‌وتنی کۆچه‌که بوو.
جه‌مشید به‌هرامی
سه‌رچاوه‌کان: -روزنامهی اطلاعات 7/7/1357 -روزنامهی اطلاعات 16/7/1357 -رونوشت حکم محکومیت کشاورزان دارسیران 1352
ئه‌م بابه‌ته له ژماره 106ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵاتدا چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژماره‌ی 106ی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات لێــــــــــــــره کرته بکه. لینکی ئه‌م بابه‌ته له سایتی ئاسۆی رۆژهه‌ڵاتدا: http://www.asoyroj.com/kurdish/drejawtar.aspx?NusarID=166&Jmara=321