top of page

بۆ كۆترە باریكەی سەرشین و باڵ خوێناویی


مێژووی كورد وبزوتنەوەكەی لە هەر بەشێكی كوردستان قەرزداری ژنانن، ژنانێك كە ماڵەكانیان پەناگەی پێشمەرگەو رۆڵەكانیان پێشمەرگەی سەنگەر بوون، یان ئەو ژنانەی لە بەشی رێكخستن و بە شێوەی نهێنی سەدان و هەزاران بەڵگەی گرنگ و پێداویستیان گواستەوەو لە چاوی دوژمنیان پاراست، یان ئەو ژنانەی لە نێو بەندیخانەكانی دڕندەترین رژیمەكانی سەردەم ئەشكەنجە كران و یان ژنانی پێشمەرگە كە راستەوخۆ بەشداری خەباتی سیاسی و چەكداری حزبە سیاسیەكان بوون. لەم نێوەدا هەندێك لەم ژنانە زیاترین پشكیان بەركەوتووە و هەڵگری ئازار و دەرد و لە هەمانكاتیش تێكۆشەرانی ماندوونەناسێك بوون كە دەوری سەرەكیان گێرا بەڵام لە هیچ كوێ نە دەنگیان هەیە و نە ناویان دەبردرێت و مێژووش ئەوان لە پەراوێز دەخات. مەلەكە مستەفاسوڵتانی خۆشكی رێبەری خۆشەویست كاك فوئاد مستەفاسوڵتانی و هاوسەری دوكتۆر جەعفەر شەفیعی ئەو ژنە كە بە درێژایی چوار دەیەیە وێرای بنەماڵەكەی لە بزاڤی شۆرشگێرانەی خەڵكی كوردستان لە رۆژهەڵات پشكی شێریان بەركەوتووە كە مەلەكە لەم نێوەدا زیاتر لە هەموویان. هیچ كتێبێك پێم وانیە بتوانێ توانای هەڵگرتنی هەگبەی ئازار، نیگەرانی، دڵە خۆرپە و خەمەكانی هەبێ و ناتوانێت بەسەرهاتی مەینەتی و مەرگەساتەكانی بگێرێتەوە. لە ماوەیەكی كەمدا پێنج برای بە دەستی نگریسی رژیمی كۆماری ئیسلامی شەهید دەكرێن كە یەك لەوان كاك فوئاد رێبەر و سەركردەیەكی جەماوەری و خۆشەویستە كە داخی لە دەستدانی هەموو كوردستانی تازیەبار كرد چ بگات بە خۆشكێك وەك مەلەكە كە ئاخۆ چۆن توانیویە خۆرابگرێت و دڵنوایی دایە بەهیە بداتەوە. بیركردنەوە لەوەها كارەساتێكی جەرگبر مرۆڤ دەتاسێنێ چ بگات بەوەیكە لە واقێعدا بیبینی. دواتریش خۆی و چەند كەس لە براكانی دەبنە پێشمەرگە و ژیان و خەباتی شاخ و دۆڵ و هەردەكانی كوردستانیش ئەبنە بەشێك لە مێژووی ژیانی كە بە مەرگی دوكتۆر جەعفەر هاوسەری خەم تەوژمی بۆ دێنێ و كچە تاقانەكەی دەبێتە تەنیا یادگاری ئەم ژیانە هاوبەشە كورتە و دیسان دەبێ وەك هەمیشە قەڵایەكی خۆراگر بێ تا پشتی لە ژێر هەرەسی خەمدا نەچەمێ. وەلێ خۆ ئاسان نیە كە بەشی تۆ هەر مەرگی ئازیزان و ماڵ وێرانی بێ، ئەم هەموو خەمە لە تاقەت و توانای مرۆڤێكی ئاسایی بەدەرە و ناخ و جەستەت هەڵیناگرێت. ئەوە ئیرادە، ورە، سەبر و باوەرێكی قووڵی گەرەكە و هەر بۆیە كاك سەلاح مۆهتەدی لە شێعری دەمەوێ لە گەڵت بدوێم بە جۆرێك وێنای ئازارەكانی مەلەكە دەكات.

"دەمەوێ لە گەڵت بدوێم و دڵم نایە ئەی كۆترە باریكەی سەرشین و باڵ خوێناویی نازانم بەو نامەیە دەتكولێنمەوە یان دەتلاوێنمەوە ئەی ژیلەمۆی دامركاوی شەش سكڵی سوور ئەی یادگاری خۆشەویست ترین خۆشەویستەكانی كوردستان ئەی ژنە پێشمەرگە ، ئەی پێشمەرگەی ژن دەسا نەرمەلاوێنەكە! گەردنی شووشت شۆڕ كەوە و بڕوانە ئاوێنەی چم ، وێنەی چوار كەلەبچەت دەخاتە بەردەم دەسا ئەی كۆترە باریكەكە! باڵ بوەشێنە سنوور بپەڕێنە چاوی فرمێسكاوی هەڵێنە لەم پەڕ تا ئەو پەڕی كوردستان گۆمی خوێنە ئەی پەپوولە زێڕینەكە ! داگیركەران لەسەر نەخشەی جوغرافیا چۆار مێخەیان كێشاوی ، دەسا هەوڵێ هیمەتێ خۆت راچڵەكێنە داوی دیلی بپسێنە خوار و ژوور ، گەرمێن و كوێستان ، لەم گول بۆ ئەو گوڵ ، لەم چڵ بۆ ئەو چڵ ، بفڕە و بنیشەوە ؛ بۆنیان پێوەكە و بینیان پێوەنێ هیچیان مەبوێرە هیچیان هەڵماوێرە سەرتاپای ئەم كوردستانە ڕەنگینە یادگاری عەشقی شیرینە بست بە بستی ئەم خاكە خەمبارە گڵكۆی تازە یارە" دواتر مەلەكە بەو هیوایەی كە بەیان لە وڵاتێكی ئارام و دوور لە شەر گەورە بكا دەچێتە سوئێد و لەوێ دەمێنێتەوە، بێ خەبەر لەوەیكە مۆتكەی خەم و ئازار دەست لە یەخەی بەرنادا و دوای هەشت ساڵ دووری لە تاقانە كچەكەی لە پڕ هەواڵی مەرگی پێدەدەن. ئەی هەرەس بە ماڵم دیسان مەرگ و مەرگ. ئەمجار بەیان تەنیا هیوا و ئومێدی دایكێك، خۆشكێك،هاوسەرێك و پێشمەرگەیەك ماڵئاوایی دەكات و كۆترە باریكەكە باڵی خوێناویتر دەبێ. ئێستا كە یەك ساڵ بە سەر مەرگی بەیان تێدەپەڕێت، زۆرجار بۆ چەند چركەیەك هەوڵمدا مەلەكە بم و مەرگی ئەو ئازیزانە وەك پانۆرامایەك وەبەرچاوی خۆم بێنم و بزانم ئاخۆ دەتوانم خۆ راگرم كەچی لە عەقڵ و توانا و هەستم زۆر زۆر دوور بوو. دروستە مەرگی ئازیزان و كارەساتەكانی ژیان تەنیا بە عەقڵ و لۆژیك تا رادەیەك ئاسان دەبێتەوە، بەڵام زۆر جار ئەوانیش لە بەرانبەر هەندێ كارەساتدا وەچۆك دێن. لایەنی دیكەی گەورەیی مەلەكە ئەوەیە كە قەت منەتی بەسەر كەسدا نەكرد و بە شوێن بەرژەوەندی تاكەكەسیەوە نەبوو، لە كاتێكدا كە هەموو كوردستان و بزاڤەكەی و بە تایبەت رەوتی كۆمەڵە قەرزداری ئەون كە چی ئەو هەردەم ئامادەی فیداكاری و بەرخۆدانە. كاتێ لە مەراسمی ئەسپەردە كردنی بەیاندا قسە دەكا، سیما و جەستەی حكایەت لە زامەكانی دەكەن كە چی بە ورە و قسەكانی مرۆڤ سەرسام دەكات. بۆیە دەڵێم مەلەكە گیان تۆ لە كەس ناچی و كەس لە تۆ ناچێ، تۆ شاباڵی فڕینی تەوارە سەركەشەكانی كوردستانی. ئێستا لەم سەردەمە وێنەی كچانی گریلا بە پەلكەی جوان و سێحراویان هەموو میدیاكانی جیهان دەگرێتەوەو زامی ژنانی شەنگال بە گوێ جیهان دەگات، چۆنكە ئێستا سەردەمی تەكنۆلۆژی و سۆسیال میدیایە بەڵام ئازار و خۆراگریەكانی تۆ و ژنانی قارەمانی ئەو سەردەمەی كۆمەڵە لە بێدەنگی تێپەڕی و لە لاپەرەی هیچ رۆژنامە و كتێبێك نەنوسراو شاشەی هیچ میدیایەكی نەنەخشان.


bottom of page