top of page

ئاگاداری ژمارە ١


رێز گرتن له‌ یادی کاک فوئاد، سی ساڵ پاش گیانبه‌خت‌کردنی

کۆمیته‌ی ئاماده‌کردنی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ یادی سی‌ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی کاک فوئاد

سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاک فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، له‌کاتێکدا که‌ تازه‌ سی ساڵ له‌ ته‌مه‌نی‌ ژیابوو، گیانی به‌ختکرد. هه‌واڵه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ گرینگ بوو که‌ له‌ به‌رنامه‌ی سه‌ره‌کی هه‌واڵه‌کانی رادیۆ تاراندا وه‌کوو خه‌به‌رێکی گرینگ باسیان کرد و خه‌ڵکی کوردستان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئاگاداری نه‌مانی ئه‌م رۆڵه‌ تێکۆشه‌ر و بلیمه‌ته‌یان بوون.

له‌ ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا له‌ لایه‌ن "کۆمه‌ڵه‌"وه‌ به‌ شێوه‌ی جۆاروجۆر و به‌ کورتی له‌م لاو ئه‌ولا له‌سه‌ر رۆڵ و که‌سایه‌تی کاک فوئاد له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌دا وتار و لێکدانه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌؛ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌و کتێبی "کاک فوئاد" له‌ نووسینی ره‌شاد مسته‌فا سوڵتانی، که‌سایه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ژیانی ئه‌م مرۆڤه‌ ژیرو تێکۆشه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌کی چڕوپڕ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه‌ و هێشتایش زۆر لایه‌ن و

گۆشه‌ی ژیانی کاک فوئاد له‌ په‌رده‌ی نهێنیدا ماوه‌ته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی رێزگرتن له‌ یادی کاک فوئاد و تیشک‌خستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سی ئه‌و به‌رێزه‌ وه‌کوو مرۆڤێک چ له‌ ئاوایی ئه‌ڵمانه‌، چ له‌ مه‌ریوان و له‌ سنه‌ و چ له‌ دانشگا و له‌ زیندان و هه‌روه‌ها به‌شداری به‌رجه‌سته‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵکی مه‌ریوان و دواتر خه‌ڵکی کوردستان و هی دیکه‌ش، به‌ پێویست زانرا که‌ له‌ یادی سیهه‌مین ساڵرۆژی گیانبه‌ختکردنیدا مه‌راسمێکی شایسته‌ی بۆ بگیرێت. له‌م مه‌راسمه‌دا به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کان و یاده‌وه‌ردی دۆستان و هاورێیان و که‌سانی بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فا سوڵتانی، هه‌وڵئه‌درێت وێنه‌یه‌کی باڵانوێن و هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ که‌سایه‌تی کاک فوئاد له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی ژیانیدا بنه‌خشێندرێت. به‌م چه‌شنه‌ هه‌م که‌سایه‌تی تاقانه‌ی کاک فوئاد به‌رجه‌سته‌ ده‌کرێته‌وه‌، هه‌م رووناکی ده‌خرێته‌ سه‌ر لاپه‌ره‌یه‌کی گرینگی مێژووی گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان و هه‌م ده‌رفه‌تێکیش ده‌بێت بۆ دۆستان و ئاشنایان و هاورێیان و که‌س‌وکاری کاک فوئاد بۆ ئه‌وه‌ی پێکه‌وه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ کامڵ بکه‌ن

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، دوای پرس‌وڕا و راوێژکاری بنه‌ماڵه‌ی مسته‌فاسوڵتانی و پاش لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌، بڕیاردرا رێوره‌سمه‌که‌ رۆژی شه‌ممه‌ 29/8/2009 (7/6/1388) له‌ شاری ستۆکهۆلم به‌رێوه‌بچێت. بۆ جێبه‌جێکردنی کاره‌کانی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ کۆمیته‌یه‌ک دامه‌زرا به‌ ناوی "کۆمیته‌ی ئاماده‌کردنی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ یادی سی‌ساڵه‌ی گیانبه‌ختکردنی کاک فوئاد". ئه‌ندامانی ئه‌م کومیته‌یه‌ بریتین له‌ حیشمه‌ت مسته‌فاسوڵتانی، سه‌عدیه‌ نه‌سیمی، غوڵام زه‌به‌رده‌ست، جه‌لال حسینی و ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری. کاری کۆمیته‌ بریتی ئه‌بێت له‌ گه‌ڵاڵه‌کردن، ئاماده‌کاری، رێکخستن و به‌رێوه‌بردنی رێوره‌سمه‌که‌ به‌ هاوکاری، هاورێیه‌تی و پشتگیری هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌ن و رێکخراوانه‌ی که‌ خوازیاری به‌شداریکردن ئه‌بن.

به‌م چه‌شنه‌ ده‌ستپێکردنی کاری کۆمیته‌که‌ راده‌گه‌یه‌نین و داواده‌که‌ین له‌ هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ دوور یا نزیک به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بیره‌وه‌ری، ئاگاداری یان زانیارییان له‌سه‌ر ژیان و خه‌باتی کاک فوئاد هه‌یه‌ به‌م ئیمه‌یله‌ی خواره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م کومیته‌یه‌ په‌یوندی بگرن

کاک فوئاد ماوه‌ی نزیکه‌ی هه‌شت مانگ له‌ ساڵی 1979 (1357/1358) دا به‌ هۆی چالاکبوون له‌ بواری جۆراوجۆردا ببووه‌ که‌سایه‌تییه‌ک که‌ له‌ رۆژنامه‌ و رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا باسی لێوه‌کراوه‌ و چاوپێکه‌وتنی زۆری له‌گه‌ڵ کراوه‌. به‌داخه‌وه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌م زانیارییانه‌ به‌نهێنی و به‌شاردراوه‌یی و یان له‌ ئارشیڤدا ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵبه‌ت دیاریش نییه‌ له‌ کامه‌ ئارشیڤ و له‌ لای کامه‌ ده‌زگای راگه‌یاندنه‌؛ به‌ڵام رۆژنامه‌کانی به‌ریتانیا، فه‌رانسه‌، ئه‌ڵمان، وڵاتانی سکاندیناڤی و به‌تایبه‌ت ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رانسه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵی په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌.

ده‌ستی هاوکاری درێژ ئه‌که‌ین بۆ هه‌ر که‌سێک – له‌ هه‌ر شوێنێک بێت – بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بۆ شکۆدارکردن و رازاندنه‌وه‌ی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ گرینگه‌ی شۆرشگێرێکی به‌رجه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ و چه‌پی کوردستان، یارمه‌تیمان بدات.

ئوپسالای سوێد

نه‌ورۆزی 1388/ 2009

yadikakfoad30@gmail.com


bottom of page