بار ودۆخی سیاسی ئێران بە ئاقاریکدا دەڕۆیشت ، کە چاوەڕوان نە کراو بوو. بەستێنی ئاڵ و گۆڕەکان بە ئاسانی دەبێنرا و هەموو ماسمێدیای ڕۆژ ئاوا ، بۆ دەر کردنی شا هەڵویستیان گرتبوو . لە هەمان کاتدا ، پێش مەرجەکانی داگیر کردنی هیژمونی سیاسی ئێرانیان بۆ تاقمی مەلا ئامادە دەکرد .
کونگەری یەکەمی کۆمەڵە لە دوو شاری سنە و نەغەدە بەسترا. ئاکامی گفتوگۆکان لە کتێبێکی بە نرخ چاپ کرا. لەو کتێبەدا ئەندیشە و هەڵویستی سیاسی و شەخسی بەشدار بووەکان بە ڕوونی دیارە و خۆی نیشان داوە. ئاستی بەرزی هەڵویست و لێکدانەوەی مەنتیقی و ڕێنوێنی و تەرجومەی ڕووداوەکانی ئێران لە لایەن کاک فوئادەوە سەلمێندراوە . کاک فوئاد دوای کونگەرە ، هەموو ژیانی بۆ خەبات و ڕێک خستنی جەماوری خەڵک تەرخان کرد . جار و بار لە مەریوان وئاڵمانە دەبینرا و پاشان بۆ شوێنیکیتری کوردستان سەفەری دەکرد . تەقریبەن هێچ جێگایەک نەما کە کاک فوئاد سەفەری بۆ نەکردبێت . لەم شارانە پاوە، نەوسود ، کامیاران ، کرماشان، دیواندەرە ، سنە ، سەقز ، بۆکان، سەردەشت ، نەغەدە، و سابلاغ بە ئاشکرا سوخنڕانی و یا دیداری نهێنی کردووە. سەرجەم و کۆبەندی خەبات و ڕێبەری کاک فوئاد هەر بە ئەندازەی کۆماری جوانە مەردگی مەهاباد و تەنها یازدە مانگی خایاند. چەک کردنی پادەگانی مەریوان لە بەرنامەیدا بوو . کاتێک لە بانەوە بۆ ناوچەی مەریوان و لە مەریوانە بەرەو بانە هات و چوی کردووە تەنیا چوار کەسی لەگەڵدا بوە. پیلانی بەر بڵاوی فاشیزمی ئیسلامی و توڕە جاسوسیەکانی ناوچەکە و نەبوونی هێزی پارێزگاری و دەیان فاکتوری نەبینراو و بینراویتر دەستیان بە یەکەوە دا و لە شەڕێکی نابەرابەر و سەخت لەگەڵ ڕیزدار کاک تەهمورس ئەکبەری گیانیان بەخت کرد . کۆمەڵە بۆ ئەوەی بەرپرسی ئەم خەسارەتە گەورەیە لە ئەستو نە گرێت ، هەمیشە بانگەوازیان دەکرد کە مەرگی کاک فوائاد بە " هەڵکەوت " بوە . و دوای ٣٩ ساڵ هەرگیز لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، هاوسەفەرەکانی ، خەڵکی ناوچە و دانیشتوانی مەسیری ئەو جێگایانە کە هات و چوی تێدا کردووە یەک پرسیاریان نەکردووە و دیکۆمێنت و پەروەندەیەکیش دروست نەکراوە. لە کونگەری دوو و پاش مەرگی کاک فوئاد، بە سەختی کۆمەڵە بریندار کرا.
کاک فوئاد وەی ڕێبەری ئورکستر ، هەموو دەنگەکان و فیکر و باوڕە جیاوازەکانی لە هارمونییەکی دڵگیر وبلاوێن و لە پێناو ئامانجیکی بەرز ڕێک خست .مرۆڤێکی پێشڕەوی داهێنەر و سەر کردەیەکی هەڵقوڵاوی ناو ئێش و ئازارەکانی ڕەنجدەران بوو. ( سیما و ڕووخساری هەمیشە لە خەندە و هیوا تژی و پڕ بوو. بە جۆرێکی سەر سوڕهێنەر کاراکتر و ستاتوس و شەخسیەتی سیاسی کاک فوئاد سێبەری قورسی لە سەر دەور و سیما و خەباتی شٶڕشگێرانەی براکانیتر دانا . بەڵام خەبات ودڵسۆزی و دەوری پێشڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی براکان لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی کوردستان و ئێران بۆ هەمیشە بەرز و گرانبەهایە .)
***
خەباتی مەدەنی: کاک فوئاد ڕێبەری بزووتنەوەی مەدەنی بوو و نرخی بۆ بیر و ڕای گشتی دادەنا. لە بەستێنی بەرەو پێش بردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئامانجە بەرزەکان بیر و ڕای گشتی هیدایەت دەکرد. کردەوەکانی پەیوەندی قووڵی لە گەڵ ئاستی توانایی، هێز و ئامادگی جەماوەر هەبوو. خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی پێکەوە ڕێبەری دەکرد بار و دۆخی کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی بە شێوەیەکی زانستیانە تەحلیل دەکرد و بزووتنەوەی چەپ و ڕادیکاڵی کوردستانی بەرەو خێراییەکی بەر چاو پاڵ پێوەنا. کۆچی شارۆمەندانی مەریوان بەسام ترین و گەورەترین شێوەی خەباتی مەدەنی مێژووی هاوچەرخ بوو .
تاکتیک: میعماری زۆر بە توانای تاکتیکەکان بوو .سیاسەتی گونجاو و تاکتیکی کارای هەڵدەبژارد . بۆ هەر دەرفەت و بار ودۆخی کۆمەڵایەتی لێکدانەوەی گونجاو و دەقیقی هەبوو و تاکتیکی لۆژیکی هەڵدەبژارد. کۆچ ، گفتوگۆ، مارش و ڕێپێوان، دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدەنیەکان نموونە گەلێکی تاکتیکەکان بوون. شەڕی داسەپاوی مەریوانی بە هەزاران زەحمەت دوا خست تا بزووتنەوەی شۆڕشگیڕانە گەلی کورد ،زەرفیەت و پوتانسیلی پێویست لە بەرانبە هێرشی فاشیزمی ئیسلامی دەستە بەر کات .
یەکگرتن و وەحدەت: هەرگیز باوڕی بە یەکگرتنی کوڕ و کۆمەڵی لە سەرەوە نەبوو. لە سوخنڕانی مەهاباد بە ئاشکرا وتی: گوروپە ڕوناکبیرەکان لە تاران دەیانەوێت وەحدەت کەن. یەک هەنگاو بەرەو ئەو جۆرە یەکگرتنانە نەچوو. دوای مەرگی کاک فوئاد کۆمەڵە لە گەڵ جەرەیانێکی نەناسراو و بێ ئوتوریتە و بێ ستاتوسی کۆمەڵایەتی بە ناوی گوروهی سەهەند ( ئیتحادی خەباتگێڕانی کومونیست ) وەحدەتی کرد. کە لە ڕاستیدا دارێکی زڕی بێ ڕەگ و ڕیشە بوون. ئەم گروپە نوێنەری ڕاستەوخۆی ناسیونال – شوینیزمی نەتەوی فارس بوون. تاڵاو بە دەمیان و مێشکیان و قەڵەمیاندا دێتە خوارەوەو، ئەوی لە دەستیان هات وەک تەحقیر و سوکایەتی بە فەرهەنگ و کولتور و زمانی کوردی و بە تایبەت دژ بە بزووتنەوی شۆڕشگیڕانەی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان کردیان و دریغیان نە کرد .
سەنگەری مفاوزات و گفتوگۆ: سەنگەرێکیتر بوو کە کاک فوئاد نرخی بۆ دانا. لە گەڵ حکومەتێک کە دوژمنی سەرسەختی بزووتنەوی کوردستان بوو، گفتوگۆی کرد . بۆ یەکەم جار کۆمەڵە ڕێبەرانی جمهوری ئیسلامی ناچار کرد بۆ چارە کردنی ستەمی نەتەوایەتی وگیرو گرفتەکانی میللەتی کورد بۆ دیداری نوێنەرانی کورد بەرەو مەریوان و سنە سەفەر کەن. لە کۆدەکانی سیستەمی بیرکردنەوی کاک فوئاد ئەم سەنگەرە گرانبەها و گرنگ بوو . بۆیە چەندین دەور و جەلەسە لە گەڵ نوێنەرانی ئیسلامی سیاسی لە سنە و مەریوان دانیشت و گفتوگۆی کرد .
مودێڕنیزم و خەباتی مەدەنی: باوڕ و ئێمانی بە هێزی لە شکست نەهاتوی ڕەنجدەران و هەژاران بوو . لەو پێناوەدا خەباتی مەدەنی و جەماوری بە دەستەوە گرت و چڵەپۆپەی فیداکاری کرد. کۆچی مەریوان نمونەی مێژوویی خەباتی مەدنی و شارستانی بوو . ئەگەرچی تەمەنی کۆچ کەم بوو ئەمما لە ئاستێکی بەرزدا سنووری تێپەڕاند و تەئسیری لە سەر بیر و ڕای گشتی کوردستان و ناوچەکە دانا .لە پڕوسەی کۆچدا تەنیا کاک فوئاد نەبوو کە شانی دابوە ژیر ئەو بەرپرسیارەتی و مەسیئولیتە قورسە ، بەڵکوو دەیان کادری باوڕ پێکراو و خۆشەویستی چەپ و ڕادیکاڵی مەریوان و کوردستان یارمەتیدەر بوون.
شێوە کار و میتۆدی نوێ: کاک فوئاد لە هەڵبژاردنی میتۆد و سەبک کاری تازە ڕچەیەکی بەرزی شکاند و بە ئاسانی شێوەکاری کلاسیک وکۆنی وەلا نا. بەگشتی ئاوڕدانەوی لە سەر هێزی جەماوری بوو کە دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە گارانتی دەکات. هەمیشە ڕەوت وسیمایەکی ئەنتر ناسیونالیستی بە بزووتنەوە و خەباتی مەدەنی دەدا . لە جەرەیانی کۆچدا دواخستنی شەری داسەپاو وئامادە کردنی جەماوەری بۆ نابودی ئورگانە سەرکوت گەرەکانی حکومەتی لە بەر چاو بوو .
تۆڕی ماسمێدیا: بە پێچەوانەی بزووتنەوە کلاسیکەکانی سەردەم و کۆن لە ڕوانگەی کاک فوئاد ماسمێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، گۆڤارەکان و ڕادیو، ئامێرێکی گونجاو و چاک بۆ جاڕدانی ستەمی نەتەوایەتی، مافی گەلی کورد و ڕاکێشانی بیروڕای گشتی جیهان بوو وتارێکی لە گۆڤارێکی شاری مەریوان سەبارەت بە جمهوری کوردستان نووسی، کە لێکدانەوەکانی شایانی ڕێز و قەدردانیە. خاڵە لاواز و خاڵە بەرزەکانی کۆماری لێکدابوەوە. لە گەڵ چەند هەواڵنیری ئێرانی و خاریجی باس و گفتوگۆی کرد. مارشی ڕێپێوانی خەڵکی شاری سنە و شارەکانیتری کوردستان بەرەو مەریوان، دەوری ماسمێدیای لە سەر بیروڕای گشتی کۆمەلگای ئێران و کوردستان دەنواند.
نوینەرایەتی و متمانە بە خٶ: کاک فوئاد خۆی بە سەر جەماوری خەڵکدا تەحمیل و فەرز و دانەسەپاندبوو. وەک کازیوەی بەیانیی بێگەرد، ئەنترناسیونالیست، سادیق، بەوەفا، شۆڕشگیڕ و ئومانیست و بە دڵەوە نزیک بوو. لە بەرانبە بیر جیاوازەکان، لیهاتوانە و هوشیارانە خاڵە هاوبەشەکانی دەس نیشان و بەستێنی هاوکاری دەخولقاند. ولە دەرفەتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی تێگەیشتوانە لە پێناو خەباتی مەدەنی کەڵکی لۆژیکی وەر دەگرت. هێئەتی وتووێژ لە کاتی دیدارەکان و گفتوگۆ بریتین بوون،لە خۆی کەسانێک لە ئەندامی شورای شار و خەڵکی ئاسایی و جێگای متمانە. بە هاوکاری و یارمەتی هاوڕێکانی و لە پێناوی ئامانجەکانی گەلی کورد لە شاری مەریوان و سنە دەیان ئورگانی دیموکراتیک وەک : شورای شار، ئیتحادیەی موعەلیمان و قوتابیان ، شورای ژنان، ئیتحادیەی کرێکارانی بێ کار، ئەنجومەنی لایەنگرانی مافی گەلی کورد، جەمعیەتی دیفاع لە ئازادی و ئینقلاب، کانونی دانشجویان ڕێکخران کە هەمووی ئەم ئوڕگانانە دەسکەوتی مێژوویی بوون .
شەفافیەت و ڕاستگۆیی: کاک فوئاد هیچ شتێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە جەماوری خەڵک نەدەشاردەوە. و زۆر رقی لە سانسوری حیزبی، دماگۆژیو مەحروم کردنی جەماوری خەڵک لە ڕوداوە سیاسیەکان بوو، بە سەختی و بە ئێمانەوە لە شەفافیەتی سیاسی دیفاعی دەکرد . دیالۆگ و گفتوگۆی پشت پەردە و لە ژوورە داخراوەکان، شاردنەوەی ڕووداوەکان لە جەماوەر، دووڕویی سیاسی، چەسپان بە تیئوری وشک و بێ گیان و بێ کەڵک لە بنەما فیکریەکانی کاک فوئاد جێگایان نەبوو . خۆی زانا، نابغە و دلۆڤان و بێ فیز بوو، ئەمما گوێ بیستی پێشنیارەکان و تەنانەت قسەی نەیارانیش بوو.
سایکۆلۆژی و هەڵویستی تاکی کورد: باری سایکۆلۆژی تاکی کورد لە لایەن داگیرکارانەوە بە سەختی شکێندراوە و بەو ئاستەیان گەیاندووە کە تاکی کورد متمانە و باوڕی بە خۆیی نەماوە. کاک فوئاد لە پلاتفورمێکی ڕانەگەیندراو، کاری بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ تاکی کورد وباری خراپی سایکۆلۆژی تاکەکان کر. کە ئیتر سوکایەتی، ئیهانە و تەحقیر، ستەمی نەتەوایەتی قەبوڵ نەکەن. و وەک شارۆمەندێک متمانە بە خۆ بە دەس بێنن و ئیتر فەرهەنگی داسەپاوی خۆ نزم بینین و خۆ ڕووخێنی لە کاراکتری تاکی کورد نەمێنیت و بەرپرسیارەتی و مەسئولیەتەکانی ئیدارە و بەڕێوە بردنی کوردستان وەر گرن .
دیموکراسی و بەها بە نرخەکان: بەهۆی داگیر کردن و میلیتاریزە کردنی کوردستانەوە، دیموکراسی لە چاڵ نراوە و لە باتی تانک و تۆپ و دیکتاتوری جێنشین بووە. جەماوری خەلک تا ڕادیەکی بەرز بە دەستی ئەم ئوڕگانانەوە دەیان ناڵاند. ڕەوتی دیموکراسی لە دەورانی بزووتنەوەی کوردستان ئەگەر چی کرچ و کاڵیش بوو، ئەمما دەستی پێ کرد و ڕێگاکەیش هەموار نەبوو بەڵام کاناڵی خۆی دۆزیەوە. لە ئوردوگای کانی میران، کۆبونەوەی گشتی باو بوو. دانیشتوان حەقی دەنگ دانیان هەبوو. لە شورای شار بە ڕاوێژ و هاو فیکری بڕیارەکان پەسەند دەکرا . پێشوازی و ڕیز گرتن لە زیندانیە سیاسیەکان، یادێک لە جەناب شەریف زادە و یارانی لە گۆڕستانی تایلەی سنە، قەدردانی لە مانگرتنی ڕەنجدەرانی بێلوو، ڕێز گرتن لە گیان بەخت کردووانی ڕێگای تورکەمەن سەحرا لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە بەها بەنرخەکان بوون و لەو پێڤاژەیەدا کولتوری دیموکراسیش ناڕاستەوخۆ گەشەی دەکرد.
ژئوپولیتیک وناوچەی ستراتژی: بۆ بزووتنەوی عەدالەتخوازانەی گەلی کورد ناوچە ستراتژیەکان، دەوری چارەنوس سازیان هەیە. کاک فوئاد ناوچەی هەورامانی وەک سەنگەرێکی قایم و ستراتژی لە بەر چاو بوو . چونکوو تان و پۆی دانیشتوانی ناوچەکە بە گشتی کرێکارو زەحمەتکیشن گوندەکان لە هەرێمەکانی لهون، دزڵی و هەورامانی تەخت پڕ نەفوس و ئاوەدان و سیمای شارۆچکەیان هەیە. دەڤەرەکە تا دڵت بخوازێت شاخاویی و کوێستانی هەزار بە هەزارە. دوژمن ناوچەی هەورامانی فرە بە دژواری و هەمیشە بە پارە و بەرتیل و خەیانەتی هەڵخڵەتاوانی کورد و هێزی پڕ چەک و سپای زۆرەوە پاش چەند ساڵێک پیلان گێڕی داگیر کردوە. بۆیە هەورامان لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە، بۆ پێشمەرگە و بەرەنگاری جێگایەکی گونجاو و ستراتژی بوو و لە هەمان کاتدا هەل و مەرجی لە بار بۆ پەیوەندی لە گەڵ پارتەکانی باشوری کوردستان بە ئاسانی دابین دەکرد. ئەم ناوچەیە بە ناوچەکانی ترەوە وەک، کرماشان ،کامیاران، نەسوو پاوە،بێڵەوار، مەریوان ،سنە ،هەڵەبجە ، پێنجوین ،دەشتی شارەزوور و خورماڵەوە لکاوە و هاتوچوی پێشمەرگە و گواستنەوەی بریندار و نەخۆش و بنەماڵەی پێشمەرگە و بە ساڵا چوەکان زۆر ئاسانە. کرێکاری فەسڵی سیمای دێهاتی هەورامانی گۆڕیوە وئاستی وەر گرتنی ئیدئولۆژی عەدالەتخوازانەیان بەرزە. ئەو هەموو زەخت و شەڕە کە لە لایەن فاشیزمی ئیسلامیەوە بە سەر پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵە داسەپا ئەگەر ناوچەی ستراتژی هەورامانیان بەدەستە بوایە هەم ژمارەی گیانبەخت کردوو و هەم زەرەری ماڵی ومرۆڤی بی ئەندازە کەم و هێزی پێشمەرگەش ئەوەندە ماندوو و هێلاک نەدەبوو. لە پێناو قازانجێکی سووک سپای ڕزگاری چەک کرا و قازانجێکی فرە گەورەیان یانی هەرێمی ستراتژیان لە دەس دا. سپای رزگاری مەوزوع و مەیدانی کاری ڕێکخراوەەیی و تەشکیلاتی کۆمەڵە بوو دەکرا بە کەمەندی ڕاوێژ وبیرمەندانە و بە شێوەی کاری تەشکیلاتی سپای ڕزگاری لە ژێر چەتری سیاسی و نیزامی کۆمەڵەدا،ڕێکخرێن و ئەو مەیل و ئارەزوە لە ناو سپای ڕزگاری دەبێنرا. هێزی سپای ڕزگاری، دانیشتوی ناوچەکە بوون و خۆیان هەرێمی ستراتژیان دەپاراست . نووسەر بناغە و ماهییەت و ناوەڕۆکی سیاسی- کۆمەڵایەتی سپای ڕزگاری و هەڵویستەکان تایید ناکا .
*****
بۆ زانیاری زۆرتر ئەم کتێبانە چاپ کراون. و دەریایەک لە هەڵویستی ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی چەپیش لە " سایتی کاک فوئاد" دانراوە . - مباحث کنگرەی اول کۆمەڵە، ویراستاران ساعد وطن دوست ، ملکە مصطفی سلطانی.
ـ کاک فوئاد کێ بوو، ئامانجی چی بوو و چۆن گیانی بەخت کرد . مەلەکە، ڕەزا و حیشمەت مستەفا سوڵتانی .
٣--کاک فواد مصطفی سلطانی بیوگرافی ،آرمان ها و چگونگی جانباختنش، ملکە ،رضا و حشمت مصطفی سلطانی
٤--کاک فوئاد ڕێبەر ، سیاسەتمەدار و زانایەکی سیاسی . ڕەشاد مستەفا سوڵتانی