top of page

سێ ئایدیای سەرەتایی دەربارەی کاک فۆئاد


دایە بەهییە بە کاک فۆئادی وتوە لە دەورانی شادا زیندان، ئەشکەنجە و زەحمەتی زۆرت کێشا، موبارزەت کرد دەترسم وەک جوانە مەرگ ئسماعیل شەریفزادە عەکس و پۆستەری تۆم بۆ بمێنێ، کاک فۆئادیش بە پێکەنیینەوە وتی: دایە تۆ منت بۆ خۆشی خۆت ئەوێت یان بۆ نەتوەی کورد.(لە کتێبی کاک فۆئاد، ڕێبەر، سیاسەتمەدار و زانایەکی سیاسی لەپەڕەی ٥٧). یەکەم_ سووژە سیاسییەکان دەگەڕێنەوە، وەک چۆن لە دەروونناسیشدا سەرکوتکراوەکان دەگەڕێنەوە. تا ئاروزووی سەرکوتکراوە بەراوەردە ‌و جێبەجێ نەکرێت ئەستەمە بتوانرێت بەر بە گەڕاننەوەی بگیرێت. سەرکوتکراو ئامادەیە لە هەر ئانوو ساتێکداو لەدۆخێکی ناسکی مێژوویی یان کۆمەڵایەتیدا دەرکەوێت و ئارەزووی خۆی بەراوەرد بکات. ئەم دید و وێژێنەش بۆ سووژەی مێژوویی و ئەکتەرێکی سیاسی وەک کاک فۆئادیش ڕاست دەشکێتەوە و ئەستەمە بتوانرێت گەڕاننەوەی هەموو ساڵەی کاک فۆئادیش لەبەر چاو نەگیرێت و تاکوو ئەو پڕۆژە سیاسییەی کە ئەم سووژە سیاسییە دوای کەوتووە بە دی نەیەت دەبێت هەموو ساڵێک چاوەڕێی گەڕاننەوەی ئەم سووژە سیاسیە بکەین. کەواتە گەڕاننەوەی ساڵ لە دوای ساڵی ئەم سووژەیە بە تەنها پابەندییە بەوەی چونکوو ئەندامی سەرکرادیەتی حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی بووە لە ڕووی ئەخلاقی و عۆرفی سیاسییەوە پێویستە یادی بکرێتەوە و ژیاننامەکەی بخوێنرێتەوە و کۆڕێکی بۆ بگیرێت لەبەر ئەوەی مەبادا خەڵک بیر لەوە بکەنەوە کاک فۆئاد چیدیکە مانایەکی بۆ ‌حیزب نەماوە و بەهایەکی ئەوتۆ و سەردەمیانەی نییە. یان لە لایەکی دیکەوە پڕۆژەی سیاسی سووژەی ناوبراو وڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە نییە و یادکردنەوەی بەتەنیا ڕێز و حورمەت دانانە بۆ خەبات و خۆڕاگری خەباتکارێکی بە ئەمەگ و پەیگیر لە خولێکی مێژوویی دیاریکراوی بەسەر چوو و کۆنکەوتوودا. کەواتە پێویستە خۆمان لەوە دڵنیا بکەینەوە کە یادکردنەوەی کاک فۆئاد تازەکردنەوەی بەڵێنێکە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی خەون و ئاوات و داواکاری و ویستە مێژووییەکانی. هەڵبەت جەغدکردنی ئێمە لەسەر ئەم پرسە واتە پرسی یادکردنەوەی کاک فۆئاد لە هەموو ساڵەکاندا بە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ گرێدراوی و هۆگرییەکی تایبەت وحیزبی بەڵکوو پتر وڵامداننەوەیەکە بەو کەسانەی کە پێیان وایە یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی یادی ئەم سووژە سوسیالیست و ڕادیکاڵە جۆرێکە لە یادکردنەوەی تەقویمی. واتە وەک ئەو یادکردنەوەی کە مردنی کەسایەتییەکی گەورە وادەکات سیستم یان کاربەدەستان و دەسەڵاتداران ڕۆژێکی نەتەوەیشی بۆ تەرخان بکەن و خەڵک بە شێوەیەکی تەقویمی ئاگادار بن‌ کە فڵان و فیسارە ڕۆژ ئەو ڕۆژە دیاریکراوەیە کە بۆ کەسایەتییەک داندراوەو پێویستە دەزگاو ڕێکخراوە و نەهادە فەرمییەکان لەبەر چاوی بگرن و لە یادی نەکەن . ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنانەت لە داهاتووی کوردستانیشدا ئەگەر ڕۆژێکی لەم جۆرە واتە ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک فۆئاد بکرێتە ڕۆژ و بۆنەیەکی ڕەسمیش بە بێ هێنانەدی خەونەکانی دیسان لە ڕووی مێژوویی و سیاسیشەوە هیچکام لەو ڕۆژانە توانای ئەوەیان تێدا نییە وڵامی یەک ڕستەو ووشەیەکی خەونەکانی ئەم کاراکتەرە سیاسییە بداتەوە. ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی فەلسەفی بدوێین ئەتوانین کەڵک لە دوو تێرمی ئاریستۆیی/هێگلی وەربگرین بۆ دەربڕینی کۆی پڕۆژەی سیاسی/مێژوویی کاک فۆئاد. یەکەم: پۆتێنشیالیتی یان هێزەکی و دووهەم:ئەکتوالیتی یان کردەکی‌. پۆتێنشیالیتی لە مانا زۆر سادە و بەسیتەکەیدا بریتییە لەوەی کە چشتێک لە دۆخی سەرەتایی و تەنانەت نەکرانەوەیی خۆیدا ‌ماوەتەوە و نەیتوانیوە و دۆخێک فەراهەم نەبووە بتوانێت ڕۆڵی خۆی و سیمای خۆی مسۆگەر بکات. بۆنموونە گەنمێک لەبەر چاو بگرن یان نەمامێک ئەر ئەم نەمامە نەچێندرێت و ئاویی پێنەگات و ناتوانێت سەوز ببێت و گەشە بکات و بێتەبەر. دووهەم کردەکی بوونەوە ‌یان ئەکتوالیتی: قۆناغی ئەکتوالیتی ئەو قۆناغەیە کە نەمام یان گەنم پێدەگەن و باڵادەکەن و یەکێکییان دەبێتە داری بەر و ئەویدیشیان دەتوانێت ببێتەوە بە گەنم و ئارد و.... (هەرچەندە بەداخەوە لەم مەجالەدا ناتوانم بە تێرو تەسەلی لەسەر ئەم دوو چەمەکە بڕۆم بەڵام لەوە دڵنیاین کە لە داهاتوودا ئەم باسە هەر لە پەیوەندی بە سەرجەمی پرۆژەی کاک فۆئاد و کۆمەڵەوە پەرەدەدەین و ...)کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پرۆژەی کاک فۆئاد ئەوەندە هەنگاوی لە ناو چەمکی پۆتێنشیالێتیدایە ئەوەندە لە ناو چەمکی کردەکیدا نییە بۆیە ئەو ڕێبازە سیاسییەی کە کۆمەڵە کار و چالاکی بۆدەکات و خەونی پێوە دەبینێت بەدینەیێت ئەکتوالیتی و واقیعی بوونەوەکەشی چ لە ڕووی خەت و مەشی سیاسی وچ لە ڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە بوونی نابێت. دووهەم_ لە کاتی گیانبەختکردنی کاک فۆئادەوە تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆ و ئەم چرکەساتەی کە تێیدا دەژین‌ هەوڵێکی هێجگار زۆر لە ئارادایە بۆ ناونانی کاک فۆئاد. گەلێک کەس و لایەن 3و کەسایەتی ویستوویانە کە لە ڕێگەی ناونانی کاک فۆئادەوە لایەنی سیاسی و ئاستی بەرحەق بوونی خۆیان لە ڕێگەی پاوانخوازی و داگیرکردن و مۆنۆپۆلکردنی ئە کەسایەتی و ڕابەڕەوە بنجبەست و پتەو بکەنەوە. جگە لەم هەوڵانە دەتوانین ئاماژە بە چەندان ڕۆشنبیر و ئەدیب و چالاکی سیاسی بکەین کە هەریەکەو بە جۆرێک لە کاک فۆئاد دەڕوانن. کەسانێک کە پێیانوایە کاک فۆئاد نە باڵ بوو نە لاباڵ،ئەو تەنیا فڕین بوو، ڕۆڵەی ئاگر و خوێن، مۆدیرێکی سازمانی یان سووژەیەکی هاوچەرخ و خەمخۆری زەحمەتکێشان و ... لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هۆکاری ئەم هەمووە هەوڵە بە سێ ئاراستەدا دەڕوات. ئاراستەی یەکەم ؛خزاندنی هەیکەلی کاک فۆئاد و چەپاندنییەتی لە پێناسەیەکی یەکە و ئایدیۆلۆژیک لە پەیوەندی بە حیزب یان خەتێکی دیاریکراوی سیاسییەوە. دووهەم؛ هێماین و کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاک فۆئاد لە ڕێگەی کۆمەڵێک تەفسیری فەلسەفی، سۆسیۆلۆژیک و... هتدەوە. سێهەم؛ سەندنەوەی کاک فۆئاد لە هەموو ئەم پێناسە ئایدیۆلۆژیک و جۆربەجۆرانە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بکەین بەم دوایین کتێبەی کە لە لایەن مەلەکە، ڕەزاو حیشمەت مستەفا سۆڵتانییەوە کە ئامادە و بڵاوکراوتەوە‌. بە باشی دەزانین وەک نموونە ئاماژە بە پەرچە کردارێک بکەین لە پەیوەندیدا بەو قەیرانەوە کە ناوی کاک فۆئاد لەژینگەی هاوچەرخی سیاسەت لە کوردستاندا درووستی دەکات. ماوەیەک لەمەو‌پێش کتێبێکی نوێ دەربارەی کار، خەبات و ئەمانجی کاک فۆئاد هاتووەتە نێو بازاڕی کتێبی کوردستانی باشوورەوە لە ژێر ناوی: کاک فۆئاد مستەفا سۆڵتانی کێبوو، ئامانجی چی بوو، چۆن گیانی بەختکرد (نووسین و ئامادەکردنی، مەلەکە، ڕەزا و حیشمەت مستەفاسۆڵتانی).(ئەم نموونانەی کە لەم کتێبە ‌نوێیە کەڵکیان لێوەردەگرم و دەیانهێنمەوە لە لاپەڕەی فەیسبووکی ڕەزا مستەفاسۆڵتانی وەرگیراوە. چونکوو بەداخەوە نووسەری ئەم دێڕانە ئەو کتێبەی لەبەردەستدا نییە). بڵاو بۆتەوە هاتووە کە؛ لە پڕۆسەی کارەکەمان ئێمە دوو ئەنجاممان هەبوو: یەکەم: دەرخستنی کەسایەتی و ئامانجی کاک فۆئاد و هەروەها دەوروو نەقشی لە کۆمەڵەو لە شۆڕشدا، دووهەم: چۆنییەتی گیانبەختکردنی.... لەسەرەتای پاڕاگرافی دووهەم ئەو لا‌پەڕەدا نووسراوە:... ئەم کتێبە نە خەیاڵی بەرپاکردنی دادگایەکی هەیەو نە مەبەستی ئەوەی هەیەکە کەسێک، کەسانێک و یان لایەنێکی سیاسی بخاتە ژێر شک و گۆمان و لێپرسینەوە. لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: هیوادارین نووسینی ئەم کتێبە کە گێڕاننەوەی مێژووی لایەنێک لە خەباتی کۆمەڵە و ڕەوتی چەپ و سۆسیالیستی ڕادیکاڵی کوردستانە، بتوانێت خزمەتێک بکات بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لە ڕێگای تیشک خستنە سەر ژیان وخەباتی کاک فۆئادەوە، لە ڕاستیدا ڕوونکردنەوەی بەشێک لە مێژوویەک بێت کە هێشتا زۆر لایەنی بە شاردراوەیی ماوەتەوە.(بەشێک لە پڕۆژەی ئەم کتێبە، لاپەڕەی پێنج و شەش، کتێبەکەی کاک فۆئاد). بەم پێیە بە ڕوونی و بێپەردە بۆمان دەردەکەوێت چەمک/ئایدیای کاک فۆئاد بۆتە چ کەڵکەڵەیەکی فیکری و سیاسی و مێژووی لە هەناوی سیاسەت و ژینگەی هاوچەرخی سۆسیالیستی و چەپی ڕادیکاڵی کوردستاندا. بە جۆرێک کە بە پێچەوانەی وتەی نووسەرانی ئەم کتێبە چەندە بارگاوییە بە قەیرانێکی مەعریفەناسانەی قووڵەوە وەها کە لەم ژینگە هاوچەرخەی کوردستاندا هەرکە ناوی کاک فۆئاد هاتە کایەوە هەست بە قەیرانێکی مەعریفی قووڵ دەکرێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەست بەوە دەکرێت دەشێت چەندە زەحمەت بێت ئەم ئایدیا /چەمکە بخرێتە ناو چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەموارەوە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کۆنکرێتیتر هەست بەم قەیرانە قووڵە بکەین هەر ئەوەندە بەسە جارێکی دیکە گوێ لەدەنگی پشت ئەم دێڕانەوە بگرین تاکوو بۆمان دەبکەوێت ئەم کتێبەنوێیەش هەڵگری چ خەمێکی قووڵ و ترسناکە کە تەنانەت بە پێویستیان زانیوە جگەلە مافی ڕەواو بنەماڵەیی خۆیان بەشکوو ئەوان بتوانن ئەم قەیرانەوە تێپەڕێنن. با جارێکی دیکەو سەر لەنوێ سەرنجێکی دووبارەی ئەم ڕستە و دەستەواژانە بدەینەوە: بەرپاکردنی دادگا، کەسێ، کەسانێک و یان لایەنێکی سیاسی ،شک، گۆمان،لێپرسینەوە، ڕەوتی چەپ سۆسیالیستی ڕادیکاڵی کوردستان و. ... سێهەم : وێنەیەکی ئەدەبی یان کاک فۆئاد مۆدێلێک بۆ خوارەوە بەرەو سیاسەتی ڕادیکاڵی زەحمەتکێشان بۆ توسیێن ئێڤێرتوور توسیێن، خەمۆکترین پیاوی جیهان! گوێ لە ئاوازی ڕەعیەتان بگرە کە زەوی دەکێڵن. سەرت بنێ بە بەردی کەڕی گۆڕستانەوە فەرماندەی هەژار لە کوێ و چ کات ئۆقرەت دێتەوەبەر؟ بژی زیندوو بمێنەوە گرێی نێوچاوانت بکەوە. کەوتوویت وەها کە چیدی ناتەوێت ڕابیتەوە. بژی و ئاسوودە بە لە پاشتەوە هاوڕێ ویارانی هاونەبەردت بەڕێوەن؛ هەواو عەرز و ئاسمان لەگەڵتن. هاوڕێیانت مرۆڤی واڵان ، سەرخۆشان و کەوتووان عەشق و بیری تەسلیم نەبووی مرۆڤت لەگەڵە. یادت لە یادەوەری سرووەکاندا دەمێنێتەوە.(ویلیام وردزرورس)


bottom of page