top of page

جه‌وان بوو

دراوسێی رێواسی به‌هار و

هاوده‌می هه‌ناری پاییزان .

به ‌ڕه‌گه‌ز ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر ڕیشه‌ی داربه‌ڕوو

ده‌یزانی به‌فری کام ترووپکی نیشتمان

زریوه‌ی جوانتره‌ و

له‌هه‌گبه‌ی کام باران

مزگێنی ئه‌ودیوی تاریکی

هه‌ڵده‌ڕژێ‌ .

دڵۆپێک

هه‌ڵقوڵیوی کانییه‌کی قه‌له‌به‌رد .

شه‌پۆلی وه‌ک ‌له‌پی ده‌ستی خۆی ده‌ناسی .

شاره‌زای زه‌مزه‌مه‌ی جووبار و

حه‌ژمه‌تی تۆفانی ده‌ریاکان .

ئارام و له‌سه‌رخۆ

گوێی ده‌گرت له ‌به‌رد و له ‌ڕازی زناران .

زامی سه‌ر دوو ئه‌ژنۆی گه‌نم و

سه‌رشانی پڵنگی

فام ده‌کرد .

نزیک بوو له‌ڕه‌نج و

له‌خه‌ونی ڕاسانی هه‌ژاران

وه‌ک بڵێی به‌مناڵیی له‌نسکۆی نه‌داری و

له‌کڵپه‌ی سووتانی ژێر ده‌ستیی گه‌یشتبێ .

ده‌یزانی چ وه‌رزێ چیاکان باڵایان هه‌ڵده‌چێ و

چ کاتێ شه‌ونامه‌ی نێو شاران

ده‌نووسرێ .

پێش ئه‌وه‌ی کڕێوه‌

سه‌رپه‌نجه‌ی داره‌کان بڕچێنێ

خه‌به‌ری هه‌تاوی ده‌دایه‌ دارستان .

هێشتا خاک هه‌ناسه‌ی سه‌هۆڵی هه‌ڵده‌مژی

سه‌وزایی سه‌رگۆنای قه‌زوانی

بۆ شکۆی قه‌دپاڵان باس ده‌کرد.

پردێ بوو له‌نێوان ته‌مه‌نای سرووشت و

توانای مرۆڤدا.

تینوێتی به‌ڕه‌زا ، تۆزی سه‌ر کاکۆڵی گه‌نم و ئافاتی برسیه‌تی

به ‌برووسکه ‌ده‌ناسند .

په‌یامی چی هه‌رمێ کێویله‌ی کوێستان بوو

بۆ باران ده‌نارد و

ڕێبواری هه‌تاوی بۆ گه‌یشتن به‌ترووپکی رووناکی

ڕاده‌سپارد .

ئه‌م لاوه‌ ساده‌یه‌

له‌کارگه‌ی مێژوودا

هارمۆنیی ئاسن و چه‌کوشی خوێندبوو .

له‌مه‌زرا و له‌کێڵگه‌ی که‌له‌پچه‌کراودا

له‌سێحری ئاره‌قه‌ی ناوچاوی جووتیار و

به‌خششی گه‌نمزار گه‌یشتبوو .

نه‌ریت بوو ئه‌و ده‌مه‌

سنه‌وبه‌ر له ‌ڕکه‌ی زیندانا باڵا بکات

تا جێگای له‌ڕیزی سه‌ربه‌رزان دیار بێت .

به‌ڵام ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ی ئێستاکه ‌له ‌دڵی تاڵه‌سوار ڕواوه‌

له‌خۆیدا سه‌رسه‌وز و به‌رز بوو .

حه‌شارگه‌ی پڵینگ و

په‌ناگه‌ی په‌پووله‌ و

جێ ژوانی کازیوه‌ و خۆره‌تاو ‌.

جه‌نگه‌ڵێ که ‌هه‌تاو

تۆزقاڵێ سه‌رچڵی سوورکردبوو

تا جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ و

تا ڕه‌نگی ئاڵایه‌ک

له‌ ترووپکی کازیوه‌دا‌

هه‌ڵبکات .

که ‌ڕۆیشت

له‌سه‌ر هیچ لووتکه‌یه‌ک هه‌ڵنه‌نیشت

هه‌ر ته‌نیا به ‌ڕه‌نگی شاباڵی

هیڵێکی سوورباوی به‌ ‌ئاسمان به‌خشی و

دوا ڕسته‌ی مانه‌وه‌ی بۆ دواڕؤژ نووسیه‌وه‌.

له‌ناو ئه‌م هاوار و ڕاوڕاوێنی چه‌پ و ڕاستا

له‌م هه‌موو باڵباڵێنی ره‌وته‌ په‌لوپۆکراوه‌کاندا

ئه‌و هه‌رگیز باڵ نه‌بوو

فڕین بوو .

هه‌ر بۆیه‌

هه‌ڵۆیان شاباڵێ شک نابه‌ن

بگاته‌شێوازی په‌روازی .

ئێستاکه‌ش چریکه‌ی ده‌گمه‌نی ئه‌و بازه‌ جه‌وانه‌

له ‌گوێچکه‌ی کوێستانا

ده‌زرینگێ و

ده‌زرینگێ.

نیشتمان هیلاکی ڕاسان بوو

ده‌وروپشت تاریک و

ڕێگاکان نادیار

ئه‌و که‌سه‌ی په‌نجه‌ره‌ی بۆ ئاسۆ کرده‌وه‌

تیشکیکی جیاوازی نیشان داین

گه‌نجێکی سوورکه‌له‌ی ساده‌ بوو

فوئاد بوو .

bottom of page