top of page

کامه‌یان هه‌ڵگرم، قه‌ڵه‌مه‌که‌ت  یان تفه‌نگه‌که‌ت ؟


کاک فوئادی خۆشه‌ویست !

کاتێک ته‌نگ و چه‌له‌مه‌کانی ڕۆژگار بیرم ده‌هاویژنه‌ دونیای پڕ له‌ شانازی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌، له‌" تاله‌ سوار" گیر ده‌که‌م و له‌ بن دار قه‌زوانه‌که‌ی به‌ر پێت، پێی ماندوو له‌ ڕیگا ، که‌له‌بچه‌ ده‌بێت و مه‌نگی ئه‌ستێره‌ سووره‌که‌ی سه‌ کیله‌که‌ت ده‌بێت .

کاتێک ده‌مه‌ویت پێنوسه‌که‌م بخسێنمه‌ سه‌ر کاغه‌ز و باسێکت له‌ سه‌ر بنوسم ،ده‌ستانم شه‌رم ده‌یانگرێت و بیرم سه‌هۆڵ ده‌به‌ستێت .

تۆ له‌ به‌ر کام شه‌وقی چرای ئه‌م ئاودانیه‌دا، وانه‌کانی ئه‌دیسونت* ده‌کرده‌ نیروگای هه‌ڵگرسانی رووناکی ئه‌م گه‌له‌ چه‌وساوه‌یه‌ ؟

هه‌سته‌وه‌ با شتێکت پێ بلێم! له‌ دوای نه‌مانت ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌ویستی بێ تۆ ژیانیان پێ نه‌ده‌کرا.له‌ ته‌وریزه‌وه‌ کڕنوشیان بۆ مه‌زاره‌که‌ت ده‌برد و ده‌هاتنه‌وه‌ ، لات .سه‌رت به‌رزو که‌ و بڕوانه‌ دارستانی سه‌ر سه‌رت ، بزانه‌ چلؤن له‌ گه‌رمای هاویندا دار قه‌زوانه‌کان به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی پڕ له‌ گه‌ڵای سه‌وز، سه‌رت بۆ داده‌نه‌وینن ، نه‌کا گه‌رمای هاوین لاقی بریندارت ئازار دات .

بڕوانه‌ ماڵه‌ کاگڵیه‌که‌تان ، که‌ چلۆن له‌ دوای دوورێت، سه‌رما و سه‌هۆلبه‌ندانی ژیانی چه‌وساوه‌کان بوونه‌ ئازارێک و چوونه‌ ،له‌ شیه‌وه‌ و کڕنهوشی برد بۆ مه‌زاره‌که‌ت و ، وه‌ک تۆ ئاویته‌ی خاک بوو.

باش ده‌زانم که‌ چۆن قه‌ڵه‌مه‌که‌ت به‌ رۆژێک له‌ سابڵاخ، ڕۆژگاری دوژمنانی گه‌له‌که‌تی ، به‌ بڕیاری خۆڕاگری و موقاوه‌مه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر هیرشی داگیرکه‌ران کرده‌ شه‌و و شه‌وی ئه‌وانت کرده‌ جه‌هه‌نه‌م و ئاگر .

هه‌رچی سه‌یر ده‌که‌م دوو شت له‌ تۆ جیا ناکه‌مه‌وه، قه‌له‌مه‌که‌ت و چه‌که‌که‌ت ! قه‌ڵه‌مه‌که‌ت له‌ پێناو چه‌که‌ت و، چه‌که‌که‌ت له‌ پێناو قه‌ڵه‌مه‌که‌تا بوو ، بۆیه‌ ڕێگات پڕ ڕێبوار و ڕێبازت هه‌ر گه‌شاوه‌یه‌ . ئێستاش دوای بیست و هه‌شت ساڵ به‌ سه‌ر تێپه‌ڕ بوونی بڕیاره‌که‌ت ، ڕۆله‌کانی کۆمه‌ڵه‌ هێشتاکه‌ هه‌ر چه‌کی پارێزگاری له‌ وڵاتیان له‌ شاندایه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌که‌ن .

له‌م رۆژانه‌ دا، بیرم له‌ ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌ت هه‌ڵگرم ، یان چه‌که‌که‌ت ؟ ئاخر هه‌ر تۆ به‌ هێز بووی و ، ده‌ت توانی هه‌ر دووک پێکه‌وه‌ هه‌ڵگری و ماندوو نه‌ بی لێیان .

بڕیارم دا ، بۆ ئێدامه‌ی ڕێگات به‌ ته‌واوی هێز و توانامه‌وه‌ ، قه‌ڵه‌مه‌که‌ت له‌ گه‌ڵ برێک له‌ هاورێ یانت هه‌لگرم و چه‌که‌که‌ت له‌ گه‌ڵ هاوڕی یانی تر !


bottom of page